الاثنين، 9 مارس 2015

ئامۆژگاری نامەیەك بۆ مامۆستا کرێکار لە عەبدێکی فەقیر و زەئیلەوە!

ئامۆژگاری نامەیەك بۆ مامۆستا کرێکار لە عەبدێکی فەقیر و زەئیلەوە!
محەمەد هەریری

پێشەکی پیرۆزبایی ئازاد بوونت لێدەکەم، بەڕاستی ئەوەی جارێك تۆی دیبێت بەر لە تێوەگلانت بەو تەفکیرە سەلەفیە، قوتبیە، قاعیدیە، هەرگیز چاوەڕوانی ئەو سەرەنجامەتی لێ نەدەکرد! کەسێکی ڕۆشنبیری، خوێنەواری، موتەلیعی، شاعیری، کوردپەروەری بێ فەرق وجیاوازی نێوان شارەکان، هەست ناسکی، ڕێزگر لە ئافرەت، لە هەمووی گرنگتر مەجلیس خۆشی، نوکتەچی، وەك تۆ ئەرز وئاسمان دوورە لە ڕادیتنی تەبەنا کردنی ئەو جیهان بینیە ئیسلامیە عەرەبیەی کە زادەی عەقڵیەتێکی بەدەوی، سەحرانشینی، تەسکی، فیقهی و نەرێتە کۆنەکانی عەرەبە، دژە بە هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی، پێشی وایە لە هەموو مرۆڤایەتی پاك وبی گەردترە!
چونکە تۆ سەرسامی بە سەید قوتب، کە هەتا منداڵەکانت بە ناوی خۆیی و بەرهەمەکانی کردوە، و کردوتن بە دیلی سەرسامی خۆت بەو بیرمەندە ئیسلامیە، کە من پێموا بێت کارێکی زیادەڕەویت کردوە، وڕەچاوی هەستی منداڵەکانیشت نەکردوە لەوەدا، چونکە حەدیس لەسەر ئەوەش هەیە کە ناوی چاك لە منداڵەکانتان بنێن، وچاکترین ناویش بەپێی حەدیس عبدالله و عبدالرحمن ە،
عَنْ ابْنِ عُمَرَ رچی الله عنهما قَاڵ : قَاڵ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی‌ اللَّهُ عَڵیْهِ وَسَلَّمَ : ( إِنَّ أَحَبَّ أَسْمَائِكُمْ إِڵی‌ اللَّهِ عَبْدُ اللَّهِ ، وَعَبْدُ الرَّحْمَنِ ) . : رواه مسلم
عومەری کوڕی خەتاب یش کاتێ گەنجێك پرسیار لێکرد هەقی منداڵ لەسەر باوک ودایکی چیە؟ فەرمووی: دایکێکی باشی بۆ هەڵبژێرێت، و ناوێکی باشی لێ بنێت، وفێری قورئانیشی بکات. [أن ینتقی أمه، ویحسن اسمه، ویعلمه الكتاب]
سەید قوتب بەرلەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەبو ئەعلای مەودودی و ئەدەبیاتی ئیخوان بە گشتی، یەکێك بوو لە گەورەترین ڕەخنەگری ئەدەبی لە میسر، سەرەڕای سروشتی دینداری لەسەر چەندین ڕۆمانی نەجیب مەحفوز نووسیویەتی، کە دووان لەوانە [اولاد حارتنا ] و [خان الخلیلی] هەرای زۆری نایەوە گوایە پڕن لە کوفر، سەید قوتب ڕۆمانی خان خەلیلی "خان الخلیلی" نەجیب مەحفوزی لە نووسینەکەیدا زۆر ستایش کردوە هەرچەندە لەو ڕۆمانە لەسەر زمانی کەسایەتیەکان قسەی زۆر ترسناك و دژی دینی تێدا کراوە، بۆ نمونە لەسەر زمانی کەسایەتی احمد راشد کە پارێزەرە هاتووە: "هەروەك چۆن دینەکان ڕزگاریان کردین لە وەسەنیەت، پێویستە زانست ڕزگارمان بکات لە دینەکان"
" فكما انقژتنا الدیانات من الوپنیه‌ ینبغی‌ أن ینقژنا العلم من الدیانات " هەروەها دەڵێت: زانایانی هاوچەرخ دەزانن ئەتۆم چی تێدایە، و لە دوای سیستمی خۆری ئێمە ملیۆنەها سیستمی خۆری تر هەیە، کەوابوو کوا خوا لە کوێیە؟! " العلما‌و المعاصرین یعلمون بما فی‌ الژره من عناصر، وبما ورا‌و عالمنا الشمسی‌ من ملایین العوالم، فأین الله ؟"، هەر ئەوەش نا دەربارەی ڕۆمانی [اولاد حارتنا ] کە میانڕەوەکانیش نەجیب مەحفوزیان تەکفیر کرد لە سەری، وخەریك بوو بە کوشتی بدەن بە دەستی نەزانێك، دەڵێت: ئەو ڕۆمانە ئەفسانەیەکی ئەدەبییە موستەهەقی ئەوەیە قوتابی قوتابخانەکان بیخوێنن! " إنها أسگوره أدبیه تستحق انها تدرس لتلامیژ المدارس" سەید قوتب سەرەرای دینداریەکی سروشتی تێدا بوو، بەڵام تا نەچووە ناو ئیخوان و نەکەوتە ژێر کاریگەری چوار زاراوەکەی [المصطلحات الاربعة] ی ابو الاعلی المودودی ، ئەو بیروڕایە توندانەی تەبەنا نەکرد. بڵێی سەید قوتب ژیان بواری پێدابایە، پاش قۆناغی نووسینی معالم فی الگریق جارێکی تر خان الخلیلی بخوێندبایەوە، نەجیب مەحفوزی تەکفیر بکردبا؟! چونکە نەجیب مەحفوز پاش ئەوەی سەید قوتب بوو بە ئیخوان و زیندانی کرا، سەردانی سەید قوتبی کردوە وەك لە کتێبی [المرایا] باسی دەکات و پێی دەڵێت:
'- جێگای داخە کە تۆ وازت لە ڕەخنەی ئەدەبی هێنا.
بە دەم پێکەنینەوە گووتی:
- ئەی لەو ئاواتخوازیە جاهیلیانە! '
هەتا رەخنەگرێکی وا گەورەی ئەدەبی لە ماوەیەکی وا کورتدا وا بگۆڕێت! ئەوە نیشانەی سروشتێکی توندڕەوانەی هەڵەشەییانەیە. وسەید قوتب سروشتی وا حەدی وتوندڕەو بووە، لە وتارێکی تری تایبەتدا بە درێژی باسی ئەو سروشتە توندڕەوەی دەکەم لە هەر دەورانێکدا!
لە دواییدا پاش نزیکەی شەست ساڵ یەکێكی پەروەردەکراو لەسەر بیروڕا توندەکانی سەید قوتب چەقویەک لە ملی نەجیب مەحفوز دەدات لەسەر ئەو اولاد حارتنا، کە سەید لە بەراییدا ستایشی کردبوو!!
من گومانم لەوە نیە کە سەید قوتب ئەگەر مەرگ بواری دابا دوور نەبوو بەو عەقڵیەتە بلیمەتەی، بەو مەوسوعیەتەی، پاش دیتنی کارە درندەکان و کارەساتاویەکانی گرووپە جیهادیە سەلەفیە قوتبیەکان، حاشای لەو بیوبۆچانانە دەکرد وەك شێخ محمد الغزالی کە بە پێچەوانەی سەید قوتب بوو، لە گەنجی هێرشی کردە سەر ڕۆمانی اولاد حارتنا، کە چووە ناو تەمەن و ئەزموون ڕۆژ بەرۆژ میانڕەوتر دەبوو، کە هێرش کرایە سەر نەجیب مەحفوز لەسەر ئەو ڕۆمانەی کای خۆی هێرشی کردبوە سەر وبە کوفری دانا بوو، ئەوجارەیان شێخ محمد الغزالی بەخۆی سەردانی نەجیب مەحفوزی کرد لە نەخۆشخانە، وبە توندترین شێوە هێرشی کردە سەر شێخ عبدالحمید کشک، کە جەماوەریترین شێخی میسر بوو، سەبارەت بە نووسینی کە کتێبێکی دنەدەری تەحریزی لە دژی نەجیب مەحفوز بە ناوی " كلمتی‌ فی‌ الرد علی‌ نجیب محفوڤ " هەموو شیخ و پیاوە دینیەکانی کە دژی نەجیب مەحفوز قسەیان کردبوو وبە جاهیل و نەخۆش ناوی بردن!
مامۆستا کرێکار تۆ ئەگەر لە خۆرهەڵات بایت، لە پاکستان یان ئەفغانستان یان کوردستانیش، تا ئێستا بەو بیرکردنەوەوە شتێکت بەسەر هاتبوو، نەك لەبەر ئەوەی دنیا هەمووی دژی ئیسلامە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو جیهانبینیە تایبەتیەی ئێوە بۆ ئیسلام بواری هاوژیانی لەگەڵ کەس ناهێڵێتەوە، نە کافران و نە موسڵمانانی دەرەوەی بازنەی خۆتان! تۆ زۆر لەوە عاقڵتری هێشتا هەر لە قۆناغی بیری پڕ حەماسەتی گەنجانەی سەید قوتب چەق بەستوو بیت، کە گومانم نییە سەید قوتب تەمەن بواری دابا لەو قۆناغە میسالیە پڕ لە خەونی ئاڵا و واڵا نە دەمایەوە پاش دیتنی ئەو دەرەنجامە کرەسات ئامێزانەی جیهادیەکان بە ناوی سەلەفی ساڵح و سەید قوتب!
سەید قوتب لە زۆربەی کتێبەکانی بیرۆکەیەک دەڵێت ودەڵێتەوە و جەختی لەسەر دەکاتەوە "کە ئیمەی موسڵمان هیچ پەیامێکی زانستمان پێ نییە پێشکەشی جیهانی بکەین، چونکە لەو بوارەدا پێشمان کەوتوون و هەر واش بە بە جێماوی دەمێنینەوە هەرچەندە هەوڵمان دا، ، بەڵام پەیامی ئیسلام و یەکتا پەرستی خوا و بەها بەرزەکانی ئیسلاممان هەیە پێشکەشی کەین"
منیش لەگەڵ نیوەی یەکەمی قسەکەی سەید قوتب م کە " هیچ پەیامێکی زانستمان پێ نییە پێشکەشی جیهانی بکەین" بەڵام کارەسات لەوەدایە بەشی دووەمی قسەکەشی کە بریتیە لە پێشکەش کردنی " پەیامی ئیسلام و یەکتا پەرستی خوا و بەها بەرزەکانی ئیسلام" نەهاتە دی، وبەڵکو ئەو پەیامە گۆڕا بۆ سەرچاوەی نیگەرانی و شوهرەت بەدی موسڵمان، وماڵوێرانی، ومرۆڤ کوژی و دڕندایەتی ناوەوەی جیهانی ئیسلام و دەرەوەش!
ئیسلامێکیان پێشکەش خەڵک کرد کە پڕاوپڕە لە سەربڕینی وەحشیانەی کە بۆ ئاژەڵێش گوناهە بەو شێوەیە بە کۆمەڵ خەڵك بە نۆرە سەربڕیت!
ئیسلامێك کە هەموو دنیا باسی پیرۆزکردنی ئازادیەکان دەکات، کەچی ئەو ئاوات دەخوازێت بە گەڕانەوەی سەردەمی کۆیلایەتی و سبایا و جاریەچیەتی!
ئیسلامێك خەڵک پاش دیتنی هەزار ڕەحمەت بۆ فاشیزم و گۆڕی مۆسۆلینی دەنێرێت!
ئیسلامێك هەر خەریکی تەکفیر وتەفسیق و ڕەجمکردن و کوشتن و دەستبڕینی خەڵکە!
قەت بە عەقڵم داناچێت کەسێك لە بلیمەتی و ڕۆشنبیری و هەست ناسکی سەید قوتب دابێت، ئەگەر بژیا با ئەو کارەساتانەی بدیبا ڕازیبا پێی، گوومانم نییە کە سەید قوتب لە شێخ محمد الغزالی حەکیمتر دەبوو.
قەت بە عەقڵم داناچێت کەسێكی لە بلیمەتی و ڕۆشنبیری و هەست ناسکی کرێکار بێت، هەر بەردەوام بیت لەسەر بیرکردنەوە بە هەمان شێوەی بیرکردنەوەی سەید قوتب لە قۆناغی لاوێتی وحەماسەت وپاش ئەشکەنجە دا!
هیچیتر هەڵمەخەڵەتێ بە دەست لە پشتدانی میدیای جەزیرە وعەرەبی کە پێیان خۆشە لەسەر سکرینەکانیان دروود بۆ شێخ ئوسامە بن لادن و زەواهیری و خەلیفە بەغدادی بنێریت!
خەڵکێکی زۆر تەمەنای مەرگ و ناڕەحەتیت دەکەن، لەبەر کار وقسەکانت لە ڕابردوودا، کە دەتوت بە تەور لە ملیان دەن ئەگەر کوفرێکیان کرد! کەسێکی زۆریش خۆشیان دەوێیت لەو وێنەیەی ئێستادا، کەسێکی جیهادی، سەلەفی، قوتبی، عروبی قاعیدی!
من لەگڵ هیچ لەو دوو گروپە نیم هیوادارم وەك جەماعەی ئیسلامی میسر موراجەعاتێك بکەیتەوە بەخۆت داچیتەوە، ئەو ڕیش وهەیئەتەت چاك کەیتەوە، نەفرەت لەو هەموو تاوانە بکە کە بە ناوی ئیسلام دەکرێت لە جیهان و کوردستان بەتایبەتی کە لەبەردەم دڕندەترین هێرشی تیرۆرستی دایە، دوور لە پاکانەکانی عەقڵیەتی فاشیستانەی عەرەبی ئیسلامی، تۆ دەبوایە تیۆرستێكی [منظر] ڕیفۆرمخوازی ئیسلام بایت لە ئاستی غەنووشی و د. عدنان ئیبراهیم، نەك جیهان بە تیرۆرستێکی شوێن کەوتەی فاشیسترین نوسخەی ئیسلامی سەلەفی جیهادیت ناوزەد بکات.
من لە ڕیز و تەقدیرم بۆت ئەو چەند وشەیەم بۆ نووسیت، متمانەم بە عەقڵ و ئیحساسی مرۆڤانەت هەیە، هیوادارم ئەو قۆناغە تێپەڕێنیت، بە بیرێکی نوێی و بەخۆداچوونەوەیەکی واقیعیانە بگەڕێیتەوە گۆڕەپانی فیکر وسیاسەت، ئەگەر نا هەر نەگەڕێیتەوە باشترە، ئەو چەند کاتەی ماوتە بۆ ئاسوودەیی خێزانە بەڕێزەکەتانی تایبەت کە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق