الاثنين، 21 مايو 2012

برێڤیك و قاعیدە هەمان ڕێباز و هەمان میکانیزم!




برێڤیك و قاعیدە هەمان ڕێباز و هەمان میکانیزم!
محەمەد هەریری
لەو ڕۆژانە بە بڕێکی زۆر لە داخ و گاڵتە و بەزەییەوە دەروانینە دادگایی کردنی ئەندرێس بریڤیك تێیدا چەندین لایەنی هەست وسۆزمان دەجوڵێنێت، وزەنگی مەترسی لێدەدات بۆمان لە مەترسی ئەگەر هاتوو یەکێکی وەک برێڤیك وهاووێنەکانی بتوانێت جڵەوی دەسەڵات لە وڵاتێك یان چەند وڵاتێک بگرنە دەست.
ئەو دادگاییە دیسان لەلایەک مرۆیی یاساکانی ئەوروپامان بۆ دەسەلمێنێت کە بەو سینە فراوانەوە گوێ دەگرێت بۆ کەسێکی دڕندەی مرۆڤ کوژ ورەیسیزم بەو پەڕی ساردی وبێباکیەوە چیرۆکی پیلان دانان وکوشتنی ئەو هەموو گەنجە جوانانە ومرۆڤانە دەگێرێتەوە لە حزوری کەس وکاری قوربانیان وڕزگاربوان، وزۆر نا مرۆییانە تا ئەو ساتەش دەڵێت کە پەشیمان نییە ورزگار بکرێت هەمان شت دوبارە دەکاتەوە وهەموویان دەکوژێتەوە، وپەشیمانە کە زیاتری پێنەکرا!! دەڵێت ئەوانەی لە دوورەوە کوشتبومن کە بەلایان تێدەپەڕیم گولەی ترم لێدەدان نەوەک بە فێڵ خۆیان بە مردوو کردبێت، یان دەگەڕام بە دوایان ودەمگوت وەرنە دەرەوە من ئەفسەری پۆلیسم هاتوم پارێزگاریتان لێبکەم، ئەوانیش لە حەشارگاکانیان یەک بەدوای یەک دەردەهاتن ومنیش دەمکوشتن!! زۆربەی ئەوانەی کوشتمن دەست وپێیان لەکار کەوتبو و وەک ئیفلیج بوو چەقیبوون ولەترسانا توانای هەڵاتنیانیش نەبوو هەتا کە گولەشی تەواو بوو تا چوو تەقەمەنیشی هێناو هاتەوەش ئەوان هەر لە جێگای خۆیان چەقی بوون وتا بە ئاسانی گولەی بە سەریانەوە نا!!
هەروەها گووتی ئەو کارێکی چاکی کردوە نەک نەگریس ودژی فرە فەرهەنگی جەنگاوە ودژی بە ئیسلام کردنی ئەوروپا جەنگاوە!!"
من پێموایە کەسێکی وا دزێو و قێزەون لەلای ئێمە ئەو کارە بکات باوەڕ ناکەم سەبری سەعاتێکی لێ بکەین وهەر زوو جەستەیی دەکەینە بێژینگ بە گولـلە، وەنەبێ منیش لە لایەنگیری ئەو ڕایە نەبم، بەڕاستی کەسانی وا هەست دەکەم ئازارێکی سەربار بۆ کەس وکاری قوربانیان وڕزگاربوان زیاد دەکات، بۆیە چاکترە دەنگی کپ بکرێت نەک وا کورد گوتەنی وەک دابەستی بەخێو بکرێت ووا قۆز دەرکەوێت! خەڵکی نەرویژ بە ئاشکرا لە میدیاکان گوتیان: ئەوان تێریان خوار وبێزار بوون بە هەواڵی برێڤیك، وچاوەڕوان دەکەن زیندانی بکرێت ونەک بیانووی عەقلی بۆ بدۆزنەوە.
من وا هەست دەکەم فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی ئێمە زۆر دڵڕەقانە وزیادەڕەوی دەکات لە سزادانی تاوانباران ویان ئەوانەی بە تاوانباری دەزانین وهێشتا ساغیش نەبۆتەوە وەك قایمقامی سلێمانی کە لە دەزگایەکی ڕەسمیدا کوژرا ویان ئەوانەی بە نایاسایی دەکوژرێن ولیژنە بەدناوەکانیان لەسەر بەدواداچون وساغ کردنەوەی تاوانباران دروست دەکرێت بێ ئەوەی لیژنەیەک ئەنجامێکی پۆزەتیڤی بە دەست هێنا بێت، بەڵکو جاروبار قوربانیەکەش بەدناو دەکەن بە شێوەیەک مناڵیش دەهێنێتە پێکەنین وەک چۆن سەردەشتی جوانە مەرگ کرایە تیرۆرست، کە ئەوە وەک ئەوە بوو بڵێت [کارل مارکس] ئیمامی ئەزهەر بوو!
لە هەمان کاتیشدا هەست دەکەم فەرهەنگی ڕۆژئاواییش لە ڕادەبەدەر نەرم ونیانە لەگەڵ ئەو جۆرە دڕەندانەی وەک برێڤیك هێندە ئاسودە وپۆشتەیە دەڵێی لە زیندانەکەیدا هێندە نازداریان کردوە گاڵتەی بە سزاکان دێت، ودادگا لە یەکەم ڕۆژەوە دەیەوێت جەخت لەسەر باری دەروونی ئەو درندەیە بکات کەچی خودی تاوانبارەکە گاڵتەی پێیان دێت ودەڵێت:" من شێت نیم وبەرپرسیارم لە بەرامبەر تاوانەکەم"
لە هەمووی ڕیسوایی تر بۆ قاعیدە ودەستەخوشکانی ئەوە بوو کە برێڤیكی تیرۆرست گووتی: " ئەو زۆر سەرسامە بە شێوازی قاعیدە لە کوشتن وسەربڕینی دوژمنانی ولە لەناوبردنی دوژمنانی!! وپێی وایە : قاعیدە سەرکەوتوترین بزوتنەوەی شۆڕشگێڕییە لە جیهاندا" ... و " من لێکۆڵینەوەم لەسەر هەموو بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکان کردوە، بەڵام هێچیان وەک قاعیدە سەرکەوتو نین، وئێمە پێویستیمان بە دامەزراندنی نوسخەی ئەوروپی قاعیدەیە"!!
لە هەمان کاتیشدا دەڵێت کەوا دژی فرە فەرهەنگی ودژی بە ئیسلام کردنی ئەوروپا جەنگاوە؟!
وەك چەند جاری تر دووبارەم کردۆتەوە: توندڕەوی یەك ئایین و یەك ڕێبازە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا دژبەیەکن، بەڵام توندرەوی ئیسلامی ومەسیحی وڕاسترەوی وچەپڕەوی وهەر توندڕەوێکی تر هەڵگری هەمان پەیام و هەمان میکانیزمی جێبەجێ کردنیانن، ئەگەر وانییە چی وای لە برێڤیك دەکات تا ئەو ڕادەیە سەرسام بێت بە شێوازی قاعیدە وڕێبازی قاعیدە لە کاتێکدا دەڵێت دژی بە ئیسلامبوونی ئەوروپایە؟!!
بە ئیسلامبوونی ئەوروپاش ترسێکی ساختە ودەستکردی ڕەیسیزمەکان و ڕەگەزپەرستانی ئەوروپایە، ئیسلامیەکانیش بەوپەڕی ساویلکەیی ئیمێلەکانیان بۆ یەکتری دەنێرن گوایە چەند ساڵێکی تر ئیسلام دەست بەسەر ئەوروپا دادەگرێت؟!!

الجمعة، 16 مارس 2012

لەمەر کوشتنی مامۆستا ئەمریکیەکە: ئەگەر دەزانن ئەو تەبشیریانە چەندە ئیستفزازین!


لەمەر کوشتنی مامۆستا ئەمریکیەکە: ئەگەر دەزانن ئەو تەبشیریانە چەندە ئیستفزازین!
وتار
محەمەد هەریری:

 قوتابخانەی میدیا  کە ڕوداوی کوشتنی مامۆستا  جێرمیە سمۆڵ Jeremiah Smallلێی ڕویدا لە بنەڕەتدا قوتابخانەیەکی مەسیحی تەبشیرییە لەلایەن [گروپی خزمەتگوزاری ئینجیلی نێودەوڵەتی ناشڤیل، تینیسی] دامەزراوە ، بەپێی وێبسایدی ئەو گروپە مەسیحیە ئامانجیان:
 "ئەوەیە لە ڕێگای هوشیارکردنەوە وخوێندن وفێرکردنەوە گروپەکە دەیەوێت بەژداری بە هەقیقەت و جوانی مەسیح بکات لەگەڵ هاوڕێیە موسڵمانەکان!! هیوامان ئەوەیە کە کتێبی پیرۆز نەوەکانی داهاتووی خێزانە موسڵمانەکان و کۆمەڵگا موسڵمانەکان پیرۆز بکات وبگۆڕێت.   مامۆستاکە جێرمیە سمۆڵ مامۆستای وەرزشە یانی بە کوردیەکەی نیمچە بێکارە، ووادیارە خۆی لێبڕاو کردوە بۆ تەبشیری مەسیحی، بۆیە براکەی دەڵێت پەیوەندی وچالاکی زۆر بوە لەگەڵ قوتابیەکان لە دەرەوەی قوتابخانەش، خۆشی لە خێزانێکی ئاینی مەسیحی موبەشیر وزۆر دیندار a deeply religious family وەپاش کەوتوە بۆیە باوکی لە پەیجی فەیسبوکەکەیدا پاش زانینی هەواڵی کوشتنی کوڕی نوسیویەتی :" ئەم بەیانیە کوڕی گەورەمان جیرمایە لە کوردستان شەهید کرا..."  بەکارهێنانی وشەی شەهید ڕەهەندیکی ئاینی ئاشکرای هەیە. دایک وباوکی رێکخراوێکی ئاینی بە ناوی شایلۆ بایبل کەمپ Shiloh Bible Camp هەڵدەسوڕێنن. هاوڕێکانی سمۆڵ دەڵێن: ئامانجی دینی ئینجیلی پاڵنەری ئەو بوە بۆ وانە وتنەوە لە عێراق.  ولە نامەیەکی بۆ هاوڕێ موبەشیرەکانی نوسیویەتی: "کچێکی [کورد] لە مامۆستا مەسیحیەکەی نزیك بوەوە ووتی:"نازانم چی بکەم، کچەکە دەربارەی مەسیح خوێندبویەوە وباوەڕی پیی هێنابوو، دەیوت باوک ودایکی هەرگیز ناهێڵن ببیتە مەسیحی..من هانمدا کە ئەوەی خوێندۆتەوە بەنەزەری ئیعتبار بیگرێت، من بۆم نییە پێی بڵێم ببێتە مەسیحی، وداوای لە هاوڕێیانی کردوە لە ئیمێڵەکە کە دوعا بکەن بۆ گۆڕانی ئەو کچە.  خوادەزانێ چەندین کچ وکوڕی سلێمانی هەرزەکاری وای کردۆتە مەسیحی.
 من ناڵێم نهێنی کوشتنی ئەو مامۆستایە ئەمریکیە دەزانم کە لەلایەن قوتابیەک کە خزمێکی نزیکی خانەوادەی سەرۆک تاڵەبانییە بە شێوەیەکی داراماتیکی کوژرا، بەڵام ئەو ڕاستیەی کە کەس ناتوانێت نکولی لێبکات ئەوەیە کە هەموو کارێک کاردانەوەی هەیە، بێگومان مناڵیکی گەنجی وا بەناز بەخێوکراو کوڕی دایک وباوکێکی پلەدار ودەسەڵاتدار بەبێ هودە دوچاری ئەو کارە نایەت، ناکرێش هەموو ڕوداوەکە بەس ببەینەوە سەر غروری کوڕە بەرپرسان کە ئەمڕۆ بۆتە دیاردەیەک وهەزاران عودەی وقوسەی زەبەلاح ومام ناوەندی وبچوکیش دروست بوە بەپێی پۆستی باوکیان.
 بێگومان هەموو خەمی دەسەڵاتی کوردستان ئەوەیە تا بکرێت هیچ ڕەهەندێکی ئایینی بە ڕوداوەکە نەدەن، نەوەک دڵی ئەمریکیەکانمان لێ بڕەنجێ، ئەو ئەمریکیانەی کە لە چەندین ڕوداودا لە کوردستان هەر [لۆ فشەی] نەفەریشیان لێکوشتوین، کەچی ئێمە لەبەرئەوەی ڕزگارکەرمانن نەک بەرگریشمان لەخۆمان نەکردوە بەرامبەریان بەلکو لە سایەی کەرەمی خواوە یەک سەربازی ئەمریکی لوتیشی بە خوێن نەهاتوە هەتا بەڕوداوی هاتوچۆش وەك سەرۆکی کوردستان جارێک وایگووت!!
 ئەو دەسەڵاتە بەدیوی خۆی سی ڤی [ژیننامە] میللەتی کورد بۆ ئەمریکیەکان دەنوسێتەوە، ئێمە لەو سی ڤی یەدا میللەتێکین بەڵێ موسڵمانین بەڵام هەر هێندە موسڵمانین کە کاتێ بەراورد دەکرێن لەگەڵ کافراندا وەک ئەو پەندە تورکیە شۆڤێنییە وادەڵێت، کە کەسانێك لە نێوەندە عیلمانیەکانیش پێیان خۆشە جەختی لەسەر کەنەوە، بۆیە هیچ توڕە نابین ودەمارگرژ نین بۆ ئایین، بەڵکو هەر دەمارمان نییە تا گرژی کەین، بۆیە فەرموون ئەمریکیەکان ڕۆژئاواییەکان، مرۆڤە سپیەکان بە کەیفی خۆتان بجوڵێنەوە، بە ئاشکرا سەدانمان وهەزارانمان بکەن بە مەسیحی، وکەنیسەی کوردزمانمان بۆ دامەزرێنن ولە شاری دینداری هەولێریش بەبەرچاوی خەڵکەکە مژدەی وەرگەرانی دەیان هەزار کوردی موسڵمان بۆ مەسیحیەت بە گوێی کوردستان دادەن، ئەی چییە بەڵکو ڕزگارمان دەبێت لە چارەی دینی عەرەب وئەگەر بوینە مەسیحی وەک ئەو مەسیحیانەی ڕۆژئاوا پێشدەکەوین وەك چۆن باشوری سودان پێشکەوت!
 فەرموون وەرن هەزاران ئینجیل ونامیلکەی مەسیحی وچیرۆکەکانی بایبڵ ببەخشنەوە، بەڵکو لەو دینە تۆقێنەرەمان ڕزگارمان دەکەن بۆ دینی ئاشتی کە دەڵێت ئەگەر شەقیان لە بناگوێی ڕاستت دا لای چەپیشی بۆ هەڵسوڕێنە، وەک بڵێی مێژوی مەسیحیەت هەمووی گوڵ وگولزار بێت، هەر دوێنێ ئافرەتێکی مەسیحی تازە موسڵمان بوویان بەناوی وەفا قوستەنتین یان لەناو کەنیسەی نەترۆنی مەسیحی کوشت بە فەرمانی بابا شەنودە، چونکە نەیانتوانی بە زۆرەملێ هەڵێگەڕێننەوە بۆ مەسیحیەت وکەنیسەکانی میسر بە سەدان وهەزارانی وەک وەفای لێیە لە هەردوو ڕەگەزەکە لەوانەی بونەتە موسڵمان بەڵام کەنیسە ئازادی بیروباوەڕیان پێ ڕەوا نابینێت، بێگومان موسڵمان ومەسیحی لەو شەرقە بەو شێوەیە بیردەکەنەوە ڕاست بێت یان چەوت، ئەوەیە هەقیقەتی شەقام ..
 تا ئێستا ڕوداوەکە ڕوون نییە، بەڵام بە سەرجەم ئەوەی لەسەری نوسراوە و دەوترێت گومانی کێشەی ئاینی زۆری لە مەسەلەکەدا دروست کردوە. من ئاگادارم کە هەڵمەتێکی تەبشیری بەهێز لە ئارادایە لە کوردستان لەوەتی کورد ناوچەی دژەفڕینی بۆ بڕیاردرا لە ١٩٩١، ئەوەی کە ئەو هەڵمەتەشی پوچ کردۆتەوە مامۆستا ئاینیە بەڕێزەکانی کوردستان بوون وخەڵکی کورد بوون کە شانازی بە ئیسلامەتی خۆیان دەکەن، دەنا ئەگەر بە میزاج وویستی دەسەلات بوایە هەموو کورد لە شەو رۆژێك هەڵگەڕێننەوە چاویان تروکە ناکات، بەڵکو وەک دیکۆرێکی تەقەدومی لەوانەیە موغازەلەی ڕۆژئاواشی پێبکەن!
 من زۆر شانازی بە نادەمارگرژی میللەتەکەم دەکەم کە لە چاو میللەتەکانی تر چەندین سەدە پێشیان کەوتۆتەوە، وابزانم کاتی خۆی تورک کە بەراوردی نادەمارگرژی کورد و دەمارگرژی خۆیان کردوە ئەو پەندەی سەرەوەیان [کورد هێندە موسڵمانن کە کاتێ بەراورد دەکرێن لەگەڵ کافراندا ] بۆ داتاشیوە وڕەخنەیان لە کورد گرتوە کە بۆ دەمارگرژ نین، چۆن بەو سینگە فراوانە لەگەڵ ڕۆڵەکانی تری کوردستان لە مەسیحی ودینەکانی تر دەژین بەبێ کێشە! میللەتی ئێمە نازانێت حقدی شیعە وسونە ومەسیحی و موسڵمان لەبەر هیچ بهێنێتە ئاراوە ئەگەر تا سەر ئێسقان هەستی ئاینی بریندار نەکەن، بەڵام وادیارە جەماعاتی تەبشیری پەیامی نادەمارگرژی کوردیان بە هەڵە خوێندۆتەوە وەك خاڵێکی لاوازیان قۆستبێتەوە وەک بلێی کورد هیچ گرنگیەک بە ئاینی خۆیان نادەن وزۆر ئاسانە وەریان گەڕێنن بۆ مەسیحیەت.
 کردەوە تەبشیریەکانی ئەو جەماعەتە تەبشیریانە هێندە وروژێنەر وئیستفزازین هەتا خودی مەسیحیە ڕەسەنەکانی عێراق و کوردستانیشی پەست کردوە، وەك بڵێی هاتبن بۆ ناو چەند عەشیرەتێکی سەرەتایی قۆناغی بتپەرستی وتەوتەمیزم وبیانەوێت خەڵک بەرەو ئاینە شارستانیەکەی خۆیان بەرن!!
 هەر لەو بەریتانیایە کە من چەندین ساڵە لێی دەژیم، دەڵێی بەس عنوان وئەدرەسی مالە موسڵمانەکانیان پێیە، شەممە ویەکشەمان لەدەرگای ماڵە موسڵمانەکان دەدەن بە خۆیییان وبە ئینجیلێک لەبن کەوشیان دەزانن موسڵمانیشی، فەرمو چیتان دەوێت؟ هاتوینە باسی گەورەیی ڕزگارکەرمان یەسوعتان بۆ بکەین! سوپاس، ئێمە موسڵمانین ئاینمان هەیە! یەسوعیش دەناسین. باشە خۆ زیان ناکەیت ئەگەر پێکەوە دانیشین گفتوگۆیەک بکەین وکۆفیەکیش بخۆینەوە؟! بەڵام ئێمە کێشەمان نییە لەگەڵ ئیسلام، خوا دەپەرستین وڕیزی مەسیحی ئێوەش دەگرین وەك پێغەمبەرێك ونەدەخۆینەوە ونەدزی دەکەین ونە تلیاک دەکێشین، بەڵکو جگەرەش ناکێشین، ونەمرۆڤ دەکوژین، دینەکەی ئێوە چی زیاتر تێدایە؟! بەڵام ئەو کارانە پێویستە لە ڕێگای ئاینی ڕاستەوە بکرێت...، قسەم پێیبڕی، چەمکی ئاینی ڕاست ڕێژەیی ئەوەی لای تۆ ڕاستە لای من چەوتە و بەپێچەوانەوەش، تۆ لە جیاتی خۆت لەگەڵ من وخێزانی من ماندوو کەیت، بڕۆ جارێ مەسیحیەکانی هاوسێمان بکە مەسیحیەکی ڕاست کە ئەوەی خەراپە دەیکەن! دەڕوا هەفتەی داهاتوو بە هەمان شێوە دێتەوە نازانم لەبیری کردوە یان هەر بۆ قەڵس کردنت. ئەی داوام لێنەکردن کە هیچی تر لەو دەرگایە نەدەنەوە پاش ئەوەی پێتانم گوت ئێمە موسڵمانین وبێ دین نین؟! ئۆکەی سۆری.! دیسان یەکێکی تر لە هەمان جەماعەت لە دەرگا دەدەن...هتد.
 یان لەو لەندەنە هەموو ناوچە پڕ لە تاوان وجەریمەی سێکسی وموخەدەرات بەجێدەهێڵن دێن لەناو ئیدجوار رۆد وبەیسوەتەر دەعوی مەسیحی دەکەن کە زۆربەی دانیشتوانی موسڵمانن، هەتا جارێکیان برادەرێکی کۆمیدیم لەگەڵ بوو تازە بۆ لەندەن هاتبوو، ڕێیان پێگرت وچەند کتێبێکی مەسیحی وئینجیل وسیدیەکیان عەرز کرد بەخۆڕایی، برادەرەکەم گوتی ئەو چیە کاک محەمەد؟ گوتم: دەیانەوێ بتکەنە مەسیحی ودەعوەتت دەکەن! برادەرەکە گوتی: هەر ئەوە مابوو ئەمە دەرەقەتی خوایەک نایەین، ئەوجا سێ خوا؟!


هەر لەو یوتیوبە ئەو عینوانە لێبدە:



دەبینی ئەی موبەشیرانە چەندە ئیستفزازین، یەخەی دوو منداڵی ئیسلامیان گرتوە، داوایان لێدەکەن ببنە مەسیحی، وەرن ئەو دڵە پڕ لە حیقدانەتان بگۆڕن، بروانە چاوەکانتان پڕە لە قینە چونکە خۆشەویستی خوای تێدا نییە، بە قسەی باوکتان مەکەن...منداڵەکان هاوار دەکەن بابە ئێمە ئاینی خۆمان خۆش دەوێت وازمان لێبێنن، بۆ هێرش دەکەنە سەر ئاینەکەمان وەک هەر ئاینێکی دەبەنگ حیسابی دەکەن، دەزانین مەسیح پێغەمبەرە و کوڕی خوا نیە، باوکیان دێت دەڵیت برۆن وازیان لێبێنن، پێی دەڵێن تۆ لە مەترسیدایت، تۆ درۆت کردوە لەگەڵ مندالەکانت مێشکت شۆردونەتەوە، هەقیقەتی یەسوعی خواوەندت لێشاردۆنەتەوە! کەچی هەر قسەی خۆیان دەکەن تا ئەو ڕادەیەی لە کۆتایی دەڵێ وەرن هەمو ژیانتان پێویستە بگۆڕن تا دڵەکانتان لەو قینە وتوندوتیژیە رزگار بکەن، کە دەڕۆن بەوپەڕی ئیهانەوە دەڵێن: بڕۆ بۆ دۆزەخ ومندالەکانیشت لەگەڵ خۆت بەرە بۆ دۆزەخ!؟
بەڕاستی کارێکی دزێوە هەر لە خۆڕایی ئەو منالە هەزەکارە بە شەیتان بکەین و مامۆستای کوژراویش بە فریشتە، پێویستە لە وردەکاری ڕوداوەکە زیاتر تێبگەین وئەوەش کاری دەزگا میدیاکانی سەربەخۆی سلێمانییە ئەو کارە بکەن... خەڵکی ئێمە هێندە ساویلکەن ئەو بیانیەی جلی کوردی لەبەر بکات و ئاڵای کوردستان هەڵبگرێت بەهەر ئامانجێک بێت خۆشمان دەوێت، نازانن ئەو موبەشیرانە لە ئەفریقا تقوسی مەسیحیش لەسەر شێوازی سەمای ئەفریقی بیدائی پێشکەش دەکەن... کێ ناڵێ [ بەیار] ی هەرزەکاریش وەک هەر کەسێك کەمترین شانازی بە ئاینەکەیەوە بکات تە سەر ئێسقان توشی ئیستفزازی ئەو مامۆستایە نە بوە، وهەستی بەرپرسی لە دەوروبەری خۆی بە تۆماتیکی بۆی نەگوێزراوەتەوە وخۆی بە بەرپرسی پۆلەکەی نەزانیوە لەبەردەم هەڵمەتی تەبشیرچیەتی مامۆستاکەی، خۆ مەرج نیە ئیسلامیەکی توندڕەو بیت تا ئیستفزاز بیت بە شێوازی بانگەوازی تەبشیری، و ئەوانەشی کە هەر خەریکی خۆقامچی کردنن هەزار جوێن وقسەی ناشیرین ئاڕاستەی ئەو هەرزەکارە ومیللەتی کورد دەکەن چاکترە بێدەنگ بن یەک چاوانە ڕوداوەکە نەخوێننەوە تا زۆر لایەنی تری ئاشکرا دەبێت.

ئیشکالیەتی شیعە وسونە (١)
هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە دژایەتی نێوان شیعە و سونەدا
محەمەد هەریری


·       مێژوێکی بەردەوام وباگراوندێکی عەقیدی
زۆر جار و لە جۆرەها بۆنەی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی قسەگەلێکی سافیلکەمان گوێ لێدەبێت لە نەزان وزانا ودانا کە باسی برایەتی شیعە وسونە دەکەن: "هەموومان براین، هەمومان موسڵمانین، یەک خوامان هەیە، یەک کتێبمان هەیە، یەک پێغەمبەر، یەک کەعبە، هەتا کۆتایی یەکەکان، بۆ دەبێت دژایەتی یەکتر بکەین، زایۆنیزم و سەڵیبیەتی جیهانی دژی هەردوو لامانە بەبێ جیاوازی..."
"ئیسرائیل بەهەمان شێواز و دڵەڕاوکێ بەرخورد دەکات لە تەک موشەکە شیعیەکانی ئێران و موشەکە سونیەکانی پاکستان، بەڵام هێشتا چاومان دەنوقێنین ومەترسیەکان وەک خۆی نابینین" [شێخ یوسف القرضاوی لە هەڵوێستەکانی بەراییدا]
مـحـمـد سـلـيـم الـعـوا لە کتێبی (الـعـلاقـة بـيـن الـسُنـة وألـشـيـعة) ئەو بیرمەندە گەورەیە بەجۆرێک قسە دەکات بە قەد منداڵێکی سەلەفی ئاگاداری فیکری شیعی نییە، وقسەکانی هەمووی لە دەوری تەمەنیات وئاوات خواستن دەخولێتەوە...
بەر لەوانەش سەدەها شێخی سونی وشیعی کۆبونەتەوە لە چوارچێوەی دەستەی نزیکخستنەوەی مەزهەبەکان ودەیەها لێدوانی جوان ومیانڕەوی لێکەوتۆتەوە وەک فەتواکەی شێخی ئەزهەر محمود شلتوت بە جایزبوونی ئەنجامدانی عیبادەت لەسەر فیقهی جەعفەری وجەندین هەوڵی تری لەبارچوو!!
وەک هەڵوێستی کەسێتی خۆم منیش هیوادارم ڕۆژێك بێت ئەو دوو تایفەیە بە عەقڵیەتی ئەو لێدوانانە بڕۆن بەڕێوە ویەکتری تەکفیر نەکەن، نەکوژن وجوێن وناتۆرە لەیەک نەنێن، یادی بۆنەی کوشتنی حەزرەتی عومەر نەکەنەوە، یان بەو دواییە یادی چونە ناو دۆزەخیش بۆ حەزرەتی عائیشەی خێزانی پێغەمبەر نەکەنەوە کە بەو پەڕی دەبەنگی وگێلیەوە لەسەر کێکی یادکردنەوەکە نوسیبویان [عائشە في النار!!!] بەڵام هیوا شتێکە و واقیع شتێکی ترە... بەڵام وەک نوسەری ڕوناکبیری شیعە ئەحمەد الکاتب لە سەردێری [دور الصفويين في تأجيج الفتنة ]دەڵێت: "بەداخەوە کە دەوڵەتی سەفەوی کە دەستی گرت بەسەر وڵاتی فارس ل ە سەدەی ١٠ هجریدا وبەدواوە... هەڵمەتێکی بێ سنوری لەدژی ئەهلی سونەت بەرپا کرد، وبیدعەی جوێن ونەفرەتکردنی خەلیفەکانی ڕاشدینی داهێنا ، دەوڵەتێکی دیکتاتۆری وای دامەزراند دورترین شت بوو لە سیاسەتی ئەهلی بەیت یان عەدالەتی ئیسلامدا، هەرچەندە خۆی دادەپۆشی بە توێکڵی شێوێندراوی تەشەیوع، زۆر دوور لە ڕوحی شیعایەتی یەکەم... لەگەڵ ئەوەشدا کە دەوڵەتی سەفەوی لەگەڵ مێژوودا ڕۆیشت، بەڵام شوێن پەنجەی شومی لەسەر پەیوەندی برایانەی سونە وشیعەدا بەجێ هێشتوە، لە دوای خۆیدا کلتورێکی فەرهەنگی بۆگەنی پڕ لە ڕق وکینەی بۆ جێهێشتین."[1] بەڵام لەگەڵ ئەم قسە جوانانەش کە نوسەری ئەو دێرانە دەیکات، هەرکە ناوی دێت لەلایەن شیعەکانەوە هێندە جوێنی پێدەدەن و تۆمەتی بۆ دەبەخشنەوە دەڵێی باسی یەزیدی کوری موعاویە دەکەن!
من دەمێکە گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو کێشەیە تایفیە لە شەڕی جەمەل وصفینەوە ئەگەر نەڵێین لە ژێر کەپرەکەی سەقیفەی بەنی ساعدەوە لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەر [سەلامی خوای لێ بێت] دەستی پێکردوە کە لە سەرەتادا کێشەکە تەنها سیاسی بوو ناکۆکی بوو لەسەر ئیمامەت وخەلافەت ، هەرچەندە بەو قوڵییە نەبوو لە نێوان ئەوانەی کە پێیان دەگوتن [شیعەی عەلی] واتە گرووهی عەلی کە لەو کاتەدا کەمینە بوو و لە نێوان زۆربەی هەرە زۆری صەحابەکان وخەڵکانی تر کە حەزرەتی ئەبوبەکریان هەڵبژارد بۆ خەلافەت ولە دوایشدا حەزرەتی عومەر... حەزرەتی عەلی لە ڕۆژگاری ئەو دوو خەلیفەیەدا ڕاستە بۆ ماوەیەکی کورت بەیعەتی بە حەزرەتی ئەبوبەکر نەدا بەڵام نەك لەبەر ئەوەی خۆی پێ شایستەتر بوو بەڵکو لە کۆی ڕوداوەکان دەردەکەوێت کە توڕەبوونی ئەو لەبەر لەوێ نەبوونی ئەو بوە چونکە سەرقاڵی کاری ناشتنی پێغەمبەر [سەلامی خوای لێ بێت] بووە وپرسی پێ نەکراوە... دوایی هاتە ناو دەزگای خەلافەت وبوە ڕاوێژکاری یەکەمی حەزرەتی ئەبوبەکر و حەزرەتی عومەر تا ڕادەی ئەو قسەیە بەناوبانگەی حەزرەتی عومەر کە دەڵێت: " لولا علي لهلك عمر" کە زیاتر گوزارش لە تەقدیری عومەر بۆ ڕۆڵی گەورەی حەزرەتی عەلی دەکات، کەچی لە جیاتی شیعەکان ئەو قسەیە بە یەکێك لە کارە چاکەکانی عومەر بدەنە قەڵەم، دێن سەد تەئویلی خراپ ونا مەنتیقی بۆ دەکەن لە یەکێکیاندا دەڵێن:" ئەوەتا عومەر دان بە نەزانی خۆی دادەهێنێ، ودەڵێت ئەگەر عەلی نەبوایە عومەر تیا دەچوو، ئەی کەوابوو بۆ خەلافەتی لەو زەوت کردبوو؟؟!!" ئەوە چاکترینی تەئویلە خراپەکانە.
·       گۆڕینی ناکۆکیە سیاسیەکە بۆ ناکۆکی عەقیدەیی

گەورەترین قۆناغی کێشەی شیعە وسونە لەو کاتە دەست پێدەکات کە شیعەگەرێتی گەورەترین وەرچەرخانی بە خۆیەوە دیت کاتی لە ناکۆکیەکی سیاسی پەیوەست بە ئیمامەت وخەلافەت گۆڕا بۆ ناکۆکیەکی عەقائیدی توندوتۆڵ وبەرنامە بۆ داڕێژراو...
لە کاتێکدا کێشەی شیعە و سونە وەک گوتمان تەنها پەیوەست بوو بە لایەنە سیاسەکەی واتە مەسەلەی خیلافەت وکێ شایستەترە ببێتە خەلیفە هەرچەندە شیعەی بەرایی تەنها لا یەنگیری حەزرەتی عەلی بوون بۆ بوونە خەلیفە، بەڵام هێشتا ئەو مەسەلەیە نە ببوە مەسەلەی کوفر وئیمان، نە تیۆری بۆ داڕێژرا بوو  لە جۆری تیۆری دوازدە ئیمامی و ویلایەتی فەقیهـ ونە هیچی تر...بەڵام لە پاش شەهید بوونی حەزرەتی حوسێن بیروباوەڕێکی زۆری غەوارە ودەخیل ونامۆ بە ئیسلام دزەی کردە ناو مەزهەبی شیعە لە ڕێگای کەسانێکی دڵسۆزی ساویلکە و هەروەها غەرەزداریشەوە تا ئەو ڕادەیەی شیعەگەرێتیان لە ڕەگ وڕێشەوە گۆڕی، بەڵکو لە ڕووی وردەکاری عەقایدیەوە بوە نوسخەیەکی نوێ لە ئیسلام کە پەیوەندی پێیەوە زۆر لاوازە. وەنەبێ زەخمی ئەو کێشەیە کاریگەری لەسەر لایەنی سونیش بەجێنەهێشتبێ، بەڵام بەو ڕادەیەی کاریگەری سەر شیعە نەبوو، بەڵکو زیاتر کاریگەریەکی کاتی بوو، بۆ نموونە نەفرەت کردنی حەزرەتی عەلی لەسەر مینبەرەکان لە سەردەمی ئەمەویەکان ببوە نەریتێکی دەسەڵاتداران، وهەتا بەڵگە لەسەر ئەو حاڵەتەی نەفرەت کردنە لەسەر دەمی خودی معاویە لە صحیحی موسلیم ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هەر لە سەردەمی ئومەویەکان خەلیفە عومەری کوڕی عبدالعزیز ئەو دیاردەیەی لەناو برد.
تێگەیشتی ئەو ناکۆکیە مێژووییەی نێوان شیعە وسونە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ زۆر گرنگە لە تێگەیشتن لە وردبینیە سایکۆلۆژەکانی ئەو کێشەیە وچۆنیەتی تێوەنەگڵان ودوورخستنەوەی زیانەکانی ئەو کێشەیە بۆ کەمترین ڕادەی، چونکە لە ڕەفتاری سەرانی کورد دەردەکەوێت کە هچ لە هەستیاری ئەو کێشەیە تێناگەن، بەڵکو حزبێکی گەورەی وەك یەکێتی لەناوچەکانیدا هێندە بە پەرۆشەوە بەتەک خورافیاتەکانی مەزهەبەکە دێت، نیو هێندە بەتەک کوردایەتی نایەت، کە خەریکە نەزعەی مەزهەبی هەموو کوردی فەیلی شیعە لە کورد دەکات!!
ئەگەر باسی ناکۆکیەکان بکەین دەبێت لە ناکۆکە عەقایدیەکانەوە دەست پێبکەین کە هەموو بەندەکانی عەقیدە دەگرێتەوە لە خواوە، لە ڕێگادا قورئان و حەدیس ومەهدی وعەدالەتی سەحابە وتادەگاتە بچوکترین بەندیدا.
بۆ نموونە ئەگەر لە خواوە دەست پێبکەین شیعە حاڵەتی بەداء [البداء] بۆ خوا بڕیار دەدەن کە بەمانای بە [هەڵەداچوون وپەشیمان بوونەوە پاش ئەوەی بۆی دەردەکەوێت] کە ئەوەی بڕیاری دابوو لەسەری وانەبوو. وەک نموونە دەردەکەوێت کە عەقیدەی ئیمامەتی دوازدە ئیمامی هەتا پاش مەرگی حەسەن العسکری دانەمەزرابوو، شیعەکان دوای هەر یەکێك دەکەوتن لە ناودارانی ئەهل البیت بەبێ ئەوەی لیستێکی دوازدە کەسیان هەبێت، بۆیە لە پاش مردنی العسکری بۆ چەندەها گروپ دابەش بوون و دیارترینیان ئیسماعیلیەکان و ئیمامیەکان بوون کە لە دواییدا دەبنە دوازدە ئیمامیەکان.
وشەی [البداء] بەمانای بۆ بەدیارکەوتن لە پاش شاردنەوەی لێت لە قرئاندا تەنها بۆ حالەتێک دا هاتوە کە بەسەر ئادەمیزادان جێبەجێ دەبێت وەك: [ولو أن للذين ظلموا ما في الأرض جميعا ومثله معه لافتدوا به من سوء العذاب يوم القيامة وبدا لهم من الله ما لم يكونوا يحتسبون( 47 )] الزمر [خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که‌سته‌میان کردووه‌، خاوه‌نی هه‌ر هه‌موو زه‌وی بن، ئه‌وه‌نده‌ی تریشی له‌گه‌ڵ بێت، ئه‌وه له ڕۆژی قیامه‌تدا هه‌ر هه‌مووی ده‌که‌نه قوربانی خۆیان و هه‌مووی ده‌به‌خشن له پێناوی ڕزگاریی خۆیاندا کاتێک که ده‌بینن سزاو ئازاری دۆزه‌خ زۆرسه‌خته و له‌لایه‌ن خواوه سزاو ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی وایان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که هه‌رگیز به ته‌مای نه‌بوون.]
یان دروست بوونی ڕایەکی نوێ وەك : [ثم بدا لهم بعد ما رأوا الایات لیسجننه حتی حین] یوسف [پاشان، له دوای ئه‌وه‌ی که به‌ڵگه‌ی زۆریان بینی له‌سه‌ر یوسف، بۆیان ده‌رکه‌وت و وایان به چاك زانی تا ماوه‌یه‌ك هه‌ر به‌ندی بکه‌ن.]
بە هەردوو ماناکەشی بەمانای نەزانی بەرایی دێت واتە بەر لە بەدیارکەوتن ودروست بوونی ڕای نوێ نەزانی هەبوو.
شیعە نەك بەشەرمەوە باسی ئەو بیدائە ناکەن ، بەڵکو وەک هەر توخمێکی گرنگی تری عەقایدەکانیان سەیری دەکەن و گەورەترین پاداشتی ئەفسانەییان بۆ داتاشیوە وەك ئەو حەدیسەی "أصول الكافي" : (عن زرارة بن أعين عن أحدهما عليهما السلام قال: ما عبد الله بشيء مثل البداء، وفي رواية ابن أبي عمير عن هشام ابن سالم عن أبي عبدالله عليه السلام: ما عظم الله بمثل البداء).[خودا بەهیچ نەپەرستراوە گەورەتر لە البداء، خوا بە هیچ تەعظیم و مەزن نەکراوە وەك البداء]
ئەوە لەکاتێکدا خودا لو قورئاندا لە وەسفی خۆیدا دەڵێت: (وعنده مفاتح الغيب لا يعلمها إلا هو ويعلم ما في البر والبحر وما تسقط من ورقة إلا يعلمها ولا حبة في ظلمات الأرض ولا رطب ولا يابس إلا في كتاب مبين) [کلیلی هه‌موو شاراوه‌کان و زانینی هه‌موو نهێنیه‌کان به‌ده‌ست خوایه و هه‌ر لای ئه‌وه‌، که‌س نایانزانێت جگه له‌و زاته هه‌رچی له‌سه‌ر وشکانیه (له گیاندارو بێ گیان و گیاو دارو زینده‌وه‌رانی وردو درشت له‌سه‌ر زه‌وی و له توێی خاکدا) خوا پێی ده‌زانێت، هه‌روه‌ها هه‌رچی له ده‌ریاکانیشدا هه‌یه (له زینده‌وه‌ری هه‌مه‌جۆرو ماسی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌) ئاگای لێیه‌تی و هیچ گه‌ڵایه‌ک ناکه‌وێته خواره‌وه خوا پێی نه‌زانێت، هه‌روه‌ها ده‌نکێک یان تۆوێک له تاریکایه‌کانی زه‌ویدا نیه‌، ئه‌و ده‌نکه چ شێدار بێت یان وشک بێت، هیچ شتێک نیه له خوا په‌نهان بێت و له (لوح المحفوظ) دا، یاخود له دۆسیه و ده‌زگای تایبه‌تیدا تۆمار نه‌کرابێت.]
ئەوە گەورەترین جیا کەرەوەی عەقایدیە کە دەرهەق بە زاتی خودا دێتە پێشەوە لە نێوان سونە و شیعە دا...
دووەم قورئان، سەدەها ڕیوایەتی شیعی جەخت لەسەر دەستێوەردانی قورئان دەکەنەوە حەز ناکەم بیانهێنمەوە چونکە زۆر لەوە بێ ئەرزشترن کە گرنگیان پێ بدرێت، هەتا خودی شیعە ئاساییەکان شەرمەزاری دەیانگرێت کە پێیان دەوترێ، بەڵام لە ڕاست زاناکانیان بێدەنگی دەنوێنن.
ئەو قورئانەی بەردەستیشمان بە تەواوی شێوێندراوە بە تەفسیری پەنهانی ودوور لە واقیعەوە...بەڵکو دیاردەی گرنگی نەدان بە قورئان هەتا لە حەوزە عیلمیەکانی شیعەش باوە بە دان پێدانانی خودی رەهبەر خامینەئی...
کەوابوو لەسەر قورئانیش ڕێک ناکەون لەبەر جێگرتنەوەی تەفسیرەکانی قورئان یان ریوایەتی وا کە باسی قورئانی تر دەکەن وەک [مصحف فاطمة] کە لە موعتەبەرترین کتێبی حەدیسی شیعی باسی کراوە.
لەسەر هاوەڵانی پێغەمبەر بەپێی ڕیوایەتی شیعی هەموویان هەڵگەڕاونەتەوە لەپاش کۆچی دوایی پێغەمبەر تەنها سێ یان حەوت کەس نەبێت لەوپەڕی!!
بەنسبەت کەعبەوەش، گومانم نییە کە کەربەلا لای شیعە لەو کەعبەیە پیرۆزترە کە لە ژێر دەستی وەهابیەکاندایە!!
ئەوە باسی مەهدی مونتەزیر هەر مەکە، لای سونەکان پیاوێکە لە نەسلی پێغەمبەرە وبە ئاسایی لە دایک دەبێت وحوکمی قورئان وئیسلام دەگەڕێنێتەوە جیهان پڕدەکات لە داد وعەدل پاش ئەوەی پڕاوپڕ دەبێت لە جەور وستەم، کەچی مەهدی یەکەی شیعە ئەوە زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە لە ئەشکەوتەکەی یان چاڵەکەی سامەرا چاوەڕی دەکات وکوڕی حەسەن العسکری یە وبەڵام دایکی ناوی نەرجسە لە نەوەی [شمعون الصفا] یە کە حەواریەکی حەزرەتی مەسیح بوو وکچی قەیسەری ڕۆم بوو لە سەردەمی حەسەن العسکری دا، ئینجا بەشی هەرە گەورەی گەڕانەوەکەی تەرخان دەکات بۆ رق وقینە وتۆلە سەندنەوە لە هاوەڵانی پێغەمبەر [د.خ] کە گوایە هەقی ئیلاهی عەلی یان خواردوە لە بوونە خەلیفە وئیمامی موسڵمانان!! یەکەم کەسانێکیش کە لە قەبر دەریان دەهێنێت حەزرەتی ئەبوبەکر وعومەر ودایکی موسڵمانان عائیشەیە، کە لە سێدارەیان دەدات بە مردوویی!!
لای سونەکان مەهدی نە بەشێکە لە عەقیدە نە ئەو گرنگیەی هەیە وکەسیش بە شەو ورۆژ چاوەڕێی ناکات دەرکەوێت وهیچ کارێکیانیش نەوەستاندوە تا دێت وەک نوێژی هەینی وجیهاد وهەر کارێکی تر، کەچی مەهدی یەکەی شیعە بەشێکی هەرە گرنگی عەقیدەیە شەو رۆژ دوعای [عجل الله فرجه] واتە خوا هەرچی زوو ە ئازادی بکات، بۆ دەکەن
بێگومان خاڵی جیاوازی تریش هەیە بەڵام بەوەندە بەس دەکەین چونکە سەروزیادن کە بیسەلمێنن جیاوازی نێوان شیعە وسونە وەک جیاوازی نێوان دوو ئایینە نەک دوو مەزهەب...
هەر لەپاش سەرکەوتنی شٶڕشی ئیسلامی شیعی ئێرانیش ئەو دەوڵەتە زۆر دڵسۆزانە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوە ودەعوت کردن بۆ مەزهەبە وهەموو سەروەت وسامانی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەی خستۆتە ڕاژەی شیعەگەرایەتی، هەر دوێنی حسن نصر الله گوتی:"ئێمە سوپاس بۆ خوا پێویستیمان بە بازرگانی کردن نییە بە مادە هۆشبەرەکان، پارەی ئێرانمان وای کردوە حەوجەی ئەو کارانە نەبین"
لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەدا تاڕادەیەک دەولەتی عەرەبی سعودی وەستاوەتەوە و بەربەرەکانێی دەعوەی شیعەگەرایەتی کردوە بە دەعوەی سەلەفیەت کە دەڵێی تەنها دامەزراوە بۆ بەربەرەکانیکردنی شیعەگەرایەتی...
ماویەتی



[1]  السنة والشيعة.. وحـــدة الــــدين، خلاف التاريخ والسياسة. أحمد الكاتب/لندن

الجمعة، 17 فبراير 2012


نێچیرڤان بارزانی: کابینەی بەهاری کوردی و لەشکری ماستاوچیان!
14/2/2012محه‌مه‌د هه‌ریری

hariri66@yahoo.com
بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی ئەگەر لەو چەند ساڵەی کە بەو گەنجیە کەوتیە ناو  دنیای جەنجالی سیاسەتدا نە توانی ئامۆژگاری چاک و خراپ، وڕەخنەی بنیاتنەر وروخێنەر، وئامۆژگاری ڕاستەقینە و پیاهەلدانی ماستاوچیان لێك جیاکەیتەوە، ئەوە بەڕاستی زۆر بە قورس لەسەر خۆت وکارەکانت دەکەوێت...
لە جموجۆلەکانت وسەردانەکانت بۆ زۆربەی زۆری حزب ولایەنەکان، هەست بە پەرۆشییەک دەکرێت لە تۆدا بۆ سەرخەستنی کابینە نوێیەکەی حەوتەم...
هیوادارین ئەو کابینەیەش تەنها ژمارەیەک نەبێت بخرێتە سەر شەش ژمارەکەی پێشوو، گواستنەوەیەکی جۆری بێت لە هەموو ڕوە نێگەتیڤەکانی پێشوو بەرەو کۆکردنەوەی کورد لەو قۆناغە ودامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی ویاسا ودانانی سنورێك بۆ گەندەڵیەکان لە بەرزترین ئاستەوە بۆ خوارەوە...
کاک نێچیرڤان، پێویستە زۆر وریا بیت بە ستایشی کەسانێك هەڵنەخەڵەتێی کە هێشتا هیچت نەکردوە کەچی ئەوان گەیشتونەتە ئەنجامیش گوایە کابینەکەی تۆ سەرکەوتوە ولەوەش زیاتر بەرجەستەی بەهاری کوردییە وەک نوسەرێکی نەناسراوی ماستاوچی عەرەب بەناوی[بەدر شەکوری] وای گوتبوو... بەڕاستی ئەوانەی وادەڵێن لەوانەیە ڕۆژانە چاوت پێیان بکەوێت لە دەوروبەری خۆشت، چونکە لە جیهانی ڕۆزهەڵاتی ئێمەدا ماستاو چیەتی پنجی لە ناو توراس وکەلتور و لاشعوری کەرتێکی گەورەی خەڵک داکوتاوە، تا چاوت بە ڕاستگۆیەک وهەقویستێك دەکەوێت، هەزاران ماستاوچی قۆڵ وشانت ماچ دەکەن، بەڵکو من گومانم نییە کە لەشکری ماستاوچیان ژمارەیان لەناو دەزگا وپۆستە باڵاکانی حکومەت وهەردوو حزبی دەسەڵاتداریش وتاڕادەیەکیش حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیش دە ئەوەندەی دڵسۆزانە...
بەرلەماوەیەک لەسەر فەیسبوک بووم چاوم بە ماڵپەڕی جەنابتان و هەروەها ماڵپەڕی سەرۆکی هەرێم کەوت، لە یەکەم ساتدا پێم شتێکی زۆر چاك بوو کە کەناڵێکی وا بکەنەوە لەگەڵ خەڵکدا لە پەیوەندی دابن،  گوێبگرن بۆ ڕەخنە وگلەیی و ناسۆریەکانیان، بەڵام لەبەر لەشکری ماستاوچیان وقسە سواو دوبارەکانیان کە تەنها بریتیە لە وتنەوەی دروشمێکی لەو جۆرانە: بژی کاک نێچیرڤان، بژی کاک مەسعود، بژی پارتی، وپێشرەوی کورد پارتییە، سەرۆکمان بارزانیە، بۆ پیشەوە پێشمان کەوە بارزانی....هتد.. ئەگەر یەکێك بیەوێت قسەیەکی چاکیشت بۆ بنوسێت یان ڕەخنەیەکی دڵسۆزانەشت بۆ بنوسێت ئەوە لەناو دەریای شیعاراتی لەشکری ماستاوچیاندا ون دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئێوە بە خۆتان نەچنە سەر پەیجەکەتان ویاریدەدەرێکت ئەو کارە بکات، لەوانەیە هەر ئەو یاریدەدەرەش لە لەشکری ناوبراو بێت حەز نەکات بێزارتان کات بە ڕەخنەیەکی هەقیقی ڕەزا قورس وقسەیەکی دڵسۆزانەی تاڵی لەو جۆرە...
دەبا بەڕاستی قسە بکەین کارەکەی تۆ لەو قۆناغەدا زۆر قورس وگران وهەستیارە، بەتایبەتی کە بەهاری عەرەبی کاری کردۆتە سەر هەموو جیهانی سێیەم وخۆرهەڵاتی ناوەڕاست وهەتا شەقامەکانی ئەسینا ونیۆرکیش.
لەوانەیە ئەوە دوا چانسی دەسەڵاتی کوردی بێت بۆ کردنی کارێک کە بتوانێت هەموو هێزەکانی کورد کۆکاتەوە وهیچی تر سیاسەتی کەنارکردن وپەڕاوێز خستن دەرهەق هێزەکانی تر بەکار نەهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕووبەڕوی پرسە چارەنوسازەکان ببنەوە لەسەر ئاستی عێراق کە دەوڵەتێکی فاشیلە بە هەموو پێودانگێك وستراتیژەیەتێک دابڕێژرێت لە پێناو هەرچی زوە جیابوونەوە وجاڕدانی سەربەخۆیی...
بەهاری کوردی ئەو کاتە دێت ئەگەر توانیت ئەو ئەرکانە ڕاپەڕێنیت کە خەڵک داوای دەکات ڕۆژانە، هەر وەک لە خۆپیشاندانەکانیشدا باسیان لێوە دەکران، ئەگەر ئەو خاڵانەت بۆ جێبەجێ دەکرێت، بێگومان سەرکەوتو دەبیت:
١- بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی لە بەرزترین ئاستدا تا نزمترین ئاست، ئەویش لە ڕێگای دامەزراندنی چەندین هەیئەی ڕەقابی لە کەسانی سەربەخۆ  وناسراو بە دەست پاکی وبی لایەنی...
٢- بێ ئومێد کردنی لەشکری ماستاوچیان، وەک چۆن کاتێ عومەری کوڕی عبدالعزیز بوە خەلیفە، ڕۆژانە شاعیرە ماستاوچیە مفتەخۆرەکان دەهاتن سیعریان بەسەر خەلیفەکانی تر هەڵدەدا وپارەیەکی زۆریان دەقۆچیەوە، کاتێ هاتن بۆ لای چەندین ڕۆژ لە بەر دەرگا بوون ، پرسیاری ناوەکانی کردن یەکە یەکە هۆکاری بۆ دەدۆزینەوە: ئەو شاعیرە درۆزنە، ئەوەیان داوێن پیسە، ئەوەیان تەنها بەدوای ئارەزوکانی خۆی کەوتوە تا مەرەخەسیان نەکات: تەنها ئیزنی [جەریر] ی دا، کە جەریریش بەسەری هەڵدا، زۆر بەساردی پێی گووت: جەریر لە خوا بترسە لە هەق زیاتر مەڵێ!!
ئینجا گوتی کە هاتمە سەر کار تەنها ٣٠ دینارم هەبوو ١٠ یان عبداللە ی کوڕم بردی و١٠ کەی تر دایکی عبداللە بردی با ئەو ١٠ یەش بۆ تۆ بێت!! ئەو شاعیرانە بە هەزاران دیناریان وەردەگرت کەچی ئێستا ١٠ دینار وەردەگرێت بەو دەردە، تا وای لێهات لەشکری ماستاوچیان و شاعیران بە تەواوی بی ئومێد بوون لێی.
٣- بەردانی هەموو زیندانیە سیاسیەکان، لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەوانەی کە بەبێ مەحکەمە کردن لە زیندانن کە بەڕاستی ئەوپەڕی جەوروستەمە کەسانێك بۆ چەند ساڵ لە زیندان بن بەبێ دادگایی کردن، بە تایبەتی کە ئێستا خودی ئەمریکا لە تەبایی دایە لەگەڵ ئەوانەی کە ئەو ناوی نابوون بە تیرۆریست، با هیچی تر شوێنەواری گوانتانامۆ لە کوردستان نەمێنێت. پێویستە ئەوەی تا ئێستا دادگایی نەکراوە بکرێت وئەو ماوەیەشی بۆ حسێب بکرێت کە لە زیندان بوە بەبێ دادگایی کردن وئەوەشی بێ تاوان دەرچو یان حوکمی کەمتر بوو لەوەی بەسەری بردوە، پێویستە قەرەبوەکی چاک بکرێتەوە. بەڕاستی چاك بزانە ئەوانەی باسی زیندانەکانی ئێوە دەکەن هەزاران نەفرەت ئاڕاستەی ئێوە و کورد وکوردستانیش دەکەن، خەڵک خەباتی نەکردوە تا وەک سەردەمی بەعس بەبێ دادگایی کردن لە زیندان بکرێت، وئەشکەنجە بکرێت وتا ڕادەی تەجاوزی سێکسیشی پێبکرێت...
٤- هەوڵت چڕتر بکەیتەوە بۆ ئاشتی سەرتاسەر، یەکەم لایەنیش کە پێویستە ئاشت بکرێنەوە کە جەوروستەمێکی زۆریان لێکرا بەدەستی حزبەکەی ئێوە [یەکگرتووی ئیسلامیە] بەڕاستی ئەگەر یەکگرتوو چەندین جاریش دەست درێژ نەکات بۆ تەوقە کردن لەگەڵ ئێوە ناهەق نییە چونکە غەدرێکی گەورەی لێکراوە، بەو لوتبەرزیە وبەرزەفڕینە کێشەکە چارەسەر ناکرێت...
٥- نەهێشتنی ئەو تەسەیوبەی هەیە، لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبێ ئەوەی پارەکەی بچێتە خەزینەی حوکمەتەوە، وهەڵلوشینی پارە وپولی خەڵك بە جۆرەها شێوەی وەک وەسلێ تەزویر وموجەی بندیوار وناردنی خەڵک بۆ دەرەوە بەس بۆ پیاسەکردن بە ناوی بەعسە، وپێویستی خستنە پارەی کوردستان بۆ ژێر جیهازێکی مالی بەهێز کە لە چەندین کەس پێك هاتبن وناسراوبن بە دەست پاکی وپاشینە پاکی نەک یەک دوو کەس ئەو کارە بکەن.
٦- نەهێشتنی دیاردەی دوو لەتی کوردستان، یان سەرۆک وەزیران بە لە هەولێر وسلێمانی یان ئەگەر بەس لە هەولێر و دهۆک دەبیت، باشترە نەبیت، تاکەی ئەو دوو لەتییە کە خەریکی دەروونمان لەگەڵ یەکتر دوو لەت دەکات خۆ ئێمە کۆریای باشوور و کۆریای باکوور نین.
٧- دوورکەوتنەوەی هەموو بەرپرسەکان لە کاری بازرگانی وقۆرخ نەکردنی بازاڕ بۆ دەسەڵاتداران ونەهێشتنی سەپاندنی ڕێژە لەلایەن هیچ کەسێك بەسەر ئەوانەی پرۆژە دەکەنەوە لە کوردستان، وتەنها وەرگرتنی باجی یاسایی کە ڕاستەوخۆ بچێتە خەزینەی دەوڵەت.
خاڵی تر زۆرن بە قەد زۆری پشێوی و پاشاگەردانی یاسایی وگەندەڵیەکان، بەڵام من تەنها ئەوەندە دەڵێم، دەزانم ئەرکەکەت زۆر قورسە ئەگەر بتەوێت ببیتە سەرۆک وەزیرێکی جیاواز ودەگمەن، ومێژویەکی پڕشنگدار بۆ خۆت تۆمار بکەیت، وکوردستان لە پشێوی ونائارامی بپارێزیت، چونکە ئەگەر وا بڕوات خۆپیشاندانی سەرتاسەر کوردستانی تەنیەوە، ئەوە ژیان لە ئێوە و خەڵکیش تێکدەچێت، کوردستان میسر ولیبیا و تونس نییە لەگەڵ قەوارە بێ ئیعترافەکەی وزۆری دوژمنی دەوروبەر وناوخۆیدا دەکەوێتە مەتسیەکی گەورە، لە شەڕی خۆکوژی وقات وقڕی وچەندین کێشەی تر...بەڵام ئەگەر دەتەوێ تەنها لەسەر شێوازی پێشوو بڕۆیت گوێ تەنها بگریتە لەشکری ماستاوچیان کە بەهاری کوردیان بۆت هێناوەتە چۆکان ئەوە لە ئێستاوە دەڵێم ئەو ئەرکە بە ئەستۆ نەگریت، چونکە زۆر بە دووری بزانە سەرکەویت، بە هیوای سەرفرازی کوردستان.

السبت، 4 فبراير 2012


لە پێناو شۆڕشی نەبەردانی سوریا: نەفرەت لە ڕوسیای ڕوو سیا
بابه‌تی دیکه‌

محەمەد هەریری:





ئەو وتارە پێشکەشە بە سەباحی برام کە بە پەرۆش بوو شتێک لەسەر شۆڕشە مەزنەکەی سوریا بنووسم

لەوەتی ئەو وڵاتە نا موبارەکە وجودی هەیە ڕەزا قورس وبارگرانی بووە بەسەر کۆڵی بەشەریەت، هیچ پرنسیپێکی ئەخلاقی و ئادەمی بوونی نییە لە سیاسەتی ئەو وڵاتە... لە مێژووی قەیسەریەتەوە و کۆمۆنیزم و تا دەگاتە ڕوسیای فیدرالی هەردەم کۆسپ بوونە لەبەردەم ئازادی گەلان، ئەگەر جاروبارێکیش ئاوڕێکیان لە گەلێکی ژێر دەست دابێتەوە ئەوە زۆری نەبردوە بە کەمترین نرخ فرۆشتویانەتەوە لە بازاڕی نەخاسە وکۆیلەداری.
ئەگەر دنیا بە زەوقی مافیاچیەتی وئەندێشەی ڤۆدگایی ڕوسیا بەڕێوە چووبا دەبوایە تا ئەمڕۆ چاوشیسکۆی رۆمانیا و ێدامی عێڕاق و قەزافی لیبیا و موبارەکی میسر وزەینولعابدینی تونس لەسەر کار ودەسەڵات بان، وەک چۆن ئەو دەولەتە ڕوو ڕەشە هۆی سەرەکی مانەوەی دیکتاتۆریەتی دیینی ئێران و ڕژێمی تایفی بەشار ئەسەدە...
ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئامرازی کوشتنی ڕژێمی سوریا گەیشتۆتە چڵەپۆپەی لە کاتێکدا هەموو جیهان بە پەرۆشن بۆ ڕزگار کردنی گەلی سوریای بێ پێشتیوان لە ژێر چەقۆی ئەو جەلادە موسەقەفە کوێرەی کە گوایە دکتۆری چاوە، کەچی ئەو ڕژێمە نا مرۆڤە هەموو هەوڵ وتوانای خۆی خستۆتە گەڕ لەپێناو دەرنەکردنی بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی بەشار ئەسەد، ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەگوترێ سەرمایەدارەکان و رۆژئاواییەکان هەزار جار بە ڕەوشتر ومرۆترن، هەرچەندە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی کۆمۆنیزم ئەوان بە دڕەندەترین وڵاتانی دنیا دەزانن!!
هەوڵی بێ وچانی ڕوسیا بۆ مانەوەی وەک هێزێکی گەورەی دونیا بێ هودەیە ئەگەر خاوەنی وڵاتێکی وا بن لە ناوەوە مافیا حوکمی دەکات و ملیۆنەها قوربانی سیستمی نا دادگەری کۆمەڵایەتی لەسەر شەقامەکان دەبینرێت، و نەبوونی ئاسایش و ئەمن و ئەمان، هەزاران سایتیان بۆ فرۆشتنی کچانی روسیا کردۆتەوە لە بازاڕی بێ ڕەوشتی و کۆیلایەتی سێکسیدا، وسیاحەتی سێکسی بە خەڵکی وڵاتە نیمچە هەژارەکانیش دەکرێت چ جای دەوڵەمەندەکان، ولە سەر ئاستی دەرەوەش کاریان تەنها پشتگیری کردنی دیکتاتۆرەکانە.
دەزانم کەسانێك ڕاست دەبنەوە و دەڵێن وڵاتە سەرمایەدارەکان و رۆژئاواییەکانیش هەر لە ڕاهی خودا پشتگیری لەو شۆڕشانە ناکەن، دەڵێین ڕاستە کەس هیچ لە پێناو هیچ ناکات ئەوە یاسایەکە لەناو بچوکترین بازنەی کۆمەڵایەتیشدا لە ئارادایە، ئەوەی بێ پارەیە و بێ پایەیە هەتا لە ناو خزمانی خۆشی وەک کەسێکی پارەدار و پایەدار ڕیزی لێ ناگیرێت، کەوابوو بۆ چاوەڕوانی بکەین لە وڵاتانی زلهێزی دنیا ببنە دەزگایەکی خێرخوازی؟!! هەتا هەڵسوکەوتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کێشەی لیبیا جیوازترە لە کێشەی سوریا، لەبەر دەوڵەمەندی لیبیا و هەژاری سوریا، بەڵام هێشتا هەلوێستیان چاکترە بە سەد قات لە ڕوسیا وچین لە کیشەی سوریاش. هەر نەبێ هەوڵ دەدەن بە ئاڕاستەی هاریکاریکردنی خەڵکی سوریا هەرچەندە ئیسرائیلیش زۆر ئاسودە نیە بە ڕوخانی ئەسەدی دەستەمۆکراوی خۆی، بەڵام تازە گەیشتونەتە قەناعەت کە خەلکی سوریا گەیشتۆنەتە خاڵی نەگەڕانەوە.
هونەرەکە لەوەدایە بتوانیت بەرژەوەندی خۆتیش بپارێزیت و خۆشت نەدەیتە بەر تانە وتەشەری هەموو جیهان، ئەوەتا ڕوسیا لەسەر ئاستی جیهان یان بەلایەنی کەمەوە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیدا هەزار نەفرەتی لێدەکرێت و لە شەقامەکان و خۆپیشاندانەکان ئاڵاکەی دەسوتێنرێت لە تەک ئاڵای وڵاتە هاوڕێکەی تری کە چینی کۆمۆنیزمی سەرمایەدارییە!! دەبوایە چی نەبا ڕوسیا وانەی لە ئیسرائیل وەرگرتبا نەک خەڵکی سوریا بۆ هەتا هەتایی بکاتە دوژمنی دێرینی خۆی!
سەیر لەوەدایە بەرگری ڕژێمی روسیا هەر لە سوریا و ڕژێمەکەی نییە، بەڵکو بەرگری لە خودی دیکتاتۆریش دەکات و دژی لابردنی بەشار ئەسەدە ودانەدەستی دەسەڵاتەکەیەتی بە جێگرەکەی [فاروق الشرع] یشن، نەك ئەوە بەلکو یەکێتی نووسەرانی روسیای خۆشی وەک یەکێتی نووسەرانی سەردەمی کۆمۆنیزم کە گوایە زیاتر لە ٧٥٠٠ نوسەر وبیرمەند بە خۆوە دەگرێت، گەورەترین دیاری خۆی دەبەخشێتە سەری ڕژێم بەشار ئەسەد وەک گرنگترین پیاوی گۆڕەپانی سیاسەت وکۆمەڵ وحکومەت لەبەر خۆڕاگری لە بەربەرەکانێ کردنی سەپاندنی هەیمەنەتی جیهانی بەسەر گەلی سوریای بەخشەر و کرێکار ومەزن.!! هەتا تێرم وزاراواکانیش هەر تێرمە کۆنەکانی کۆمۆنیزمە و سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی روسیای پرۆفیسۆر ڤالێری غانیشێف بەکاری دەهێنێتەوە.! لە هەمووی خراپتر بەوە ناوەستن کە دیاری بدەنە ئەو مرۆ و منداڵ کوژە دژ بە دەروونی برینداری گەلی سوریا ستەملێکراودا، بەڵکو ئەو بەناو پرۆفیسۆرە تانە لە شۆڕسی سوریاش دەدات کە دەڵێت: " سوریا وەک جوانترین بوونەوەری کۆمەڵایەتی دوچاری هێرشی دڕەندە دەبێتەوە بۆ پارچە پارچەکردنی لە ژێر ناوی شۆڕشدا!!" ئەگەر ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت شۆڕش نەبێت، دەبی شۆڕش چی بێت لەو زهنیەتە بۆگەنەی ڕوسیای ڕوو سیا؟!
تا ئەمڕۆش کە ٤/٢/٢٠١٢ یە هەوڵە نەگریسەکانی ڕوسیا لە ئارادایە بۆ ڕێگرتن لە دەرچوونی بڕیارێک خەڵکی سوریا ڕزگار کات لەو قەسابخانە ڕۆژانەیە هەر ئەمرۆ تەنها لە حومس نزیکەی ٣٠٠ کەس لە گەڕەکەکانی کوژراوە بە بۆردومان کردنی بەردەوام... کەچی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هێشتا بەو پەڕی نا مرۆییەوە دەڵێت ئەگەر ئەمریکا وهاوپەیمانانی پرۆژە بڕیارەکە بدەنە دەنگدان بۆی هەیە توشی ئابڕووچونێکی تر ببێت چونکە ئێمە ڤیتۆی دەکەین!!"
لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: " ئەوانەی تەگەرە دەخەنە بەردەم بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیارەتیەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە ئەستۆیان"
گەلی سوریای قارەمان تازە خوی گرتوە بە شۆڕش وەک تلیاکی لێهاتوە بۆی، تەنها چارەسەرێکیش بۆ ڕزگاربوونی لەو ئالوودەگیە لەناوچوونی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرە، لەشکری سوریای ئازادیش ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت و هەزاران ڤیتۆی ڕوسیای بەرگریکەری دیکتاتۆرەکان ناتوانێت ئەو شۆڕشە وئاکامە حەتمیەکەی بوەستێنێت کە لە ناوچوونی ئەسەد وڕژێمەکەیەتی ئەگەر تایفەکەشی نەبێت!!

الاثنين، 30 يناير 2012


ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و کەڵەشێرەکەی نەزار قەبانی

محەمەد هەریری
hariri66@yahoo.com

 
 
لە هەواڵیکدا کە سایتی ئاوێنه بڵاوکردۆتەوە و لە رۆژنامه‌ی چاودێر وەریگرتوە به‌بۆنه‌ی‌ پێكهێنانی كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان مه‌لا به‌ختیار، په‌یامێك ئاڕاسته‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ ده‌كات.
مه‌لا به‌ختیارلەو پەیامە پرسیارێکی زۆر هەستیار دەوروژێنێت کاتێ به‌ نێچیر‌ڤان بارزانی ده‌ڵێت: " له‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا، پێده‌چێت، كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م، به‌ كابینه‌ی‌ حه‌وته‌م، له‌چوارچێوه‌ی‌ چوار ساڵ‌ ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتیدا، بگۆڕدرێت. ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ راده‌ی‌ پێشكه‌وتنی‌ ئه‌زمونی‌ دیموكراسیمان، سه‌ره‌تایه‌كی‌ باشی‌ ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌. به‌ڵام هێشتا به‌ چه‌مكه‌ دیموكراسیه‌ فراوانه‌كه‌ی‌، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ماویانه‌، له‌ دوا مه‌حه‌كی‌ ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات بدرێن. ئه‌ویش ته‌نها ئه‌وه‌یه‌، جگه‌ له‌ خۆیان، ئاخۆ له‌ هه‌ڵبژاردنێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، هێزێكی‌ براوه‌ی‌ دیكه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات قبوڵ ده‌كه‌ن یان نا؟"
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە هەستیارە دەبوایە بەر لە نێچیرڤان ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح کرابایە هەرچەندە مەرامی جەنابت لە بارەی ئەو پرسیارە وروژاوە ڕوون نییە، چونکە هەموومان قەبارەی نەفەسی دیموکراسی ئێوە وەک مەلا بەختیار و وەک یەکێتی و وەک پارتی هاوپەیمانی ستراتیژیتان دەزانین، دەکرێت ئەو لێدوانە لە چارچێوەی موشاکەسەی سیاسی بخوێندرێتەوە، وەڵامێکیش بێت بۆ موشاکەسەکانی فازیل میرانی کە ئەگەر سەرکردایەتی پارتی بێدەنگی نەکات لەوانەیە کێشەی زۆر گەورەتر بۆ پارتی بخولقێنێت، چونکە وەک خۆت لە نامەکەدا دانی پێدا دەنێیت: " به‌ڵام هێشتا به‌ چه‌مكه‌ دیموكراسیه‌ فراوانه‌كه‌ی‌، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ماویانه‌" ئێوە وەك دوو حزبی قۆرخکەری دەسەڵات نەك بە تەنها دەسەڵاتتان قۆرخ کردوە، بەڵکو هەموو وڵاتەکە وخاکەکەیی و چارەنووس و سامانیتان قۆرخ کردوە، زۆر زەحمەتە چاوەڕوانی ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات بکەین لە دەرەوەی دوو زلهێزەکەدا، ئێوە وەک دوو برای سەیر دێنە بەرچاوم کە لە منداڵی لەبارەیانەوە دەمبیست کە پەیوەندیەکی نامۆ دەیانیبەستەوە، ئەو دوو برایە بەردەوام پێکەوە بوون، پێکەوە نانیان دەخوارد، پێکەوە لە منداڵی تریان دەدا، پێکەوە ڕاوەڕوتیان دەکرد و پێکەوە یاریان دەکرد، زۆر شەڕاوی بوون زۆربەی منداڵانی کۆڵانەکەیان تۆقاند بوو، ئەو دوو برایە ناوە ناوە وەردەگەڕانە سەر وگێلاکی یەکتر یەکتریان شل وکوت دەکرد، هەر کەسێك سەری بەرزکردبایەوە ئەوە هەموو ناکۆکیەکانیان دەخستە لاوە لە پێناو ئامانجە ستراتیژیەکەیان کە ئەوان بە تەنها کەڵەشێری کۆڵان بن بە تەعبیری شاعیری مەزن نەزار قەبانی لە شیعرێك بەناونیشانی [في حارتنا دیك] کە من لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەوڵی وەرگێڕانی بەشێک لە ماناکەی دەکەم، هەرچەندە زەحمەتە ئەو زمانە بەرز وموزیکیە تەرجەمە بکرێت:
في حارتنا
ديك سادي سفاح
ينتف ريش دجاج الحارة ،
كل صباح
ينقرهن، يطاردهن، يضاجعهن، ويهجرهن
ولا يتذكر أسماء الصيصان 
[لە گەڕەکەکەمان، کەڵەشێرێکی سادی خوێنڕێژی ملهوڕ، پەڕوبالی مریشکەکانی کۆڵانەکە دەکات بە گوڕ، هەموو بەیانیەک، دەنوکیان لێدەدات، ڕاویان دەنێت، لەگەڵیان دەخەوێت، تڕۆیان دەکات، کەچی هەتا ناوی جوجەڵەکانیشی لە بیر دەکات]
في حارتنا
ثمة ديك عدواني ، فاشيستي ،
نازي الأفكار
سرق السلطة بالدبابة
ألقى القبض على الحرية والأحرار
ألغى وطنا
ألغى شعبا
ألغى لغة
ألغى أحداث التاريخ
وألغى ميلاد الأطفال
و ألغى أسماء الأزهار 
[لە گەڕەکەکەمان، هەیە کەڵەشێرێکی فاشستی دوژمنکار، نازی لە بیر و ڕەفتار، بە زەبری تانك دەسەڵاتی دزی، ئازادی وئازادیخوازانی خستە زیندانی ژێربار، وڵاتی سڕیەوە، گەلێکی سڕیەوە، زمانێکی سریەوە، ڕوداوەکانی مێژووی سڕیەوە، سڕیەوە ساڵیادی منداڵان ، سڕیەوە ناوەکانی گوڵان]

في حارتنا
ثمة ديك أمي
يرأس إحدى الميليشيات 
لم يتعلم 
إلا الغزو و إلا الفتك 
و إلا زرع حشيش الكيف 
وتزوير العملات 
كان يبيع ثياب أبيه 
ويرهن خاتمه الزوجي 
ويسرق حتى أسنان الأموات 
[ گەڕەکەکەمان، کەڵەشێرێکی نەخوێندەواری لێیە، سەرۆکایەتی میلیشیایەک دەکات، هیچ نازانێت، جگە لە شەڕ وغەزا وزەفەر پێبردن، جگە لە چاندنی حەشیشی کەیف وڕابواردن، جگە لە دراو تەزویرکردن، کەڵەشێری ناوبراو پۆشاکی باوکی ئەفرۆشیەوە، ئەڵقەی هاوسەری دەخستە بارمتەوە، هەتا دانی مردوەکانیشی دەدزیەوە]
كيف سيأتي الغيث إلينا ؟
كيف سينمو القمح ؟
وكيف يفيض علينا الخير ، وتغمرنا البركه ؟
هذا وطن لا يحكمه الله
ولكن تحكمه الديكه
[ چۆن هاناو فەرەجمان پێدەگات، چۆن گوڵە گەنمەکان نەشونما بکات، چۆن خێر وبەرەکەت چوار دەورمان دات، کە ئەو وڵاتە خودا حوکمی ناکات، بەڵکو کەڵەشێر بەڕێوەی دەبات]
في بلدتنا
يذهب ديك يأتي ديك
والطغيان هو الطغيان
يسقط حكم لينيني
يهجم حكم أمريكي
والمسحوق هو الإنسان

[ لە شارۆچکەکەمان، کەڵەشێرێک ئۆغر دەکات ویەکێکی تر بەدوایدا سەر دەردەکات، بەڵام جەور هەمان جەور، حوکمی لینینی دەڕوخێت، حوکمی ئەمریکی دەرگامان لێ دەگرێت، لە هەر بارێکدا ئادەمیزادە لەو نێوە دەهاڕدرێت]
بێگومان ئەوە چەند کۆپلەیەکی ئەو شیعرە بەرزەیە بۆ گوێکرتن لە تەواوی شیعرەکە بە دەنگی ئەفسوناوی نەزار قەبانی کلیک لەسەر ئەو لینکە بکە:

جا ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات چۆن دەکرێت لە عەقڵیەتی حزب گەلێک کە خۆیان بە خاوەنی مێژووی گەلێك بزانن سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر ئەم میللەتەیان هێناوە؟!
ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات چۆن دەکرێت لە عەقڵیەتێك پێی وا بێت کە لە بەرزەکی دەسەڵات دابەزی جارێکی تر ناهێڵن سەرکەوێتەوە؟!
ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات چۆن مومکینە بکرێت کە نە سوپا و نە پۆلیس و نە دەزگا موخابەراتیەکان هی نەتەوە نەبن وسەر بە حزب بن؟!
ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات چۆن دەکرێت هێشتا کار بۆ ئەو فەرهەنگە نەکرابێت، دوو حزبەکەی دەسەڵات بەو پەڕی دردۆنگیەوە دەڕوانێتە حزبەکانی تر و هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ دەستەمۆ کردنی نەیارەکانی دەخاتە گەڕ، ئەگەر توانی پەلکێشی بکات بە خۆشی وترشی حزبەکە لە بەرچاوی جەماوەر دەڕوخێنێت ولاوازی دەکات و ئینجا تڕۆی دەکات. ئەوە وەنەبێت حزبەکانی تریش هەمان نەخۆشیان نەبێت بەڵام لە چەند وردەکاریەکدا لێک جیاوازن.
ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات دەکرا ببوایە واقیعێک ئەگەر کاری بۆ کرابایە لەو ڕۆژەوە کە ئەو دەسەڵاتە لە کوردستانی باشوردا دامەزراوە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی فەرهەنگی حزبی ڕۆژهەڵاتی ڕزگارتان بوایە، ئەگەر لە جوغزی بە پیرۆز کردنی سەرکردە وبنەماڵە وخێڵ بتانتوانیبا کەمێک دەرچن، ئەگەر تەنها بۆ جارێک گەندەڵێک یان خاینێکتان لە ناو خۆتاندا سزا بدایە.
کەوا بوو کەڵەشێرەکەی قەبانی بە هەموو مواسەفاتیەوە و سەرەڕای مواسەفاتی تریش کە تایبەتە بە کەڵەشێری خۆماڵی ناتوانێت ده‌ستاوده‌ست پێكردنی‌ ده‌سه‌ڵات بکات، مەگەر بە ڕوکەشانە نەبێت، بەڕای من لە هەر هەڵبژاردنێك ئەگەر هەموو جیهانیش تێیدا چاودێر بێت تیایدا هەردوو حزبەکە دۆڕاندیان لە جیاتی بە دەست دانەوەی دەسەڵات گەورەترین کارەساتی شەڕی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە ئەگەر بە هەمان عەقڵیەت بمێننەوە ولۆسەرێك پەیدا نەبێت لە ناویاندا.!

30/1/2012 London

الأحد، 29 يناير 2012


وەستایی کورد لە دۆڕاندنی دۆستەکانی
لە پەڕاوێزی کۆڕەکەی حەسەن عەلەوی لە سلێمانیدا

محەمەد هەریری
hariri66@yahoo.com





ب
ەر لە ماوەیەک نوسەر وبیرمەندی عێراقی حەسەن عەلەوی هاتە کوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکیەکی سیاسی، لە نێو ئەوانەشدا بەستنی چەند کۆڕێک بوو لە شارەکانی کوردستان و لەنێویاندا کۆڕێکی لە سلێمانی بەستبوو باسی سەرەکی کۆڕەکە هاندانی کورد بوو بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی کوردستان ووەک بیرمەندێکی شارەزا بە مێژووی کورد وعێڕاق...
کۆڕەکەی عەلەوی ئێوارەی رۆژی 15/10/2011 لە هۆڵی تەلاری هونەر لەسلێمانی، بەناوی (دەوڵەتی كورد، دواڕۆژەكانی بێدەنگی) سازكردبوو، سەرەڕای ئەوەی کۆڕەکە سەرتاپای تەرخان کرا بوو بۆ زیندوو کردنەوەی گیانی خەوتووی سەربەخۆیی لە مرۆڤی کورددا، بەڵام وەک هەمیشە کە کورد بەشێوەیەکی گشتی زۆر وەستایە لە دۆڕاندنی دۆستەکانی یان هەر لە بنچینەدا موبادەرەی دروستکردنی دۆست بۆ خۆی گەلێک لاوازە هەتا بەراورد ناکرێت بە هەندێک گەلانی خەباتگێر کە لە چاو کوردا سەرەتایین، هەر لەو کۆڕەدا کانی بلیمەتی مەلا بەختیار تەقیەوە وەک مەلایەکی تازە فێری کوردایەتی بوو، وەک بڵێی هەموو ئەو قسانەی عەلەوی یەک زەرە کاری لێنەکردبێت، وتەریق نە بوبێتەوە وەک بەشێک لەو دەسەڵاتە کوردییەی کە بیرۆکەی دەوڵەتی کوردی کردە خەونی شاعیران وماعیران، لەو كۆڕەدا مەلا بەختیار وەک بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، رەخنەی لە حەسەن عەلەوی گرتبو لەبەرامبەر بەكارهێنانی وشەی (الاكراد) لەجیاتی (الكورد)!! حەسەن عەلەوی زۆر پەست ببوو بە ڕەخنەکەی مەلا وهەستابو كۆڕەكەی بەجێهێشت و لەهۆڵەكە چووە دەرەوە، من لێرەدا هەقم بەسەر هەڵسەنگاندنی حەسەن عەلەوی نییە ودلنیاش نیم لە نیازی چونکە لە خوێندنەوەی کتێبەکانی سەرنجی لا دروستکردووم، بەڵام هەقی پێدەدەم کە ئەو کاردانەوەی هەبێت، شیاو نییە ڕەخنەیەکی وا سووک بە ڕووی بیرمەندێکی وا دابدەیت کە هاتوە باسی سەربەخۆبوونی کوردستانت بۆ دەکات جا با بەهەر پاڵنەرێک بێت... بەو جۆرە رەفتارانە دۆستێکی زۆرمان دۆڕاندوە زۆربەی ئەوانەشی بونەتە دۆستمان کەسانی بودەڵە ومفتە خۆرن.
حاڵی مەلا بەختیار وەک نوێنەرێکی دەسەڵاتی کوردی وەک حاڵی ئەو کابرا کوفیەیە کە پرسیاری خوێنی مێشولەی لە ئیبنو لعەباس کردبوو بەر لە زەردبوونی کفنی حەزرەتی حوسێن، کە لە وەڵامدا ئیبنو لعەباس پێی گوتبوو خوێنی حوسێن دەڕێژن وپرسیار لە خوێنی مێشولە دەکەن؟!! بێگومان رەخنە وپرسیارێکی وا لە کاتێکی وا ناکرێت لە کەسێک باسی پێویستی جاڕدانی دەوڵەتی کوردیت بۆ دەکات، ئەو پرسیار و رەخنە هەرزەکارە بۆ سەرودڵ گرتنی شۆڤێنییەک ئاڕاستە دەکرێت، خۆزگە سەرکردەکانی کورد بە نیوەی حەسەن عەلەوی هەستیان بەو زەرورەتە دەکرد خوای دەکرد هەموو دونیا بە ئەکراد بانگیان دەکردین، هەروەک چۆن ئێستا هەموو دونیا بە هەولێر دەڵێن ئەربیل وهەتا دەسەڵاتیش ناوی فڕۆکەخانەی ئەربیلی نێودەوڵەتی کردە ئەمری واقیع، ئەگەر ئێمە بە خۆمان هەوڵ نەدەین ئەربیل بگۆڕین بە هەولێر، تۆ چاوەروانی حەسەن عەلەوی وعەرەب بەگشتی (الاكراد) لەجیاتی (الكورد) بڵێن؟!
کێشەی مەلا بەختیار زیاتر دەروونییە حەزی خۆدەرخستنی خۆی بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت جا با بەهەر شێوەیەک بێت، حەز دەکات هەردەم وەک بیرمەندێک وفەیلەسوفێکی مارکسیزم لە ڕابردوو وسۆشیال دیموکرات لە ئێستا وڕۆشنبیرێکی بلیمەت وحەداسەوی وموتەنەور خۆی دەرخات، کەچی ئەگەر بڕوانینە ژیننامەی مەلا بەختیار لەناو دەسەڵاتی کوردیدا شوێنکاری هیچ یەکێک لەو ئیدیعایانە نابینین، کەچی ئەو برادەرە هێشتا بە عەقڵیەتی ئاڵای شۆڕش دەژیت و وادەزانی هێشتا لەناو کۆمەڵی پێشمەرگەی نیمچە خوێندەوارە ووەک باران زاراوەی مارکسیزم ولینینیزمیان بۆ دەبارێنێتو هەموومانی سەرسام کردوە بە عەبقەریەتی!
مەلا بەختیار وادەزانی کێشەی ئێمە کێشەی زمانەوانییە (الاكراد) و (الكورد)ە ، نازانێت کێشەی ئێمە کێشەی چارەنووس وجودییە، ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بە هەردوو ئیمارەتەکەوە بە خەونی کوردیان کرد لەوەتی ١٩٩١ وە کارەساتە بەمانای وشە، لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەدا گیانی ئینتیما بوون خەریکە بەتەواوی لەناو دەچێت لەناو تاکی کوردا... لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە خاینبوون وفایلداربوون میدالیای شەرەفە لەسەر سنگی هەر خائینێک، لە سایەی ئەو دەسەڵاتە ئەوەی کاتی خۆی هەزار قوربانی داوە تا خیانەت نەکات لەو رۆژگارە پەشیمان بۆتەوە ودەڵێت چیم بەخۆم کرد ئەگەر خیانەتیشم کردبا دوور نەبوو ئێستا بەرپرسێك بام!! هەرنەبا دڵتەنگ نەدەبووم بە بەرجاوی ئێمە خائینان لە دڵسۆزان نزیکتر کەنەوە!!
لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتە باشوری سودان بەو هەژاری ودواکەوتویەوە سەربەخۆیی خۆیان وەرگرت، ئێمەش لەو عێراقە نا موبارەکە وا لکاوین پێی وەک ئەو کۆتە تۆپە ئاسنینە لێهاتوە کە ناهێلێت هەنگاوێک بهاوێژین بەرەو ئاسۆ، وەک مەڕ چاوەروانی قەسابەکەمان دەکەین تا جوان جوان چەقۆکەی بۆما تیژ دەکاتەوە وڕۆژانە گوێمان لە کڕینی چەک وتفاقی سوپای عێراقی عەرەبی دەبێت، خەممان نییە بە کەچە دەبابەکانی پاشماوەی سەدام بەگژ نوێترین چەکی ئەمریکی دەبینەوە کە لە دەست حکومەتە دیموکراسیەکەی عێراقە وبەسرودی کەس نەڵێ کورد مردوە بەرەنگاری چەکی ئەتۆمیش دەبینەوە!!
کورە مەلا گیان بەو هەموو تاوانەوە باسی (الاكراد) و (الكورد) م بۆ دەکەیت، بەو هەموو سوکایەتیەوە کە دەسەڵات بە کورد وکوردستانی کردوە دەبێت زۆر مەمنوون بیت پێمان بڵێن (الاكراد).
٧/١/٢٠١٢
 


چاودێرە سیاسیەکان شەکریان خوارد

تا کورد نەڵێت ئەو ڕۆژە خوراین کە گای سپی خورا!!


محةمةد هةريري
hariri66@yahoo.com 

لە ماڵپەڕی ستاندارد کە بە شانازیەوە لە ڕۆژی دامەزراننیەوە تێیدا دەنوسم، هەواڵێک بڵاو کرایەوە لە رۆژی 18/1/2012 بە ناونیشانی (ئه‌وه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ده‌یكات له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ عه‌ره‌به‌ شۆفێنیه‌كاندایه‌ ) هەواڵەکە بەشێوەیەکی شیکاری دارێژراوە و هۆشداری دەدات کە: "چاودێرانی‌ سیاسیش پێانوایه‌ به‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ له‌ لیستی‌ العراقیه‌ زیاتر خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ عه‌ره‌به‌ شۆفینیه‌كان و به‌عسیه‌كان ده‌كرێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌‌ سه‌ركرده‌كانی‌ لیستی‌ العراقیه‌ پێشووتر په‌یوه‌ندی‌ تووندیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی‌ صه‌ددامدا هه‌بووه‌و شۆفینیانه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌"
ڕاستیەکەی ڕاستە زۆربەی سەرانی ئەو لیستە بەو شێوەیەن کە باسیان کراوە، بەڵام مرۆڤی سیاسی دەبێت بزانێت هیچ دۆخێک لە سیاسەت جێگیر نییە، ئەوەی هەڵوێستی هەردوو برایانی نوجەیفی بەراورد بکات لەگەڵ هەڵوێستی بەر لە ساڵێکیان هەست بە گۆڕان دەکات، هەمان قسەش دەکرێ بگوترێت دەربارەی ساڵح موتلەگ وعەلاوی وکەسانی تر.
بێدەنگی کورد لە ئاست کارەکانی لە دژی سەرانی سونە و لیستی العراقیە ولەو کاتەدا کە کێرڤی هەستی تاکڕەوانەی مالیکی کە لە ڕۆژنامەوانی خۆرئاوا ئێستا بە صدام ی شیعەکان ناوزەد دەکرێت، گەیشتۆتە چلەپۆپەی، ئەنجامی ترسناکتری دەبێت بۆ کورد.
مالیکی رەفتار دیکتاتۆر [ئەو تێرمە لە رەفتار فاشیەکەی مام جەلال وەرگیراوە] بەرلەوەی لە جەنگی لەناوبردنی پێگەی سەرانی عەرەبی سونە ببێتەوە زۆر دەمێکە جەنگی پەڕاوێز خستنی کوردی گرتۆتە بەر، سەرکردایەتی کوردیش بەوپەڕی سەرشۆڕیەوە قبوڵیانە و ئەگەر لە ترسی بودجە خەیاڵیەکەی بەغدا نەبایە دەبوایە دەمێک با ئەو هاوپەیمانیەتەی هەڵوەشاند بایەوە لەگەڵ ملهوڕێکی هیچ نەدیوی پەڕاگەندەی دوێنێی سوریا کە وەک تاوس پەڕوباڵی گیڤ کردۆتەوە لە عێراق.
سەدان ئەفسەری کورد لە سوپا لادران لە چەندین شوێندا، سەرۆک ئەرکانێکی غەریب وفەقیرمان هەبوو (بابەکر زێباری) کە مێشیش لە دەمی دا دەرناکات کەچی مالیکی سزای دەرنەکردنی مێشیشی دا وزیاتر پەڕاوێزی خست، نازانم کورد هیچ کەسێکی عەسکەری بە کەسایەتی تێدا نییە تا بتوانێت بەپێی یاسا هەموو سەلاحیەتەکانی پیادە بکات یان هەر دەبێت زێباری بێت تا بەکەڵکی ئەو پایەیە بێت؟!!
سەیرە دەسەڵاتی کوردی هەر لەبەردەم دەرکەی ماڵی خۆی ئازایە، ئەگەرنا بۆ هەر لە کوردستان دەردەچن هەمووی هێندە لاواز وسەرکز خۆیان نیشان دەدەن زگت پێیان دەسوتێت.
مالیکی وبەر لەویش جەعفەری کاتێ حوکم دەگرنە دەست بە تامەزرۆیی ١٢٠٠ ساڵ لە مەحرومیەت [بە قەولی خۆیاندا] دەسەڵات وەردەگرن بۆیە هەتا لەڕووی سایکۆلۆزیەوە وزمانی جەستەوەش body language دەگۆڕێن تەماشای ڕۆیشتنی مالیکی وجەعفەری بکەن بەر لە بونە سەرۆک وەزیران ولەپاش بوونیان، وەک کەسانی بوغرای هیچ نەدیو هەموو سوڕخواردنیان بەدەوری خودی ئاوساویانە، سەیر لەوەیە ئێستا کورد باسی ئەگەری جەعفەری کردنەوە بە سەرۆک وەزیران دەکەن وەک بلێی نەیان ناسیبێت.
چیرۆکی مالیکی وسونە وکورد وەک چیرۆکی ئەو پەندە بەناوبانگەیە کە دەڵێت (اکلت یوم اکل الثور الابیض) کە دەڵێن شێرێک لە نزیکی سێ گای سور وڕەش وسپی دەژیا کە لەبەرئەوەی یەک دەست بوون لێیان دەترسا هێرشیان بکاتە سەر، ڕٶژێکیان بیرۆکەیەکی دۆزەخی بۆ هات و چووە لای گای سور و ڕەش وپێیانی گوت: بوونی گای سپی لەناومان چاک نییە بۆ ئێمە چونکە رەنگی جوانە هەموو ئاژەلەکان خۆشیان دەوێت وهەروەها لەوانەیە تیرۆریستیش بێت، ڤیدیۆی ئیعترافی هەموو مەیمونەکانیشمان لایە وپاش تڕۆکردنی یان خواردنی نیشانی هەموو خەڵکی جەنگەڵستانەکەی دەدەین، گای سور و ڕەش پاش کەمێک وەستان ڕازیبوون شێرەکە بیخوا هەرنەبێ مونافسێك لە ئالیك خواردن کەم دەبێتەوە وکێ دەزانێ لەوانەشە شێر ڕاست بکات تیرۆریستیش بێت. گای سپی خورا وهێندە هاواری گای سور و ڕەشی کرد کەس وەڵامی نەدایەوە.
هێندەی نەبرد شێر برسیەتی وحەزی کەبابی جوڵا وبۆنەیەکی ئایینی گەورەی شێرانیش لە ڕێگادا بوو پێویستی بە قوربانی کردن بوو، شێر بە جورئەتتر چوە لای گای سور وپێی گووت: دەزانی گای ڕەش دیمەنی دزێو و ترسناکە هەموو ئاژەڵەکانی تر سەبارەت بە ئەو ڕقیان لە ئێمەش دەبێتەوە، هەروەها باپیرە گەورەی دەستی هەیە لە شەهید کردنی (شێرە مەزنەی) باپیرە گەورەمان ڕوحم بە قوربانی بێت کە چەند ڕۆژێکی تر یادی شەهید بوونی دەکەینەوە، چەندین شێر بەپێ لە جەنگەلەکانەوە دێن بۆ ئەو یادە، ڕات چییە بیخۆم؟! گای سور بە بێ بیر کردنەوە گووتی: بیخۆ وخەلاسمان کە!!!
پاش ماوەیەک چوە لای گای سور وگووتی هەرچەندە پێویستم بە هێنانەوەی ئەسباب نییە بۆ خواردنت، بەڵام تا نەڵێن پیاوێکی دیموکراسی نییە پێویستە تاوانەکانت بۆ بخەمە ڕوو، تۆ تا بڵێی ئینفیساڵی وبەتەمای پارچە پارچە کردنی ئەو جەنگەڵەی کە هەزاران ساڵە هەموومان وەک برا تێیدا دەژین بە یەکەوە! جگە لەوە لە پشتەوە وبەنهێنی ئاوی جەنگەلەکەمان دەفرۆشیتەوە بە کۆمپانیای نەرویژی وئەمریکی کە ئەوەش کاری سەرۆکی جەنگەڵە کە منم [خوا بمپارێزێت]
گای سور گووتی: پێویست بە خوێندنەوەی ئەسبابی تر ناکات چونکە منیش لە تۆ چاکتر نیم بەڵکو لە تۆش هیچ وپوچترم، بەڵام ئەو ڕۆژە خورام کە گای سپیت خوارد.
١٩/١/٢٠١٢

ئەردوگان و کەوتن لە دەرسی کوردی




محةمةد هةريري
hariri66@yahoo.com 






ناسینی من بۆ ئەردۆگان دەگەرێتەوە بۆ بەر لە بوونە سەرۆک وەزیران، لە ١٩٩٥ کە لە ئەستەمبۆل بووم، نزیکەی هەشت مانگێک لەوێ بووم، لەو ماوەیە خەڵکێکی زۆرم ناسی لە تورک وکوردی تورکیا، لەو ڕۆژانە ئەستێرەی ئەردوگان تازە دەرکەوتبوو بەڵام دەرکەوتنێکی زۆر بە هێز، ئەو کاتە ئەردۆگان نزیکەی دوو ساڵ بوو سەرۆک شارەوانی ئەستەمبۆل بو، بەڵام چۆن سەرۆک شارەوانیەک گەورە و بچوک ستایشی کارەکانی دەکرد، من هەر ئەو رۆژانە هەستم بە دواڕۆژی پڕشنگداری ئەو پیاوە دەکرد، هەستم دەکرد لە ئەربەکانی مامۆستای سیاسیترە، هێندەی نەبرد لە ساڵی ١٩٩٨ ئەردۆگان لە ئەربەکان جیابوەوە لەگەڵ گروپێک لە هەڵبژاردەی ناو حزبەکە بۆیە ئەربەکان تا مردیش ئەو زامە نێرگزیەی لەبیر نەچوو یان ئەو پێشکەوتنەوەی قوتابیەکەی بۆ هەرس نەکرا تا ئەو ڕادەیەی بەر لە کۆچی دوای بە ماوەیەکی کەم گوتی: "ئەردۆگان و عبدوڵڵا گول ئامرازی دەستی زایۆنیزمن" و "تەڵەی دوژمن مناڵەکانمان لێ دەڕفێنێ، تۆرگۆت ئۆزال لە سەرەتا لێمان جیابوەوە، ئینجا ئەردۆگان لێمان جیابوەوە، بەڵام کاتی ئەوە هاتوە هەموو کەس جیاوازی نێوان ڕەسەن و لاسایی کەر بزانن، جیاوازی زۆرە لە نێوان ڕەسەن وجیاوازی کەر." لەوەش زیاتر گوتی: " زایۆنیزم زۆربەی میدیای وڵاتەکەی قۆرخ کردوە وهەر هەموویان لە خزمەتی ئەردۆگان دان، ٣٠ رۆژنامە و ٣٠ کەناڵی ئاسمانی شەو و ڕۆژ لەڕاژەی ئەودان...." قسەی تریش بەڵام پێویست بە زیاتر ناکات.
جا ئەو لێدوانانە لە هەر هۆیەکەوە سەریان هەڵدا بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەردۆگان بەردەوام بوو لە سەرکەوتن و توانی بەسەر زۆر تەحەدای گەورە زاڵ بێت، ئەگەر بزانین ژیان هەمووی دەرس و وانەیە بۆ سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەی دنیادا بەلای کەمەوە لای ئەردۆگان وایە وەک کەسێکی دیندار لەسەر ئاستی تاکە کەسیدا و تا رادەیەکیش سیاسیدا، ئەوە گومانی تێدا نییە کە ئەردۆگان لە زۆربەی هەرە زۆری وانەکانی سەرکەوتوو بوە بەڵام بە ئیمتیاز لە دەرسی کوردی ساقیت وکەوتوو بوە.
لە دەرسی سیاسی دەست پێبکەین هێشتا لە حوکمی قەدەغەکردنی لە سیاسەت دەرنەچو بوو کاتێک زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بردەوە لە ٢٠٠٢، ئەو سەرکەوتنانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وتەنها حزبێکە بۆ ئەو ماوەیە درێژە بە تەنها بەبێ تەحالف حوکم دەکات.
لە دەرسی عەسکەری دا، ئەوەی ئەو پیاوە کردی بە دامەزراوەی عەسکەری نە بە خەیاڵی کەس دا دەهات نە بە کەس دەکرا، توانی زۆر زیرەکانە پەڕ وباڵی ئەو نوخبە عەسکەرییە بکات کە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە لەسەر سنگی گەلانی تورکیا دانیشتوون.
لە دەرسی دەستوریش تا رادەیەکی زۆر توانی هەموو خاڵە نێگەتیڤەکانی دەستوور لا بدات، هەرچەندە کوردەکانی تورکیا بە شێوەیەکی گشتی لێی ڕازی نەبوون.
لە دەرسی یۆنانی سەرکەوت لەگەڵ ئەو دوژمنایەتیە مێژووییەی نێوانیشیان، توانی پەیوەندیەکی چاک دروست کاتەوە.
لە دەرسی ئەرمەنی تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو، چەندین دەرگای داخراوی لەسەر کۆماری ئەرمنستان کردەوە.
لە دەرسی ئابووری لە سەردەمی سەرۆک شارەوانییەوە تا ئەمڕۆش سەرکەوتن بە دوای سەرکەوتن تۆمار دەکات.
لە دەرسی پەیوەندییە ئیسلامیەکانی توانی گەورەترین کاریزما بۆ خۆی مسۆگەر بکات، تا ئەو ڕادەیەی بۆتە خۆشەویسترین سەرکردەی جیهانی ئیسلامی، هەرچەندە من سەرنجێکی زۆرم هەیە لەو بارەوە لە وتارەکانی ترم لەسەر ئەردۆگان زۆر جار گوزارشم لێکردوە بە پێویستی نازانم دوبارەیان بکەمەوە.
لە دەرسی ئیسرائیل زۆر سەرکەوتوو بوە تا ئەو ڕادەیەی زۆربەی سەرکردە عەرەبەکانی خستۆتە قەیرانی بێ هەڵوێستی.
 لە وەڵامی ئەوانەی کە هەنگاوە سستەکانی ئەردۆگان دەگەرێننەوە بۆ ترسی ئەردۆگان لە سوپا یان بنکە جەماوەریەکەی دەڵێین، ئەگەر ئەو پیاوە توانای شکاندنی ئەو هەموو موحەرەماتە تەقلیدیانەی سیاسەتی تورکی هەبێت، بۆچی کە دێتە سەر دۆزی کورد وا چەق دەبەستێت؟! لە ڕاستیدا ئەردۆگان ویستی چارەسەرکردنی لا نییە، تەنها جاروبار لێدوانێکی لەناکاو دەدات لە گەرمەی گەمەی هەڵبژاردن وخەڵکێکی زۆریشی پێ هەڵدەخەڵەتێنێ، ئەو قەیرانەی ئەم دوایەش سەلماندی کە ئەردۆگان هێندەی سەرکەوتوە لە دەرسەکانی تری ناوەوەو دەرەوە، هێندەش ساقیتە لە دەرسی کوردی.
٢٧/١٠/٢٠١١
لەندەن