الاثنين، 9 مارس 2015

نەجیب مەحفوز چۆن باسی سەید قوتب دەکات؟! 2

نەجیب مەحفوز چۆن باسی سەید قوتب دەکات؟!
محەمەد هەریری

بەشی ٢-٢
با بزانین نەجیب مەحفوز چۆن سەید قوتبی ناسیوە پۆرترێیەکەی وەك خۆی وەردەگێڕینە سەر کوردی:
ئەو ئەمڕۆ وەك ئەفسانەیە، وەك ئەفسانەش لێکدانەوەی جیای بۆ دەکرێت. هەرچەندە من لە مامەڵەی برایانەی ڕیزدارانەم زیاتر لەو نەدیوە، بەڵام قەت هەستم بە ئاسودەیی نەکردوە لە بینینی ڕوخساری و تێڕوانینی تیژ و دوو چاوی زەقی. من لە سالۆنی ئەدەبی دکتۆر ماهر عبدالکریم ناسیم لە ڕۆژگاری جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەو کاتە تەمەنی سی ساڵ بوو، وەك مامۆستای زمانی عەرەبی کاری دەکرد لە قوتابخانەیەکی ناوەندیدا، جاروباریش بابەتی ڕەخنەیی لە گۆڤارە ئەدەبیەکاندا بڵاودەکردەوە یان شیعری کلاسیکی دەنووسی. ئەو ئەزهەری بوو، هیچ شارەزای زمانێکی تری بێگانە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرنجی راکێشام، وڕیزی خۆی لام سەپاند، بە بەهێزی لۆژیکی کاتێ گفتوگۆی دەکرد لەگەل کەسانێك کە ناسراو بوون بە فراوانی و قووڵی فەرهەنگ و ڕۆشنبیریان و شارەزایی زۆریان بە زمانە بیانیەکان، وەك دکتۆر ابراهیم عقل و سالم جبر و زهیر کامل. ئەو کەسێکی هێمن بوو زۆر پەیوەست بوو بە ئەدەبی گفووگۆ، هەرگیز بۆ جارێکیش نەمدیت توندی نیشان بدات یان هەڵچێت و یان لە بابەتخوازی لابدات، قەتیش لە ئاستی بەرزی ئەوان کەمتر دەرنەدەکەوت رۆژیك، دەتگووت هاوشانی ئەوانە بە هەموو مانای وشەوە، بۆیە قەناعەتم هێنا بە بیرتیژی و توانای گفتوگۆ و شارەزایی و زانیاری فراوانی، هەرچەندە هەموو ئیعتیمادێکی لەسەر کەلەپور [تراث] و کتێبی وەرگێڕاو بوو. هیچ گومانێکم نەبوو کە زیرەکتر بوو لە هەموویان، لە ابراهیم عقل و سالم جبر و زهیر کامل. هەتا ڕەخنەکانیشی لە کتیبە مۆدێرنەکان لاواز و بێ ناوەرۆک نەبوون، بە بەراورد لەگەڵ ڕەخنەی کەسانێکی پسپۆری هەڵگڕی بڕوانامە پاریسیی و لەندەنیەکان، ئەگەر جیاوازیەکی وردیش لە نێوانیاندا هەبوو، تەنها بۆ چاوێکی وردبین ئاشکرا دەبوو. ڕۆژێکیان دکتۆر ماهر عبدالکریم دەربارەی پێی گووتم: - گەنجێکی بلیمەتە، جێگای داخە کە بۆ بەعسەی خوێندن نەنێردراوە. دکتۆر ماهر عبدالکریم لەو کەسانە بوو کە قسەکانی بە بە تەرازوێکی زۆر هەستیار دەکێشا. هەرچەندە عبدالوهاب اسماعیل [مەبەستی سەید قوتبە] باسی دینی نەدەکرد، سەرەڕای خۆ نیشاندانی وەك کەسێکی مۆدرن لە بیرکردنەوە و پۆشاك و پەیڕەوکردنی لە ستایلی فەرەنسی لە نانخواردندا، و چوونی بەردەوامی بۆ سینەماکان، بەڵام کاریگەری دینی لەسەر ئەو و ئیمانی و بەلكو دەمارگرژی هەرگیز لە من شاراوە نەبوو. لەبیرمە نووسەرێکی لاوی قیبتی کتێبێکی پێدا کە چەندین وتاری ڕەخنەی ئەدەبی وکۆمەڵایەتی بەخۆگرتبوو، ڕۆژێکیان باسی ئەو ئەدیبە لاوەی بۆمن کرد لە قاوەخانەی الفیشاوي، و گووتی: - ئەو لاوە بلیمەت و ئاگادارە و هەستیارە و خاوەن شێواز و بیرکردنەوەی ڕەسەنە. منیش بە بەرائەتەوە لێیم پرسی، خۆشم ئەدیبەکەم خۆش دەویست: - دەی باسە کەی لەسەری دەنووسیت؟ زەردەخەنەیەکی نامۆی کرد و گووتی: - چاوەڕوانبە، و چاوەڕوانیەکەت زۆر دەکێشێت! - مەبەستت چییە؟ زۆر بە سووربوونەوە گووتی: من بەژدار نابم لە بنیاتنانی قەڵەمێك، کە بەیانی دروست بوو هەوڵی خۆی دەخاتە گەر بۆ ڕوشاندنی توراسی ئیسلامیمان بە هەموو شێوازێکی پڕ پێچ وپەنا. منیش بە ناڕەزاییەوە لێیم پرسی: - کەوابوو لەوە تێبگەم کە تۆ دەمارگرژیت؟ بێ باکانە وەڵامی دایەوە: هەڕەشەم لێ مەکە بەو کلێشانە، چونکە کار لە من ناکات.
- بەداخەوە بۆ ئەو هەڵوێستەت - سوودی نیە لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بکەیت لەگەڵ وەفدیەك [ئەندامێکی حزبی وەفد]، من ڕۆژێك وەفدی بووم، بەڵام با بەڕاشکاوی پێت بڵێم متمانەم بە غەیرە دینەکانی تر نییە! ئەو بەڕاستی وەفدی بوو
دوایی لە وەفد جیابوەوە لەبەر دکتۆر احمد ماهر کە زۆر سەرسام بوو پێی.لە سەردەمی سەعدییەکا بەرزکرایەوە بۆ بۆ پایەی پشکنەر [مفتش]. جەند بێ سەبر ببو، ئارامی لێ بڕابوو بە هۆی کوشتنی احمد ماهرەر، دەتگووت هەمان ئەو گوللەیەی بەرکەوت کە بەر ئەو پیاوە کەوت و کوشتی! زۆر بە خەمەوە بە منی گووت: - مەزنترین پیاوی ئەو نیشتیمانە لە دەست چوو. ئەو گلەیی لە تەندروستی خۆی دەکرد هەر هەلی بۆ ڕەخسابا، بەو بیانوەش لە ڕەمەزاندا بە ڕۆژوو نەدەبوو، ەڵام باسی هەقیقەت نەخۆشیەکەی بۆ کەس نەدەکرد، هەروەها لە ژیانیدا بایەخی بە ئافرەت نەدا، و هەرگز ژنی نەهێنا، لەو بوارەوە زۆر ئەستۆ پاك بوو. سەرەڕای جدیەتی ڕەوشتی و هەڵمەتی ڕاستگۆیانەی لەدژی لادەرەکان، لایەنێکی بۆ من دەرکەوت کە قەت باوەڕم نەدەکرد ئەگەر بەخۆم لێیم نەدیتبا. ئەویش ئەوە بوو نووسەرێک هەبوو خاوەنی گۆڤارێك و چاپخانەیەك بوو، کە زنجیرەیەک کتیبی مانگانەی دەردەکرد
عبدالوهاب زۆر بە سووك سەیری دەکرد و دەربارەی دەیگووت: ئەگەر گۆڤاری خۆی نەبا کەس یەك وشەشی بۆ بڵاونەدەکردەوە. چەندە تووشی سەرسوڕمان بووم کاتێك وتارێکیم بینی لە گۆڤاری الرسالة دەربارەی خاوەن گۆڤارەکە کە بەرزی کردبوەوە بۆ حەوت تەبەقەی ئاسمان! نەمزانی چۆن ئەو شتە تەفسیر کەم، تا زانیم کە لەگەڵی پێك هاتووە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبێکی بە مە بلەغێکی باش کە هیچ نووسەری تر وەری نەگرتبێت! یەکسەر هەڵوێستی کوێرانەییم بیرکەوتەوە لە نووسەرە قیبتیەکە، زۆر بێزار وجاڕس بووم بە ئاشکراکردنی ئەو لایەنە هەلپەرستەی لە کەسایەتی ئەودا، بۆیە گومانم کەوتە ڕاستگۆیی و ئەمانەتی. لەوەو بەدواوە لە دەروونمدا جۆرێك لە نفوری بەردەوامم هەبوو بەرامبەری، سەرەڕای هاوڕێیەتیمان. بەردەوام بوو لە کارکردن وەك پشکنەر و نووسەر هەتا وەزارەت کەوتەوە دەستی وەفد لە ساڵی ١٩٥٠، دوایی ناڕەحەت بوو لە مامەڵەکردنی لەلایەن وەزیری وەفدەوە، بۆیە نامەی دەست لە کارکێشانەوەی پێشکەش کرد، و خۆی دابڕاند بۆ کاری ڕۆژنامەگەری. لەو ماوەیەدا ناسراو بوو بە هێرشکردنی بەردەوامی بۆسەر حوکمەتی وەفد، لە هەمان کاتدا دەستیکردبوە نووسینی کتێبی هاوچەرخ دەربارەی ئایینی ئیسلام، کە بە شێوەیەکی بێ وێنە سەرکەوتنی بە دەست هێنابوو. ئەوەبوو شۆڕشی یۆلیۆی ١٩٥٠ هەڵگیرسا لە کاتێکدا ئەو سەرقاڵی هێرشکردنە سەر وەفد و بەرگریکردن بوو لە ئایینی ئیسلامدا، بەلایەنی کەمەوە دوو ساڵ تێپەڕی کەقەت یەکترمان نەبینی و هەواڵی تایبەتی لەمندا بڕا. ڕۆژێکیان لە سەردانی مامۆستا سالم جبر بووم و پێی گووتم: لەوەدەچێت بەوزووانە ئەستێرەی بەختی عبدالوهاب اسماعیل بدرەوشێتەوە.. بە بایەخەوە لێم پرسی: - مەبەستت چییە؟ - ئەو بۆتە موقەرەبەکان [نزیکەکانی دەسەڵات] - وەك نووسەرێکی سیاسی یان وەک نووسەرێکی ئایینی؟ - بەڵکو وەك یەکیك لە ئیخوانی موسلمین. بە سەرسوڕمانەوە گووتم: - ئیخوان؟! بەڵام من دەمناسی وەك سەعدیەکی توندڕەو. بە تەوسەوە گوتی: - پاکی و بێ گەردی بۆ ئەو خوایەی گۆڕان دەکات و ناگۆڕێت!
دوایی لە پاش نزیکەی ساڵێك چاومان بەیەك کەوت لەبەردەم باری ئەنگلۆ زۆر بە گەرمی تۆقەمان کرد، پێکەوە بە دەم قسەوە هەنگاومان دەنا تا باسی شۆڕش هات، کاتێ زۆر بە تەحەفوزەوە گووتی: - شۆڕشێکی یرۆزە، بەڵام زەحمەتە بزانیت چییان دەوێت.. لە قسەکانی هەستم بە تاڵاویەك دەکرد نهێنیەکەیم پێ هەڵنەهێنرا و نەشی درکاند. توانای پاراستنی نهێنیەکانی هەبوو کە بە دەگمەن ئەو توانایە لە ناو مسریەکان دەست دەکەوێت. پێیم گووت: - زانیومە بوویتە ئیخوانی موسلمین؟ زەردەخەنەیەکی لێڵی کرد و گووتی: - هەر موسڵمانێك چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت! اي مسلم عرضة لذلك! - جێگای داخە کە تۆ وازت لە ڕەخنەی ئەدەبی هێنا. بە دەم پێکەنینەوە گووتی: - ئەی لەو ئاواتخوازیە جاهیلیانە! لێرەدا جیا بووینەوە و هەستم دەکرد لە ئایندەدا پێك ناگەینەوە تەنها بە ڕێکەوت نەبێت لە ڕێگادا. لە یەکەم بەریەك کەوتی شۆڕش و ئیخوان دا یەکیك بوو لەو ئەندامانەی جەماعەت کە دەستگیر کران، پاش دادگایی کردن بە ١٠ ساڵ زیندان حوکم درا. ساڵی ١٩٥٦ ئازادکرا لە زیندان، پێمباش بوو سەردانی کەم بۆ پیرۆزبایی، چووم بۆ ماڵەکەی لە شەقامی خیرت. لە ڕاستیدا زۆر نەگۆڕا بوو، سەری سپی ببوو، وەك چاوەڕوانە بۆ هەر پیاوێکی تەمەنی پەنجا و حەوت و پەنجا و هەشت دا، کێشیشی زیادی کردبوو تا ئەو ڕادەیەی وا هەستم کرد تەندروستی لە جاران باشتر دیاربوو. پاش چاك وچۆنی، پرسیار کردن لە حاڵ و ئەحواڵ، ئەو هێستا وەك هەمیشە سەنگینی و ساردی دەماری دەگمەنی خۆی پاراستبوو، بەبێ پێشەکی هاتە سەر باسە گشتیەکان، و بەو پەڕی متمانەوە بیروڕاکانی دەردەبڕی.. - پێویستە قورئان شوێنی هەموو یاسا هاوەردەکان بگرێتەوە. دەربارەی ئافرەتیش گووتی: پێویستە ئافرەت بگەڕێتەوە ماڵەوە، قەیناکا بخوێنێت، بەڵام بۆ ماڵ نەك وەزیفە، هیچی تیدا نیە کە دەوڵەت گەرەنتی مووچەیەکی بۆ بکات لە حالەتی تەڵاق یان لەدەستدانی بە خێوکەر. بە تووندی گووتی: سۆشیالستی و نیشتیمانی و ژیاری ئەوروپی شتی پیس وقێزەونن، پێویستە لە دەروونمان دا ڕیسەکێشیان کەین.. زۆر بە تووندی هێرشی کردە سەر زانست ، تا ئەو ڕادەیەی واقم وڕما و لێیم پرسی: - هەتا زانستیش؟! - بەڵێ، ئیمە ناتوانین شتێکی ئەوتۆ لەو بوارە پێشکەش بکەین، ئێمە لەو بوارەدا پێشمان کەوتوون و هەر واش بە بە جێماوی دەمێنینەوە هەرچەندە هەوڵمان دا و تێکۆشاین، هیچ پەیامێکی زانستمان پێ نییە پێشکەشی جیهانی بکەین، بەڵام پەیامی ئیسلام و تەنها پەرستنی خوامان هەیە، نەك سەرمایەداری و مادیەتی دیالەکتیکی.... زۆر گوێم بۆ ڕاگرت و بە سەرکوتکردنی هەڵچوونەکانم تا ئەرکی موجامەلە پێشێل نەکەم، دوایی هەڵسام بۆ ڕۆیشتن ولێیم پرسی: - ئەی چی دەڵێی دەربارەی ئاییندە؟ - هیچ پێشنیارێکت پێیە؟ - بەڵێ پێشنیارێکم پێیە، بەڵام دەترسم نەفامی وجاهیلی بێت، ئەویش ئەوەیە بگەڕێیتەوە بۆ ڕەخنەی ئەدەبی! لەسەرخۆوە گووتی: - ئۆفەرێکی کارکردنم پێگەیشتوە لە دەرەوەی وڵات. - ئەی چیت بڕیاردا؟ - بیری لێدەکەمەوە.. ماڵئاواییم لێکرد و ڕۆیشت. لە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو یەکتربینینە، ڕۆژنامەکان هەواڵی پیلانێکی نوێی تری ئیخوانیان بڵاوکردەوە، ئەو کاتە هیچم نەزانی دەربارەی چارەنووسی عبدالوهاب ئیسماعیل [سەید قوتب] کە پێموابوو وڵاتی جێهێشتووە بۆ کارکردن لە دەرەوەی وڵات. بەڵام هاوڕێم قەدری رزق بۆی دووپات کردمەوە کە ئەو دەستی لە پیلانەکەدا هەبووە، و بەرەنگاری ئەو هێزەی کردۆتەوە کە بۆ دەستگیرکردنی ڕۆیشتوون، لە ئاکامدا گوللـەیەکی کوشندەی بەرکەوتوە و جەستەی بی گیانی کەوتۆتە سەرزەوی. المرایا، عبدالوهاب اسماعیل، ل ٢٥٧، نجیب محفوظ

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق