الاثنين، 9 مارس 2015

سەرنجەکانم لەسەر چاوپێکەوتنە کەی مامۆستا کرێکار لەگەڵ جەزیرە

سەرنجەکانم لەسەر چاوپێکەوتنە کەی مامۆستا کرێکار لەگەڵ جەزیرە
محەمەد هەریری

سەرنجی یەکەم
پاش دیتنی چاوپێكەوتنەكەی كرێكار لە گەڵ الجزیره‌ بە تەواوی بێ ئومێد بووم لە هیچ جۆرە بە خۆدا چوونەوەیەكی، من لە وتارەکەم بە ناونیشانی : ئامۆژگاری نامەیەك بۆ مامۆستا کرێکار... زۆر بە دڵسۆزیەوە هەوڵی پێگووتنی جەند ئامۆژگاریەکم دا بە مامۆستا کرێکار، کە پێموابێت کەم لەوانەی دەیناسن بەو ڕاشکاوییە پێی بڵێن. یەکێ لەو خاڵە گرنگانەی کە لە وتارە ئامۆژگاری نامەکەم، کە بەر لە چەند ڕۆژێك بڵاوم کردەوە هاتببوو: " هیچیتر هەڵمەخەڵەتێ بە دەست لە پشتدانی میدیای جەزیرە ومیدیا عەرەبیەکان، کە پێیان خۆشە لەسەر سکرینەکانیان دروود بۆ شێخ ئوسامە بن لادن و زەواهیری و خەلیفە بەغدادی بنێریت!" وەک دەبینن بە تایبەتی باسی جزیرەم کردبوو تا فریویان نەخوات، بەڵام ئەو پیاوە كێشەی دەروونی هەیە لەگەڵ كامێرا و مینبەر و مایك، کە کەوتە ڕوو بە ڕوو لەگەڵ هەر کامێکیان، هاوسەنگی تێك دەچێت، ئەو قسەیە دەکات کە شوێن کەوتوانی پێیان خۆش بێت، لەو چاوپێکەوتنە وتاری ئەو ئاڕاستەی جیهادیە توندڕەوەکانی دەوڵەتی داعشی خەلافەت کراوە، زۆر بە ڕاشکاوی بەرگری و هاوسۆزی و ڕەوایەتی پێدان نیشان دەدات، بەو تیرۆرستانەی دەوڵەتی داعشی. ئەو زمانەی لەو چاوپێکەوتنە بەکاری هێنا تا سەرئێسقان هەڤدژ و یاریکردن لەسەر دوو حەبلی و چەواشەکارە. سەرەتا بەرگری لە خۆی دەکات کە هیچی لەسەر نییە و وازی لێ ناهێنن و کەیسی مولوفەقی بۆ دروست دەکەن بۆ ١٣ ساڵی ڕەبەق، وگوایە بەس لەو ساڵی دوایی ٥ ملیۆن دۆلاریان لە کەیسی کریکار خەرج کردوە بێ سوود! دەڵێت بۆیە یەخەی منیان گرتووە، چونکە من کوردم وکەس نیە بەرگریم لێ بکات، و دەوڵەتێك لە پشتمەوە نییە! ئەو ڕەخنەیەی جەنابت دەیگری لە دەوڵەتی نەرویج لە سەرێکیتر ستایشە! تەنها بۆ ١٣ مانگ ٥ ملیۆن دۆلار سەرف کەن لەسەر دۆزینەوەی بەڵگەی ڕاست ودروستی تاوانی تۆ، بەو وەزعە ئابووریە خراپەی سەرتاسەری ئەوروپا، ئەوە بەڵگەی هەق دۆستی و ڕەوشت بەرزی و یاسادۆستی و مرۆڤایەتی خۆیانە. خوا دەزانێت لەوەتی بە تۆوە خەریکن چەند سەد ملیۆنیان سەرف کردبێت. ئەگەر تۆ گیراوی ئەو دەوڵەتە خەلافەتەی کە تۆ بە ئەوپەڕی ئاوات و خواست وخەونی خۆت و موسڵمانانی دەبینیت، بایت، پێنج دۆلاریشیان لێ سەرف ناکردی بۆ ئەوەی بە گوللی بدەن بۆ کوشتنت، بە چەقۆ سەریان دەبڕیت وتەواو! نە دادگایی ونە سەرف کردنی پێنج ملیۆن دۆلار لە وەرگێڕانی کاسێتەکانی تۆیان سەرف ناکرد. تۆ بەو هەموو ڕابردووە جیهادیەتەوە گیراویت و وتارت هیچ ڕۆژێك جیانەکردۆتەوە لە وتاری قاعیدە وئەنساری ئیسلام و هەرە توندرەوەکانی دنیای ئیسلام، هێشتا گلەیی لە بەختی خۆشت وعەدالەتی نەرویج یش دەکەیت، ئەی بۆ ئامۆژگاریەکی دەوڵەتی داعشی مونتەهای خەونی موسڵمانان ناکەیت کە بۆچی کارمەندی ڕێکخراوە خێرخوازەکان بەبێ گوناه سەردەبڕێت و داوای ملیۆنەها دۆلار دەکەن لەبری خوێنیان؟! دواترینیان ئەو دوو ژاپۆنیە بێ بەختە بوون کە وەك مریشك سەریان بڕین؟! سەرنجی دووەم
    مامۆستا کرێکار تەکنیکێکی هەیە لە زۆر وتار و چاوپێکەوتن و کۆڕدا بەکاری دەهێنیت، ئەویش ستایشی خۆ کردنە کە ئەوە هەندێکیانە: من ٦٠٠ کاسێتی دەرسی دینیم هەیە و ١٠٠ یان بە تەنها بۆ بەلاغەتی قورئان تەرخان کراوە! باسکردنی بابەتی قەبە بەبێ بۆنە وەک تیۆری ابراهیم ماسلو و پتویستیە فیزیکیەکان و مەعنەویەکانی مرۆڤ.. یان بە دەوی خۆی دەڵیت من کەسێکی ڕۆشنبیری وموفەکیریکی موسڵمانم! ستایشی خۆی دەکات کە لەوەتی لە نەرویجە ئەزیەتی هاوسێکانیشی نەداوە! بێگومان لە ئەوروپا کەس ناتوانێت ئەزیەتی هاوسێی بدات، هەتا ئەگەر بشیەوێت! چونکە هەر زوو بە زوو دەریدەکەن لە ماڵەکەی. لەوانەیە مامۆستا کرێکار ماڵی لە موسڵ با، لەبەرچاوی داوای جزیە لە هاوسێ مەسیحیەکانی کرابا بە فەرمان و تەکلیفی دەوڵەتی داعشی. لە هەمووی سەیرترئەو پیاوە زۆر بە سەرسامیەوە ستایشی کۆمەڵگای ئەوروپی نەرویجی دەکات، کە کۆمەڵگایەکی " کراوە و ڕۆشنبیر و هێمنە. باشە برا کە تۆ ستایشی ئەو کۆمەڵگایە دەکەیت بەو سیفەتانەوە، بۆچی هەموو ژیانت و کاتت و ئاسوودەت و ماڵ ومنداڵت خستۆتە خەونی دەوڵەتێکی فاشستی تیۆکراتی وەک دەوڵەتی خەلافەتی داعشی؟! یان کرانەوە و رۆشنبیری و هێمنی بەس شایەنی نەرویجیەکان و ئەوروپیەکانە؟! ئەگەر کرانەوە و رۆشنبیری و هێمنی ئەو کۆمەڵگایە نەبا، ئەوانیش بە گیانی دینی خاچپەرستی کۆن مامەڵەیان کردبایت،وەک چۆن جیهادیە سەلەفیەکان بە گیانە دینیە کۆنە مامەڵەی خەڵک دەکەن، دەمێك بوو سەریان پەل دابوویت و ماڵ ومنداڵیان بەدبەخت کردبوویت. ستایشی دوو مولحید دەکەیت کە یارمەتیت دەدەن لە سەرەتای کێشەکانتەوە لەگەل دەوڵەتی نەرویجدا، ئەی بۆ دەوڵەتی خیلافەی ئاوات وخەونی تۆ تا بە مولحید رادەگات، هەزاران موسڵمان دەکوژێت؟! توخواکەی شەرم لەو ئیمانە ناکەیت کە بە قەد ئەو ئیلحادەی کە شەو ڕۆژ تۆ و هاوبۆجوونەکانت نەفرەتی لیدەکەن ئینسان و بەسۆز و ڕەحم و بە مروەت نەبێت؟! ئەگەر ئەو دوو مولحیدە لە دەوڵەتە خەلافەتیە خەون و خواستی موسڵمانان با چیان لێدەکردن؟ دوو ئیمان داری وەک تۆ بەرگرییان لێدەکردن؟! ئەوە چ ئیزدیواجیەتێکە ستایشی کرانەوە و رۆشنبیری و هێمنی کۆمەڵگای ئەوروپی بکەیت کەچی بانگەوازی بکەیت بۆ دەوڵەتی تەوحید وجهادی داعشی لە جیهانی ئیسلامیدا؟!

    سەرنجی سێیەم دەڵێیت لە پاکستان زۆر مورتاح بوویت، و مووچەت پێنج بەقەد دکتۆرێکی پزیشکێکی پاکستانی بوو، کەچی لە نەرویج کەس ناڵێت کەرت بە چەند! هەر لە وەزعی پاکستان بروانیت، کە برادەرانێکی سەردەمی جیهادی ناموبارەکی ئەفغانی، کە دەرهاوێشتەی هەقیقی یەك دنیا تیرۆرست بوو، ناوی دەنێن بە پیسستان، و بەراوردی بکە بە وەزعی نەرویج، دەزانیت بۆ دەبێت کەسێکی هەموو کارەکەی وتنەوەی زانستی قال و حدپنا و وتی وتی بێت، پێنج بە قەد پزیشکێك مووچە وەرگرێت! بێگوومان لە جەهلستان جەهل برەوی زۆرە، لە وڵاتی زانست و ژیاریشدا تەنها زانستی سوودمەند بە مرۆڤەکان برەوی هەیە، هەر بۆیەش ئەو بەهەشتەیان لەسەر دنیا بۆخۆیان دروست کردوە، ئێمەش دە بە قەد ئەوان سەروەت وسامانمان هەیە، کەچی دۆزەخێکمان بۆ خۆمان وبۆ خەڵك دروست کردوە بە زیندووکردنەوەی تەقالیدی عەبس وزوبیان جاهیلی بە ناوی ئیسلامدا. دەڵێیت قەومیەکان وسۆشیالیستەکان و لیبرالیەکان و سێکیولارەکان فەشەل ونوشستیان هێنا لە گەڕاندنەوەمان بۆ مرۆڤ بوون وبەشەریەتی خۆمان، ئاواتەخوازی ئەوەی ئەوانە لێی سەرنەکەوتن، دەوڵەتی خەلیفەی بەغدادی بەعسی ڕەگ مرۆڤ بوونمان بۆ بهێنێتەوە؟! لەگەڵ پەیدابوونی ئەوانە مرۆڤ شەرم لە خۆی دەکات کە کەسانێکی وا دڕندە و بە سووک سەیرکەری مرۆڤ سەر بە کیشوەرەکەی ئەو بن! شکۆی مرۆڤ بە سەربڕینی و سوتاندنی وبەردباران کردنی ودەستبرینی دێتەوە؟! بە زیندووکردنەوەی هەموو ڕیوایاتە قێزەونەکانی بەناو سەلەفی ساڵح شکۆی مرۆڤ دەگەڕێتەوە؟! ڕاستە ئەوانەی باستکردن فەشەلیان هێنا لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و دەوڵەت قەمعی و داپلۆسێنەر بوون، بەڵام دە ئەوەندەی تریش خراپ بن و نا مرۆڤ بن، ناگەن بە خراپی و نا مرۆڤی یەك ڕۆژی قاعیدە و داعش و نوسڕە و هەموو دۆستەکانی ترت.

    سەرنجی چوارەم وکۆتایی
    من وام رادەدیت لێت، پاش ئازاد بوونت، هەر هیچ نەبا قسەیەکت دژی ئەو شەڕفرۆشتنەی داعش بە کورد کردبا، نەك وەك عەرەبێکی رەگەزپەرست هێشتا کوردت تاوانبار کردبا بە شەڕ فرۆشتن بە داعش بە دنەدانی خۆرئاوا و ئێران! هەموو جاودێریک دەزانیت کە کورد کاتێ داعشی خوێڕی شەڕی مالیکی شیعەی دەکرد، پێشمەرگە کوردەکان لەسەر هێڵی سنور چاك وچۆنی، و قسەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش دەکرد. تا ئەو هێزەی کە هەڵیان دەسوڕێنێت فەرمانی پێکردن وەك بەراز ملیان بەرەو کوردستان وەسوڕێنن، هەر بە تەواوی شیعەیان لە بیر کرد، کە دایك و خوشکیانی نەهێشتۆتەوە بەبێ دەستدرێژی کردنە سەر! ئەو عەرەبە سوونیە شۆڤێنستانە لە بیریان چوو تا ئێستاش زیاتر لە ملیۆنیكیان لە کوردستان داڵدە دراون، و کورد هەردەم پەناگە بووە بۆ سەرکردەو وبنکردەیان. سەرەڕای ئەو هەموو راستیەش قسەی عەرەبە شۆڤێنستەکان دووبارە دەکەیتەوە؟! گوایە ئەوە شەڕی کورد نیە تا بیکات؟! بە داعش بڵێ ئەوە شەڕی ئیوە نیە، بە ئاغاکانتان بڵێن بۆچی دەبێت شەڕی میللەتێك بکەین کە بەوپەڕی سینگفراوانی وتەساموحی ساویلکانە باوەشیان بۆمان کردۆتەوە، لە بازارەکانیش لەبەر خاتری ئێمە گۆرانی عەرەبی لێ دەدەن؟! لە جیاتی شەڕ بکەن لە دژی ئەوانەی دەیانکوژن و دەیانبڕن و دەستدرێژی دەکەنە سەر نامووسی ژن و بەڵکو پیاوەکانیشیان، دێن شەڕی نەتەوەیەکی زامداری ئەنفال وهەڵەبجە و شەڕەکانیتری عەرەبی سوونەی شۆڤێنی دەکەن؟! دیارە تۆ مادام دژی یەکێتی و پارتی ت، پێت ئاساییە هەموو کوردستان بکەوێتە ژیر دەستی داعش، تا کچانی کورد وەك یەزیدیەکان بکەنە کەنیزەکی خۆیان؟! ئەوەیە شانازی کردنت بە باپیرەت سەڵاحەدینی ئەیوبی، کە لە میهرەبانیدا هەموو مەسیحیەکانی سەردەمی خاچ پەرستیشی سەرسام کردبوو بە خۆی؟! لە جیاتی ئیدانەی ئەو هەموو کوشتارەی دەوڵەتی تیرۆرستی خەلافەت بکەیت لە دژی کورد، لە جیاتی ئامۆژگاری گەنجە فریوخواردەکانی کورد بکەیت شەڕ دژی میللەتە زامدارەکەیان نەکەن ونەبنە جاشی داعش، دەچیت ستایشی دەوڵەتی خەلافەت دەکەیت کە بەڕای تۆ تەئسیڵی شەرعی بۆ کراوە و پشت دەبەستێتە سەر کیتاب وسوونە! بەراستی زۆر باش وەسفی حاڵی خۆت کردوە لەو قسەیەی کە عەرەب بە گاڵتەیەکی نیمچە سەرسامیەوە وەسفی عینادی کوردی پێ دەکەن، دەڵێن: کە کورد گووتی نا یانی نا! دیارە تۆ وەك ستایشی خۆت بەکاری دەهینیت، ولەوە دەچێت لە بەرامبەر ئەو هەموو ئامۆژگاریانەی کە کراویت و دەکرێیت بڕیارت داوە بڵێیت: نا! ئێمەش دەڵێین: نا، نا! وادیارە تۆ دوا دەرفەتت لەدەست خۆتدا بۆ تەساڵوح کردن لەگەڵ خۆت ومیللەت وخەڵکدا! من پێموایە تۆ یاریەکەی خۆرئاوات لە دڵدا خۆش هاتووە، میدیا و ناوبانگ و ماف پارێزرا و دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگایەکی کراوە و رۆشنبیر و هێمن، باوەڕناکەم نەزانیت ئەگەر بێیتەوە هیچ لەو شتانە چاوەڕێت ناکەن جگە لە پێچەوانەکەی نەبێت! وەك ئۆجەلان هەڕاج دەکرێیت! بۆیەش وا هەموو داوەکانی پەیوەندی خۆت لەگەڵ ئەو ئەگەرە دەپچڕێنیت شەعرەی معاویەش ناهێڵیتەوە!
07/02/2015

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق