الاثنين، 21 مايو 2012

برێڤیك و قاعیدە هەمان ڕێباز و هەمان میکانیزم!




برێڤیك و قاعیدە هەمان ڕێباز و هەمان میکانیزم!
محەمەد هەریری
لەو ڕۆژانە بە بڕێکی زۆر لە داخ و گاڵتە و بەزەییەوە دەروانینە دادگایی کردنی ئەندرێس بریڤیك تێیدا چەندین لایەنی هەست وسۆزمان دەجوڵێنێت، وزەنگی مەترسی لێدەدات بۆمان لە مەترسی ئەگەر هاتوو یەکێکی وەک برێڤیك وهاووێنەکانی بتوانێت جڵەوی دەسەڵات لە وڵاتێك یان چەند وڵاتێک بگرنە دەست.
ئەو دادگاییە دیسان لەلایەک مرۆیی یاساکانی ئەوروپامان بۆ دەسەلمێنێت کە بەو سینە فراوانەوە گوێ دەگرێت بۆ کەسێکی دڕندەی مرۆڤ کوژ ورەیسیزم بەو پەڕی ساردی وبێباکیەوە چیرۆکی پیلان دانان وکوشتنی ئەو هەموو گەنجە جوانانە ومرۆڤانە دەگێرێتەوە لە حزوری کەس وکاری قوربانیان وڕزگاربوان، وزۆر نا مرۆییانە تا ئەو ساتەش دەڵێت کە پەشیمان نییە ورزگار بکرێت هەمان شت دوبارە دەکاتەوە وهەموویان دەکوژێتەوە، وپەشیمانە کە زیاتری پێنەکرا!! دەڵێت ئەوانەی لە دوورەوە کوشتبومن کە بەلایان تێدەپەڕیم گولەی ترم لێدەدان نەوەک بە فێڵ خۆیان بە مردوو کردبێت، یان دەگەڕام بە دوایان ودەمگوت وەرنە دەرەوە من ئەفسەری پۆلیسم هاتوم پارێزگاریتان لێبکەم، ئەوانیش لە حەشارگاکانیان یەک بەدوای یەک دەردەهاتن ومنیش دەمکوشتن!! زۆربەی ئەوانەی کوشتمن دەست وپێیان لەکار کەوتبو و وەک ئیفلیج بوو چەقیبوون ولەترسانا توانای هەڵاتنیانیش نەبوو هەتا کە گولەشی تەواو بوو تا چوو تەقەمەنیشی هێناو هاتەوەش ئەوان هەر لە جێگای خۆیان چەقی بوون وتا بە ئاسانی گولەی بە سەریانەوە نا!!
هەروەها گووتی ئەو کارێکی چاکی کردوە نەک نەگریس ودژی فرە فەرهەنگی جەنگاوە ودژی بە ئیسلام کردنی ئەوروپا جەنگاوە!!"
من پێموایە کەسێکی وا دزێو و قێزەون لەلای ئێمە ئەو کارە بکات باوەڕ ناکەم سەبری سەعاتێکی لێ بکەین وهەر زوو جەستەیی دەکەینە بێژینگ بە گولـلە، وەنەبێ منیش لە لایەنگیری ئەو ڕایە نەبم، بەڕاستی کەسانی وا هەست دەکەم ئازارێکی سەربار بۆ کەس وکاری قوربانیان وڕزگاربوان زیاد دەکات، بۆیە چاکترە دەنگی کپ بکرێت نەک وا کورد گوتەنی وەک دابەستی بەخێو بکرێت ووا قۆز دەرکەوێت! خەڵکی نەرویژ بە ئاشکرا لە میدیاکان گوتیان: ئەوان تێریان خوار وبێزار بوون بە هەواڵی برێڤیك، وچاوەڕوان دەکەن زیندانی بکرێت ونەک بیانووی عەقلی بۆ بدۆزنەوە.
من وا هەست دەکەم فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی ئێمە زۆر دڵڕەقانە وزیادەڕەوی دەکات لە سزادانی تاوانباران ویان ئەوانەی بە تاوانباری دەزانین وهێشتا ساغیش نەبۆتەوە وەك قایمقامی سلێمانی کە لە دەزگایەکی ڕەسمیدا کوژرا ویان ئەوانەی بە نایاسایی دەکوژرێن ولیژنە بەدناوەکانیان لەسەر بەدواداچون وساغ کردنەوەی تاوانباران دروست دەکرێت بێ ئەوەی لیژنەیەک ئەنجامێکی پۆزەتیڤی بە دەست هێنا بێت، بەڵکو جاروبار قوربانیەکەش بەدناو دەکەن بە شێوەیەک مناڵیش دەهێنێتە پێکەنین وەک چۆن سەردەشتی جوانە مەرگ کرایە تیرۆرست، کە ئەوە وەک ئەوە بوو بڵێت [کارل مارکس] ئیمامی ئەزهەر بوو!
لە هەمان کاتیشدا هەست دەکەم فەرهەنگی ڕۆژئاواییش لە ڕادەبەدەر نەرم ونیانە لەگەڵ ئەو جۆرە دڕەندانەی وەک برێڤیك هێندە ئاسودە وپۆشتەیە دەڵێی لە زیندانەکەیدا هێندە نازداریان کردوە گاڵتەی بە سزاکان دێت، ودادگا لە یەکەم ڕۆژەوە دەیەوێت جەخت لەسەر باری دەروونی ئەو درندەیە بکات کەچی خودی تاوانبارەکە گاڵتەی پێیان دێت ودەڵێت:" من شێت نیم وبەرپرسیارم لە بەرامبەر تاوانەکەم"
لە هەمووی ڕیسوایی تر بۆ قاعیدە ودەستەخوشکانی ئەوە بوو کە برێڤیكی تیرۆرست گووتی: " ئەو زۆر سەرسامە بە شێوازی قاعیدە لە کوشتن وسەربڕینی دوژمنانی ولە لەناوبردنی دوژمنانی!! وپێی وایە : قاعیدە سەرکەوتوترین بزوتنەوەی شۆڕشگێڕییە لە جیهاندا" ... و " من لێکۆڵینەوەم لەسەر هەموو بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکان کردوە، بەڵام هێچیان وەک قاعیدە سەرکەوتو نین، وئێمە پێویستیمان بە دامەزراندنی نوسخەی ئەوروپی قاعیدەیە"!!
لە هەمان کاتیشدا دەڵێت کەوا دژی فرە فەرهەنگی ودژی بە ئیسلام کردنی ئەوروپا جەنگاوە؟!
وەك چەند جاری تر دووبارەم کردۆتەوە: توندڕەوی یەك ئایین و یەك ڕێبازە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا دژبەیەکن، بەڵام توندرەوی ئیسلامی ومەسیحی وڕاسترەوی وچەپڕەوی وهەر توندڕەوێکی تر هەڵگری هەمان پەیام و هەمان میکانیزمی جێبەجێ کردنیانن، ئەگەر وانییە چی وای لە برێڤیك دەکات تا ئەو ڕادەیە سەرسام بێت بە شێوازی قاعیدە وڕێبازی قاعیدە لە کاتێکدا دەڵێت دژی بە ئیسلامبوونی ئەوروپایە؟!!
بە ئیسلامبوونی ئەوروپاش ترسێکی ساختە ودەستکردی ڕەیسیزمەکان و ڕەگەزپەرستانی ئەوروپایە، ئیسلامیەکانیش بەوپەڕی ساویلکەیی ئیمێلەکانیان بۆ یەکتری دەنێرن گوایە چەند ساڵێکی تر ئیسلام دەست بەسەر ئەوروپا دادەگرێت؟!!