الاثنين، 9 مارس 2015

ئیسلام وەك ئاینێکی جەنگاوەر 4

ئیسلام وەك ئاینێکی جەنگاوەر
محەمەد هەریری

بەشی جوارەم
ئایە دەبێت لە کاتێکدا جیهان هەمووی باسی پێکەوەژیانی و خۆشەویستی بکات و ئیدانەی شەڕە ئاینیە کۆنەکانی بکات، وەك مە سیحیەکان وپاپاش کردویانە، ئێمە لە فورسەت بین بۆ زیندووکردنەوەی شەڕی ئیسلام وکافران؟! دنیا هەمووی باسی ئازادی مرۆڤ و تەقدیسی کەرامەتی مرۆڤ بکات، ئێمەش باسی سیستمی بەندایەتی بکەین ولەو سەردەمە مرۆڤ بکەینە کۆیلە وکەنیزەك؟! دنیا هەمووی باسی یەکسانی ژن وپیاو بکات، ئێمەش، هەر بە نیوە بەشەر بڕوانینە ئافرەت، بە دەیان پاکانەی لاواز؟! لە بەرامبەر ئەو ڕاستیانەی کە لە بەشەکانی پێشوو باسمان کردن، بۆ ڕزگاربوون لەو جەوە جەنگاوەریە و ئاکامەکانی، و ئاسایی کردنەوەی ناخ و ڕووحی دینداری موسڵمانان بە گشتی و گێڕانەوەی ڕەهەندی ڕووحی دینداری و ئاشتیخوازانەی دین، و لە پێناو ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودی خۆمان و جیهاندا، وبۆ ئەوە قبوڵ بکرێین لە جیهاندا، و تا نەڕوانینە هەموو جیهان بە چاوی دار الحرب و، ئەوانیش وەك کەسانێکی دوژمنکار و خۆ مەڵاسدەر بۆیان تیمان نەڕوانن، موسڵمانان چەند بژاردەیەکیان لە پێشە، کە بەبێ ئەو چارەسەرانە جیهانی ئیسلام هەردەم لە بازنەی توندوتیژی دەخولیتەوە و قەت ڕزگاری نابێت، و ئاکامەکەشی ئەگەر وابروات دەبیتە هۆی کارەسات وموسیبەتی گەورە بۆ سەر جیهانی ئیسلامی، چارەسەرەکانیش بە ڕای مندا ئەوانەن: - بە مەرحەلی ڕوانینە بەشێك لە دەقەکان بەڕای من جیهاد بە چەمکە جەنگاوەریەکەی چەندە زیانی بۆ [دوژمنانی ئیسلام] هەبووە، هێندەش زیانی بۆ موسڵمانان هەبوە. ئەگەر لە سەرەتادا سوودیشی بو بێت وەك ئەحکامێکی مەرحەلی بۆ پاراستن و جیگیربوونی ئیسلام، کە هەشی بوە، چونکە کە دەڕوانینە ئایەتەکان دەبینین هەموویان پەیوەستن بە کات و هەلومەرجی شەڕەکانی ئەو قۆناغە، کە قۆناغی دامەزراندن بوو بۆ ئیسلام، نەهاتووە بۆ ئەوەی ئومەتی ئیسلام شەو وڕۆژ لە جیهاد وشەڕ و کوشتن و مەرگ دابێت وەك دەڵێن تا دەمارێك لەلاشەمان ترپە بکات. نەك هەر دەقەکانی جەنگ وجیهاد، بەڵکو دەبیت هەموو ئەنجامەکانیشی وەك بە کۆیلە کردنی ئادەمیزاد، و کڕین وفرۆشتن پیکردنی وهەموو ئەو کارانەی کە دەبیتە هۆی شکاندنی شکۆی ئادەمیزاد بە دەقگەلێکی مەرحەلی و تایبەت بە کاتی خۆی سەیر بکرێت. هەر ئەو ڕوحیەتە جەنگاوەریشە کە تەواوی مێژووی ئیسلامی خوێناوی کردوە و تاپۆی کردوە لەسەر جەنەراڵەکانی عەسکەر، و ڕیگای بە مەدەنی بوونی لە گەلانی موسڵماندا گرتوە. - خوێندنەوەی ئایەتەکان لە سیاقی گشتی خۆیدا بۆ نمونە سەیرکە ئەو دوو ئایەتەی سورەتی البقرة: واقتلوهم حيث ثقفتموهم..... وقاتلوهم حتى لا تكون فتنة ويكون الدين لله بڕوانە کاتێ فەقیهە کۆن و نوێکان تەنها بەشێك لەو ئایەتانە دەردەهێنێت بۆ نمونە پێ هێنانەوە، تۆ وەدەزانیت وەك ابن القیم و سید قطب دەڵێن: ئەوە جاڕدانی شەڕی سەرتاسەری ئیسلامە دژی هەموو کوفری جیهان، وئیسلام پڕۆژەیەکی جەنگاوەری نەبڕاوەیە! بەڵام کە دەچیتەوە سەر کۆی ئایەت وچیرۆکەکە دەبینیت وانیە، وئەو دوو پارچە ئایەتە لە کۆنتێکستی خودی ئایەتەکە و کۆی چوارجێوەی ئایەتەکانیتردا دەرهێنراوە تا مانایەکی جیا لە مانای خۆی بداتە بە دەستەوە! دەبوایە ئەو هەڵەیە ئەگەر لەسەر ابن القیم و زانایانی تری کۆنیش تێپەڕبوایە، نابا بەسەر ئەدیبێکی بلیمەتی گەورەی وەك سید قطب تێپەڕبوایە، خاوەنی التصویر الفني في القرآن و في ظلال و افراح الروح، چونکە دەبوایە وەك ئەدیبێکی هەستیار بیزانیبایە دەرهێنانی بەشیك لە دەق لە کۆی دەقەکان وبەبێ ڕەچاوکردنی پاش وپێشی و چوارچێوە مەعنەویەکەی چیرۆکەکە، چەند دەقەکە دەشێوێنێت. بۆ نمونە: واقتلوهم حيث ثقفتموهم، [لە هەرکێ پێیان گەیشتن بیانکوژن] لە پێشیدا [وقاتلوا في سبيل الله الذين يقاتلونكم ولا تعتدوا ان الله لا يحب المعتدين][ ( 190 ) بجه‌نگن له پێناوی ڕێگای خوادا دژی ئه‌وانه‌ی كه دژتان ده‌جه‌نگن، نه‌كه‌ن ده‌ستدرێژی بكه‌ن چونكه به‌ڕاستی خوا ده‌ستدرێژكه‌رانی خۆش ناوێت.] کەوابوو هەردوو سەری ئایەتەکان دەیسەلمێنێت کوشتاری بێباوەڕان بەندە بە دەستدرێژی ئەوان. هەروەها لە [وقاتلوهم حتى لا تكون فتنة ويكون الدين لله] ( 193 ) (بجه‌نگن دژیان تا وه‌كو فیتنە و ئاشوب و ناخۆشی نه‌مێنێت، هه‌روه‌ها تا دین و ئاین هه‌ر بۆ خوای گه‌وره بێت] هەر لە تەواوکەری ئایەتەکە دەڵێت: فان انتهوا فلا عدوان الا على الظالمين [ خۆ ئه‌گه‌ر كۆڵیانداو وازیان هێنا، ئه‌وا هیچ جۆره دژایه‌تیه‌كیان نامێنێت ته‌نها دژ به سته‌مكاره‌كانیان نه‌بێت.] دین بۆ خوا بوون، وای بۆ دەچم، هەر کەسەی کە عیبادەت دەکات بۆ خوایەتی، وخودا لە ڕۆژی دواییدا پێمان دەڵێت، عیبادەت ودینی کام خەڵك بە ڕاستی بۆ خوابووە! وەك ئەو دروشمەباوەی نێوەندە عەرەبیەکان، کە دەڵێن: [الدین لله و الوطن للجمیع] دین بۆ خوایە و نیشتیمان بۆ هەموانە. لە پێشی ئەو بەشە ئایەتەش دەڵێت: [فان انتهوا فان الله غفور رحيم ] ئەگەر وازیان هێنا، خودا بەخشندە ولێبوردەیە . کەوابوو ئایەتەکان سەرەڕای ئەوەی پابەندە بەو قۆناغە و وەڵامدانەوەی پێویستی ومەترسیەکانی ئەو کاتەیە، هەتا لە حاڵەتی باوەڕ نەبوونت بە مەرحەلی بوونی ئایەتەکەش، ئەو چەمك و ڕەهەندە ترسناکەی کە لە ئەبەدیکردنی جیهادی موتڵەق و ڕەها کردنی شەڕ وشۆڕ بە دەستەوە نادات هەرگیز! ناکرێت تۆ ئیسلام وێنا بکەیت وەك دینێکی جەنگاوەری بەردەوام هەردەم لە بۆسەدا ولە شەڕدا و لە هێرش کردنە سەر هەموو جیهاندا بێت، پێویستە ئەو ئایەتانە وەك چەندین ئایەتی تری مەرحەڵی کە ئێستا پەیوەندیان بە واقیعدا نەماوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. - پێشخستنی بەرژەوەندی [المصلحة] بەسەر هەموو بەڵگەکانیتری تەشریع ئەوە چارەسەری (نجم الدين الطوفي) یە کە لە فەقیهە گەورەکانی سەدەی حەوتەمی کۆچیە، وخۆی حەنبەلی بوو، بەڵام تێڕوانینی هێندە کراوە و پیشکەوتوخواز بوو دەتوانین بڵێین کە بە دەیەها سەدە پیش کات وسەردەمی خۆی کەوتبوەوە، هەر بۆیەش لەبەر بیرۆکەکە بوێرەکەی لەمەر مەسڵەحەت و پێشخستنی بەسەر هەموو بەڵگەکانی شەرع دووچاری کێشەی زۆر هات، وەک عادەتی سەلەفیەت تاوانبار کرا بە شیعەبوون، وبەبێ دینی وهەزاران تۆمەتی بێ بنەمای تر. قسەکرن لەسەر نەجمەدین تۆفی چەندین وتاری پێویستە، بە نیازم لەو زووانە بابەتێی تێروتەسەلی لەسەر بنوسم، بەکورتیەکەی تیۆری تۆفی لە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی دەڵێت: تۆفی لە وەوە دەست پێدەکات کە شەریعەت هاتووە بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی موکەلەفەکان وەك هەموو فوقەهاکان دەڵێن. بەڵگەشی بۆ ئەوە زۆرە، بەڵام تەرکیز دەکات لەسەر حەدیسی [لا ضرر ولا ضرار] ودەڵێت ویستی خوا ئەوەیە کە زیان بە ڕەهایی دووربخاتەوە لە مرۆڤ بەبێ هیچ شەرت وقەیدێك، بۆ ئەوەی بەرژەوەندی مرۆڤەکان زامن بکات، جا چونکە مەبەست و ئامانجی باڵای شەرع بەرژەوەندییە، کەوابوو بەرژەوەندی شای بەڵگەکانە و بەڵگەی بەڵگەکانە، ناکرێت هیچ بەڵگەیەکیتر پێشی کەوێت. کەوابوو بەرژەوەندی بەهێزترین بەلگەیە و سەربەخۆیە بە خودی خۆی، بە پێچەوانەی فەقیهەکانی پێشوو کە دەیانگووت: [بەرژەوەندی تەنها لە نێو قورئان وسونە دایە]، تۆفی گووتی نەخێر بەرژەوەندی بەڵگەی هەرەبەرزە وسەربەخۆیە [قائم بذاته]. تۆفی گووتی بەرژەوەندی لە هەر نۆزدە دەلیلەکانی شەرع ، کە یەک یەك دەیانژمێرێت، [قورئان و سونە و ئیجماع و قیاس و قسەی سەحابە، و الاستصحاب، المصالح المرسلة، هتد.. دەڵیت ئەو دەلیلانە جیاوازی وناکۆکی تیدایە، بەڵام بەرژەوەندی هیچ ناکۆکی لەسەر نیە با دەستی پیوە بگرین، ئینجا دەڵێت بە هیزترین بەڵگەکانی شەرع النص و الاجماع ە، واتە قورئان وسونە و ئیجماعە، دەکرێت ئەو دوو بەڵگەیە پێچەوانە بکات لەگەڵ بەرژەوەندی، لە حالەتی پێچەوانەکردندا، پیویستە بەرژەوەندی پێشبخرێت بەسەر دەق و کۆدەنگی [النص و الاجماع] کەوابوو بەرژەوەندی بە پێش هەر دەقێك دەخات هەر جۆرێك بیت قورئان بێت، یان سوونە بیت، زەنی بێت، یان قەتعی وهتد... بەڕای من تۆفی دەبوایە لە ئاستی ئیبن خەلدوون و ئیبن سینا و ئیبن روشد و ئەبو حامیدی غەزالی ناوی هاتبا ، نەك وا نەناسراو بیت، کە پێموایە بەشێک لە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جەنگەی کە لە دژی بەرپا کرا پاش گوزارش کردن لەو ئیجتیهادە بوێر وبی وێنەیەی کە نە لە پێش ئەو ونە لە پاشی ئەو فەقیهێك جورئەتی وتنی شتێکی وای کردووە. پاش ئەوەی موسڵمانان لە هەموو جیهان بەدناو بوون بەدەست ئەو جیهادیانەی کە خەریکە دەبنە هۆی لەناوبردنی موسلمانان، کە سەرەڕای لاوازیشیان و دواکەوتوویشیان بە ڕاشکاوی دەلین ئیمە فەرمانمان پێکراوە کە بە ڕەهایی شەڕ لەگەڵ هەموو گێتی بکەین تا دەڵێن اشهد ان لا اله الا الله، و اشهد ان محمدا رسول الله، دەنا خوێنیان حەڵالە بۆمان! بەرژەوەندی وادەخوازێت ئیسلام ڕزگار بکریت لەو ڕوحیەتە جەنگاوەرەی کە بەڕای من سەپێندراوە بەسەری، لە ئەسڵدا خۆی تەنها بۆ قۆناغی دامەزراندن تەشریع کراوە بۆ پاراستنی ئیسلام، پاش بڵاوبوونەوەی لە سەدان دەوڵەت و لە نێوان زیاتر لە ملیارێك و دوو سەد ملیۆن کەس، ئیسلام هیچ کاری بە جیهاد و شەڕ نەماوە کە سیمای ڕووحی دینەکەی شێواندوە خەریکە لە جیهاندا وەك ڕێکخراوێکی مافیاویی تیرۆرستی فاشی سەیری دەکریت کە هەموو مەرجەکانی فاشیزمیەتی بە زیادەوە تێدا دەست بەر دەبێت!
١٨/٢/٢٠١٥

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق