الاثنين، 9 مارس 2015

چۆن کورد ڕزگاری دەبێت لە ژێر کاریگەری فۆرمی عەرەبی بۆ ئیسلام؟ 2

چۆن کورد ڕزگاری دەبێت لە ژێر کاریگەری فۆرمی عەرەبی بۆ ئیسلام؟
محەمەد هەریری

بەشی دووەم و کۆتایی
 
یەکیکیتریش لە لایەنە نێگەتیڤەکانی تەریقتی تەسەوف لە ناو کوردا، خراپ بەکارهێنانی شێخەکانی تەریقەتە بۆ تەعالیمەکانی تەریقەت کە دەڵێت مورید لەگەڵ شێخەکەی یان لەگەڵ مورشید دەبێت هێندە گوێڕایەڵ و مل کەچ بێت، وەك مردوو بێت لە ژێر دەستی مردوو شۆر!! یانی هیچ بیرورا و کەسایەتی و کەرامەتی نە بێت، چی پێگووترا جێبەجیی کات، ئەو شتەش زیاتر قوڵدەکرێتەوە لە ڕێگای جۆری زیکرەکانی تەریقەت وەك لە نەقشەبەندیدا دەبێت مورید ڕوحی مورشید بهێنێتە بیری خۆی کاتێ زیکر دەکات، مورشیدیش ڕوحی پێغەمبەر [د.خ] و پێغەمبەریش خوا!!
 
هەموو کەسێكیش مەولانا نییە ئیستیغلالی ئەو ملکەچیە و لاشە مردوە وبێ دەسەڵات وبێ ئیڕادەیە نەکات بۆ مەرامە کەسێتیەکانی خۆی، بۆیە شێخەکانی تەریقەتە جیاوازیەکان بە خراپترین شێوە کەرامەتی مرۆڤە شوێن کەوتوەکانی خۆیان دەسڕنەوە، ومرۆڤێکی ترسنۆک وبێ ڕەئی و دەمارگرژی بودەڵە بنیات دەنێن، کە هەموو ئاواتی ئەوەیە دەست وپێ و کەوشەکانی شێخەکەی ماچ بکات! ئەوە لە کاتێکدا لە ئیسلامدا ئەو مرۆڤ پەرستیە نییە، وپێغەمبەر پەرستیش نییە، بەڵکو نابێت زیادەڕۆیش لە خۆشەویستی بکرێت، وهەتا قورئان لە چەندین جێگادا جەخت لەسەر بەشەریەتی پێغەمبەر [د.خ] دەکاتەوە، و پیی دەڵێت: قل انما انا بشر مپلکم! واتە بڵێ من تەنها مرۆڤێکم وەك ئێوە! ئەوەش بۆ ئاسایی کردنەوەی وێنەی پێغەمبەرە لە زهنیەتی ئیمانداران.
 
بۆیە بەڕای من تەریقەتەکان ئەگەر بیانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لەناو کۆمەڵگای کوردی، دەبێت چاکسازی زۆر گەورە بکەن لە ڕێنوێنیەکانی و جۆرێتی کەسەکانی، و هەوڵی خۆ گونجاندن بدات لەگەڵ ڕۆژگاری هاوچەرخدا، دەنا بەو شێوەیەی ئێستا زۆر زەحمەتە سەرنجی مرۆڤی کوردی دیندار بۆ خۆی ڕاکیشێت. هەرچەندە بەڕای من تەریقەت ناتوانێت بەربەستیەکی تەواو و کاریگەر بکات لە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی سەلەفی، چونکە چەندە تەریقەت داوای ملکەچی دەکات لە موریدان وشوێن کەوتووانی بۆ شێخەکان ومورشیدەکان، هێندەش سەلەفیەت دژایەتی ملکەچی دەکات بۆ شێخ و مەشایخەکان، مرۆڤی کوردیش بە سروشت یاخییە زیاتر، هەرچەندە خەڵکی ئاسایی تێناگەن کە سەلەفیەتیش جۆرێکە لە چەپاندن و کۆیلایەتی کردن بۆ دەقگەلێك بە ناوی دەقی پیرۆزی حەدیس و کۆیلەی دەقە زۆروبۆرەکان، وکۆیلەی قال فلان و حدپنا فلان، بە ناوی گوێڕایەڵی بۆ پێغەمبەر [د.خ] !!
 
بەڕایی من کورد لە کۆنەوە گوزارشی کردوە لە زەرورەتی وجودی مەزهەبێکی سەربەخۆی خۆی، بەڵام لەبەر نەبوونی متمانە بە خۆ، ئەو پڕۆژە تا ئەمڕۆش دواخراوە، کەسێکی وەك شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبەر جورئەتی زۆری لە کۆپڵە شیعرێکدا، سەرەڕای ئەوی کە زیاتر لە ٩٠% کورد سوونی مەزهەبن، بەڵام بە ئاشکرا ئیدانەی مەلای سوونی دەکات وتانە لە مەلای سوونی دەدات ودەڵێت:
 
بە چۆکا هات قوتەی مل نێرکە کاردو
وەکو بولبول دەخوێنێ وەعز و گوفتار
لە گوێی مەگرن قسەی ئاخوندی سوونی
بە ئاشوبن مەلای سەر لینگە دەستار
 
بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە کە کەسێکی وا بلیمەت لەو سەردەمەدا وا بیری کردبێتەوە و وا پەست بوبێت لە سوونی بوون و داوا بکات گوێ نەدەنە مەلای سوونی! لەو شیعرەی شێخ ڕەزا لەو سەردەمەدا‌‌‌‌ هەستی بەجیاوازی سروشت و ڕوحیەتی کوردی کردوە لەگەڵ مەزهەبی سووننەكان، ئەوەش مانای مەیلداری شیعایەتی ناگەیەنیت، چونکە رای بەرامبەر شیعەش هەر نێگەتیڤ بووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم شێخ ڕەزا هەستی بە پێویستی هەبوونی مەزهەبێکی تایبەت بە کورد کردوە دوور لە سوونە و دوور لە شیعە، وەک چۆن یەمەنیەکان مەزهەبیکی مامناوەندی نێوان شیعە و سوونەیان دروستكردوە بە ناوی زەیدی. خۆزگە زانایانی دینی ئەو سەردەمە بە قەد نیوەی شێخ ڕەزا هەستیار دەبوون، چونکە بەڕاستی جێگای ئەسەفە زانای گەورەی وامان هەیە هەموو ژیانی لە ناو زانستە ئیسلامیەکان سەرف کردوە، کەچی هەر شوێن کەوتەی مەزاهیبە باوەکانە بست بە بست!
 
ئەمرۆ خۆشبەختانە ئەو بابەتە زۆر بە شێوەیەکی بەهێز لەناو رۆشنبیرانی دینداری کورد دەوروژێنرێت، بەڕای من دەبێت ئەو کارە بە منەوەر و ڕۆشنبیرانی دینداری ناو جەماوەر بسپێردرێت، نەك بە مەلای تەقلیدی کە ناوێرێت قسە لە قسەی فەقیهێکی شافیعیش بکات، نەك ئیمام شافیعی خۆی!
 
موسڵمانی کورد هەر لە ئێستادا زۆر خاسیەتی عەمەلی وئیعتیقادی تایبەت بە خۆی تێدایە کە دەکرێت کار و توێژینەوەی دەربارە بکرێت، کورد پێویستی بە مەزهەبێکی دینییە:
 
- کە دوور بێت لەو ناکۆکیە مێژوویە بێ مانایانەی نێوان شیعە وسونە، لە بواری عەمەلیش هەر وایە، کورد هێندە دەربەست بەو مێژووە نیە.
 
- نزیکتر بێت لە قورئان و هیچ حەدیسێك و قسەیەكی توراسی دینی وەرنەگرێت کە پێچەوانەی قورئان دەکات.
 
- ئیسلام دابڕێنێت لە ڕوحی جەنگاوەری و بیباتەوە سەر ئەسڵی دینی عیبادەت کردن، و ڕوانینە ئەو دەقانەی کە لەسەر جەنگ وجیهاد هاتوون وەك ئەحکامێکی مەڕحەڵی وتایبەت بە قۆناغی چەسپاندنی دین.
 
- جەختکردنەوە لەسەر تەوجیهاتە مەدەنی ومرۆییەکانی ئیسلام، ڕاگرتنی هەر ئەحکامێكی مێژوویی کە مەشروعیەتی نەماوە وەك کۆیلایەتی و دەستبڕینی دز، وستیتر، چونکە کە دەستت بڕی دەبێتە کەمئەندام، کەمئەندامیش ئەمڕۆ لە وڵاتانی دونیا دەوڵەت ناچارە هەموو نەفەقاتی ژیانی بکێشێت!
 
- هەڵگرتنی سزا توندەکانی کە لە قورئاندا نەهاتوە وەك بەردباران کردنی زیناکەران و سزای هەڵگەڕانەوە.
 
ئەوە جەند سەرباسێك بوون دەکرێت زیاتر تێیدا فراونتر باس بکرێت، هیوادارم بەرچاو ڕوونیەکم کردبێت لەسەر چۆنیەتی ڕزگار بوونی کورد لە کەوتنە ژێر کاریگەری نەتەوەکانی تر.
 
 
11/2/2015

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق