الأحد، 15 مارس 2015

حیجاب یەکەمینی یەکەمەکانە! حیجاب یەکەمینی یەکەمەکانە!

حیجاب یەکەمینی یەکەمەکانە!
سفور بوون لە نیشانە بچووکەکانی ڕۆژی قیامەتە؟






محەمەد هەریری
لە کۆمەڵگا ژەهراوی بووەکان بە فەرهەنگی توندرەوی دینی، ئافرەت ئاسانترین نێچیر و ئاسانترین ئامانجی ئەو کۆمەڵگا پیاوسالارەیە، کە هەموو تورەیی وخەشم وقینی لە دەرنجامی نوشوستی و بی دەسەڵاتی و کەموکورتی ژیان و بێ کاری و جەوروستەمی دەسەڵات کە لێی دەکرێت لە ئافرەتدا خالی دەکاتەوە! هەتا چەورە وبی دینی کۆمەڵگاش پەیرەو لەو ئەتوارەی دژی ئافرەت دەکەن!
لە فیکری دینی بە گشتی و سەلەفی بە تایبەتی، سفور بوون لە نیشانە بچووکەکانی ڕۆژی قیامەتە، لەو ڕێگایەوە پشت بە چەندین قالە و قیلە دەبەستن، کە زادەی عەقڵیەتی بەدەوی دژە ئافرەتی عەرەبن! بەجۆرێک باسی ئافرەت دەکەن، وەك بڵیی سێ چارەگی کێشە ودەردەکانی ئومەتی ئیسلام لەبەر سفوری ئافرەتانە!
ئەو عەقڵیەتە تەهویلیە و زیادەرەویە خورافە ئامێزە هێندە ناسەنگە کێشەکانی لێ تێکەڵاو دەبێت، ونازانێت چۆن ریزبەندی وئەولەویەتی بۆ دابنێت. لای ئەو هەموو کێشەکانی بێکاری و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و گەندەڵی و تالانی سەروەتی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە بۆ سفووری ئافرەت.
لە ئێران تیزاب بەو کچانە دادەکرێت کە حیجابەکەیان باس نابەستن بە هاندانی دەزگا ئاسایسەکانی ئیران!
لە شیسان قەدیرۆفی بەکرێ گیراوی ڕووس، کە لەلایەك شەڕی توندرەوانی دینی شیشان دەکات، کەچی پشتگیری لە هێرش کردنە سەر بێ حیجابەکان دەکات بە تۆپەڵە بۆیاغ!
لەکوردستان مەلا شارستینی وغەیری ئەو وا ئافرەتی بێ حیجاب دەتۆقینن، بە سەدان تۆمەتی کوفر ونیفاق وهاوتای داوێن پیسی و لەعنەت لێکراو لە لایەن خواوە تۆمەتبار دەکەن!
مەلا شارستێنی لە جیاتی جەنگ لە دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و کەموو کورتیەکانی تر بکات، کەچی بڕیاری جەنگی داوە دژی ئافرەتی کوردی بێ سەرپۆش.
مەلا شارستێنی دەبوایە خۆی وتارێکی دابا لەسەر ئەو جاش ومستەشارانەی کە کاتی خۆی ئەنفالیان کردوە دژی ژن ومنداڵ وپیری کورد، لە جیاتی ئەوە خۆی لە مزگەوتی یەکێك لە گەورە جاشانی ئەنفالچی وتارەکانی دەدات!
بەس بە ئافرەت دەوێرن، چونکە کۆمەڵگا سەقەتەکەمان نا مرۆڤانە دەڕواننە ئافرەت کە نیوەی تەواوکەری مرۆڤایەتین!
شارستێنی دەڵێت ئەو ئافرەتەی خۆی دانەپۆشێت ونەبێتە موحەجەبە ئیعلانی حەربی لەگەڵ خوا کردوە!! چونکە خوا دەڵێت خۆت داپۆشە ئەو دەڵێت خۆم داناپۆشم! ئەو مەلا لادێیە هەتا ئاگادار نیە بە غەریزەی حەزکردنی ئافرەت لە جوانی! هەتا نازانێت چەندە بریارێکی قورسە بۆ ئافرەتێكی خاوەن کەسایەتی بەهێز، نەك مەڕوماڵاتەکان، بریاری حیجابکردنی بدات!
ئەوە عەقڵی مرۆڤێکی خوایی وژیر نییە، کە بازبدات بەسەر هەموو کارەساتە گەورەکانی کۆمەڵگا لە تاڵانی ودژی وگەندەڵی و ناعەدالەت بەڵام دنیا لەو حیجابە کۆبکاتەوە؟! ئەوە هەستی پیاوسالارانەیە هانی دەدات چاوپۆشی لەو هەموو خەراپەکاری وگەندەڵی وخیانەت و داوێن پیسی و دزی وتالان وبرۆ بکات ئاوڕداتەوە بۆ لاوازترین ئەڵقەی کۆمەڵگای داپلۆسێنەر، کە ئافرەتە! من نازانم ئەگەر خۆداپۆشینی ئافرەت هیندە گرنگ با، بۆ ئافرەتە کۆیلەکان قەدەغە دەکران لە خۆداپۆشین لە سەردەمی پەیامدا، نەوەك خەڵك حیسابی ئافرەتی ئازادیان بۆ بکات؟! بۆ پیاو حەزی بۆ ئافرەتی کۆیلە ناجوڵێت؟! بۆ کۆیلەکانی کچانی فارس و کورد و ڕۆم و چەرکس و قیبت و گورجستان چما زۆر لە کچانی جەزیرەی عەرەبی جوانتر نەبوون؟!
مەسەلەی نەهێشتنی سەرداپۆشینی ئافرەتی کۆیلە زۆر کۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان، کە ئەو ئافرەتە کۆیلەیەی حیجابی کردبا جەڵدەی لێدەدرا! لەوێوەش پەڕیەوە ناو فقهی ئیسلام، هەتا ڕیوایاتێکی زۆر هەیە دەڵێن حەزرەتی عومەر توڕە دەبوو لەو ئافرەتە کۆیلانەی سەرپۆشیان دەکرد چونکە خۆیان بە ئافرەتی ئازاد دەچواند!!
کەی ئەوە شیواز و ئەتواری مەلایەکە خۆی پی میانڕەوبێت، کە وەك ڕوکنێكی ئیمان وئیسلام باسی سەرپۆش بکات؟! چۆن دەتوانیت بڵێیت ئەو ئافرەتەی خۆی دانەپۆشێت ئیعلانی حەربی کردوە لەگەڵ خوا و پێغەمبەر؟!
چۆن هەتا باڵاپۆشی بەراورد دەکرێت لەگەڵ نوێژ وڕۆژوو کە ئەوانە لە ئەرکانەکانی ئیسلامن، بەڵام حیجاب چەند ئایەتێکی ناموحکەمی لەسەر هاتووە، هەتا تەفسیری جۆراوجۆریش هەڵدەگرێت؟!
سەیر لەوەدایە هەندێك سفوری دەبەنگیش توشی ستۆکهۆڵم سیندرۆم بوون، بەرگری لەو پیاوە دەکەن کە کافر و مەلعون و مونافیقیان دەکات!
لە کۆمەڵگای دواکەوتوو کێشەکانی هەژاری، و بێکاری وگەندەڵی، و پەروەردەوفێرکردن، و بیمەی تەندروستی، و مافەکانی مرۆڤ، و نیشتەجێ و ژێرخانی وڵات هەمووی پشتگوێ دەخرێت، حیجاب وهیستریای حیجاب دەبێتە یەکەمی یەکەمەکان!

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق