الأحد، 20 مايو 2018

جیهانی ئیسلامی: داعش وەحشێکە لە تۆ وەپاش کەوتووە! نامە کراوەکەی عەبدولنور بێدار كۆمێنت و وەرگێڕان: محەمەد هەریری عەبدلنور بێدار فەیلەسوفێک و بیرمەندێکی فەرەنسی موسڵمانە، مامۆستای فەلسەفەیە لە زانکۆی سۆفیا ئەنتیپۆلیس لە شاری نیس لە فەرەنسا، چەندین کتێبی گرنگی بەرهەم هێناوە بە شایەدی زۆر بیرمەندی فەرەنسی لە گرنگترین کتیبەکانە کە لەسەر ئیسلام نووسرا بن، گرنگترینیان: [بەرەو ئیسلامێکی شایەن بە سەردەممان]، [ئیسلامێکی خودی: چیرۆکی ئیسلامێکی کەسی]، [ ئیسلامێکی بێ ملکەچی: بەرەو فەلسەفەی ئارازانی ئیسلامی] ، [چۆنیەتی دەرچوون لە دینداریەکی کلاسیکی]. هەروەها بە بەرەوامی لە گۆڤاری (Esprit) و ڕۆژنامەی لۆمۆند (Le Monde) دەنووسێت، و چەندین بەرنامەی لە تەلەفزیۆنە فەرەنسیەکان بەرهەم هێناوە کە گرنگترینیان: ئیسلامی فەرەنسا: پرسیارە یەکبرەکان. لە پاش ڕوداوەکەی شارلی ئیبدۆ، بێدار ئەو نامەیە کراوەی ئاڕاستەی جیهانی ئیسلامی کرد، کە تیایدا هەست بە خەمخۆریەکی گەلێك زۆر دەکەیت بۆ ئیسلام و گەیشتنی بار ودۆخی موسڵمانان وەك وڵات و وەك تاکەکان بە دۆخی خراپی ئێستایان.. لە سەرەتادا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەو بیرمەندە زۆر ڕاشکاوانە و بێ ڕەحمانە دەست دەخاتە سەر برینەکان و هەموو ڕوخساری دزێوی خۆمان بە ڕوونی و ڕاشکاوی نیشان دەدات بۆیە، دەکرێت ئەو پەیامەی بە دڵی پاسەوانانی کۆن نەبێت. لە سەرەتادا دەڵێت: "جیهانی ئیسلامی ئازیز من ڕۆڵەیەکی دووری تۆم لە دەرەوە لیت دەڕوانم، لە فەرەنساوە کە زۆر لە ڕۆڵەکانت تیایدا دەژین. من بە چاوێکی تووندی فەیلەسوفێک بۆت دەڕوانم کە لە مناڵیەوە لەسەر تەسەوف و فیکری خۆرهەڵاتی پەروەردە بووم. چی دەبینم؟ ئەوەی وام لیدەکات لە کەسانی تر باشتر بتبینم، ئەوەیە کە من لە دوورەوە بۆت دەڕوانم، ئەو دووریەی کە چاوت تیژتر دەکات. دەتبینم لە دۆخێکی تووندی بێ هیوایی و تلانەوە دایت کە خەمەکانم دەوروژێنن، ئەو دۆخەش وام لێدەکات تووندتر وبێ ڕەحمانەتر بم لە حوک کردنم بەسەرتدا وەك فەیلەسوفێك، من دەبینم خەریکە وەحشێکت لەدایك دەبێت ناوی دەوڵەتی ئیسلامی هەڵگرتووە، کە خەڵکانێك هەن پێیان باشترە بەناوی ئەهریمەن: داعش بانگی بکەن. بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە کە دەتبینم خۆت لەناو دەبەیت – کات و شکۆت لەناو دەبەیت – لە دان نەهێنان بەوەی کە ئەو وەحشە لە تۆ وەپاش کەوتووە، لە گومڕاییەکان و هەڤدژیەکانی خۆتەوە پەیدا بووە، لە پچڕانت لە نێوان ڕابردوو و ئێستات لە دایك بووە، لە دەسەوسانی هەمیشەیی و زیادڕەوت لە دەستگیرکردنی شوێن وپایەی شیاوی خۆت لە ژیاری مرۆڤایەتیەوە لە دایك بووە!" ئینجا ڕەخنە لە پەنا بردنی موسڵمانان دەگرێت بۆ نکوڵی کردن لە خاوەنێتی ئەو وەحشەو وەك شێوازێك لە میکانیزمی بەرگری کردن لە خۆدا، ودەڵێت: "دەبێت چی بڵێیت لە واقیعدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو وەحشە؟ تەنها بەڵگە وتارت چییە؟ هەردەم هاوار دەکەیت: ئەوە من نیم، ئەوە ئیسلام نییە! لە خۆت تووڕە دەبیت لەبەرامبەر ئەو کارە دزێوانە، تۆ دژی ئەوەیت تاوانەکانی ئەو وەحشە بە ناوی تۆوە ئەنجام بدرێن، توڕە دەبیت لەوەی کە ئەو وەحشە ناسنامەی تۆی زەوت کردوە، بێگومان تۆ لەسەر هەقی لەوەدا. بۆیە چارت نییە تەنها بە دەنگێکی بەرز بە گوێی جیهاندا هاوار بکەیت کە ئیسلام دژی ئەو دڕندایەتی و وەحشیگەریەیە. بەڵام ئەوە هەرگیز بەس نییە! چونکە تۆ پەنا دەبەیتە بەر میکانیزمی بەرگری کردن لە خۆتدا، بێ ئەوەی بە شێوەیەکی تایبەت بەرپرسیارەتی ڕەخنەی خودی هەڵگریت. تۆ تەنها بە ناڕەزایی بەس دەکەیت، لە کاتێکدا دەکرا ئەو ساتە مێژووییە ببوایە هەلێکی مەزن بۆ خۆ موحاسەبە کردن و لێپرسینەوەی خۆت! وەك هەمیشە تۆمەت دەبەخشیتەوە لەجیاتی هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی خۆت: " بوەستن ئەی خۆرئاواییەکان، ئەی هەموو ئەوانەی دوژمنی ئیسلامن لە بەستنەوەی ئێمە بەو وەحشە! تیرۆریزم نوێنەری ئیسلام ناکات، ئیسلامی هەقیقی مانای جەنگ نییە، بەڵکو ئاشتییە"!" بێدار لەو برگەیەی داهاتوو دەڵێت ئەنجامی نکوڵی کردنت لەوەی کە ئەو وەحشەی داعش لە ڕەحمی تۆدا پەیدا بووە، دەبێتە هۆی ئەوەی لە دامێنی منداڵدانی نەخۆشت لە ئایندەدا وەحشی نوێتریش و لە داعش زۆر خراپتریشت لێ وەپاش کەوێت: "من گوێم لە هاواری یاخیبوونی هەڵقوڵاوی ناختە، ئەی جیهانی ئیسلامی ئازیز، وتێیشی دەگەم. بەلی تۆ ڕاستی، ئیسلام وەك هەموو هێزە ڕوحیە گەورە پیرۆزەکان لە جیهاندا، لە درێژایی مێژوویدا جوانی و عەدالەت و ماناداری و خێری بەرهەم هێناوە، بەردەم مرۆڤی ڕوناك کردەوە لە گەڕانییدا بەدوای نهێنی بووندا...من لێرە لە خۆرئاوا دەجەنگێم، لە ڕێگای هەر کتێبێك لە کتێبەکانم، لە پیناو ئەوەی حیکمەتی ئیسلام و حیکمەتی هەموو دینەکان لەبیر نەکرێن، و بەسوك لییان نەڕوانرێت! بەڵام لە شوێنی دوورمەوە، شتێکی تریش دەبینم، نازانی تۆ دەیبینی یان ناتەوێ بیبینیت...ئەوەش هانم دەدات پرسیارێکت ڕووبەڕوو کەمەوە، پرسیارێکی گەورە: بۆ ئەو وەحشە ڕوخسار و دەم وچاوی تۆی دزی؟ بۆ ئەو وەحشە دزێوە دەموچاوی تۆی هەڵبژارد و دەموچاوێکی تری هەڵنەبژارد؟ بۆچی ڕوپۆشی ئیسلامی خستە سەر ڕوخساری لەناو ئەو هەمووانە؟ چونکە وێنەی ئەو وەحشە لە ڕاستیدا کێشەیەکی گەورە دەشارێتەوە، لەوەناچێت تۆ ئامادەی ڕوبەڕووبوونەوەی بیت. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕووبەڕووی بیتەوە، وپێویستە بای هیندە ئازا بیت. ئەو کێشەیە کێشەی ڕەگی شەڕ وبەدکارییە. تاوانەکانی ئەوەی پیی دەڵێن [دەوڵەتی ئیسلامی- داعش] لە کوێ سەرچاوە دەگرێت؟ ئێستا وەڵامت دەدەمەوە هاوڕێ هەرچەندە وەڵامەکەمت پێ خۆش نابێت، بەڵام ئەرکی منە وەك فەیلەسوفێك وەڵامت دەمەوە. ڕەگی ئەو شەڕ ونەگریسییە کە ئەمڕۆ دەموچاوی تۆی دزیوە لە ناو تۆ دایە، ئەو وەحشە لە دامێنی تۆدا بەربۆتەوە، شێرپەنجەکە لە خودی جەستەتدا نیشتەجێیە. لە دامێنی منداڵدانی نەخۆشت لە ئایندەدا وەحشی نوێتریش – لە داعش زۆر خراپتر- دەردەچێت، چونکە رەتی دەکەیتەوە ڕووبەڕووی ئەو هەقیقەتە بیتەوە، وچەندەی سست بیت لە دان هێنان پێی و عەزیمەتت لێ شین نەبوو بۆ هەڵکێشانی ئەو شەڕە لە ڕەگییەوە!" گرنگی ئەو فەیلەسوفە عەبدلنور بێدار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سەرەڕای ئەوەی هەموو ژیانی لە خۆرئاوا بووە، بەڵام زۆر هەستیارترە و وردبینترە لە تێگەیشتنی زۆر لەو ڕۆشنبیرانەی کە هەمووی دەیەیەك یان دوو دەیەیە گەیشتونەتە ئەوروپا! هەندێك لەو ڕۆشنبیر و نووسەرانە بۆنە تێپەڕنادەن بۆ ریزکردنی ناوی بیرمەندانی فەرەنسی و ئەوروپی کە گوایە دەڵێن: داعش هیچ پەیوەندیەکی بە ئیسلامدا نییە، نازانم بۆ شوهرەت و خڕکردنەوەی جەماوەرێکی عاتیفی زامداری ئیسلامی وادەکەن یان هەر بەڕاستی وا سەتحیانە بیردەکەنەوە! عەبدلنور بێدار دەڵێت ئەو تێنەگەیشتنەی ئەو خۆرئاواییانە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان دوو عەقڵیەتدا و دوو سیستمی سیاسی وکۆمەڵایەتیدا، دەڵێت: "هەتا ڕۆشنبیرە خۆرئاواییەکان کە ئەوەیان پێ دەڵێم، کێشەیان هەیە لە دیتنی ئەوەی من دەیبینم. زۆربەیان نازانن دین چ هێزێکی هەیە لە خێر و شەڕدا، و لەسەر ژیان و مەرگدا، تا ڕادەی ئەوەی بە من دەڵێن: " نەخێر... کیشەی جیهانی ئیسلامی ئیسلام نییە، و دین نییە، بەڵکو سیاسەتە و مێژووە و ئابوورییە، و هتد" ئەوانە لە کۆمەڵگایەك دەژین کە گەیشتۆتە پلەیەکی سێکیولاری وا، کە ناتوانن بە هیچ جۆرێك بەبیریان دابێت کە دین بۆی هەیە ببێتە دڵی بزوێنەری شارستانی مرۆڤایەتی! و ئاییندەی مرۆڤایەتی پەیوەست نییە بە چارەسەری قەیرانی دراوی و ئابووری تەنها، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر لەوە گرنگتر، پەیوەستە بە چارەسەری قەیرانی ڕووحی بێ وێنەی ئەو سەردەمەیە کە هەموو مرۆڤایەتی پێیدا تێدەپەڕێت! دەکرێت هەموومان لە هەموو جیهاندا یەکگرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدایە؟ سروشتی ڕوحی مرۆڤ لە بۆشایی دەترسێت، وئەگەر شتێکی نوێ نەدۆزێتەوە بۆ پڕکردنەوەی، بەیانی بە ئایینی فرە ناگونجاوتر لەو ڕۆژگارە پڕی دەکرێتەوە، تا وەك ئیسلام لەو ڕۆژگارەدا وەحشگەلێك بەرهەم بهێنێت. من نامەوێ زۆر قسە بکەم تەنها گوێگرتن بۆ ئەو بیرمرندە دڵسۆزە بۆ خەڵکی جیهانی ئیسلامی بەسە، ببینە چۆن سەرەڕای ئەو هەموو نەخۆشی ودەردەی جیهانی ئیسلامی تا چەند هیوای بە هێزی ئەو جیهانەیە لە هەڵستانەوە: "ئەی جیهانی ئیسلامی من تۆ وەك هێزێکی گەورە و مەزنی ئامادەی هەڵسانەوە دەبینم لە پێناو بەژداریکردن لە هەوڵ وکۆششی جیهان بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی ڕوحی شیاو بە سەدەی بیست ویەکەمی زاینی! تۆ هەقێکت لەناواخن دایە، سەرەڕای سەختی نەخۆشیەکەت، سەرەڕای هەڵمەتی تاریکپەرستان کە دەیانەوێت لەناو تارکایی خۆیاندا ونت کەن، ژمارەیەکی زۆر لە پیاو و ژن ئامادەن بۆ ڕیفۆرمی ئیسلام، بۆ سەرلە نوێ دۆزینەوەی عەبقەریەت و بلیمەتیەکەی لەناو گێژەنەی ئیشکالیاتە مێژوویەکەی، لە دەرەنجامدا یانی بەژداریکردن لە نوێکردنەوەی تێکڕای پەیوەندی مرۆڤایەتی لەگەڵ خواکانی! هەموو ئەوانە، لە موسڵمان ونا موسڵمانان، لەوانەی خەون بە شۆڕشێکی ڕوحیەوە دەبینن، ئەوانە بوون کەمن ڕووی دەمم ئاڕاستەیان بوو لە کتێبەکانم! تا بە وشەکانم متمانەیان بدەمێ سەبارەت بەو هیوایەی لە ئاسمانی بیریان دەدرەوشێتەوە!" ئینجا دوایی ستایشی ئەو پیاو و ئافرەتانە دەکات کە هەستیان بە مەترسیەکە کردوە و نەخۆسیەکانیان دەستنیشان کردوە، هەرچەندە ژمارەشیان هێندە نییە: " لەناو ئومەتدا هەندێك لەو پیاو و ئافرەتە پێشکەوتوخوازانە هەن کە لەناو ناخیان هەڵگری ڕوانگەیەکن بۆ ئاییندەی ڕوحی کائینی بەشەری، بەڵام ژمارەیەکی سەر وزیاد نییە کە، هەوڵ وتێکۆشانیسیان لە پێناو ژیانێکی ڕوحی نوێدا هێشتا بەو هێزە نییە. دەستخۆشی گیانی بوێری و ڕاشکاویان لێدەکەم بە سەرسامیمەوە و بە هاریکاریمەوە، ئەوانەی کە بە ڕوونی گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی، کە نەخۆشیە کەونارەکانی جیهانی ئیسلامی تەفسیری لە دایکبوونی ئەو دێوزمە تیرۆرستانەمان بۆ دەکات، لە ژێر ناوی قاعیدە و نوسڕە و قاعیدەی مەغریبی عەرەبی، و دەوڵەتی ئیسلامی [داعش]. ئەوان تێگەیشتوون کە ئەوانە نیشانە هەرە دیار و ترسناکەکانی جەستەیەکی نەخۆشی گەورەیە، کە نەخۆشیە کەونارەکانی تری بریتین لە: زەبوونی لە دامەزراندنی دیموکراتییەتێکی دامەزراو وهەمیشەیی، باوەڕی بە ئازادی بیر وویژدان بێت بەرامبەر دینەکاندا. زەبوونی هەمیشەیی لە چاککردنی بارودۆخی ئافرەت سەبارەت بە یەکسانی و بەرپرسیارەتی و ئازادیدا. بێ دەسەڵاتی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ژێر دەستی دەسەڵات وهەژموونی دینیدا، زەبوونی لە دامەزراندنی ڕیز و لێبوردەیی و دانپێداهێنانی هەقیقی بە پلورالیزم وفرەیی دینی و کەمایەتیە دینیەکان. لێرەدا باسی بابەتێکی زۆر گرنگ دەکات و وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە هەموو نەهامەتیەکان و نەخۆشیەکانی جیهانی ئیسلامی دەدەنە پاڵ خۆرئاوا و پلانەکانی: " دەکرێت ئەو هەموو کارەساتانە تاوان و هەڵەی خۆرئاوابن؟ چەند کاتی تری بە نرخت بە فیڕۆ دەدەیت، ئەی جیهانی ئیسلامی ئەزیزم بە گوتنەوەی ئەو تۆمەتە دەبەنگەی هەتا خۆشت باوەڕت پێی نییە، کە لە دوایەوە خۆت حەشار دەدەیت، تا بەردەوام بیت لە درۆکردن بۆ خودی خۆت؟ ئەگەر من بەو قەسوەتەوە ڕەخنەت لێدەگرم، لەبەر ئەوە نییە کەمن فەیلەسوفێکی خۆرئاواییم، بەڵکو لەبەر ئەوەی من ڕۆڵەیەکی هۆشیار بە هەموو ئەوەی لە دەستت داوە لە شکۆمەندیەکانت کە زەمەن پێچایەوە تا ئەو ڕادەی وەك ئەفسانەیەکی لێهاتووە.!" "لەوەتی سەدەی هەژدەمەوە بە تایبەتی، کاتی ئەوە هاتووە کە دانی پێدا بنێین کە تۆ نەتوانیوە ڕووبەڕووی تەحەداکانی خۆرئاوا بیتەوە. دەبینین یان بە شێوەیەکی منداڵکارانە و کوشندانە دەچیتەوە ناو تونێڵی ڕابردوو لە ڕێگای وەهابیەتێکی دەمارگرژی تاریکپەرست، کە فەساد وتێکدەری لەناو هەموو سنووری تۆدا بڵاودەکاتەوە، ئەو وەهابیەتەی کە لەناو جەرگەی شوێنە پیرۆزەکانت لە سعودیەوە وەك شێرپەنجەیەکی کوشندە وەك بڵێی لەناو دڵتەوە دەردەچێت.!یانیش بەدوای خراپترین شتی خۆرئاوا دەکەویت، تا وەك ئەو نەتەوەکان و مۆدرینزم بەرهەم بهێنیت، کە ئەوانە ڕوێکی کاریکاتێری مۆدرینەتەیە، مەبەستم لە کۆمەڵگای بەرخۆرە، ودارستانی نامرۆیی بازاڕی ئازاد و هەروەها ئەو پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیەیە کە ناگونجاوە لەگەڵ بەها دینیەکانی تۆ، کە وا لە نوخبە و بژاردە دەوڵەمەندەکانی کەنداو دەکات ببنە قوربانیەکی ڕازیبوو بەو نەخۆشیەی کە بۆتە نە خۆشیەکی جیهانی، کە ئەویش نەخۆشی پەرستنی خودایەکی ساختەیە ناوی پارەیە. - چی ماوە شانازی پێوە بکەیت؟! " ئەمڕۆ چی لە تۆدا ماوە مایەی پێ سەرسام بوون بێت ئەزیزم؟ چیت تێدا ماوە شایەنی بەدەستهێنانی ڕیزی خەڵکانیتر و دینەکانی تر بێت لەسەر زەوی؟ کوا پیاوە حەکیمەکانت، هیچ حیکمەتێکت پێیە تا پێشکەشی جیهانی کەیت؟ کوا پیاو و ئافرەتە مەزنەکانت؟ کوا ماندێلای تۆ، کوا کێیە گاندی تۆ، کێ ئۆنگ سان سو کی [ئافرەتێکی سیاسیە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرما یە ] تۆیە؟ مەلالا یوسفزای خاوەنی خەڵاتی نۆبل، کچێکی جیهانی تۆیە، بەڵام موستەحیلە قبول بەدەست بهێنێت و لە وڵاتی خۆیدا بژێت! کوا کتێبە مەزنەکانی بیرمەندان و زانایانت کە وەك پێویستیەک لە هەموو جیهان بخوێندرێتەوە، وەك سەردەمی بەرایی کاتێ کتێبی زانا بیرکاری و فەیلەسوفە موسڵمانەکانت دەخوێندرایەوە لە هیندستانەوە تا ئیسپانیا؟ راستیەکەی تۆ لە نزمترین پلەی لاوازیدایت و خۆت لە پشت باوەڕی کۆنکریتی پر یەقینت دەشاریتەوە. هیچیتر نازانیت تۆ کێیت و بەرەو کوی هەنگاو دەنێیت. ئەو حالەشت تەنها تۆی بائس و زەبوون نەکردوە بەڵکو زۆر دوژمنکاری کردوویت...تۆ گوێت کەڕ دەکەیت لە ئاست ئەو کەسانەی داوات لێدەکەن بگۆڕێیت تا ڕزگارت بێت لەو هەژموون و هەیمەنەیەی کە تۆ بە دینت داوە بەسەر کۆی هەموو لایەنەکانی ژیان." - تۆ خۆت دینەکەت وا داڕشتوە و ڕازیت بە ئەنجامە کارەساتبارەکانی! "تۆ خۆت هەڵتبژاردوە باوەڕ بەوە بکەیت کە محەمەد پێغەمبەر و شا بوو. تۆ پێناسەی ئیسلامت هەڵبژاردوە وەك دینێکی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، کە پێویستە وەك هەر ملهوڕێک بە تەنها زاڵ نەبێت بەسەر دەوڵەت، بەڵکوبەسەر ژیانی مەدەنی و شەقام و ماڵ و ناو هەموو هۆشێك، خۆت ئەو باوەڕەت هەڵبژاردوە کە ئیسلام مانای خۆبەدەستەوە دانە، لە کاتێکدا قورئان خۆی دەڵێت: [لا اکراه في الدین] زۆرە ملێ لە دین دا نییە، تۆ بانگی ئەوت بۆ ئازادی کردە مەملەکەتی زۆرەملێ! چۆن شارستانیەك تا ئەو ڕادەیە ناپاکی دەکات دەرهەق بە تێکستی پیرۆزی خۆی؟! دەڵێم ئەو ساتە هاتووە بۆ شارستانی ئیسلامی بۆ دامەزراندنی ئەو ئازادیە ڕوحیە بەرز و گرانبەهایەی کە قورئان بە هەر مرۆڤێکی داوە و گۆڕینی بە هەموو ئەو ئەحکام و یاسایانەی نەوە یەك لە دوا یەکەکانی فەقیهەکان دایانهێناوە!" " ئەو ڕەتکردنەوەیەی مافی ئازادی لە دیندا، یەکێکە لە ڕەگەکانی شەڕ کە تۆ لە دەستی دەناڵێنی، ئای جیهانی ئیسلامی ئەزیزم! هەر ئەوەش دامێنێکی تاریکە کە لەوێوە دڕندە ڕوخسار تۆقێنەرەکانت نەشونما دەکەن چەند ساڵێکە و بڵاویان دەکەیتەوە بە هەموو جیهانی تۆقیودا. چونکە ئەو دینە پۆڵاییە توندوتیژیەکی لە ڕادەبەدەر دەسەپینێتە سەر هەموو کۆمەڵگاکانت. سەرچاوە: http://www.resetdoc.org/story/open-letter-to-the-muslim-world/