| سەردانی نەوال سەعداوی بۆ کوردستان و جاك درێدا بۆ میسر! | ![]() | |
| محەمەد هەریری | ||
سروشتی مرۆڤ وایە حەزی بە بایەخی تایبەت هەیە، من کە بابەتێك بڵاودەکەمەوە کە چەند برا وهاوڕێیەك کۆمێنتی لەسەر دەنووسن، زۆرجار سەڕەرای نەبوونی کاتیش، یەکە بە یەکە وەڵامی کۆمێنتەکان دەدەمەوە، مەگەر چۆن ناوێکم لەبیر بچێت یان بەرچاوم نەکەوێت. هەروەها کاتێ کۆمێنتیش بۆ یەکێ دەنووسم حەزم لێیە بە تایبەتی وەڵامم بداتەوە، ئەگەر شتێکی زۆر گرنگیش نەبێت، ئەوە سروشتی مرۆڤە! هەرچەندە توڕەش نابم ئەگەر وەڵامی دەستخۆشی و هیوایەکی باش خواستنم نەداتەوە. لە بیرمە کە لە یۆنان بووم وتاربێژێکی میسری هەبوو ماوەیەك ببوو بە برادەرم و نزیك بوو لە قوتابخانەی شێخ محمدی غەزالی، بیروڕاکانی جوان و میانڕەوانە بوو، ڕۆژێك بانگی کردم بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکەی ئەودا، منیش چووم، کە وتاری جومعەی تەواو کرد، وەك چۆن لە کاتی منداڵی چاوەڕێی تەواو بوونی مەولودمان دەکرد تا شیرینی وچوکلێتەکانمان بەسەر دابەش بکەن، ئاوا چاوەڕێی ئەوەبووم لە کۆتایی وتارەکە، ولە کاتی دوعاکردنی ناوی کوردستانیش تێبکات، چونکە ماوەیەکی باش بوو لەسەری کارم دەکرد بۆ ناساندنی کورد و دۆزی ڕەوای کورد، و ستەمکانی لییدەکرێت، ومێژووی کوردستان، خۆشی زۆر بە پەرۆش بوو بۆ زانینی زیاتر دەربارەی کورد! کە کاتی دوعاکان هات گوێم بۆی قوڵاختر کرد و دەستی کرد بە دوعاکردن بۆ موسڵمانانی عەرەب و فەلەستین و عێڕاق و کشمیر و بۆسنە و ئەفغانستان وسۆماڵ وچەندین وڵاتی تری کێشەدار! لە پاش وتارەکە پێیم گووت: برا هیچی تێنەدەچوو ناوی کورد وکوردستانیشت هێنا با لە دوعایەکانت، خۆ تۆ چاك مەزڵومیەتی کورد دەزانیت! گووتی: دوعام بۆ خەڵکی عێڕاق ق هەموو موسڵمانانیش کرد، بێگومان کوردیش دەگرێتەوە! گووتم: حەزم لێیە بە تایبەت ناوی کورد و کوردستان بهێنیت وەك چۆن ناوی سۆماڵ و کشمیر دەهێنیت! گووتی: ئینشاڵلا، دواییش هەر نەیکرد لە ترسی ئەو حەساسیەتە نەخۆشیدارەی عەرەب هەیەتی بەرامبەر ناوی کورد! کە دەقی قسەکانی نەوال سەعداویم خوێندەوە، هەر دوعاکانی ئەو مەلایە میسریەم بیرکەوتەوە کە بە بە تایبەت لە سەدان وتار ناوی گەجەر وگوجەری دنیای دەهێنا و کوردی بەبەر دوعا گشتیەکان دەخست، [اللهم انصر المسلمین فی کل مکان!!] ئەگەر هەموو قسەکانی نەوال سەعداوی لەسەر یەکە بە یەکەی کارەساتەکانی کورد هەر ئەوەندە بێت، کە وێنەی دەستنوسەکەی خۆشی وادەڵێت، ئەوە یانی هیچی لەو وتاربێژانەی عەرەب زیاتر نەکردوە، بەڵکو زۆر خراپتریشی کردوە، کە ئەو بە تایبەتی داوەتکراوە و ڕیزێکی ساویلکانەی بێ ئاگا لە مێژووی لێ نراوە، کەچی بە دوو قسەی گشتی و دروشمی چەپڕەوی بەسەرچوو لە دژی ئەمریکا وئیسرائیل و ئەوروپا، دەیەوێت بلێت ریزی لەو هەموو قوربانیە وکارەساتانەی کورد ناوە!! نەوال سەعداوی لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لە دەفتەری یادگاریەکاندا نوسیویەتی : "ئەم شوێنە دەیسەلمێنێت کە جیهانی مرۆڤایەتی هێشتا وەكو دارستانێك وایە كە هێزی لەناوبەر فەرمانڕەوای دەكەن، ئیمپریالیزمی جیهانی ئەمریكایی و ئەوروپایی و ئیسرائیلی خەرجیەکانی دەکێشن لەگەڵ حكومەتە نێوخۆییەكاندا کە پشتگیریان دەكات لە وڵاتانماندا، بەڵام گەلان خەبات دەكەن دژی زۆرداری و ستەم وسەرکووتکردن، بە ئافرەتان و پیاوان و گەنجانەوە، لە كۆتایشدا گەلان سەردەكەون". ئەمڕۆ کورد ئەگەر بە تەمای عەرەبە داعشیەکان و سێکیولارەکان وئیسلامیەکان با، دەمێك بوو ئاڵای داعش لەسەر قەڵاتی هەولێر وپەرلەمانی کوردستان دەشەکایەوە، کەچی نەوال سەعداوی هاتووە جوێنمان بۆ دەدات بە ئەمریكا و ئەوروپا و ئیسرائیل! نەوال سەعداوی ببینە چۆن باسی سەردانی فەیلەسوفێکی ناوداری فەرەنسی [جاك درێدا] دەکات بۆ میسر لە فێبرایەری ساڵی ٢٠٠٠: " جاك درێدا، بیرمەندی فەرانسایی هاتە میسر، باسی ئەوەی ناوی دەنێت بە [مرۆڤایەتی] کرد، لە پێناو رزگاربوون لە دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەیی، و هەڵوەشاندنەوەی فیکری کۆنی بە هۆی زانستە مرۆییەکان لە زانکۆکاندا، بەپێی چەمکی مافەکانی مرۆڤ، و هۆشیاری بە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی. بەڵام تاوانە مرۆییەکانی دژی ئافرەتانی، نیوەی کۆمەڵی فەرامۆش کرد، هەروەها تاوانە مرۆییەکانی دژی گەلانی ئەفریقیا و گەلانی عەرەبی ، لەسەرووی هەموویانەوە گەلی فەلەستینی بە تەواوی فەرامۆش کرد، بیرمەندی فەرانسایی تەنها باسی تاوانە مرۆییەکانی دژی جولەکە و سەرەڕۆیەکانی دادگاکانی پشکنین و هەڵاواردنی رەگەزی کرد لە مێژوو دا. بیرمەندی فەرانسایی باسی ئەوەی نەکرد کە لە ئێستاماندا ڕوو دەات لە تاوانە سەربازیەکان و ئابووریەکان کە ئافرەتان و منداڵان دەکوژێت لە: سودان و ڕواندا، و سۆماڵ، و لوبنان، و فەلەستینی داگیرکراو، و بۆسنە، و کۆسۆفۆ، شیشان، و کشمیر، و عێڕاق و جێگای تر" ص٦٤، المرأه و الدین و الاخلاق، نوال السعداوی، هبه رٶوف عزت، دار الفکر، دمشق، الگبعه الاولی ٢٠٠٠. فەرقی چیە وتاری سەعداوی لەگەل مەلاکانی عەرەب! ئەگەر لۆژیکی مەلا میسریەکە بەکار بهێنین، ئینجا کوردی لە بیرکراو لە یادەوەری نەوال سەعداوی حزوری دەبێت، ئەو گلەیی لە جاك درێدا دەکات کە باسی سودان و ڕواندا، و سۆماڵ، و لوبنان، و فەلەستینی داگیرکراو، و بۆسنە، و کۆسۆفۆ، شیشان، و کشمیر، و عێڕاق و جێگای تری نەکردوە، ئەی بۆ تۆ لە هەڵەبجەی، شاری شەهیداندا لە دەفتەری یادگاریدا، لە دەقێکی کورتی سێ چوار ڕستەییدا، دڵی شەهیدان و قوربانیان و خاوەن ئەنفال و کیمیا بارانەکانت بە باسی شەهیدانی هەڵەبجە و کارەساتی ئەنفال و کارەساتی شەنگال وشەی کورد و کوردستان خۆش نەکردوە؟! هەر نەبا لەبەر دڵی فێمنستە ساویلکەکانی خۆمان، یان لەبەر کەنیزە و سەبایەکانی شەنگاڵ واتکردبا! گلەییش لە جاك درێدا دەکات خانم؟! درێدا چونکە لە جەازائیر لە دایك بووە، هەردەم سۆزی هەبوو بۆ خاکەکەی و ئیدانەی سیاسەتی فەرەنسای کۆلۆنیالزمی کردوە دژی جەزائیر، هەتا دەربارەی جولەکایەتیشی دەڵێت: من جولەکەیەکی نا جولەکەم، سەرەڕای هەموو کێشەیەکی تیکچڕژاو بە جولەکایەتیم، بەڵام ئیسرائیل لە دیدی من گوزارش لە جولەکایەتی و خاکی دیاسپۆرا [تاراوگە] ناکات! ئەگەر حکومەتێکی دادپەروەری جیهانی هەبا، واتە نەتەوە یەکگرتووێکی سروشتی، هەرگیز ڕێگای بە ڕوودانی ئەو هەموو دزێویە نەدەدا لە فەلەستین"! درێدا لە پێناو هەقدا واز لە جولەکاتی خۆی دەهێنێت، و ئیدانەی ئیسرائیل دەکات، کەچی تۆی نەوال سەعداوی پاش زانینی هەموو کارەساتە مێژوویەکانمان بە دەستی عەرەب، سەرەڕای بەرگریت لەو ڕژێمە ستەمکارەی صدام لە سەدان بۆنە و نووسیندا، شەرمەزاری داتی نەگرت وەک جاك درێدای مرۆڤ بڵێیت: شەرم لە عەرەب بوونم دەکەم کە ئەنفال و شەنگاڵ وهەلەبجەی ئەنجام داوە؟! دێیتە هەڵەبجە بۆ جوێن دان بە ئەمریکا وئیسرائیل وئەوروپا؟! بێ ئەوەی ناوی یەك لە کارەساتەکانمان بهێنیت؟! ٢٦/١١/٢٠١٤ | ||
الاثنين، 9 مارس 2015
سەردانی نەوال سەعداوی بۆ کوردستان و جاك درێدا بۆ میسر!
الاشتراك في:
تعليقات الرسالة (Atom)

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق