الثلاثاء، 10 مارس 2015

نەسخی زەمەنیش پێویستە! " هیچیتر ئاین نەبێتە بارمتەی میژوو وتێگەیشتنی سەقەت و ترسنۆکی ئیجتیهادکردن"

نەسخی زەمەنیش پێویستە!
" هیچیتر ئاین نەبێتە بارمتەی میژوو وتێگەیشتنی سەقەت و ترسنۆکی ئیجتیهادکردن"






محەمەد هەریری
وەك دەزانین قورئان لە ٢٣ ساڵدا دابەزیوە، ١٣ ساڵی لە مەککە، و ١٠ ساڵی مەدینە، لەو دەساڵەی مەدینەدا کە ئایەتەکانی ئەحکام و معاملات دابەزیوە، چەندین ئایەت بە ڕای زۆربەی زانایانی ئیسلام نەسخ کراوەتەوە لە پێناو گۆڕانی واقیعدا و هێنانەدی بەرژەوەندی موسڵمانان، ماقوڵە بە درێژایی هەزار وچوارسەد ساڵ هەموو ئەحکامەکان وەك خۆی بمێنێتەوە؟! ئایە مەرجە تەنها پێغەمبەر لە ژیاندا بێت تا نەسخ ڕووبدات، لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئایەتانەی کە باس لە نەسخبوونی دەکرێت، دەقێکی ڕوون وئاشکرای لەسەردا نەهاتووە کە لە زەمەنی پێغەمبەر [د.خ] بووە، زیاتر ڕای ئەسحابە و ئیمام و فەقیهە گەورەکانی پاش وەفاتی پیغەمبەرە؟! ئەی بۆ تەنها کە نۆرەی سەردەمی ئیمە هات گووتیان نابیت دەست بۆ نەسخ ببرێت؟!
ئایە ماقوڵە پێغەمبەر [د.خ] تەمەنی بە قەد تەمەنی ئومەتی ئیسلام بڕ بکات تا نەسخی ئەو ئایەتانەمان بۆ بکات، کە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو هاتوون، یان هیچیتر بەرژەوەندی موسڵمانانی لیوە دەستگیر نابێت، یان تێکرای مرۆڤایەتی تەجاوزی ماناکانیان کردوە؟ ئایە دەق واقیع ئاڕاستە دەکات بۆ هەتاهەتایی؟! کە واقیع دابڕا لە دەق، کاری ئێمە هێنانەوەی واقیعە مێژوویەکەیە وەك دیکۆری فیلمی ئیمپڕاتۆریەتە کۆنەکان؟! کە واقیعێك نەما، بۆ دەبێت دەقگەلێکی لە واقیع دابراودا زیندووکەینەوە! ئایە کە خودا لە قورئاندا دەفەرموێت [الیوم اکملت لکم دینکم] مانای عەقیدە و شەریعەت دەگرێتەوە یان دین ئاماژە دەکات بۆ تەنها عەقیدە، بە تایبەتی کە بەڵگەی زۆر هەن کە لە دوای ئەو ئایەتە پێغەمبەر [د.خ] ٨٠ ڕۆژ ژیاوە و ئایەتیش بەردەوامی هەبووە لە دابەزین، بۆ نموونە ئایەتی سوو [ربا] لە پاش ئەو ئایەتە دابەزیوە! ئایە ربا لە دیندا بووە یان نا؟ من لەو قەناعەتەم کە کامڵبوونی دین ئاماژەیە بۆ کامڵبوونی هەموو بەها عەقیدی و رەوشتیەکان کە بۆ هەتا هەتایی نابێت بگۆڕێت! دەنا دەبوایە ئەو ئایەتە دواهەمین شت دابەزیبا.
سەرەڕای هۆکارەکانی نەسخ لە قورئاندا کە بە درێژایی لە کتێبەکانی علومی قورئان باسکراوە، لەوە دەچێت خودا میکانێزمێك و هۆکارێکیتریشی بۆ مرۆڤ جێ هێشتبێت کە نەسخی زەمەنییە، بۆیە بەڕای من چاکترین میکانیزم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەرۆکی نەتەوە موسڵمانەکان دەگرێت بریتیە لە نەسخی زەمەنی، مەبەست لەو نەسخەش، ئەو مانا و بارودۆخ و مەرجانەیە کە زەمەن وکات تێپەڕی داوە، هیچیتر مایەی قبوڵی مرۆڤایەتی نییە پیادە بکرێن، ئەوەشی پیادەی کرد بە پاڵنەری ئیمانێکی حەماسیانە وکوێرانە ودۆگماتیك، دەبێتە مایەی ڕق ونەفرەتی هەموو کۆمەڵگای مەدەنی جیهان.
بۆ نمونە کاتی خۆی پێش هەزار، بەڵکو سەد ساڵ کۆیلایەتی مرۆڤ لە زۆربەی جیهان شتێکی ئاسایی بوو کردنی، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە بوارە مرۆییەکاندا، وگۆڕینی شەرایت ومەرجەکانی، و قەدەغەکردنی کۆیلایەتی لە سەراسەری جیهان، ناکرێت تۆ بە دژی هەموو جیهان و بە پێچەوانەی بەرژەوەندی هەموو موسڵمانان تەشریعی کۆیلایەتی بکەیت، موسڵمان وەك قێزەونترین مەخلوقی سەر ئەم زەمینە نیشانی دنیا بدەیت لەبەر ئەوەی دەقێك بەر لە ١٤٠٠ ساڵ ڕێگای کۆیلایەتیکردنی پێداویت؟!
ئەو دەقە بۆ واقیعێکی کاتی خۆی هاتوە، بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی واقیعە مێژوویەکە بخوێندرێتەوە، چونکە کە دیاردەکە نەماوە، خۆ ناکرێت ئێمە بە زۆر زیندووی کەینەوە، پاش ئەوەی هەموو جیهان قەدەغەی کردووە؟! ئنجا شانازیش بەوە بکەین کە ئیسلام ڕزگارکەری بەندەکانە لە عیبادەتی عیباد بۆ عیبادەتی خوا، وەك زوو زوو لە وتار و خوتبە و سیمنارە ئیسلامیەکان دەوترێت؟! زەمەن و سەردەم و کات، لای خودا هێندە گەورەیە سوێندی پێ دەخوات، ودەفەرموێت: [والعصر].
بەڵێ زەمەن ئایەتی مٶلفـة قلوبهم ی نەسخ کرد کە دەڵێت: [نَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ ِ....] التوبة - الآية 60 [ بێگومان زه‌کات ته‌نها بۆ هه‌ژارو نه‌داران و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌کارمه‌ندن به‌سه‌ریه‌وه و به‌ودڵ نەرم بووانە] الْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ واتە ئەوانەی هێشتا موسڵمانیش نەبوون، بەڵام دڵیان بۆی نەرم بووە، یان ئەو موسڵمانه نوێیانه‌ی که هێشتا ئیمان جێگیر نه‌بووه له‌دڵیاندا] ئەوانە پشکێکی دیاریکراویان هەبوو لە زەکاتدا، دوایی لەگەل تێپەڕبوونی کات، بە مردن و دەوڵەمەندبوون، وئیمان جێگیربوون، وبڕیاری حەزرتی عومەر، ئەو ئایەتە هیچیتر پێویستی و کارپێکردنی نەما لە واقیعدا، واتە ئایەتەکە زەمەن نەسخی کردەوە، چونکە هیچ ئایەتێکی تر نەهاتوە بۆ نەسخ کردنەوەی! چونکە دڵ نەرمکراوەکان نەوەیەك بوون و بەسەر چوون! هە موو ئایەتەکانی [في الرقاب ] [العبد] و [وماملکت ایمانکم] بە شێوەیەکی زەمەنی نەسخ بۆتەوە لە هەموو دنیا، رەنگە بەس لە موسڵ و ڕەقەی داعش مابێت بەس!
دەشبینین چۆن تێکرای جیهان دژی داعیشە لەبەر زیندوکردنەوەی ئەو فەرهەنگە مردوو و بەسەرچووە بە حەماسەتێکی دەبەنگانە! بە هەمان شێوەی ئەو نمونانەی سەرەوە زەمەن دەتوانێت ئایەتی تری موعامەلات و ئەحکام نەسخ بکات، زەمەن دەتوانێت ئەو ڕوحە جەنگاوەریە داماڵێت لەو ئایەت وحەدیسانەی جیهاد کە بۆ قۆناغێکی کاتی هاتوون، هەر ئەو هۆکارە زەمەنیەش دەتوانێت ئیسلام لە کەلکەلەی کۆیلەداری و بە نیوەزانینی ژن و ڕەجمی زیناکەران [هەرچەندە ڕەجم لە قورئانیشدا نیە] و بڕینی دەستی دز، کە ئەمرۆ کەمئەندامان لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەوڵەت هەموو خەرجیەکیان دەکێشێت، و چەندین بابەتیتر ڕزگار بکات، ئەگەر موسڵمان بیەوێت بگونجێت لەگەڵ سەردەم و مایەی قبوڵی دنیا بێت، و تا مرۆڤی موسڵمان لەزەت لە عیبادەت ودینداری بکات، تا ئیسلام هیچیتر وەك ڕێکخراوێکی جەنگاوەری وێنا نەکرێت.
خودا چەکی بەرگری داوەتە لاوازترینمێشولەش، موسڵمان پێویستی بەو هەموو تەوجیهاتە و فقهی جیهادە نیە، تا بزانێت چۆن بەرگری لە خۆی دەکات، ئەوە کاری سیاسەت و دەوڵەتە، ئەمریکا و ئەوروپا وڕوسیا لە هەموو کلتوری دینیان یەك ئایەتی جیهادیان نیە، کەچی هێندە بەهێزن دەتوانن هەموو جیهانی ئیسلام بە چاوتروکانێك لەناوبەرن!
ئیمام محەمەد عەبدە قسەیەکی زۆر نایاب دەکات لە کتێبی: الاسلام بین العلم والمدنیة، دەڵیت: ئەوەی بروانێتە ئسوڵی دینی ئیسلام و سورەتێکی لە کتیبەکەی بخوێنێتەوە، دەگاتە ئەو حوکمەی کە بێگومان دەبیت ئیماندارانی یەکەم نەتەوەی جەنگاوەربن لە جیهاندا ، وپێش هەموو میللەتانی تر کەوتبن لە داهینانی ئامراز وچەکی کوشندە، و زانست و کارامەیی سەربازیدا، ... بەڵام مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت کە دەبینێت لە هیچ لەو پیشەسازی و زانستانە کارامە نین، هەتا هەموو نەتەوەکانیتر لەوان سەرکەوتووترن لەو بوارەی کە دەبێت باڵادەستی بۆ ئەوان بێت!"
بەڕای ئیمە هێشتنەوەی هەندێك کێشەی زۆر هەستیار بەبێ چارەسەرێکی برەر و یەکلایی کەرەوە، ئەگەر باوەڕمان بە بێ سنووری زانستی خوا هەبێت بە رابردوو وئێستا وئاییندە، دەگەینە ئەو راستیەی کە خودا پرسگەلێکی وەك بۆ نموونە کۆیلایەتی و سزا توندەکانی وەك ڕەجم و دەستبرین و هتد، بۆ بژاردە و هەل ومەرجی موسڵمانانی جێهێشتووە بە پێی میکانیزمی جۆراوجۆری وەک، رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی موسڵمانان، کە نەجمەدین تۆفی دۆزیەوە، هەروەها بۆ نەسخی زەمەنی کە ئێمە لەو وتارە باسمان کرد، دەنا ماقول نییە موسڵمانانی جیهان شەرم لە باسی کۆیلایەتی بکەن، خودا نەزانێت ڕۆژێکی وا بەسەر جیهاندا دێت کە ئەو چەند ئەحکامە مەرحەلیانە ئیحراج بۆ موسلمانان دروست دەکات!
بۆیە گومانم نیە لەوەی کە خودای گەورە بریاردانی ئەو ئەحکامانەی جیهێشتوە بۆ ئیجتیهاداتی موسڵمانان، بەڵام زانایانی ئیسلام لە کۆنەوە زۆربەی هەرە زۆریان زاتی ئەوەیان نەکردوە وابیرکەنەوە، هەتا ئەوەی واش بیری کردبێتەوە بە تێکڕا هێرشیان کردۆتە سەر تا دەمکوتیان کردوە یان تووشی گۆبەندی گەورەیان کردوە، بە جۆرەها تۆمەتی نا قۆڵا تۆمەتباریان کردوە.
لە پاش ئەو کارەساتانەی کە ئیسلامی جیهادی و ڕوحی جەنگاوەری ناو دەقەکان دووچاری ئەو ئومەتەی کردوە کە بۆتە هۆی ڕاکشانی ڕوحی بی دینی و ئیلحادی لە سەرانسەری جیهانی ئیسلام، دەبێت چارەسەرێکی رادیکاڵانەی ئەو کێشانە بکرێت، ودین هیچیتر نەبێتە بارمتەی میژوو وتێگەیشتنی سەقەت و ترسنۆکی ئیجتیهادکردن.
با دین دوورکەینەوە لەو ڕوحە جەنگاوەریەی کە وەبەردەهێنرێت لەلایەن ناحەزانی ئیسلامیش، با ڕوحی دینداری و ڕوحانیەت ئاشت کەینەوە لەگەڵ ئیسلامدا. ئەگەر دەڵێن جیهاد بۆ لادانی بەربەستەکانی پێش بانگەوازی ئیسلامە، ئێستا هیچ بەربەست نەماوە لە دنیا لە سایەی تەکنۆلۆژیای کافران، دەتوانیت بە کەیفی خۆت پەیوەندی بە قوتبی شیمالی وجنوبی بکەیت بۆ بانگەوازکردنیان بۆ ئیسلام.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق