الاثنين، 9 مارس 2015

شێخ مستەفا زەڵمی و چەند سەرنجێك!

شێخ مستەفا زەڵمی و چەند سەرنجێك!
محەمەد هەریری

من دانی پێدا دەنێم کە کەسایەتی شێخ مستەفا زەڵمی باش ناناسم، شتێکی زۆر کەمیشم لەسەری خوێندۆتەوە، هەرچەندە تێکرای کارەکانیم لەسەر ئینتەرنێت دۆزیەوە کە لەسەر ئەرکی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چاپ کراوە، کە ئەوە بەڕای من یەکێکە لە کارە هەرە بە سوود و جوانەکانیی ئەو بەڕێزە [هەرچەندە بەبێ دەستنوێژیشم، داوای لێبوردن لە جلال پەرێشان دەکەم]!!. بەڵام لە تێکرای چاو خشاندن بە ناوەرۆکی بابەتەکانی دەردەکەوێت کە کەسێکی ریفۆرمخواز و موجتەهیدیکی گەورەیە لە بواری فیکری دینیدا. گرنگترین ئەو بابەتانەی کە وروژاندیەتی مەسەلەی کۆتایی هێنانە بە کۆیلایەتی و نەك تەشریع کردنی، و هەروەها مەسەلەی هەڵگەڕانەوە و نەبوونی نەسخ لە قورئاندا، و لە هەمووشی گرنگتر مەسەلە گرنگەکانی ئافرەت لە شەریعەتدا کە بەڕاستی تەنها بایەخ دانی بەو بوارە خۆیلە خۆیدا جیاوازی عەقڵیەتی موجتەهیدی کوردی دەسەلمینێت، کە چەندە ئافرەت و باسەکانی گرنگن وجێی بایەخن، لە بەراورد بە عەقڵیەتی فەقیهی عەرەبی کە کەمتر بە ڕوحیەتێکی ریفۆرخوازیەوە دەڕواننە ئەو باسە گرنگانەی ئافرەت هەتا ئەگەر دەیان موجەلەداتی لەسەر بنوسێت!
ئەوەی من سەرنجم دا لەو چاوپێکەوتنەی دکتۆر شێخ مستەفا زەڵمی لە ڕووداودا ئەوەیە کە لەوە دەچێت زیاتر بتوانێت گوزارش لە خۆی بات لە ساتی نووسیندا، نەك لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا، چونکە ئەو بیروڕایانەی دەریدەبڕین دەربارەی ئافرەت زۆر دوور بوون لەو ڕوحیەتەی کە ئەو پێی ناسراوە، بۆ نمونە ئەویش دەیگووت نابێت ئافرەت بەبێ مەحرەم سەفەر بکات، کە ئەوە لە سعودیە یاسایە و زۆر بەشێوەیەکی گوماناوی مامەڵە لەگەڵ سەفەرکردنی ئافرەت دەکەن و وەك منداڵێك لێی دەروانن کە ناتوانێت خۆی بپارێزێت و وەك شێخ مستەفا زەڵمی یش گووتی: ئافرەت غەریزەی زاڵە بەسەر عەقڵی بۆیە نابێت بە تەنیا وبێ مەحرەم سەفەر بکات! بەڕای من هەتا ئەو حەدیسانەی کە هاتوە دەربارەی سەفەرنەکردنی ئافرەت بەبێ مەحرەم، زیاتر جەخت لەسەر پاراستنی ئافرەتەکە دەکات لە بەدکاران، نەك ڕێگا لە ئافرەتەکە بگرێت لە غەریزەی زاڵی بەدکاری بەسەر عەقڵیدا!
ئەوەش ئەو حەدیسانەیە کە لەو بارەیەوە هاتووە، کە گرنگترینیان دەڵێن: قول النبي صلى الله عليه وسلم: "لا تسافر المرأة إلا مع ذي محرم, ولا يدخل عليها رجل إِلا ومعها محرم، ....ا" (البخاري 1763). [ئافرەت سەفەر ناکات بەبێ مەحرەم، پیاویش ناچیتە لای ئەگەر مەحرەمێکی لا نەبوو...] عن أبي هريرة عن النبي صلى الله عليه وسلم قال: "لا يحل لامرأة تؤمن بالله واليوم الآخر أن تسافر مسيرة يوم إلا مع ذي محرم"(البخاري 1038، مسلم 1339). [ حەلال نیە بۆ ئافرەتێك کە ئیمانی بە خوا و ڕۆژی دوایی بێت، سەفەر بکات ڕۆژەڕێیەک تەنها بە مەحرەمەوە بێت] ئەو حەدیسانە بۆ کاتی خۆی گرنگ بوو لەبەر ئەو ڕێگاوبانە پڕ مەترسیەی کە بۆ پیاویش زۆر ترسناك بوو، دەگێڕنەوە بەر لە سەد ساڵ ئەو پیاوەی کە بۆ حەج دەچوو، بەتەمای خۆی نەبوو بەسەلامەتی بگەڕێتەوە، چ جای ئافرەت لەو بیابان وچۆڵەوانیە، بەڵام ئەمڕۆ وەزعەکە زۆڕ گۆڕاوە، ڕێگاوبانەکان زۆر ئەمینن، و ئافرەت بۆی هەیە بە فڕۆکە بە چوار پێنج سەعات لە سعودیەوە سەفەر بکات بۆ بەریتانیا، کە ناکاتە یەک لە پێنجی ڕۆژەڕێیەك! ئهەروەها شێخ مستەفا زەڵمی لە باسی تێکەڵاوی و ئیختیڵاتیشدا بە هەمان عەقڵیەتی سەلەفی تەحریمی تێکەڵاوبوونی بە ڕەهایی دەکرد لە نێوان کور وکچ دا لە پاش بالق بوون! یانی هەر لە پاش قۆناغی سەرەتایی خوێندن!
نازانم دەبێت جیاوازیمان چی بێت لەگەڵ عەقڵیەتی سەلەفگەرای سعودیە وخەلیج کە بە هەمان پیوەری ئەوان مامەڵە لەگەڵ تەحریم و تەحلیلی مەسەلە پەیوەستەکانی بە ئافرەت بکەین، و لە هەموویش ناخۆشتر وەك ئەوانیش ئافرەت بە لاواز و مەخلوقێکی شەهوانی غەریزە زاڵ بەسەر عەقڵیدا بکەین، وبە کورتی وەك منداڵێکی زل سەیری بکەین؟!
من دڵنیام شێخ مستەفا زەڵمی لە کتێبەکانیدا زۆر گەورەترە لە بیروڕاکانی لەو چاوپێکەوتنەدا، چونکە مەرج نیە من لە نووسین باش بووم، لە وتاردانیش یان چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی یان لە سیمناریش باش بم، هیوای تەندروستی وتەمەن درێژی بۆ شێخ مستەفا زەڵمی دەخوازم.
٢٣/١/٢٠١٥

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق