الاثنين، 9 مارس 2015

جاشی بەعس، جاشی داعش کامیان ترسناکترە؟!

جاشی بەعس، جاشی داعش کامیان ترسناکترە؟!
محەمەد هەریری

جاشەکانی بەعس هێندە زۆربوون، خەریك بوو ماڵێك نەمێنێت جاشێکی تێدا نەبێت، ئەوەش لەبەر ئەو هەموو فشارە گەورەیە ئەمنی و سیاسی و یاسایی و ئابووریەی، کە دەسەڵاتی بەعس خستبویەتە سەر خەڵك لە لایەك، لە لایەکی تر ئەو هەموو تاوگیری و ئیغرا مادیەی کە هەڵی دەڕشت بۆ کاری سیخوڕی وخیانەت، کە هەڵبەتە کەسانێکی نەفس نزمیان فریو خواردوو دەکرد.

کەوابوو جاشەکانی کۆنی بەعس، سەرەڕای قێزەونیان و خۆفرۆشیان، بەڵام ٩٠% ناتوانین بڵێین بە باوەڕەوە جاشی بەعس بوبن، ویان لە دژایەتی کورد و میللەتی خۆیان وایان کردبێت. خەڵکێکی زۆر لە ترسی چوونە سەربازی دەبوونە جاش، وهەتا مووچەشیان وەرنەدەگرت تەنها وازیان لێ بێنن و ناسنامەیەکی لە گیرفان بێت تا حوکمەت نەیگرێت. بەشێکی تر لەبەر هەڵوێسی سەرۆك عەشیرەتەکەی بە ناچاری دەبووە جاش، هەبوو لەترسی دوژمنداری، وهەبوو لە دژی ناحەزانی کە ببوونە جاش و تا دەستدرێژی نەکەنە سەری ئەویش دەبوە جاش! ڕێژەیەکی زۆر کەم هەبوون بە باوەڕی تەواوەوە ببوونە جاش و بەدڵ وبە گیان و بە ناموسیش خزمەتی ڕژێمی بەعسیان دەکرد!

بەڵام پاش ڕووخانی بەعس و داڕمانی دەسەڵاتی عەرەبی سوونە لە عێڕاق، ئەمڕۆ سوونەی عەرەب لە یاریەکی ترسناكی ژیرانەی ماڵوێران ئەنجامدا، بۆ قەرەبووکردنەوە قەبارەی بچووکبوەوەیان پاش لێ داماڵینی دەسەڵاتیان، توانیان ئەو دروشمەی کە بەعس بۆی جێبەجێ نەکرا بەناوی امه‌ عربیه‌ واحده‌، ژات رساله‌ خالده‌، زۆر بە زیادەوەش جێبەجێی بکەن نەك تەنها لەسەر ئومەتی عەرەبی، بەڵکو لەسەر ئومەتی ئیسلامیش، ئەمڕۆ خەڵکی هەشتا وڵات زیاتر بەژدارن لە شەڕەکانی داعش و ماڵ ومناڵ و کار و ژیانی خۆیانیان بەجێهێشتوە بۆ ئەوەی لە ڕیزی داعشدا گوایە جیهاد بکەن! کەسانێکی کوردیش کە کەم ژمارەش نین، ئەمرۆ ماڵ و وڵات و ژیانی خۆیان جێهێشتووە چوونەتە ڕیزەکانی داعش بۆ ئەوەی جیهاد بکەن هەتا لە دژی میللەتی خۆشیاندا!

بەڕای من هەر جۆرە شەڕێك لە دژی میللەتەکەت دەجێتە خانەی جاشایەتی با بە هەزار دروشمیش ڕازابێتەوە. ناکرێت لە پێناو جەماعەتێکی عەرەبی نەناسراوی گومانلێکراوی تیرۆرستی وەك داعش بەوپەڕی حەماسەتەوە بچیتە ڕیزی ئەو قەوارەیە پڕ نهێنی وغموزە! ناکرێت لەوەتی کورد وکوردستان هەیە هەر هێرشی دەکرێتە سەر، هەر خاکی کوردە تەعریب دەکرێت و تەتریك دەکرێت و تەفریس دەکرێت، کەچی تۆ بە ناوی دینی ئیسلامەوە بەگەر ئەو داعشە مەغۆلیانە بکەویت سەدان هەزار کورد دەربەدەر بکەیت وسەدان گوند بروخێنیت ، و هەزاران کەس بکوژیت لە میللەتەکەت تەنها لەبەر فریوخواردنت بە تلیاکی دینی داعشی، وهێشتا خۆشت بە جاش نەزانیت، وەك جاشەکانی بەعس خۆت پێ فورسان [سوارچاك] بێت؟! جاشە کوردەکانی داعش بۆیە ترسناکترن، چونکە جاشێکی بێ مەعاش و زۆر خۆبەخشانە و زۆر بە جۆش وخرۆشانە و زۆر بە باوەرەوە خۆی دەفرۆشێت بەو غەوارە ونامۆیانەی داعش کە کەس نازانێت دروستکراوی چەند دەوڵەت وچەند موخابەراتن، وزۆر دڵسۆزانەش کوردیان بۆ دەکوژن! تا ئێستا لە سەدان شەڕی داعش لە دژی کورد لە کوردستانی عێراق وسوریا بەژداریان کردوە و یوتیوبەکانیان هێندە زۆرن لە ژمار نایەن! چەندین داعشی کورد لە کۆبانێ سەگ تۆپ بووە! ئەو ڕۆژە لە سایتێکی یەزیدی هەواڵێکم خوێندەوە کە داعشە کوردەکان جلی شەڕڤانانی یەپەگە یان پۆشیبوو بۆ ئەوەی زەفەر بە گروپێك لە چەکدارانی یەزیدی ببەن وبیانکوژن! یانی بەس نییە ژن وکچ وخوشک ومناڵیان هەمووی بە کۆیلە کراون وبەس نییە ئافرەتی یەزیدی کورد وەك جاریە ڕۆژانە کڕین وفرۆشتنی پێدەکرێت، هێشتا دڵی داعشیەکان خۆش نەبووە وهەدای نەداوە، ئەو داعشە خۆفرۆشانەی کوردیش بێ ئەوەی یەك زەرە ویژدان و مرۆییان هەبێت، ووەك کوردێك هەست بەو کارەساتانە بکەن کە بەسەر ئەو هاونەتەوەیانەیان هاتوە، هەتا ئەگەر هاونەتەوەش نەبن لای هەردوولا، بەڵام هاو چارەنووسن، چۆن دەتوانیت تۆ بچیت بە فڕوفێڵ کەس وکاری کۆیلەکانیشیان بۆ بکوژیت؟! تۆ دیلی چۆن دیل دەکوژیت؟! وەك پەشێوی مەزن دەفەرموێت.

گوێبگرە بۆ داعشە کوردەکان کە چۆن داخ لە دڵانە دژی وڵاتەکەیان و میللەتەکەیان قسە دەکەن و چۆن ناوی پێشمەرگە دەهێنن بە کافر ومورتەد، ئەو کاتە دەزانیت ئەو جاشە داعشیانە چەندە ترسناکترن لە جاشە کۆنەکانی صدام وبەعس، کە قەت لەناو کۆمەڵدا شانازیان بە جاشایەتیەکەیان نەدەکرد وخەڵك هەبوو ڕەزیل وڕیسوایان دەکردن، وئەوانیش سەریان شۆڕ دەکرد!

جاشە داعشیەکان بۆیە ترسناکترن، چونکە بەوپەڕی ڕیزەوە لەناو مزگەوتەکانماندان و بەشێکی زۆری مینبەرەکانمانیان داگیرکردوە، لە زانکۆکان و قوتابخانەکانمان وانە دەڵێنەوە و وەردەگرن، ومووچەی ئەو وڵاتە وەردەگرن و ئەو وڵاتە ڕێگەی کاری سیاسی ئازادی پیداوە، بەڵکو دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتیان زەوتکردوە وبوونەتە ئەندام پەرلەمانیش، کەچی هێشتا دڵیان نایەت قسەیەك بە داعشیەت بڵێن! شانازیش بە داعشبوونیانەوە دەکەن. جاشە کۆنەکانی بەعس بە هەزار ئاو شۆردراونەتەوە لە چاو جاشە نوێکانی داعش.
15/1/2015

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق