الاثنين، 9 مارس 2015

نەجیب مەحفوز چۆن باسی سەید قوتب دەکات؟! 1

نەجیب مەحفوز چۆن باسی سەید قوتب دەکات؟!
محەمەد هەریری

بەشی ١-٢


وەك زۆر لە بنەما و بیروڕا هەڵەکانیان، بنەمایەك هەیە لە نێو ئەهلی حەدیس دەڵێت: كلام الأقران يطوى و لا يروى! واتە قسەی هاوپیشەکان لەسەر یەکتری دەپۆشرێت و ناگێڕدرێتەوە! یانی ئەو کەسانەی هاو کار وهاوپیشە و هاوسەردەم بوون لە شوێنێکدا! بەڵام بەڕای من ئەو بنەمایە هەر لە بنەڕەتدا زانستی حەدیس هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە بۆ نمونە قسەی ئەهلی حەدیس دەرهەق ئیمامێکی گەورەی وەك ئەبو حەنیفە نابێت بە هەند وەرگیرێت، چونکە دەکرێت لە حەسەد و چاو پێ هەڵنەهاتن بە بلیمەتی ئیمام، یان لە تێنەگەیشتن لە ئاستی وتاری ئەودا وا بەو شێوەیە دابەزیوون بەسەری و نەوە دوای نەوەش چاولێکەریان کردوە! بەڕای من شتەکە ڕێژەییە،هەندێك جار: قسەی هاوپیشەکان لەسەر یەکتری دەپۆشرێت و ناگێڕدرێتەوە! وەك لە نمونەی ئەبو حەنیفە باسمان کرد، هەندێك جاریتر: قسەی هاوپیشەکان لەسەر یەکتری دەگێڕدرێتەوە و داناپۆشرێت [كلام الأقران یروی و لا يطوى] ئەگەر زانیمان ئەو کەسەی قسەکان دەکات کەسێکی دادپەروەر و بابەتخوازە، بۆ نمونە بەڕای من قسەی حەزرەتی عومەر لەسەر خالید بن ولید یان ابو هریرە زۆر گرنگترە لە هەزاران لاپەڕەی کە ئەو دوو کەسایەتیە تەقدیس دەکرێن. ببینە حەزرەتی عومەر چۆن مامەڵەیان دەکات وەك مرۆڤی ئاسایی و گوناهکەر وتاوانکەر، کەچی قوتابخانەی ئەهلی حەدیس دەیانفرێنێتە ئاسمانی تەقدیسکردندا! لەو بارەیەوە گەواهی نەجیب مەحفوز لەسەر سەید قوتب م لا زۆر گرنگ بوو، چونکە هێندەی من سەرنجم دابێت، نەجیب مەحفوز کەسێکی زۆر ڕاستگۆ و بابەتخواز و پیشەوەرە لە باسکردنی نزیکترین کەس تا دوورترین کەس، وە بە یەکیك لە ڕەخنەگرانی تووندی سەردەمی جمال عبدالناصر دەناسرێت پەیوەندی نێوان سەید قوتب(1906 –1966 م ) و نەجیب مەحفوز(1911 –2006م )، دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سییەکانی سەدەی پێشوو، بەڵام ئەو پەیوەندیە، بە پلە یەك پەیوەندیەکی ئەدەبی بوو، وەك نەجیب مەحفوز خۆی لە یاداشتەکانی باسی دەکات، و سەرەڕای یەکتر دیتنیان بە بەردەوامی، بەڵام هەرگیز ئەو پەیوەندیە نەچۆتە بواری ئینسانیەوە! سەید قوتب چاکە وفەزڵی لەسەر نەجیب مەحفوز هەبووە، بەوەی وەك ڕەخنەگرێکی تا ڕادەیەك ناسراو، یەکەم کەس بووە نەجیب مەحفوزی پێشکەشی خوێنەران کردوە لە ڕۆمانەکەی بە ناونیشانی كفاح طيبة، هەروەها لە دوای ئەوەشدا لەسەر ڕۆمانی خان الخلیلی و القاهرة الجديدة ی نووسیوە بە شێوەیەکی پڕ لە حەماسەت وسەرنج ڕاکێش مژدەی لە دایک بوونی ڕۆمان نووسێکی گەورەی داوەتە خوێنەران، کە لە کۆتایشدا هەروا دەرچوو! وەك هەمیشە سیفەتی حەماسەت ئاسای خۆی لە وەسف کردنی ڕۆمانی كفاح طيبة سەید قوتب بە جۆش وخرۆشەوە دەڵێت: ئەگەر بە دەست من بوایە ئەو چیرۆکەم دەخستە بەر دەستی هەموو کوڕ و کچێك، چاپم دەکرد و بڵاوم دەکردەوە لەسەر هەموو ماڵێك بە خۆڕایی!! بێگومان نەجیب مەحفوز لە زۆر شوێن دا پێزانینی خۆی نیشان دەدات هەتا جارێکیان گووتی: کەسێك ئاوڕی لێ نەدەداینەوە، یەکەم کەس لەسەر منی نووسیبێت سەید قوتب بوو، ئینجا دوایی أنور المعدّاوي.. وەك دوو ئەدیبی لاو شتێکی نوێیان لا بوو، منیش گەنج بووم و شتێکی نوێم پێ بوو. هەر لە یاداشتەکانی نەجیب مەحفوز دەڵێت: سەید قوتب یەکەم ڕەخنەگری ئەدەبی بوو کە ئاوڕی لە بەرهەمەکانی من دایەوە ولەسەری نووسی، لە ساڵانی چل دا، ئەو کات و سەردەمە ناسیم، کە سەید بە شێوەیەکی بەردەوام دەهات بۆ دانیشتن لەگەڵمان لە گازینۆی ئۆپرا..ئەو پەیوەندیەی کە دەیبەستینەوە زیاتر ئەدەبی بوو لەوەی مرۆڤایەتی بێت. بۆیە ڕای نەجیب مەحفوزم لەسەر سەید قوتب پێ گرنگە، چونکە ئەو ئەدیبە بلیمەتە زۆربەی کەسایەتیەکانی لە ژیانی واقیعیدا هەڵبژاردوە و زۆر وریایانە و بلیمەتانە بە ناخیان دادەچێتە خوارەوە، لایەنی باش وخراپی کەسایەتیەکەی دەخاتە ڕوو، بێ گوێدانە نزیکی و دووری، دۆستی ونەیاری، ئایدیۆلۆژیا و و بیری ئەو کەسە. بۆ نمونە ڕەخنەگرێك دەڵێت: کەسایەتی "كمال أحمد عبد الجواد" لە "السكرية" دا هەر خودی نەجیب مەحفوزە، کە پڕە لە لایەنی نێگەتیڤ، و کەسایەتی السيد أحمد عبد الجواد [سی سەید] یش لە هاوسێەکی خوازتوە، کە باوکێکی وا دیکتاتۆرو و توندوتیژ و پڕ هەڤدژی بووە! لە [اولاد حارتنا] دەڵێن، ڕوخساری کەسایەتی باوك الجبلاوي، هەمان ڕوخساری باوکی خودی نەجیب مەحفوزی هەڵگرتووە لە ڕووی جدیەت و دیسپلین وعەقڵمەندی، هەتا چایخانەکانی ناو ڕۆمانەکەی خەڵکی ئەو ناوە دەیانناسیەوە لە ڕۆمانەکانی! پاڵەوانی ڕۆمانی "السراب" لە کەسایەتیەکی هەقیقی دەوروبەری خۆی وەرگرتبوو بە ناوی حسين بدر الدين، کە گەنجێك بوو دەسەپاچەی سێکسی هەبوو، دایکی زاڵ بوو بەسەر کەسایەتیدا، دەرچووی کۆلێژی ماف بوو، دەوڵەمەند بوو، ئالوودەی تلیاك بوو و چووە زیندان، دەڵێن لە ڕێگای هاوڕێیەکی نەجیب مەحفوز زانیبووی کە ئەو چیرۆکەی ئەوی نووسیوە، ئەو کەسە کون بە کون بەدوای نەجیب مەحفوز دەگەڕا بۆ ئەوەی بیکوژێت! بە ناچاری ماوەیەک نەجیب مەحفوز خۆی شاردەوە!!
وەك ئاماژەم پێدا، نەجیب مەحفوز سەرەڕای پێزانینی بە پێشکەشکردن و ناساندنی سەید قوتب بە خوێنەران لە کتێبێکیدا بە ناوی [المرایا] کە لە ١٩٧٢ یەکەم چاپی کرا، کە بریتیە لە چیرۆکی چەندین کەسایەتی ئەدەبی و فیکری و سیاسی کاریگەر و گرنگ لە ژیانی خودی نەجیب مەحفوز و میسر بە گشتیدا، هەرچەندە نەجیب مەحفوز هەموویان بە ناوی هەقیقی خۆیان باس ناکات، جاروبار کەمێك گۆڕانکاریان بەسەردا دەهێنێت بۆ شاردنەوەی! بەڵام هەندێك لەو کەسایەتیانە لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا دەناسرێنەوە لەلایان خەڵکی شارەزا، هەندێکیان هەر نووسەر خۆی ئاماژەی بە ناویانی داوە، تێیدا زۆر بە بلیمەتانە باسی ڕەهەندی دەروونی وفیکری کەسایەتیەکانی دەکات. لەوانەیە کەسانێك بڵێن نەجیب مەحفوز بۆیە بەو شێوەیە باسی سەید قوتبی کردوە چونکە ئیسلامی بووە، و خۆشی عەلمانیە، بەڵام هەر لە باسی کەسکی عەلمانی ناسراوی وەك محمود درویش ی شاعیری گەورەی فەلەستینی و عەرەبدا، کە هەر بەناوی خۆی پۆرترێیەکەی لەسەریدا نووسیوە، و زۆر تاڵتر لە سەید قوتب باسی دەکات، وەك کەسێکی گۆشەگیری، بێ هەستی ، ماستاوچی، واستەچی، هەلپەرست ، فاشیل لە خۆشەویستی، بەس خەریکی خوێندن، و دژی خەباتی قوتابیانی زانکۆ، تا ڕادەی تاوانبارکردنی بە ڕاپۆرت دان لەسەر هاوڕێیانی!! لەگەڵ ئەوەشدا نەجیب مەحفوز زۆر خاڵی پۆزەتیڤی سەید قوتب باس دەکات لە ڕووی ئاستی فەرهەنگی و ئەدەبی وڕەخنەیی سەید، بەڵام لە هەمان کاتدا باسی خاڵە نیگەتیڤەکانیشی دەکات وەك مرۆڤێكی تووند لە تێروانینیدا بۆ مەسیحیەکانی وڵات، تووند و هەڵەشە لە وەرگرتنی هەڵوێستدا کە سەر بە وەفد بوو، توندترین وەفدی بوو، کە بوە حزبی سەعدیەکان، تووندترین سەعدی بوو، کە بووە ئیخوان سکەی شەمەندەفەری ئیخوانی بەرەو توندترین رێگا پاڵ دەنا، تا ڕادەی وەڵام دانەوەی بیروڕاکانی لەلایەن خودی مورشیدی ئیخوان هوزەیبی! با بزانین نەجیب مەحفوز چۆن سەید قوتبی ناسیوە پۆرترێیەکەی وەك خۆی وەردەگێڕینە سەر کوردی:



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق