الجمعة، 16 مارس 2012

لەمەر کوشتنی مامۆستا ئەمریکیەکە: ئەگەر دەزانن ئەو تەبشیریانە چەندە ئیستفزازین!


لەمەر کوشتنی مامۆستا ئەمریکیەکە: ئەگەر دەزانن ئەو تەبشیریانە چەندە ئیستفزازین!
وتار
محەمەد هەریری:

 قوتابخانەی میدیا  کە ڕوداوی کوشتنی مامۆستا  جێرمیە سمۆڵ Jeremiah Smallلێی ڕویدا لە بنەڕەتدا قوتابخانەیەکی مەسیحی تەبشیرییە لەلایەن [گروپی خزمەتگوزاری ئینجیلی نێودەوڵەتی ناشڤیل، تینیسی] دامەزراوە ، بەپێی وێبسایدی ئەو گروپە مەسیحیە ئامانجیان:
 "ئەوەیە لە ڕێگای هوشیارکردنەوە وخوێندن وفێرکردنەوە گروپەکە دەیەوێت بەژداری بە هەقیقەت و جوانی مەسیح بکات لەگەڵ هاوڕێیە موسڵمانەکان!! هیوامان ئەوەیە کە کتێبی پیرۆز نەوەکانی داهاتووی خێزانە موسڵمانەکان و کۆمەڵگا موسڵمانەکان پیرۆز بکات وبگۆڕێت.   مامۆستاکە جێرمیە سمۆڵ مامۆستای وەرزشە یانی بە کوردیەکەی نیمچە بێکارە، ووادیارە خۆی لێبڕاو کردوە بۆ تەبشیری مەسیحی، بۆیە براکەی دەڵێت پەیوەندی وچالاکی زۆر بوە لەگەڵ قوتابیەکان لە دەرەوەی قوتابخانەش، خۆشی لە خێزانێکی ئاینی مەسیحی موبەشیر وزۆر دیندار a deeply religious family وەپاش کەوتوە بۆیە باوکی لە پەیجی فەیسبوکەکەیدا پاش زانینی هەواڵی کوشتنی کوڕی نوسیویەتی :" ئەم بەیانیە کوڕی گەورەمان جیرمایە لە کوردستان شەهید کرا..."  بەکارهێنانی وشەی شەهید ڕەهەندیکی ئاینی ئاشکرای هەیە. دایک وباوکی رێکخراوێکی ئاینی بە ناوی شایلۆ بایبل کەمپ Shiloh Bible Camp هەڵدەسوڕێنن. هاوڕێکانی سمۆڵ دەڵێن: ئامانجی دینی ئینجیلی پاڵنەری ئەو بوە بۆ وانە وتنەوە لە عێراق.  ولە نامەیەکی بۆ هاوڕێ موبەشیرەکانی نوسیویەتی: "کچێکی [کورد] لە مامۆستا مەسیحیەکەی نزیك بوەوە ووتی:"نازانم چی بکەم، کچەکە دەربارەی مەسیح خوێندبویەوە وباوەڕی پیی هێنابوو، دەیوت باوک ودایکی هەرگیز ناهێڵن ببیتە مەسیحی..من هانمدا کە ئەوەی خوێندۆتەوە بەنەزەری ئیعتبار بیگرێت، من بۆم نییە پێی بڵێم ببێتە مەسیحی، وداوای لە هاوڕێیانی کردوە لە ئیمێڵەکە کە دوعا بکەن بۆ گۆڕانی ئەو کچە.  خوادەزانێ چەندین کچ وکوڕی سلێمانی هەرزەکاری وای کردۆتە مەسیحی.
 من ناڵێم نهێنی کوشتنی ئەو مامۆستایە ئەمریکیە دەزانم کە لەلایەن قوتابیەک کە خزمێکی نزیکی خانەوادەی سەرۆک تاڵەبانییە بە شێوەیەکی داراماتیکی کوژرا، بەڵام ئەو ڕاستیەی کە کەس ناتوانێت نکولی لێبکات ئەوەیە کە هەموو کارێک کاردانەوەی هەیە، بێگومان مناڵیکی گەنجی وا بەناز بەخێوکراو کوڕی دایک وباوکێکی پلەدار ودەسەڵاتدار بەبێ هودە دوچاری ئەو کارە نایەت، ناکرێش هەموو ڕوداوەکە بەس ببەینەوە سەر غروری کوڕە بەرپرسان کە ئەمڕۆ بۆتە دیاردەیەک وهەزاران عودەی وقوسەی زەبەلاح ومام ناوەندی وبچوکیش دروست بوە بەپێی پۆستی باوکیان.
 بێگومان هەموو خەمی دەسەڵاتی کوردستان ئەوەیە تا بکرێت هیچ ڕەهەندێکی ئایینی بە ڕوداوەکە نەدەن، نەوەک دڵی ئەمریکیەکانمان لێ بڕەنجێ، ئەو ئەمریکیانەی کە لە چەندین ڕوداودا لە کوردستان هەر [لۆ فشەی] نەفەریشیان لێکوشتوین، کەچی ئێمە لەبەرئەوەی ڕزگارکەرمانن نەک بەرگریشمان لەخۆمان نەکردوە بەرامبەریان بەلکو لە سایەی کەرەمی خواوە یەک سەربازی ئەمریکی لوتیشی بە خوێن نەهاتوە هەتا بەڕوداوی هاتوچۆش وەك سەرۆکی کوردستان جارێک وایگووت!!
 ئەو دەسەڵاتە بەدیوی خۆی سی ڤی [ژیننامە] میللەتی کورد بۆ ئەمریکیەکان دەنوسێتەوە، ئێمە لەو سی ڤی یەدا میللەتێکین بەڵێ موسڵمانین بەڵام هەر هێندە موسڵمانین کە کاتێ بەراورد دەکرێن لەگەڵ کافراندا وەک ئەو پەندە تورکیە شۆڤێنییە وادەڵێت، کە کەسانێك لە نێوەندە عیلمانیەکانیش پێیان خۆشە جەختی لەسەر کەنەوە، بۆیە هیچ توڕە نابین ودەمارگرژ نین بۆ ئایین، بەڵکو هەر دەمارمان نییە تا گرژی کەین، بۆیە فەرموون ئەمریکیەکان ڕۆژئاواییەکان، مرۆڤە سپیەکان بە کەیفی خۆتان بجوڵێنەوە، بە ئاشکرا سەدانمان وهەزارانمان بکەن بە مەسیحی، وکەنیسەی کوردزمانمان بۆ دامەزرێنن ولە شاری دینداری هەولێریش بەبەرچاوی خەڵکەکە مژدەی وەرگەرانی دەیان هەزار کوردی موسڵمان بۆ مەسیحیەت بە گوێی کوردستان دادەن، ئەی چییە بەڵکو ڕزگارمان دەبێت لە چارەی دینی عەرەب وئەگەر بوینە مەسیحی وەک ئەو مەسیحیانەی ڕۆژئاوا پێشدەکەوین وەك چۆن باشوری سودان پێشکەوت!
 فەرموون وەرن هەزاران ئینجیل ونامیلکەی مەسیحی وچیرۆکەکانی بایبڵ ببەخشنەوە، بەڵکو لەو دینە تۆقێنەرەمان ڕزگارمان دەکەن بۆ دینی ئاشتی کە دەڵێت ئەگەر شەقیان لە بناگوێی ڕاستت دا لای چەپیشی بۆ هەڵسوڕێنە، وەک بڵێی مێژوی مەسیحیەت هەمووی گوڵ وگولزار بێت، هەر دوێنێ ئافرەتێکی مەسیحی تازە موسڵمان بوویان بەناوی وەفا قوستەنتین یان لەناو کەنیسەی نەترۆنی مەسیحی کوشت بە فەرمانی بابا شەنودە، چونکە نەیانتوانی بە زۆرەملێ هەڵێگەڕێننەوە بۆ مەسیحیەت وکەنیسەکانی میسر بە سەدان وهەزارانی وەک وەفای لێیە لە هەردوو ڕەگەزەکە لەوانەی بونەتە موسڵمان بەڵام کەنیسە ئازادی بیروباوەڕیان پێ ڕەوا نابینێت، بێگومان موسڵمان ومەسیحی لەو شەرقە بەو شێوەیە بیردەکەنەوە ڕاست بێت یان چەوت، ئەوەیە هەقیقەتی شەقام ..
 تا ئێستا ڕوداوەکە ڕوون نییە، بەڵام بە سەرجەم ئەوەی لەسەری نوسراوە و دەوترێت گومانی کێشەی ئاینی زۆری لە مەسەلەکەدا دروست کردوە. من ئاگادارم کە هەڵمەتێکی تەبشیری بەهێز لە ئارادایە لە کوردستان لەوەتی کورد ناوچەی دژەفڕینی بۆ بڕیاردرا لە ١٩٩١، ئەوەی کە ئەو هەڵمەتەشی پوچ کردۆتەوە مامۆستا ئاینیە بەڕێزەکانی کوردستان بوون وخەڵکی کورد بوون کە شانازی بە ئیسلامەتی خۆیان دەکەن، دەنا ئەگەر بە میزاج وویستی دەسەلات بوایە هەموو کورد لە شەو رۆژێك هەڵگەڕێننەوە چاویان تروکە ناکات، بەڵکو وەک دیکۆرێکی تەقەدومی لەوانەیە موغازەلەی ڕۆژئاواشی پێبکەن!
 من زۆر شانازی بە نادەمارگرژی میللەتەکەم دەکەم کە لە چاو میللەتەکانی تر چەندین سەدە پێشیان کەوتۆتەوە، وابزانم کاتی خۆی تورک کە بەراوردی نادەمارگرژی کورد و دەمارگرژی خۆیان کردوە ئەو پەندەی سەرەوەیان [کورد هێندە موسڵمانن کە کاتێ بەراورد دەکرێن لەگەڵ کافراندا ] بۆ داتاشیوە وڕەخنەیان لە کورد گرتوە کە بۆ دەمارگرژ نین، چۆن بەو سینگە فراوانە لەگەڵ ڕۆڵەکانی تری کوردستان لە مەسیحی ودینەکانی تر دەژین بەبێ کێشە! میللەتی ئێمە نازانێت حقدی شیعە وسونە ومەسیحی و موسڵمان لەبەر هیچ بهێنێتە ئاراوە ئەگەر تا سەر ئێسقان هەستی ئاینی بریندار نەکەن، بەڵام وادیارە جەماعاتی تەبشیری پەیامی نادەمارگرژی کوردیان بە هەڵە خوێندۆتەوە وەك خاڵێکی لاوازیان قۆستبێتەوە وەک بلێی کورد هیچ گرنگیەک بە ئاینی خۆیان نادەن وزۆر ئاسانە وەریان گەڕێنن بۆ مەسیحیەت.
 کردەوە تەبشیریەکانی ئەو جەماعەتە تەبشیریانە هێندە وروژێنەر وئیستفزازین هەتا خودی مەسیحیە ڕەسەنەکانی عێراق و کوردستانیشی پەست کردوە، وەك بڵێی هاتبن بۆ ناو چەند عەشیرەتێکی سەرەتایی قۆناغی بتپەرستی وتەوتەمیزم وبیانەوێت خەڵک بەرەو ئاینە شارستانیەکەی خۆیان بەرن!!
 هەر لەو بەریتانیایە کە من چەندین ساڵە لێی دەژیم، دەڵێی بەس عنوان وئەدرەسی مالە موسڵمانەکانیان پێیە، شەممە ویەکشەمان لەدەرگای ماڵە موسڵمانەکان دەدەن بە خۆیییان وبە ئینجیلێک لەبن کەوشیان دەزانن موسڵمانیشی، فەرمو چیتان دەوێت؟ هاتوینە باسی گەورەیی ڕزگارکەرمان یەسوعتان بۆ بکەین! سوپاس، ئێمە موسڵمانین ئاینمان هەیە! یەسوعیش دەناسین. باشە خۆ زیان ناکەیت ئەگەر پێکەوە دانیشین گفتوگۆیەک بکەین وکۆفیەکیش بخۆینەوە؟! بەڵام ئێمە کێشەمان نییە لەگەڵ ئیسلام، خوا دەپەرستین وڕیزی مەسیحی ئێوەش دەگرین وەك پێغەمبەرێك ونەدەخۆینەوە ونەدزی دەکەین ونە تلیاک دەکێشین، بەڵکو جگەرەش ناکێشین، ونەمرۆڤ دەکوژین، دینەکەی ئێوە چی زیاتر تێدایە؟! بەڵام ئەو کارانە پێویستە لە ڕێگای ئاینی ڕاستەوە بکرێت...، قسەم پێیبڕی، چەمکی ئاینی ڕاست ڕێژەیی ئەوەی لای تۆ ڕاستە لای من چەوتە و بەپێچەوانەوەش، تۆ لە جیاتی خۆت لەگەڵ من وخێزانی من ماندوو کەیت، بڕۆ جارێ مەسیحیەکانی هاوسێمان بکە مەسیحیەکی ڕاست کە ئەوەی خەراپە دەیکەن! دەڕوا هەفتەی داهاتوو بە هەمان شێوە دێتەوە نازانم لەبیری کردوە یان هەر بۆ قەڵس کردنت. ئەی داوام لێنەکردن کە هیچی تر لەو دەرگایە نەدەنەوە پاش ئەوەی پێتانم گوت ئێمە موسڵمانین وبێ دین نین؟! ئۆکەی سۆری.! دیسان یەکێکی تر لە هەمان جەماعەت لە دەرگا دەدەن...هتد.
 یان لەو لەندەنە هەموو ناوچە پڕ لە تاوان وجەریمەی سێکسی وموخەدەرات بەجێدەهێڵن دێن لەناو ئیدجوار رۆد وبەیسوەتەر دەعوی مەسیحی دەکەن کە زۆربەی دانیشتوانی موسڵمانن، هەتا جارێکیان برادەرێکی کۆمیدیم لەگەڵ بوو تازە بۆ لەندەن هاتبوو، ڕێیان پێگرت وچەند کتێبێکی مەسیحی وئینجیل وسیدیەکیان عەرز کرد بەخۆڕایی، برادەرەکەم گوتی ئەو چیە کاک محەمەد؟ گوتم: دەیانەوێ بتکەنە مەسیحی ودەعوەتت دەکەن! برادەرەکە گوتی: هەر ئەوە مابوو ئەمە دەرەقەتی خوایەک نایەین، ئەوجا سێ خوا؟!


هەر لەو یوتیوبە ئەو عینوانە لێبدە:



دەبینی ئەی موبەشیرانە چەندە ئیستفزازین، یەخەی دوو منداڵی ئیسلامیان گرتوە، داوایان لێدەکەن ببنە مەسیحی، وەرن ئەو دڵە پڕ لە حیقدانەتان بگۆڕن، بروانە چاوەکانتان پڕە لە قینە چونکە خۆشەویستی خوای تێدا نییە، بە قسەی باوکتان مەکەن...منداڵەکان هاوار دەکەن بابە ئێمە ئاینی خۆمان خۆش دەوێت وازمان لێبێنن، بۆ هێرش دەکەنە سەر ئاینەکەمان وەک هەر ئاینێکی دەبەنگ حیسابی دەکەن، دەزانین مەسیح پێغەمبەرە و کوڕی خوا نیە، باوکیان دێت دەڵیت برۆن وازیان لێبێنن، پێی دەڵێن تۆ لە مەترسیدایت، تۆ درۆت کردوە لەگەڵ مندالەکانت مێشکت شۆردونەتەوە، هەقیقەتی یەسوعی خواوەندت لێشاردۆنەتەوە! کەچی هەر قسەی خۆیان دەکەن تا ئەو ڕادەیەی لە کۆتایی دەڵێ وەرن هەمو ژیانتان پێویستە بگۆڕن تا دڵەکانتان لەو قینە وتوندوتیژیە رزگار بکەن، کە دەڕۆن بەوپەڕی ئیهانەوە دەڵێن: بڕۆ بۆ دۆزەخ ومندالەکانیشت لەگەڵ خۆت بەرە بۆ دۆزەخ!؟
بەڕاستی کارێکی دزێوە هەر لە خۆڕایی ئەو منالە هەزەکارە بە شەیتان بکەین و مامۆستای کوژراویش بە فریشتە، پێویستە لە وردەکاری ڕوداوەکە زیاتر تێبگەین وئەوەش کاری دەزگا میدیاکانی سەربەخۆی سلێمانییە ئەو کارە بکەن... خەڵکی ئێمە هێندە ساویلکەن ئەو بیانیەی جلی کوردی لەبەر بکات و ئاڵای کوردستان هەڵبگرێت بەهەر ئامانجێک بێت خۆشمان دەوێت، نازانن ئەو موبەشیرانە لە ئەفریقا تقوسی مەسیحیش لەسەر شێوازی سەمای ئەفریقی بیدائی پێشکەش دەکەن... کێ ناڵێ [ بەیار] ی هەرزەکاریش وەک هەر کەسێك کەمترین شانازی بە ئاینەکەیەوە بکات تە سەر ئێسقان توشی ئیستفزازی ئەو مامۆستایە نە بوە، وهەستی بەرپرسی لە دەوروبەری خۆی بە تۆماتیکی بۆی نەگوێزراوەتەوە وخۆی بە بەرپرسی پۆلەکەی نەزانیوە لەبەردەم هەڵمەتی تەبشیرچیەتی مامۆستاکەی، خۆ مەرج نیە ئیسلامیەکی توندڕەو بیت تا ئیستفزاز بیت بە شێوازی بانگەوازی تەبشیری، و ئەوانەشی کە هەر خەریکی خۆقامچی کردنن هەزار جوێن وقسەی ناشیرین ئاڕاستەی ئەو هەرزەکارە ومیللەتی کورد دەکەن چاکترە بێدەنگ بن یەک چاوانە ڕوداوەکە نەخوێننەوە تا زۆر لایەنی تری ئاشکرا دەبێت.

ئیشکالیەتی شیعە وسونە (١)
هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە دژایەتی نێوان شیعە و سونەدا
محەمەد هەریری


·       مێژوێکی بەردەوام وباگراوندێکی عەقیدی
زۆر جار و لە جۆرەها بۆنەی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی قسەگەلێکی سافیلکەمان گوێ لێدەبێت لە نەزان وزانا ودانا کە باسی برایەتی شیعە وسونە دەکەن: "هەموومان براین، هەمومان موسڵمانین، یەک خوامان هەیە، یەک کتێبمان هەیە، یەک پێغەمبەر، یەک کەعبە، هەتا کۆتایی یەکەکان، بۆ دەبێت دژایەتی یەکتر بکەین، زایۆنیزم و سەڵیبیەتی جیهانی دژی هەردوو لامانە بەبێ جیاوازی..."
"ئیسرائیل بەهەمان شێواز و دڵەڕاوکێ بەرخورد دەکات لە تەک موشەکە شیعیەکانی ئێران و موشەکە سونیەکانی پاکستان، بەڵام هێشتا چاومان دەنوقێنین ومەترسیەکان وەک خۆی نابینین" [شێخ یوسف القرضاوی لە هەڵوێستەکانی بەراییدا]
مـحـمـد سـلـيـم الـعـوا لە کتێبی (الـعـلاقـة بـيـن الـسُنـة وألـشـيـعة) ئەو بیرمەندە گەورەیە بەجۆرێک قسە دەکات بە قەد منداڵێکی سەلەفی ئاگاداری فیکری شیعی نییە، وقسەکانی هەمووی لە دەوری تەمەنیات وئاوات خواستن دەخولێتەوە...
بەر لەوانەش سەدەها شێخی سونی وشیعی کۆبونەتەوە لە چوارچێوەی دەستەی نزیکخستنەوەی مەزهەبەکان ودەیەها لێدوانی جوان ومیانڕەوی لێکەوتۆتەوە وەک فەتواکەی شێخی ئەزهەر محمود شلتوت بە جایزبوونی ئەنجامدانی عیبادەت لەسەر فیقهی جەعفەری وجەندین هەوڵی تری لەبارچوو!!
وەک هەڵوێستی کەسێتی خۆم منیش هیوادارم ڕۆژێك بێت ئەو دوو تایفەیە بە عەقڵیەتی ئەو لێدوانانە بڕۆن بەڕێوە ویەکتری تەکفیر نەکەن، نەکوژن وجوێن وناتۆرە لەیەک نەنێن، یادی بۆنەی کوشتنی حەزرەتی عومەر نەکەنەوە، یان بەو دواییە یادی چونە ناو دۆزەخیش بۆ حەزرەتی عائیشەی خێزانی پێغەمبەر نەکەنەوە کە بەو پەڕی دەبەنگی وگێلیەوە لەسەر کێکی یادکردنەوەکە نوسیبویان [عائشە في النار!!!] بەڵام هیوا شتێکە و واقیع شتێکی ترە... بەڵام وەک نوسەری ڕوناکبیری شیعە ئەحمەد الکاتب لە سەردێری [دور الصفويين في تأجيج الفتنة ]دەڵێت: "بەداخەوە کە دەوڵەتی سەفەوی کە دەستی گرت بەسەر وڵاتی فارس ل ە سەدەی ١٠ هجریدا وبەدواوە... هەڵمەتێکی بێ سنوری لەدژی ئەهلی سونەت بەرپا کرد، وبیدعەی جوێن ونەفرەتکردنی خەلیفەکانی ڕاشدینی داهێنا ، دەوڵەتێکی دیکتاتۆری وای دامەزراند دورترین شت بوو لە سیاسەتی ئەهلی بەیت یان عەدالەتی ئیسلامدا، هەرچەندە خۆی دادەپۆشی بە توێکڵی شێوێندراوی تەشەیوع، زۆر دوور لە ڕوحی شیعایەتی یەکەم... لەگەڵ ئەوەشدا کە دەوڵەتی سەفەوی لەگەڵ مێژوودا ڕۆیشت، بەڵام شوێن پەنجەی شومی لەسەر پەیوەندی برایانەی سونە وشیعەدا بەجێ هێشتوە، لە دوای خۆیدا کلتورێکی فەرهەنگی بۆگەنی پڕ لە ڕق وکینەی بۆ جێهێشتین."[1] بەڵام لەگەڵ ئەم قسە جوانانەش کە نوسەری ئەو دێرانە دەیکات، هەرکە ناوی دێت لەلایەن شیعەکانەوە هێندە جوێنی پێدەدەن و تۆمەتی بۆ دەبەخشنەوە دەڵێی باسی یەزیدی کوری موعاویە دەکەن!
من دەمێکە گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو کێشەیە تایفیە لە شەڕی جەمەل وصفینەوە ئەگەر نەڵێین لە ژێر کەپرەکەی سەقیفەی بەنی ساعدەوە لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەر [سەلامی خوای لێ بێت] دەستی پێکردوە کە لە سەرەتادا کێشەکە تەنها سیاسی بوو ناکۆکی بوو لەسەر ئیمامەت وخەلافەت ، هەرچەندە بەو قوڵییە نەبوو لە نێوان ئەوانەی کە پێیان دەگوتن [شیعەی عەلی] واتە گرووهی عەلی کە لەو کاتەدا کەمینە بوو و لە نێوان زۆربەی هەرە زۆری صەحابەکان وخەڵکانی تر کە حەزرەتی ئەبوبەکریان هەڵبژارد بۆ خەلافەت ولە دوایشدا حەزرەتی عومەر... حەزرەتی عەلی لە ڕۆژگاری ئەو دوو خەلیفەیەدا ڕاستە بۆ ماوەیەکی کورت بەیعەتی بە حەزرەتی ئەبوبەکر نەدا بەڵام نەك لەبەر ئەوەی خۆی پێ شایستەتر بوو بەڵکو لە کۆی ڕوداوەکان دەردەکەوێت کە توڕەبوونی ئەو لەبەر لەوێ نەبوونی ئەو بوە چونکە سەرقاڵی کاری ناشتنی پێغەمبەر [سەلامی خوای لێ بێت] بووە وپرسی پێ نەکراوە... دوایی هاتە ناو دەزگای خەلافەت وبوە ڕاوێژکاری یەکەمی حەزرەتی ئەبوبەکر و حەزرەتی عومەر تا ڕادەی ئەو قسەیە بەناوبانگەی حەزرەتی عومەر کە دەڵێت: " لولا علي لهلك عمر" کە زیاتر گوزارش لە تەقدیری عومەر بۆ ڕۆڵی گەورەی حەزرەتی عەلی دەکات، کەچی لە جیاتی شیعەکان ئەو قسەیە بە یەکێك لە کارە چاکەکانی عومەر بدەنە قەڵەم، دێن سەد تەئویلی خراپ ونا مەنتیقی بۆ دەکەن لە یەکێکیاندا دەڵێن:" ئەوەتا عومەر دان بە نەزانی خۆی دادەهێنێ، ودەڵێت ئەگەر عەلی نەبوایە عومەر تیا دەچوو، ئەی کەوابوو بۆ خەلافەتی لەو زەوت کردبوو؟؟!!" ئەوە چاکترینی تەئویلە خراپەکانە.
·       گۆڕینی ناکۆکیە سیاسیەکە بۆ ناکۆکی عەقیدەیی

گەورەترین قۆناغی کێشەی شیعە وسونە لەو کاتە دەست پێدەکات کە شیعەگەرێتی گەورەترین وەرچەرخانی بە خۆیەوە دیت کاتی لە ناکۆکیەکی سیاسی پەیوەست بە ئیمامەت وخەلافەت گۆڕا بۆ ناکۆکیەکی عەقائیدی توندوتۆڵ وبەرنامە بۆ داڕێژراو...
لە کاتێکدا کێشەی شیعە و سونە وەک گوتمان تەنها پەیوەست بوو بە لایەنە سیاسەکەی واتە مەسەلەی خیلافەت وکێ شایستەترە ببێتە خەلیفە هەرچەندە شیعەی بەرایی تەنها لا یەنگیری حەزرەتی عەلی بوون بۆ بوونە خەلیفە، بەڵام هێشتا ئەو مەسەلەیە نە ببوە مەسەلەی کوفر وئیمان، نە تیۆری بۆ داڕێژرا بوو  لە جۆری تیۆری دوازدە ئیمامی و ویلایەتی فەقیهـ ونە هیچی تر...بەڵام لە پاش شەهید بوونی حەزرەتی حوسێن بیروباوەڕێکی زۆری غەوارە ودەخیل ونامۆ بە ئیسلام دزەی کردە ناو مەزهەبی شیعە لە ڕێگای کەسانێکی دڵسۆزی ساویلکە و هەروەها غەرەزداریشەوە تا ئەو ڕادەیەی شیعەگەرێتیان لە ڕەگ وڕێشەوە گۆڕی، بەڵکو لە ڕووی وردەکاری عەقایدیەوە بوە نوسخەیەکی نوێ لە ئیسلام کە پەیوەندی پێیەوە زۆر لاوازە. وەنەبێ زەخمی ئەو کێشەیە کاریگەری لەسەر لایەنی سونیش بەجێنەهێشتبێ، بەڵام بەو ڕادەیەی کاریگەری سەر شیعە نەبوو، بەڵکو زیاتر کاریگەریەکی کاتی بوو، بۆ نموونە نەفرەت کردنی حەزرەتی عەلی لەسەر مینبەرەکان لە سەردەمی ئەمەویەکان ببوە نەریتێکی دەسەڵاتداران، وهەتا بەڵگە لەسەر ئەو حاڵەتەی نەفرەت کردنە لەسەر دەمی خودی معاویە لە صحیحی موسلیم ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هەر لە سەردەمی ئومەویەکان خەلیفە عومەری کوڕی عبدالعزیز ئەو دیاردەیەی لەناو برد.
تێگەیشتی ئەو ناکۆکیە مێژووییەی نێوان شیعە وسونە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ زۆر گرنگە لە تێگەیشتن لە وردبینیە سایکۆلۆژەکانی ئەو کێشەیە وچۆنیەتی تێوەنەگڵان ودوورخستنەوەی زیانەکانی ئەو کێشەیە بۆ کەمترین ڕادەی، چونکە لە ڕەفتاری سەرانی کورد دەردەکەوێت کە هچ لە هەستیاری ئەو کێشەیە تێناگەن، بەڵکو حزبێکی گەورەی وەك یەکێتی لەناوچەکانیدا هێندە بە پەرۆشەوە بەتەک خورافیاتەکانی مەزهەبەکە دێت، نیو هێندە بەتەک کوردایەتی نایەت، کە خەریکە نەزعەی مەزهەبی هەموو کوردی فەیلی شیعە لە کورد دەکات!!
ئەگەر باسی ناکۆکیەکان بکەین دەبێت لە ناکۆکە عەقایدیەکانەوە دەست پێبکەین کە هەموو بەندەکانی عەقیدە دەگرێتەوە لە خواوە، لە ڕێگادا قورئان و حەدیس ومەهدی وعەدالەتی سەحابە وتادەگاتە بچوکترین بەندیدا.
بۆ نموونە ئەگەر لە خواوە دەست پێبکەین شیعە حاڵەتی بەداء [البداء] بۆ خوا بڕیار دەدەن کە بەمانای بە [هەڵەداچوون وپەشیمان بوونەوە پاش ئەوەی بۆی دەردەکەوێت] کە ئەوەی بڕیاری دابوو لەسەری وانەبوو. وەک نموونە دەردەکەوێت کە عەقیدەی ئیمامەتی دوازدە ئیمامی هەتا پاش مەرگی حەسەن العسکری دانەمەزرابوو، شیعەکان دوای هەر یەکێك دەکەوتن لە ناودارانی ئەهل البیت بەبێ ئەوەی لیستێکی دوازدە کەسیان هەبێت، بۆیە لە پاش مردنی العسکری بۆ چەندەها گروپ دابەش بوون و دیارترینیان ئیسماعیلیەکان و ئیمامیەکان بوون کە لە دواییدا دەبنە دوازدە ئیمامیەکان.
وشەی [البداء] بەمانای بۆ بەدیارکەوتن لە پاش شاردنەوەی لێت لە قرئاندا تەنها بۆ حالەتێک دا هاتوە کە بەسەر ئادەمیزادان جێبەجێ دەبێت وەك: [ولو أن للذين ظلموا ما في الأرض جميعا ومثله معه لافتدوا به من سوء العذاب يوم القيامة وبدا لهم من الله ما لم يكونوا يحتسبون( 47 )] الزمر [خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی که‌سته‌میان کردووه‌، خاوه‌نی هه‌ر هه‌موو زه‌وی بن، ئه‌وه‌نده‌ی تریشی له‌گه‌ڵ بێت، ئه‌وه له ڕۆژی قیامه‌تدا هه‌ر هه‌مووی ده‌که‌نه قوربانی خۆیان و هه‌مووی ده‌به‌خشن له پێناوی ڕزگاریی خۆیاندا کاتێک که ده‌بینن سزاو ئازاری دۆزه‌خ زۆرسه‌خته و له‌لایه‌ن خواوه سزاو ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی وایان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که هه‌رگیز به ته‌مای نه‌بوون.]
یان دروست بوونی ڕایەکی نوێ وەك : [ثم بدا لهم بعد ما رأوا الایات لیسجننه حتی حین] یوسف [پاشان، له دوای ئه‌وه‌ی که به‌ڵگه‌ی زۆریان بینی له‌سه‌ر یوسف، بۆیان ده‌رکه‌وت و وایان به چاك زانی تا ماوه‌یه‌ك هه‌ر به‌ندی بکه‌ن.]
بە هەردوو ماناکەشی بەمانای نەزانی بەرایی دێت واتە بەر لە بەدیارکەوتن ودروست بوونی ڕای نوێ نەزانی هەبوو.
شیعە نەك بەشەرمەوە باسی ئەو بیدائە ناکەن ، بەڵکو وەک هەر توخمێکی گرنگی تری عەقایدەکانیان سەیری دەکەن و گەورەترین پاداشتی ئەفسانەییان بۆ داتاشیوە وەك ئەو حەدیسەی "أصول الكافي" : (عن زرارة بن أعين عن أحدهما عليهما السلام قال: ما عبد الله بشيء مثل البداء، وفي رواية ابن أبي عمير عن هشام ابن سالم عن أبي عبدالله عليه السلام: ما عظم الله بمثل البداء).[خودا بەهیچ نەپەرستراوە گەورەتر لە البداء، خوا بە هیچ تەعظیم و مەزن نەکراوە وەك البداء]
ئەوە لەکاتێکدا خودا لو قورئاندا لە وەسفی خۆیدا دەڵێت: (وعنده مفاتح الغيب لا يعلمها إلا هو ويعلم ما في البر والبحر وما تسقط من ورقة إلا يعلمها ولا حبة في ظلمات الأرض ولا رطب ولا يابس إلا في كتاب مبين) [کلیلی هه‌موو شاراوه‌کان و زانینی هه‌موو نهێنیه‌کان به‌ده‌ست خوایه و هه‌ر لای ئه‌وه‌، که‌س نایانزانێت جگه له‌و زاته هه‌رچی له‌سه‌ر وشکانیه (له گیاندارو بێ گیان و گیاو دارو زینده‌وه‌رانی وردو درشت له‌سه‌ر زه‌وی و له توێی خاکدا) خوا پێی ده‌زانێت، هه‌روه‌ها هه‌رچی له ده‌ریاکانیشدا هه‌یه (له زینده‌وه‌ری هه‌مه‌جۆرو ماسی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌) ئاگای لێیه‌تی و هیچ گه‌ڵایه‌ک ناکه‌وێته خواره‌وه خوا پێی نه‌زانێت، هه‌روه‌ها ده‌نکێک یان تۆوێک له تاریکایه‌کانی زه‌ویدا نیه‌، ئه‌و ده‌نکه چ شێدار بێت یان وشک بێت، هیچ شتێک نیه له خوا په‌نهان بێت و له (لوح المحفوظ) دا، یاخود له دۆسیه و ده‌زگای تایبه‌تیدا تۆمار نه‌کرابێت.]
ئەوە گەورەترین جیا کەرەوەی عەقایدیە کە دەرهەق بە زاتی خودا دێتە پێشەوە لە نێوان سونە و شیعە دا...
دووەم قورئان، سەدەها ڕیوایەتی شیعی جەخت لەسەر دەستێوەردانی قورئان دەکەنەوە حەز ناکەم بیانهێنمەوە چونکە زۆر لەوە بێ ئەرزشترن کە گرنگیان پێ بدرێت، هەتا خودی شیعە ئاساییەکان شەرمەزاری دەیانگرێت کە پێیان دەوترێ، بەڵام لە ڕاست زاناکانیان بێدەنگی دەنوێنن.
ئەو قورئانەی بەردەستیشمان بە تەواوی شێوێندراوە بە تەفسیری پەنهانی ودوور لە واقیعەوە...بەڵکو دیاردەی گرنگی نەدان بە قورئان هەتا لە حەوزە عیلمیەکانی شیعەش باوە بە دان پێدانانی خودی رەهبەر خامینەئی...
کەوابوو لەسەر قورئانیش ڕێک ناکەون لەبەر جێگرتنەوەی تەفسیرەکانی قورئان یان ریوایەتی وا کە باسی قورئانی تر دەکەن وەک [مصحف فاطمة] کە لە موعتەبەرترین کتێبی حەدیسی شیعی باسی کراوە.
لەسەر هاوەڵانی پێغەمبەر بەپێی ڕیوایەتی شیعی هەموویان هەڵگەڕاونەتەوە لەپاش کۆچی دوایی پێغەمبەر تەنها سێ یان حەوت کەس نەبێت لەوپەڕی!!
بەنسبەت کەعبەوەش، گومانم نییە کە کەربەلا لای شیعە لەو کەعبەیە پیرۆزترە کە لە ژێر دەستی وەهابیەکاندایە!!
ئەوە باسی مەهدی مونتەزیر هەر مەکە، لای سونەکان پیاوێکە لە نەسلی پێغەمبەرە وبە ئاسایی لە دایک دەبێت وحوکمی قورئان وئیسلام دەگەڕێنێتەوە جیهان پڕدەکات لە داد وعەدل پاش ئەوەی پڕاوپڕ دەبێت لە جەور وستەم، کەچی مەهدی یەکەی شیعە ئەوە زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە لە ئەشکەوتەکەی یان چاڵەکەی سامەرا چاوەڕی دەکات وکوڕی حەسەن العسکری یە وبەڵام دایکی ناوی نەرجسە لە نەوەی [شمعون الصفا] یە کە حەواریەکی حەزرەتی مەسیح بوو وکچی قەیسەری ڕۆم بوو لە سەردەمی حەسەن العسکری دا، ئینجا بەشی هەرە گەورەی گەڕانەوەکەی تەرخان دەکات بۆ رق وقینە وتۆلە سەندنەوە لە هاوەڵانی پێغەمبەر [د.خ] کە گوایە هەقی ئیلاهی عەلی یان خواردوە لە بوونە خەلیفە وئیمامی موسڵمانان!! یەکەم کەسانێکیش کە لە قەبر دەریان دەهێنێت حەزرەتی ئەبوبەکر وعومەر ودایکی موسڵمانان عائیشەیە، کە لە سێدارەیان دەدات بە مردوویی!!
لای سونەکان مەهدی نە بەشێکە لە عەقیدە نە ئەو گرنگیەی هەیە وکەسیش بە شەو ورۆژ چاوەڕێی ناکات دەرکەوێت وهیچ کارێکیانیش نەوەستاندوە تا دێت وەک نوێژی هەینی وجیهاد وهەر کارێکی تر، کەچی مەهدی یەکەی شیعە بەشێکی هەرە گرنگی عەقیدەیە شەو رۆژ دوعای [عجل الله فرجه] واتە خوا هەرچی زوو ە ئازادی بکات، بۆ دەکەن
بێگومان خاڵی جیاوازی تریش هەیە بەڵام بەوەندە بەس دەکەین چونکە سەروزیادن کە بیسەلمێنن جیاوازی نێوان شیعە وسونە وەک جیاوازی نێوان دوو ئایینە نەک دوو مەزهەب...
هەر لەپاش سەرکەوتنی شٶڕشی ئیسلامی شیعی ئێرانیش ئەو دەوڵەتە زۆر دڵسۆزانە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوە ودەعوت کردن بۆ مەزهەبە وهەموو سەروەت وسامانی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەی خستۆتە ڕاژەی شیعەگەرایەتی، هەر دوێنی حسن نصر الله گوتی:"ئێمە سوپاس بۆ خوا پێویستیمان بە بازرگانی کردن نییە بە مادە هۆشبەرەکان، پارەی ئێرانمان وای کردوە حەوجەی ئەو کارانە نەبین"
لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەدا تاڕادەیەک دەولەتی عەرەبی سعودی وەستاوەتەوە و بەربەرەکانێی دەعوەی شیعەگەرایەتی کردوە بە دەعوەی سەلەفیەت کە دەڵێی تەنها دامەزراوە بۆ بەربەرەکانیکردنی شیعەگەرایەتی...
ماویەتی



[1]  السنة والشيعة.. وحـــدة الــــدين، خلاف التاريخ والسياسة. أحمد الكاتب/لندن