الاثنين، 2 مارس 2015

کێن ئەوانەی داعش دروست دەکەن؟!

کێن ئەوانەی داعش دروست دەکەن؟!

محەمەد هەریری

لەسەر ئاستی گشتی جیهانی ئیسلامی هۆکارێکی زۆر هەن کە بەژداری دەکەن لە پیشەسازی داعش و داعشیەت، ئەگەرچی خۆشیان وەك دژی داعشیەت نیشان بدەن، وچەندین بەرنامەی میدیایی و حکومییان هەبێت بە ناوی جەنگان لە دژی توندڕەوی و تیرۆریزم.
یەکەم بەرهەمهێنەری داعش دەوڵەتی ناموبارەکی سعودیەیە کە  لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە منداڵەکان فێری دەمارگرژی و دوژمنکاری دەکات دژی ناموسڵمانان و موسڵمانانی مەزهەبەکانی تری نا وەهابی، ئەگەر بزانیت ٢٥ هەزار قوتابخانەی حکومی هەیە و پێنج ملیۆن قوتابی تیایدا دەخوێنێت، وسەرەڕای ١٩ قوتابخانەی ئیسلامی سعودی لە خۆرئاوا وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا هەیە، کە پەروەردە دەکرێن لەسەر ئەو مەنهەجە بوغزاویەی سەلەفیەت، دەبێت قەبارەی زیاندان لە ئاشتی ومرۆڤایەتی و لێبوردەیی چەند بێت؟!!
ئەگەر لە ئەکادیمیەی مەلیك فەهد لە لەندەن، وەك ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگراف کاتی خۆی ئاماژەی پێدا بوو، لە یەکیك لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بۆ منداڵەکان هاتبوو: باسی نمونەی دینە بە تاڵەکانی وەك مەسیحیەت و جولەکایەتی و بت پەرستەکان بکە، ونمونەش بدە لەسەر مەسخ کردنی جولەکە بۆ مەیمون وبەراز؟! ئەوە لە لەندەن بگوزەرێت کە یاسا هەرگیز لێبوردەیی نیشانی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نادات، گوایە چاویان بە مەنهەجەکەیان خشاندۆتەوە بۆ ئەوەی بە کەڵکی گونجان بێت لەگەڵ پێوەرە ئەوڕوپاییەکان! ئەی دەبێ لە ناو سعودیە چ بگوزەرێت؟!
کاتێ منداڵێکی دەساڵی لە خانەی هەتیوان لیی دەپرسن کێ نمونەی باڵای ئەوە، لە وەڵامدا دەلیت: بن لادن!! دەبیت بزانن ئەوان بەو مەنهەجانە داعشیەت دروست دەکەن. بۆیە سەیر نەبوو کە ١٥ لە ١٩ ی ئەوانەی کردەوەی ١١ی سەپتەمبەریان کرد لە سعودیەکان بوون، زۆرترین ڕێژەی داعش ونوسرەتیس لەوان پیك دێت. کاتێك شێخێکی توندڕەوی سعودی بەناوی یوسف الاحمد، کە داوای کرد هەتا حەڕەم بڕوخێنرت لەبەر تێکەڵاوبوونی پیاوان وژنان، ودژی مامۆستای ژنە بۆ منداڵانی یەك ودووی سەرەتاییش، لە سەری لیستی دانەرانی کتێبی [الفقه و السلوك] ی پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا دەبێت، دەبیت ئەو منداڵانە چیان لێ دەرچێت؟
کەوالی داعشیەکانی تکریت دەڵێت موسڵمانان بە شیعە وسونەوە کافرن، وسونەکان کافرن چونکە شوێنکەوتەی ئەبو حەنیفەن، کە ئیمامی بیدعە ولادانە لە دین، لە کوێ فێربووە ئەگەر لە کتێبەکانی سەلەفیەکانی جرح وتعدیل فێر نە بوبێت؟ ئەگەر هەزاران ڕیوایەتی نەدیتبێت لەسەر تەکفیر کردنی ئەبو حەنیفە لەلایەن ئەوانەی ناودەنرێن بە سەلەفی ساڵح؟ من لە کتێبێکدا ناوی دوو سەد سێ سەد سەلەفی ساڵحم خوێندەوە کە ئەو پەڕی سوکایەتی وتەکفیر وتەبدیع بە ئەبو حەنیفە دەکەن!
وتمان ئەوانە دەوڵەتی بەدونشین و بیابانی عەرەبن، بەڵام گوناه نیە لە وڵاتێکی وەك کوردستان لە پێناو پلانێکی سیاسی ئەمنی کورتبیندا، دەرگای ئەو کۆمەڵگایە جوان و دوورە لە توندرەوی دینی، لەسەر پشت بکەینەوە بۆ ڕێچکە وکەسانێك کە کارخانەیەکی لەسەرخۆی داعشن؟! ڕاستە بۆ نمونە سەلەفیە مەدخەلیەکان ئەمڕۆ ئێوە بە وەلی ئەمر دەزانن، دژایەتی هەموو جۆرێك چالاکی مەدەنی و سیاسی دەکەن، بەڵام لە نێوان سەلەفیەتێکی داعشی و سەلەفیەتێکی مەدخەلی یەك دوگمەیە، چونگە ژێرخانی مەنهەجەکە هەردووکیان یەکن، توڕە بوونێك و هەڵچونێك و فشارێکی توندڕەوان بەسە بۆ ئەوەی مەدخەلیەك ببێتە سەلەفیەکی داعشی. ئینجا هەتا لە حاڵەتی مەدخەلیزمیش، کەسێکی ناحەز بە کۆمەڵگا وکرانەوەی دروست دەبێت، بەچاوی گومان دەڕوانێتە دین و ئیمانی ئەو خەڵکە، سەد تۆمەتی بیدعە و فسوق و لادانی دەخاتە پاڵ، تەنها کە دەگەنە سەر حاکم بێ دەنگ دەبن، هەتا حاکم نەوروژێنن تا هێدی هێدی کۆمەڵگا دەکەنە داعش، وگەنجانێکی دابڕاو لە واقیع و ولە کۆمەڵگا و لە میللەت و لە سەردەم دروست دەکەن جیهان بڕوخێت بەسەر میللەتەکەی گوێی لێ نیە و مێشێك میوانی نیە، گرنگترین شت ئەوەیە کەس نەچێتە سەر قەبر و لە کاتی بانگدان کەس سەڵەوات لە پێغەمبەر [صلی الله علیە وسلم] نەدا، شەرواڵەکان کورتکرێنەوە، و ڕیشەکان بەردرێنەوە، و سمێڵکەکان قووت کرێنەوە، ڕووپۆشەکان بەردرێنەوە!! هەر بۆیەش کە دەبینی لەو ساتە ناسکانەی کە تێیدان کە کوردستان ڕووبەڕووی دڕندانەترین هێرس بۆتەوە، تەلەفزیۆنی ئامۆژگاری دەڵێی لە بەهەشتی سەلەفی ساڵح دەژێت، هەر وەعز وپرسیار و وەڵامە لەسەر بیدعە و سونە و، و عەزابی قەبر و نیشانەکانی دەجال و مەهدی و لێدانی کاسێتەکانی ئیبن عسیمین و ئەلبانی وشێخەکانی تری سەلەفیەت.
داعشیەت بە ترسنۆکی ڕۆشنبیرە ئیسلامیەکان دروست دەبێت، لەوانەی لە ترسی توندڕەوان ناوێرن هەتا وتارێك بڵاوکەنەوە ئەگەر پیچەوانەی کرد لەگەڵ چەمکەکانی سەلەفیەتی توندڕەو.
داعشیەت بە لەرزەلەرزی ئیخوان و بەناو وەسەتیەکان دروست دەبێت، کاتێك شەو و ڕۆژ باس باسی میانڕەویی دەکەن، بێ ئەوەی چالاکیەکی کاریگەریان هەبێت بۆ پوچەڵکردنەوەی بنەماکانی سەلەفیەت! نەك هێندە بەڵکو زۆرجار ژمارەیەکی زۆری ئەو وەسەتیانە لە ژێر کاریگەری مەنهەجی سەلەفیەتدان، و زۆرجار پێت جیا ناکرێنەوە!
داعشیەت بەوە دروست دەبێت کە مێردمنداڵێك دەچێتە کتێبخانەکان تەنها نامیلکەی بچوك و ڕەنگا و ڕەنگ  و لوس وپوسی سعودی و خەلیجی  سەلەفی وەهابی دەدۆزێتەوە بە خۆڕایی، یا بە نرخێکی زۆرکەم، لە بارامبەردا یەك نامیلکەی میانڕەو نادۆزێتەوە ئەو منداڵە ڕزگار بکات لەو گێژاوەی تووندڕەویدا.
داعشیەت وا دروست دەبێت کە دەوڵەمەندە دەبەنگەکان پارەیەکی زۆر دەدەنە پڕۆژەیەکی بێ کەڵکی بڵاوکردنەوەی فیکری داعشیەت، بەڵام وەك داعشەکان پێیان گوناهە دینارێك سەرف کەن لە پڕۆژەیەکی فیکری دینی میانڕەودا لە ترسی قیامەت!!
داعشیەت سپۆنسەری جیهانیشی هەیە، کاتێك وڵاتانی خۆرئاوا هەوڵی بەهێزکرنی ئەو ئاڕاستەیە دەدەن لەناو ئیسلامیەکاندا تا هێندەیتر شۆرەت و ناوی ئیسلام و موسڵمانان بزڕێ. هەتا ڕێگا بۆ خۆش کردنیان بۆ خۆپیشاندان و چالاکی نواندن و زەق کردنەوەیان لە میدیای خۆرئاواییش هەوڵێکن بەو ئاڕاستەیە.

١١/٨/٢٠١٤
محەمەد هەریری




ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق