الأحد، 15 مارس 2015

کەس بەبێ حیجابی کافر نابێت، یا شارستانی!

کەس بەبێ حیجابی کافر نابێت، یا شارستانی!
محەمەد هەریری

ئەو پیاوە زۆر کەس وەك کەسێکی میانڕەو و مەلایەکی شلڕەو باسی دەکەن، من دەمێکە تاقەتی گوێگرتنم لەو مەلایانەی کوردستان نەماوە، کە ئاستی وتاریان لە خوارووی ئاستی کۆمەڵگایەکی ئەفریقایی وەسەنی نا شارستانییە، ئەو مەلایە میانرەوە، بزانە چی دەڵێت بە ئافرەتان: ئەو مەلایە فاتیح ناشارستانی لە جیاتی گەیاندنی مەبەستەکەی بە شێوازێکی جوان و لۆجیکیانە، دیسان وەك هەر مەلایەکی تری تورەهاتی ئەو کۆمەڵگایە، خەڵکی پێ منداڵە بە هەڕەشە دەیانترسێنێت، ئای چەند شوورەییە مرۆڤ بەس بە هەڕەشە گوێ بۆ وەکیلەکانی خوا ڕاگرێت، جاروبار دەڵێم: دەبێت ئەو ڕوحیەتە هەڕەشە ئامێزەیان هەر لە خودی دەقەکانی دینەکە وەرگرتوە، یان لە کلتوری دینیەوە؟!

لە سەرەتا باسی ئەو حیساباتەی قورئان دەکات ئەوەندە جارە وای گووتوە و ئەوەندە جارەش وایگووتوە، کە زۆربەی ڕاست و ورد ودەقیق نین، دەیان وتاری ڕەخنەیی لەسەر نووسراوە، من مەبەستم دوا وتەکانی بابەتەکەیە کە بە ڕاشکاوی ئافرەتان تەکفیر دەکات لەسەر بێ حیجابی! هەر لەو وتارە مەلا فاتیح دەڵێت ئەگەر ئافرەت هەموو قورئان جێبەجێ بکات تەنها سەرپۆش وحیجاب نەکات کافرە! گیان لەو میانرەوییە نزیکەی نیوەی زیاتری ئافرەتانی کورد کافر بکەیت؟! ئێمە زانیومانە قورئان دەڵێت: ((إِنَّ اللَّهَ لا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ وَمَنْ يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدِ افْتَرَى إِثْمًا عَظِيمًا))[النساء:48))[النسا‌و:48] خودا تەنها لەوە خۆش نابێت هاوبەشی بۆ بڕیار بدەیت، و لەوە ببەرەو ژوورتر خۆش دەبیت ئەگەر بیەوێت...چونکە شیرك سەرتۆپی تاوان و گوناهەکانە، ئەوانی تر وەك دزی، و بوختان هەڵبەستن، و درۆ، و شایەدی دان بە درۆ، و زینا، و هەتا کوشتنیش، هەموو مایەی خۆشبوونە بە پێی قورئان!

من باوەڕ ناکەم نەپۆشینی حیجاب لە هیچ لەو کام گوناهانە گەورەتر بێت، بەڵکو هەر هیچ نییە لە چاو ئەواندا. چۆن؟ بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی درۆزن بیت؟ بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی دز بیت؟! بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی بوختان هەڵبەستیت بۆ خەڵك؟! بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی شایەدی بە درۆ بدەیت؟! بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی گەندەڵ بیت سەروەت وسامانی ئەو وڵاتە هەژارە بدزیت؟! بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی مووچەی بن دیوار وەرگریت بەبێ کار و ماندووبوون؟! بی حیجاب بیت باشتر نییە لەوەی لەگەڵ داعش سەودا ومامەڵە بکەیت و چەکیان بۆ بنیرێت بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی خۆمان؟! بێگومان بی حیجاب بیت باشترە لە هەموو ئەو تاوانانەی کە باسمان کردن.

ئەوە ئەگەر بێ حیجابی لە بنەڕەتدا تاوان بیت! بەڕای ئێمە بێ حیجابی ئەگەر گوناهیش بێت تەنها گوناهێکی نێوان خوا و ئەو ئافرەتەیە، نە بەوە کافر دەبێت وەك جەنابی مەلای میانڕەو باسی دەکات، نە دەبێتە دوژمنی خواش وەك لە بەشی دووەمی خوتبەکەی باسی دەکات. ئەگەر ئافرەت بەس بەبێ حیجابی کافر ببێت، ئەوە خاوەن ئەو تاوانانەی کە باسکراون لەسەرەوە کە زۆربەیان بە دەستی پیاو دەکرێت،لە کوشتن ودزی وگەندەڵی وداوێن پیسی و ناپاکی وخیانەت وهتد... هەر هەموویان کافرن! بەخوا زۆربەی مەلاکانیش بەر ئەو کافر کردنە دەبەنگیەی مەلا فاتیحی ناشارستانی دەکەون.

https://www.facebook.com/video.php?v=795919213832914
 
 
ئه‌م بابه‌ته 9523 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق