الأحد، 29 يناير 2012


پیرۆسترۆیکای سەلەفییەت

پەڕینەوە لە قسەی کتێب ونامیلکە 


وکاسێت بەرەو واقیع

محەمەد هەریری
ئەوەی لەو ڕۆژگارە لە نێو سەلەفیەتدا ڕوودەدات زۆر لە پیرۆسترۆیکاPerestroika ی کۆمۆنیزمی سەردەمی گۆرباتشۆف لە هەشتاکاندا دەچێت، کاتێ گەورەترین کرانەوە وبنیاتنانەوەی ئەنجامدا لەناو فیکر وسیاسەتی کۆمۆنیزم ودەوڵەتی سۆڤیەت کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەرجەستەی کۆمۆنیزم بوو. دەبێت چی بێت وا سەلەفیەتی پەشۆکاو کردبێت وا بەپەلەپروزکێ کە تا دوێنێ هەموو ئەو بیروڕایانەی بە کوفر وبیدعە وهەرتەقەیان دەزانی ئەمڕۆ مەشروعیەتی پێ بدەن؟!
دەکرێ هۆی ئەو پاشەکشێیە لە هەڵوێستە [عەقایدیەکان] یان بگەڕێتەوە بۆ هێزی پرنسیپەکانی دیموکراتیەت، یان هێزی کورسیبازی یان هێزی واقیع؟! ئێمە لێرەدا زەنی چاکیان پێدەبەین و دەڵێین ئەگەرچی دەکرێت هەموو ئەو هۆکارانە هۆی ئەو پاشەکشێیانە بن بە ڕێژەی جیاواز بەڵام چەپۆکی واقیع وپەڕینەوە بۆ دونیای واقیع دوور لە قسە توندوتیژەکانی مینبەری سەلەفیەت و دوور لە قسە نامەسولەکانی کاسێتی بانگخوازە سەلەفیەکان و دوور لە نامیلکە بەرگ لوسەکانی سعودیە وخەلیج ودوور لە قسەی ناو ئەلقە داخراوەکان، گەورەترین هۆکاری ئەو پاشەکشێیە وبەخۆدا چوونەوەن.
ئەو سەلەفیەتیەی کە زەمەنی وەستاندبوو لە وێستگەی سێ نەوەکەی سەلەفی ساڵح لە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر [درودی خوای لەسەر بێت] فەرزی کردبوو لەسەر هەموو موسڵمانان وەزیفەی بیرکردنەوە ئیلغا بکەن لە ئاست هەر کاروبارێک سەلەفی ساڵح چارەسەریان بۆی هەبێت، هەر لەو ڕوانگەیەوەش ڕوبەری حەرامەکانیان هێندە بەرفراوان کرد بوو وەک روبەری ئاویان لێکرد بوو بە نسبەت وشکایی زەوی، لە ناکاو لە پاش شۆڕشەکانی بەهاری وڵاتانی عەرەبیدا کە ئاواتە خوازین چەپکێ لە نێرگزی ئەو بەهارە بەبەر هەموو پارچەکانی کوردستانیش بکەوێ، زۆربەی چەمکەکانیان گۆڕی وچونکە گۆڕانکاریەکان زۆر خێران خەریکە هاوسەنگی خۆیان لەدەست دەدەن لە فراوانکردنی ڕوبەری ڕێگەپێدراوەکان [موباحەکان] وەک ئەو لێدوانەی  وتەبێژی حزبی نوری سەلەفی کاتێ گوتی: ئێمە ڕیز لە ڕێکەوتنەکانی کامپ دەیڤێد لە گەڵ ئیسرائیل دەگرین!! کە ئەو قسانە نەک بە پێوەری ئیسلامی سەلەفی بەڵکو بە پێوەری نەتەوەییە عەرەبەکانیش کوفرە.
هەر ئەو سەلەفیانە لەسەر زمانی قوتبێکی هەرە گەورەی سەلەفیەت لەسەردەمی پێش شۆڕش وقسەی موحازەرات وپاش تێری بەر سێبەری داوای بە کۆیلە کردنی خەلکی غەیرە موسڵمانی دەکرد بۆ چارەسەری کێشەی هەژاری بە جیهاد کردن، وەک لە وتارێکی سەربەخۆ باسمان لێوە کرد، کاتێ ابو اسحاق الحوینى دەڵێت:
"هو الفقر اللی إحنا فیه ده مش بسبب ترکنا للجهاد؟، مش لو کنا کل سنە عمالین نغزو مرە ولا اتنین ولا تلاتە مش کان هیسلم ناس کتیر فی الارض”، کل واحد کان هیرجع من الغزوە جایب معاه “یقصد الاسرى” تلات اربع اشحطە وتلات اربع “نسوان” وتلات اربع ولاد، اضرب کل رأس فى ستمیت درهم ولا ستمیت دینار یطلع بمالیە کویسە”

(مەگەر ئەو هەژارییەى ئێمە تێیدان بەهۆی وازهێنانمان لە جیهادکردن نییە؟ ئەگەر ئێمە ساڵانە جارێک ودوو یان سێ جار غەزامان کردبا خەڵکێکى زۆر موسڵمان دەبوون لەسەر زەوى، وهەرکەسەى دەگەڕایەوە لەو غەزایە بە سێ چوار پیاو (ئەو وشەى اشحطەی بەکار هێناوە کە سوکایەتى پێکردنە بە ئادەمیەتى مرۆڤى ناموسڵمان وەک علوجى کۆنى توراسمان) و سێ چوار ژن و سێ چوار منداڵ، هەر سەرێکى بدە لە شەش سەد درهەم یان دینار پارەیەکى چاکت لێی دەست دەکەوێت!!!)
ئەوە چارەسەری سەردەمی قسەی نەزەری وناواقیعی بوو کەچی ئێستا ناوێرن باسی ئیسرائیلیش بە خراپە بکەن لەبەر ئەمری واقیع.

سەلەفیەکان هەر کتێبێکیان بکەیتەوە باسی کوفری سیستمی دیموکراتیەت دەکات هەتا ئەو ڕادەیەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەسایەتیەکی سەلەفی بەژداربووی یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراسی میسر داوەت کرابوو وەک فەیلەسوفێکی دیموکراتیەت باسی لە بەها دیموکراسیەتیەکان دەکرد، بەڵام توشی پەشۆکان هات کاتێ گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەو برادەرەیان لێدا لە سەردەمی قسەی مینبەر وتیۆریدا دەڵێت دیموکراسیەت کوفرە!!
هەر سەرۆکی حزبی نور عماد عبد الغفور لە دوا چاوپێکەوتنەکانی ڕەتی دەکاتەوە کە ئازادییە گشتیەکان وەک ئازادی دەربڕین وجل پۆشین بخرێتە ژێر حوکمی بنەماکانی شەریعەت دەڵێت:" ئەو شتانە بە زۆرەملێ نین"
هەڵوێستی سەلەفیەتی هاوچەرخ لە دیموکراسیەتدا هاتا لە سەلەفیە کۆنەکانیش خراپترە، ئەوەتە لە سەردەمی زانایەکی سەلەفی بەناوبانگی وەک محمد رشید ڕەزا، خەڵکی هێندە سەرسام بوون بە دیموکراسیەت وبنەماکانی تا ئەو ڕادەیەی دەیانگوت دیموکراسیەت لە ئسوڵی ئایینی خۆمانە بۆیە ئەو زانایە لەرۆژنامە بەناوبانگەکەی وەڵامیان دەداتەوە، بەڵام چۆن وەڵامێك وەک زانا سەلەفیەکانی ئەو سەردەمە ناڵێت دیموکراسیەت مانای حاکمیەتی جەماوەر دەگەیەنێت کە ئەویش شیرک و هاوبەشی بڕیاردانە بۆ خوا، بەڵکو دەڵێت:" ئەی موسڵمان مەڵێ ئەو حوکمە [دیموکراسیەت] ئەسڵێکە لە ئسوڵی ئایینی خۆمان، ولە قورئان و ژیننامەی خەلیفە ڕاشدیەکان پێمان زانیوە نەک لە بەرخورد کردن لەگەڵ ئەوروپیەکان، دیتنی ئەحواڵی رۆژهەڵاتیەکان. چونکە ئەگەر ئەحواڵی ئەو خەڵکەتان واتە [ئەوروپیەکان] پەندیار ونموونە نەبوبێت وکاری لێنەکردبان نە تۆ ونە هاوشێوەی تۆ بیرتان نەدەکردەوە کە ئەوە [واتە دیموکراسیەت وبنەماکانی] لە ئیسلامدایە."
 دەربارەی ئافرەت کە توندوتیژی سەلەفییەت وسەلەفیەکان بەدیارترین شێوە وتوندترین شێوە دژی ئەو ڕەگەزە دەردەکەوێت چونکە ئافرەت لە نیوان دوژمنە بی شومارەکانی بە لاوازترین ئەلقە دادەنێت، کاتێ فەرمانڕەوا سەرکوتی دەکات وکۆمەڵگا پشتی لێدەکات هەموو چەقی توندوتیژی ئاڕاستەی ئەو [زەعیفانە] دەکات و لەواندا تەعویزی خاڵیکردنەوەی توندوتیژیەکانی دەکاتەوە، بۆیە وەک لە کوێت وسعودیە ومیسر سەرانی سەلەفیەت نەک دژی خۆکاندیدکردنی ئافرەت بوون بەڵکو دژی دەنگدانیشی بوون، لە سعودیە دژی لێخوڕینی سەیارە وسەفەرکردنیشین بەبی میرد ومەحرەم با دایکی دە منداڵیش بێت!! ئەو هەموو کارانەش بە بیانووی حەدیسێکی وەک "لن يفلح قوم ولّوا أمرهم امرأة" ئەنجامی دەدەن کە ئامادە نین گوێ بۆ هیچ تەفسیرێکی تری جگە لە خۆیان بگرن وەک تفسیری شێخە ڕوناکبیرەکانی تری وەک محمد الغزالي، بەڵکو لە هەر موناسەبەیەک باسی مافێکی ئافرەتان کرا ئەو حەدیسە دەڵێن ودەڵێنەوە، کەچی لەبەر هێزی واقیع ولەبەر خاتری مەجلیسی عەسکەری ئافرەتیشیان تەرشیح کرد بەشێوەیەکی زۆر کاریکاتێریانە کە لەجیاتی وێنەی کاندیدە ژنەکان بەوەکالەت یان وێنەی گوڵێکیان لەجێی دانا بوو یان وێنەی مێردەکانیان!! کە هێندەی نەبرد ئەویشیان ڕاست کردەوە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنە مونەقەبەکانیشیان!!
ئەوە لە کاتێکدا نەک وێنەی ئافرەتان بەڵکو وێنەی پیاوانیش حەرامە لە فیقهی سەلەفییەت، کەچی ئێستا خەریکە ژمارەی کەناڵە فەزاییەکانی سەلەفییەت زۆرتر دەبێت لە خەڵکانی تر.
لە سەرەتادا گوتمان ئەوەی ڕودەدات پیرۆسترۆیکای سەلەفییەتە، بەڵام مەرج نییە پیرۆسترۆیکا بتوانێ چارەسەری داخراوی وئینغیلاقیەتی فیکری سەلەفییەتی پێ بکرێت، چونکە چۆن پیرۆسترۆیکای غۆرباتشۆف هەرەسی هینا بە خودی کۆمۆنیزم وزەبرێکی وەشاندێ کە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە پشتی لێ ڕاست کاتەوە، لەوانەیە سەلەفییەتیش کە لە زۆر ئەدگارەکانی هاوشێوەی کۆمۆنیزمە لە بواری مۆنۆپۆڵکردنی هەقیقەت وسوکایەتکردن بە نەیارانی وحەتمیەتی تاریخی وگەلێک بواری تر، لەگەڵ ئەو پیرۆسترۆیکایە پشتی بە عەرز کەوێت چونکە چاکترین پێچواندن بۆ کۆمۆنیزم و سەلەفییەت ئەوەیە کە ئەو دوانە دوو تێڵای چەماوەن شکانیان لە ڕاستکردنەوەیاندایە.
ئەو قسانە ڕاستە ئاڕاستەی سەلەفییەکان دەکرێن بەڵام مانای ئەوە نییە زۆر گەشبینیش بین بە سەرکەوتنی ئیخوان لە تاقیکردنەوەی دیموکراسیەت بە هەموو میراتە فیکری ومێژووییە نا دیموکراتیەکەی کە سەنگی تەرازووی بەرەو سێنتڕاڵیزم و تۆتالیتاریەت زیاتر لارە تا ئازادییە گشتیەکان.
١/١/٢٠١٢

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق