الاثنين، 9 مارس 2015

کەس چاوەڕێی فەتوای مەلا کرێکار ناکات تا پێیان بڵێ داعش چین!

کەس چاوەڕێی فەتوای مەلا کرێکار ناکات تا پێیان بڵێ داعش چین!
محەمەد هەریری

• مەلا کرێکار و فەتحێکی تری ئیعلامی! چاوپێکەوتنەکەی جەزیرەی فەتحێکی ئاسان بوو چونکە، جەزیرە خۆی لەو بازنەیە دەخولێتەوە، بۆیە هونەری تێدا نەبوو بەڵام کاتێ تەلەفزیۆنێکی کوردی میللەتێکی لە حاڵەتی شەردا کە پێویستی کرد چێتە چاوپێکەوتنی کەسێك چەند ڕۆژێکە ئەوەی خراپە بە کوردی گووت و بچوکترین هەڵوێست نەبوو بێت لەسەر کورد، وپێشمەرگەش سارد بکاتەوە و گاڵتە بە قوربانیدانیان بکات، لێرەدا دەبوایە ئەو کەسەی دەینێرن زۆر بە عینایەت هەڵبژێردرابا، بەڕاستی کە گوناهن ئەو تەلەفزیۆنانە، هەتا ئێستا فێر نەبوون کە گفتوگۆ هونەرە، زانستە، تەکنیکە! NRT گوایە لە باشترین تەلەفزیۆنەکانیشە ئینجا وادەزانێت، ئەگەر گەنجێکی قۆزت نارد بە مایکێکەوە وبە چەند پرسیارێکی حازرەوە ئیتر تەواو چاوپێکەوتنێکی باشی لێ بەرهەم دێ!! نازانن بۆ چاوپێکەتن لەگەڵ مەلا کرێکار، کەسێکی دەوێت خاوەن باگراوندێکی مەعریفی وئیسلامی و سیاسی باش، ئاگاداری بەڵگە و دژە بەڵگەکان بیت، تا بتوانێت لە ئاست قسە وبیرکردنەوە و ئارگیومێنت وبەڵگەکانی ئەو بێت، نەك نەزانیت ناوی محمد المقدسی یش بخوێنیتەوە، نەك نەتوانیت کەلەبەرەکان وقسە هاڤدژەکانی مەلا کرێکار بدۆزیتەوە، وکە دەیان پرسیاری شەرم ئاوەر و موحریجی بۆ دروست کات، تا بیهێنێتەوە بۆ سەر ئەرزی واقیع! هەستم دەکرد کابرای پێشکەشکار وەك نێجێرێک ڕای دەکرد تا زوو دەربازی بێت لەو بەرنامەیە؟! ئینجا لە • دەیەوێت وەك ڕاشد الغنوشی بگەڕێتەوە !! مەلا کرێکار دەیەوێت وەك ڕاشد الغنوشی بگەڕێتەوە کەچی وەك زەواهیری بیر بکاتەوە!!

راشد الغنوشی لە زۆربەی کەسایەتی و سیاسیە سێکیولارەکان دیموکراتی ترە، بە بەڵگەی ئەوەی زیاتر لە نیوەی خەڵکی تونسی لەگەڵدا بوو، بەڵام زۆر بە دیموکراتیانە دەسەڵاتی بەجێ هێشت، تۆ ١٠% ئەو خەڵکەت لەگەڵ بێت هەڕەشە نەك لە کورد، بەڵکو لە ئەوروپاش دەکەیت! دیارە داعش [دوله‌ الخلافه‌] تەنها بە وەفد و قاسیدی عەمەلی دەناسرێت؟! یانی ئەو هەموو سەربڕین و وێرانکاریە و ١٠٠٠ پێشمەرگەی شەهید هێشتا نایان ناسێنێت؟! کاتی خۆشی کە باسی صدام مان دەکرد، عەرەبەکان وایان دەگووت، بیانووی ترێیان پێ دەگرتین، و دەیانگووت: کێ دەڵێت صدام وای کردوە، کێ دەڵێت ئەو بوو کیمیاوی لێدان؟!!! دوایێ وەرە پێمان بڵێ کە حەزرەتی محەمەد ئەسحابەکانی ئاڕاستە کرد بۆ حەبەشە بۆ کۆچ کردن، بەر لەو فەرمانە وەفد و قاسیدی ناردبوو؟! یان تەنها ناوبانگی پیاوچاکی نەجاشی گەیستبووە مەکە؟!

باشە خۆ بەدشۆرەتی داعش گەیشتۆتە هەر چوارپارچەی دنیا، هیچی خراپ ونا ئینسانی نەماوە بیکەن، هێشتا دوودڵێ نایانناسیت؟ • خەڵك خەریکە لە ئیسلام دڕدۆنگ دەبێت سەبارەت بە داعش!! شێخ ڕەزای تاڵەبانی باشی فەرمووە: عومەرم دی عومەری پێشووتریش وابێ گەردنی شیعە دوو سەد دەفعە لە سەب ئازابێ ئەمڕۆ زمان حاڵی کورد وەك شیعرەکەی شێخ ڕەزا دەڵێت: ئیسلام و خەلافەت وموجاهیدانمان دی، ئەگەر ئەوانەی پێشووش وابێ، گەردنی ڕەخنەگران وتانە لێدەران وگومان لێکەران لە ئیسلام سەد دەفعە ئازابێ! نیوەی کورد لە ڕقی داعشی بۆگەن وخوێڕی ومرۆ کوژی، کافر بە خوا و بە ئادەمیزاد خەریکە ڕقی لە خودی ئیسلام دەبێتەوە، لەبەر خۆ پەردەپۆش کردنیان بە ئاینی ئیسلام و بەکارهێنانی دەقگەلێکی زۆر و زەوەند لە سەرچاوەکانی ئیسلامدا، بە تایبەت لە دەقەکانی حەدیس، وهەندێکیشیان لە قورئان بە ئەئویلاتی تایبەتی خۆیانەوە، تا بە دەردی مەرامەکانیان بخوات!

جا خەڵك لە دژی داعش رقی هیندە بڕ بکات بیر لە کاردانەوە بکات لە دژی ئیسلام، دەبێت مەلا کرێکارێك چ ئەرزشێکی هەبێت پاش ئەو قسە سووك وبێ ناوەرۆکانەی کە بۆ بەرژەوەندی داعش کردنی، تا هیچیتر خەڵك گرنگی وبایەخی پێ بدات؟! پاش تاوانبارکردنی کورد بە بەرپاکردنی شەڕ لە دژی داعش! پاش ناوهینانی کەلـلەپووتە سەربڕەکانی داعش بە موجاهید! پاش ناوهێنانی خەلیفەکە بەعسیەکەی موسڵ، بە دکتۆر ابوبکر البغدادی ودەوڵەتەکەی بە دەوڵەتی خەلافەت! پاش سووکایەتی کردن بە خەبات وجیهادی پێشمەرگە دژی ئەو تیرۆرستانە! دەڵێیت ئەو شەڕە شەڕی کورد نیە! باشە تۆ خۆت دەڵێی پاس ئەوەی سەۆک بارزانی باسی سەربەخۆیی کرد ئاوا داعشیان پیوە ناین، باشە دەبێت داعش شەڕی کێ بکات؟! شەڕی کۆنە بەعسی، یان شەڕی قەتەر وتورکیا، یان شەڕی ئێران، یا ئەمریکا؟! پاش هەڕەشە کردن لە کورد بە پێنج شەش هەزار داعشی خۆت لە کوردستان و لەگەڵ ٦٠٠ کەسیش لە ئەوروپا!!! ئەو ژمارانە لە قسەی مەلایەك دەچێت کاتی خۆی لە سەردەمی بەعس، هەندێ زاق وزیقی کرد، کە پێیان وتبوو بەسە ئیتر ئیحترامی خۆت بگرە دەنا واو و وات لێ دەکەین! یەکێك گووتی مامۆستا بۆ ناجیتە دەرەوە؟!

گووتی: ئەگەر ئەمن بچمە دەرەوە دە پازدە هەزار کەسم لەگەڵ دێنە دەرەوە! کە ڕۆیشتیش بەس خۆی دەرچوو! خەڵکێك ئەوە کاردانەوەی بێت بەرامبەر هەتا موقەدەساتی کە داعشی خوێڕی گومانی لەویش خست لای کەسانێکی زۆر بەداخەوە! دەبێت مەلا کرێکار چ قودسیەتێکی هەبێت پاش ئەوەی بەرەی دوژمنانی گەلی هەڵبژارد؟ ئەگەر کەمیك گوێی لەو جوێنانە بێت کە پێی دەدرێت لە ژیر کۆمێنەکاندا دەزانێت نرخی گەیشتۆتە کوێ لای کۆمەڵگەی کوردی بەو هەڵوێستانەی، چونکە ئەگەر ئەو داعش ناناسێت و ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، ئەوە خەڵكی ئاسایی و کوردپەروەر و موسڵمانی نا داعشی، هەموویان داعش دەناسن هەتا بە حزبە ئیسلامیە مەدەنیەکانی بەژداربووی پرۆسەی سیاسیشەوە! هەموویان دەزانن: ئەو داعشانە نە موسڵمانن، نە ئینسانن! بەڵاو قوزەلقورتن بەسەر ئیسلام و مرۆڤایەتیەوە، لە مێژوودا وینەیان نەبووە لە نامرۆیی و بێ ڕەحمی و قەسوەت وگاڵتەکەر بە خوێنی ئادەمیزاددا، دەزانن هەتا خەواریجئ فەقیر لە چاو ئەوان فەیلەسوفی دیموکراتیەتن! کەسیش چاوەڕێی فەتوای مەلا کرێکار و میزانی جەرح وتەعدیلی ئەو ناکات تا پێیان بڵێ داعش چین!
13/2/2015

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق