الاثنين، 9 مارس 2015

پیرۆزبایی ٨ مارس و هیواکانم بۆ ئافرەتان محەمەد هەریری

بەر لە هەر شتێك پیرۆزبایی ٨ مارس لە هەموو ئافرەتانی کورد بە تایبەتی شێرە کچ و ژنانی شەڕڤانان و پێشمەرگە، وهەموو ئافرەتانی تری کۆمەلگەکەمان دەکەم، کە سەلماندیان ڕۆڵیان بە قەد ڕۆڵی برا و باوک و مێردەکانیان گرنگە لە پیناو بەرگری کردن لە کورد وکوردستان. ئەو یادە کە بە فەرمی کراوەتە یادی ئافرەتانی جیهان هەمووی وا هەست دەکەم تایبەتمەندێتی ئێوە ون دەکات، دەبوایە ڕۆژی ئازادکردنی کۆبانی بکرایە یاد و ڕۆژی ئافرەتانی کورد! هیوادارم کچ وژنانی کورد پەیڕەو لە وتارێکی عەقڵانی ومیانرەو بکەن بۆ گەیشتن بە هەموو مافەکانیان دوور لە زیادەرۆیی هەندێ بازنە فێمینیزمە سەرەڕۆیەکان..

 هیوادارم چۆن خەمیان وەگیرهینانی مافەکانیانە، بە هەمان شێوە خەمیان پاراستنی خێزانەکانی کورد بێت لە پەرتەوازەیی و خیانەت وبەدڕەوشتی و بێ نرخ کردنی ژیانی ژن ومێردایەتی و تێکدانی لانەی منداڵە بەستەزمانەکانمان، کە کاتێ جیابوونەوە ڕوودەدات لە نێوان دایک وباوکیان، ئەوان وەك پەڕەی کاغەز لە نێوانیان دەدڕێن...

 هیوادارم ئافرەتانمان بزانن ئێمەی کورد نەتەوەیەکی ستەملێکراوین لەو ناوچەیە شکاندنی سکۆی پیاوەکانی میللەتەکەیان سەردەکێشێت بۆ شکاندنی شکۆی کۆی میللەتەکە، وناکرێت لەبەر روداوێکی فەردی زوڕنای دژە پیاوی لێبدەن لەناو میدیا جیهانی و لۆکاڵیەکان. نابێت هەموو پیاوان تاوانبار کەن وبخەنە خانەی دوژمنانەوە لەبەر ڕوداوگەلیکی وەها. هیوادارم ئافرەتانی دیندار و ئیسلامیەکان بە تایبەت ڕازی نەبن بە مامەلە و وتار وڕەفتاری هەندێك لە نێوەندە دینیە سەلەفیەکان، کە بە دەست ئەوان بێت ژنان زیندەبەچاڵ دەکەن یان زیندە بەماڵ! هیوادارم ژنانی دەرەوەی نیوەندە سێکیولارەکان لووت بەرزی نەکەن لەسەر ئافرەتانی بازنەی دینداری، لە جیاتی ئەوە هەوڵی ڕزگارکردنی ژنانی بازنە دینیە داخراوەکان بدەن، نەك لاقرتێ و گاڵتە پێکردنیان. هیوادارم لە زمانی ئاخاوتن ودواندنی کۆمەڵگای کوردی تێبگەن بەرلەوەی بە قسەی زبر و بێ سنوور هەموو ڕیسەکانیان بکەنەوە خوری! هیوادارم کۆمەڵگای کوردی باشتر بناسن،

 لە کۆمەڵگای سوێدی و ئەڵمانی و ئینگلیزی و کۆمەأاگەکانی تری خۆرئاوا.. هیوادارم ئافرەتان هەوڵ لەگەل پیاوانی میانڕەو ودژە پیاو سالاریەکان پێکەوە بدەن بۆ دروستکردنی خێزانی کوردی نموونەیی لەو ناوچەیەدا لەسەر بنچینەی یەکسانی وڕیزی ئاڵۆگۆر لە نیوان پیاوان و ژنان و منداڵانیشیان. هیوادارم ژنانی کورد ئاگاداری مێژوو بن، کە چۆن هەموو گەڕیدە وڕۆژهەڵاتناس و مێژوونووسان باسی کەسایەتی بەهێزی ژنی کوردیان کردوە، تارەدەی ئەوەی ئازاد بوونیان بەراورد کردوە بە ئازادی ژنانی کۆمەڵگەی بەریتانی سەدەی نۆزدەم، ودەڵێن لە هەموو ژنانی ناوچەکە لە عەرەب و فارس و تورك کەسایەتیان بەهێزتر بووە!

 دەبێت بزانن کە ئەو بەهێزی کەسایەتیە تەنها چاکەکەی بۆ ئەوان ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ لاوچاکی و جەنتڵمانی پیاوی کوردیش دەگەڕێتەوە، کە وەك مرۆڤێکی یەکسان مامەڵەی دەرهەق خێزانی کردوە، وئەوپەڕی ئازادی و متمانەی پی بەخشیوە تا ڕادەی پێشوازی کردنی لە میوانەکانی پیاویش بە تەنها و مانەوەیان لە ماڵەوە بەبێ بوونی پیاو! هیوادارم هەموومان ئافرەتان و پیاوانمان هەوڵی جەختکردنەوە بدەین لەسەر ئەو سلوک وڕەفتارە شارستانیە رەسەنە کوردیانە، نەك لاسایی ئافرەتەکانی خۆرئاوا بکەنەوە بە ڕەهایی، کە زۆربەیان هەست دەکەیت نەخۆشن زیاتر لەوەی ڕیفۆرخوازبن. دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ژنان وکجانی کورد دەکەم بە تایبەتی لە هاوسەرم و خوشکەکان و نەوەکانیان، بەبۆنەی یادی ئافرەتانی جیهانی ٨ مارس.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق