الأربعاء، 11 مارس 2015

دەربارەی خەتەنەکردنی مێینە

دەربارەی خەتەنەکردنی مێینە
محەمەد هەریری

دڵخۆشم بەو ڕێکلامە هوشیارکەرەوەی کە دەیکەن لە دژی خەتەنەکردنی ئافرەتان لە تەلەفزیۆنە کوردیەکان. من دەقی ئەو قسانەم گوتوە چەندین ساڵ پێش ئەو ڕێکلامە،  ئەوە نمونەی  وتارێکی ساڵی ٢٠١١ یەدەربارەی خەتەنەکردنی مێینە.
خەتەنەکردنی مێینەش کە هەندێك مەلای کوردستان شەری مان و نەمانی لەسەر دەکەن، ئەوە لە قورئاندا هەر باسیشی لێنەکراوە، و لە حەدیسیشدا ئەوەی هاتوە ئاراستەی دەمی لە نێرە، جگە لە چەندین حەدیسی لاوازداو لە سیرەشدا یەک بەلگە نییە کە پێغەمبەر  هیچ یەکێک لە کچەکانی خەتەنە کردبێت، ئەوەشی دەڵێت پێغەمبەر لە روی نەهاتوە باسی بکات وەک چۆن بەرچاوم کەوتوە، ئەوە ئەو سەختگیرە نە لە ئیسلام و نە لە پێغەمبەر باش تینەگەیشتوە تاوانیش دانە پال پێغەمبەرە بە نەگەیاندنی هەموو پەیامەکەی. لەوەش سەیرتر خەتەنەکردنی مێینە لە مەنزلگای وەحیشدا (دورگەی عەرەب و سعودیەش) بوونی نییە ئەو وڵاتەی کە فقهاکان (عمل اهل المدینه‌ (کاری خەلکی مەدینە بە سەرچاوەیەکی شەریعەت دادەنێن. ماقولە ئەو هەموو هەقیقەتە پشتگوێ بخەین هەر لەبەر خاتری قەولیێک لە کتێبێکی مەزهەبێدا و هەموو ئافرەتانمان لە پێناویدا سەقەت بکەین؟! نەخێر ئەوە ناکەین، با ئەو قەولە نەک هی شوێن کەوتەکانی شافیعی با هی خودی شافیعیش بێت؟!
بێگومان خەتەنەکردنی مێینە چەند جۆرێکی هەیە هەرە باشەکەی سەقەتکردنی جەستەی مێینەیە (Female genital Mutilation) بە مانای وشە و دەتوانین سەدان زیانی خەتەنەکردنی مێینە بژمێرین هەتا شێخ یوسفی قەرەزاوی لە سالی ٢٠٠٩ فەتوایەکی دەرکرد بە پشت بەستن بە ئەنجام گەلێکی چەندین توێژینەوەی زانستی کە کەسانی متمانەدار پێی هەستا بوون کەوا خەتەنەکردنی مێینە نە فەرزێکە تا جێبەجێ بکرێت و سەرباری زیان بەخشیشە بە ئێستا و دوارۆژی ئافرەتان، شێخ قەرەزاوی لە فەتواکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سکاڵا و دادی ئافرەتانی خەتەنەکراو زۆر بوە ،دەناڵێنن بە کاریگەری نێگەتیڤی ئەو خەتەنەکردنە بەسەر ژیانی هاوسەریان بۆیە شێخ یوسفی قەرەزاوی دەگاتە ئەو دەرەنجامەی: " بۆیە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ ئەوانەی دەڵێن هیچ پاکانەیەک لە گۆڕێدا نییە تا بەردەوام بین لەو عادەتە (واتە خەتەنەکردنی مێینە) لە ئیسلامیشدا هیچ بەلگەیەکمان نییە نە لە قورئان و نە لە سونە و نە لە ئیجماع و نە لە قیاس ونە لە مەسلەحەت کە وامان لێبکات دەستبگرین بەو عادەتەوە، بە پێجەوانەوە هەموو بەلگە شەرعی و واقیعیەکان هانمان دەدات ئەو عادەتە (واتە خەتەنەکردنی مێینە) قەدەغە بکەین، بۆیە من فەتوا دەدەم بە قەدەغە کردنی ئەو عادەتە لە پیناو سەلامەتی ژن و کچانی موسڵمان و مندالی موسلمان و پاراستنیان لە هەر زیانیک."

کەوا بوو قەدەغە کردنەکە لەلایەن گەورەترین فەقیهی هاوچەرخدا هاتوە نەک لە کۆنگرەی جولەکەکان لە پەکین وەک مەلا توندرەوەکانی هەولێر وکوردستان لە هەندێك لە وتارە ئاگرینەکانیان  ئاماژەی پێدەکەن.

خۆزگە خەلکی کوردستان و بە تایبەتی شارەکەشم هەولێر دینداریەکی هوشیارانەتریان کردبا نەک هەر رۆژەی مەلایەک فریویاندا. لەسەر شانی ئەوان گەورەبن و ناودار بن و دوایش دەنگی پێ بدەن تا بچێتە پەرلەمان ولەوێش ببیتە بتێکی بێ دەنگی مەعاش خۆر! زۆر نەنگیییشە بۆ هەرکەسەی ئەلف وبێی فەرهەنگی هەبێت چەپڵە بۆ کەسانێکی وا دژە مێینە وئافرەت و دژە ئازادی لێبدات، یان فریو بخوات بە قسەکانی سەر منبەریان، چونکە کاتێ مینبەر جێ دەهێڵن ئیتر لە پەرلەمان هیچیان پی نیە بیڵێن، چونکە ئەوێ مزگەوت نییە بە کەیفی خۆیان قسە بکەن وخەڵکیش ناچار بێت گوێیان بۆ ڕاگرێت. ئەو وتارە توندەی زۆر لە مەلایان پەیڕەوی دەکەن لە دژی ئافرەتان لە کافر کردنیان لەسەر حیجاب و لە هاندانی باوک ومێرد وبرایان بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژیان، بەڕای من خیانەتەتێکە بە خودی ئیسلام و نیوەی میللەتی کوردی دەکەن، شێخ محمد الغزالی دەلێت ئەوەی ژن دەچەوسێنێتەوە بە ناوی دین خیانەتکارە بە ئیسلام و بە دین!

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق