الخميس، 8 مارس 2018

ئەفسانە دەنگی زیاد ئەسعەد لە نێوان شێرکۆ بێکەس و عەدنان کەریم دا! عەدنان کەریم وزیاد ئەسعەد یەکەمین دەنگی دڵی منن، نازانم دەنگ و هونەری کامەیانم زیاتر پێ خۆشە. بەڵام لە بەرنامەی کورد ئایدڵ کەمێک دڵم لە عەدنان کەریمی گەورە ڕەنجا، کاتێ لە بەژداربوێکی ڕێزدار و متمانەداری ناو بەرنامەکە بیستمەوە، کە چەندین بەژداربوو هەوڵی وتنی گۆرانیەکانی زیاد ئەسعەد و زەکەریا شیان داوە، بەڵام عەدنان کەریم ڕێگر بووە و ڕازی نەبووە، بە بیانووی گوایە دەنگ و ئاوازەکانی زیاد کوردی نین!!!! دڵنیام ئەو هەواڵە ڕاست بوو، چونکە ماقوڵ نییە، زیاد ئەو هەموو سەرسامە بێ شومارەی کوردستانی هەبێت، کەچی لە بەرنامەیەکی گۆرانی کوردی کەسێک بیری بۆ چڕینی ئەو ئاوازە ئەفسوناویانەی زیاد نەچێت!!! بەداخەوە هەست دەکەم ئەو هەڵوێستەی عەدنان کەریم هێندە هونەری نەبوون، هێندە شتیتر بوون، سەرەڕای خۆشەویستی گەورەم بۆ عەدنان، کە بە وتاری تایبەتیش بەرگریم لە عەدنان کردوە. بەڵام چاوەڕوان نەبووم، کە زیاد خۆی ستەم لە خۆی دەکات، و خەڵکانێک ودەسەڵاتیش ستەمی لێدەکات، عەدنان کەریمیش ستەمی لێبکات و ڕای خۆی فەرزکاتە سەر مەزاجی کوردی! ئەو گرتە ڤیدیۆیەی شێرکۆ بێکەس کە لە ڕووداو ئاشکرا کرا، بەڕاستی گەنجینەیەکی شاراوە بوو، ئەوەی تا ئەمڕۆش شاردویەتیەوە گەورەترین تاوانبارە. چونکە ڕاستە عەدنان گۆرانی بێژێکی گەورەیە، بەڵام مەرج نییە داوەرێکی هونەری پیشەیی باش بێت، سیاسەتی لە بەرنامەکەدا لە تیۆرەکانی پاسۆک دەچوو لە سیاسەت! زۆر بە هەڵپەبوو مۆری ناکوردیەتی بەم و بەو وەبنێ! ئەو وابزانم ئاواز وهونەری فۆلکلور و کۆی ئاواز و هونەری کوردی تێکەڵ کردبوو! شاعیری مەزن شێرکۆ بێکەس لە وەسفی زیاد دا گووتی: دەنگێکی بەرزی تاسە شکێنە، و لە عەدنان چاکتر دەیزانی زیاد چ وەستایەکە و چ شارەزایەکە بە هونەر و کلتور و ئاوازی ناوچەکە و گووتی: زیاد ئەسعەد بە چاکی ئاگای لە گۆرانی و کلتوری کوردییە، ئاگای لە گۆرانی کۆن و تازەی میللەتانی دەوروبەرە، تەنانەت هەناسەکانیشیان لێک جیادەکاتەوە! ئەڵڵا لەو وەسفەی تەنانەت هەناسەکانیشیان لێک جیادەکاتەوە! مرۆڤی وەک شێرکۆ دەبێت دادوەر بێت لەو بەرنامانە. خاکێتی و تەوازوعی شێرکۆ بێکەس گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە خۆی شاهەنشاهێکی تێکست و شیعرە، ستایشی تێکستە ڕوون وناسک و بێ گرێ و گۆڵەکانی زیاد ئەسعەد بکات، و سەرسامی لە هارمۆنیەتی تێکست و ئاوازەکانی زیاد دەرببڕێت! ودەڵێت: لە ڕووی ئەو تێکستانەشەوە کە بۆ ئاوازەکانی هەڵیان دەبژێرێ، تێکستەکان ڕوونن و بێ گرێ و گۆڵن، بە تەواوی لەگەڵ ئاوازەکاندا دەگونجێن! ئەو شایەدییە بۆ زیاد ئەسعەد گەورەترین شانازییە، لە یەکێک لە گەورەترین شاعیر و هەستیار و هونەرناسی کورد، هیوادارم عەدنان کەریم لەو هەڵوێستەی بەخۆیدا بچێتەوە، چونکە گەورەکان بە دانهێنان بە یەکتری جوانتر دەبن، نەک بە یەکتری شکاندن و بە پێشبڕکێی ناهونەریانە! محەمەد هەریری ٦/٣/٢٠١٨ لینکی ڤیدیۆکە: https://youtu.be/wVpiPDKUaB8