الأحد، 29 يناير 2012

شۆڕشە مەزنەکان وگەڕانەوەى خەباتى گەلان بۆ باوەشى مەدەنیەت




شۆڕشە مەزنەکان وگەڕانەوەى خەباتى گەلان بۆ باوەشى مەدەنیەت

محەمەد هەریری
hariri66@yahoo.com 

ئەو شۆڕشە مەزنانەى ناوچەکە ولە شۆڕشى مەزنى تونسەوە بۆ شۆڕشى مەزنى میسرەوە بۆ یەمەن و لیبیا و سوریا تا کوردستان گەورەترین خاڵی پۆزەتیڤى ئەو شۆڕشانە ئەوەیە کە توانیان هەستى متمانە بەخۆبوون بۆ جەماوەرى گشتى وپان وبەرینى سەر شەقامەکان بگەڕێنەوە وخەباتى ڕزگار بوون لە دیکتاتۆریەت وڕژێمە گشتگیر وشمولیەکان بگەڕێننەوە لەلاى چەند گروپ ورێکخراوێکى توندوتیژ ومافیا ڕێچکە  بۆ باوەشى گەرم وگرنگى مەدەنیەت. گەڕانەوەى خەبات بۆ ئامێزى مەدەنیەت هەموو جیهانى یەکەم ودووەم وسێیەمیشى سەرسام کردوە ئەو قسانەى پیاوە ناودارەکانى جیهان لەسەر شۆڕشەکانى میسر وتونس ویەمەن دەیکەن جێگاى شانازیە بۆ هەموو جیهانى ئیسلام وداهێنانێکە لە دنیاى سیاسەت ونایابکاریەکە لە شۆڕشکردندا.
گەڕاندنەوەى خەبات بۆ ئامێزى مەدەنیەت ماناى چییە؟! ماناى ئەوەیە هیچی تر کەسایەتە توندڕەوە سیاسی وئایینیەکان لە کون وقوژبنەکانى ئەو جیهانەى کە پێی دەڵێن جیهانى ئیسلامى لە کاسێتە دزەپێکراوەکان دەرناچن بەخۆیان وبە کلاشینکۆفێکى ژەنگاوى بە دیوار هەڵپەسێنراو وقسەى قۆڕ وتوڕەهات بکەن بەناوى جەماوەرى جیهانى ئیسلام وزیاتر وزیاتر سومعەى موسڵمانان وئیسلامیش بەرن، تا ڕادەیەک ئەو لەقتەیەى بن لادن و زەواهیری لەسەرتاسەرى جیهانى ئیسلامدا لەلایەن کەمینیەکى توندڕەو لاسایی دەکرایەوە، یان کاتێک ئەبو موسعەبى زەرقاوى گۆڕ بەگۆڕ وەک دڕەندیەکى گۆشت خۆر بەکێردەوە پەلامارى رۆژنامەوانێکى ئەمریکى بەسەزمانى دا کە ناسراو بوو بە دژایەتیکردنى سیاسەتى ئەمریکا ودژى داگیرکردنى عێراقیش بوو، وەک ئاژەڵ سەری بڕى، ئەو ئینتەرنێتە پڕاوپڕ کرا لەو کارە بآ ڕەوشت ونائەخلاقیە وسەدان توندڕەو بەهەمان لەقتەو ودیارگەدا ڕادەوەستا وچەند ئایەتێکى قورئانیان دەخوێندەوە (رب تال للقرآن والقرآن یلعنه) بەهەمان شێوە دڕندانەکەى زەرقاوى لەگەڵ کۆتایی قسەکانى پڕى دەدایە قوربانیەکەى وسەرى دەبڕى ئێستاش بڕینى سەرى چەند لاوێکى کوردى ناوچەى بادینانم لەبیر ناچێت کەلەسەر ڕێگاى بەغداد گوایە ئۆتۆمبیلیان تێک چوو بوو وپەنایان بۆ شورتەى عێراقی بردبوو کەچى هەر ئەو شورتانە پەیوەندیان بە توندڕەوەکانى قاعیدە کردبوو وپێیان فرۆشتبوونەوە لەوانەیە سەرى 100 دۆلاریشیان پێنەدرا بێت!!
بەو شۆڕشە مەزنانە بۆ جیهان دەرکەوت کە ئێمەى جەماوەرى گشتى جیهانی ئیسلامى ئەگەر بێدەنگیش بووین لەو فەزاعەتانەى کە دەکرا بەناوى ئێمەوە بەڵام ماناى ئەوە نییە کەلێی ڕازیبووین، ئەوەتە خەڵکى شۆڕشگێڕی سەرتاسەرى وڵاتانى عەرەبی وکوردستانیش خەباتى ئاشتیانە هەڵدەبژێرن ولە زۆربەى خۆپیشاندانەکان دروشمى (سلمیە) واتە ئاشتیانە دەبیستین، ودوا شتى جوان کە دیتم لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکانى شارەکانى سوریا ئایەتێکى قورئانیان بەرزکردبوەوە کە بەجوانترین شێوە گوزارشى لەو ئاشتیخوازییە دەکرد: (لئن بسگت یدک الی لتقتلنی ما انا بباسگ یدی الیک لڕقتلک) واتە ( ئەگەر تۆش دەستم لێوەشینى بۆ ئەوەى بمکوژیت من دەستم بۆ کوشتنت هەڵنابڕم) ئەو وتە گرنگ وجوانە لەکوآ کوشتنى خەڵکى هەژار وبرسی لە کوآ بەناوى ئەوەى شیعەن یان یەزیدین یان مەسیحین یان لەگەڵ حوکمەتن وهەتا دوایی ئەو توڕەهاتانە. ئەو خەباتە جوان وبێگەردەى شۆڕشە نوێیەکان لە کوآ وخۆتەقاندنەوە لە تازیە وسەرقەبران و چێشتخانەى شەعبی لە کوآ! ئەو ترسنۆکیەى توندڕەوان لەکوآ وئەو ئازایەتیەى شۆڕشگێڕان لە کوآ وەک بۆ نمونە ئەو گەنجانەى شارى بانیاسی سوریا چۆن بە سنگى ڕووت لەبەردەم تانکە بآ ڕەحمەکانى بەشار وبەعس لەسەر ڕێگا ڕاشکان!! ئەو گەنجە بوێرانەى کفنی سپیان پۆشیبوو  لە سوریا کەچى بە ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەکرد لەکوآ وئەو ترسنۆکیە قێزەونەى گروپێکى سەلەفی سەر بەقاعیدە لە فەلەستین لە کوآ کە چالاکوانێکى گەنجى ئیتالیان فڕاند بەناوى  فیتوریو ئەریغۆنى کە ئەندام بوو لە بزاڤى هاوکارى نێودەوڵەتى لەگەڵ گەلى فەلەستین، کە بەوپەڕى دڕاندانە کوشتیان تەنها لە پێناو فشار خستنە سەر دەسەڵاتى حەماس بۆ بەردانى ڕابەرى گروپەکەیان ئەبو وەلید ئەلمەقدەسی لە زینداندا.!!! بینە بەرچاوى خۆت کەسێک لە یەکێک لە خۆشترین وڵاتەکانى ئەوروپا (ئیتاڵیا) بێتە فەلەستین بۆ بەرگرى لەگەلى فەلەستین ودۆزە ڕەواکەى کەچى تۆ بیفڕێنى وبیکوژیت لە پێناو بابەتێک لە دوور ونزیک پەیوەندى بەو گەنجە رۆژنامەنوسە نەبوو!! بەڕاستى ئەوەیە نامەردى وترسنۆکى لە دیارترین شێوەیدا، پێغەمبەر (د.خ) هەتا مونافیقەکانى نەدەکوشت چونکە لە ڕواڵەتدا سەر بە ئەو بوون ودەشیى ناسین کە یەکێک پێی دەگووت با بیان کوژین دەیگوت: (نامەوێت بڵێن محمد هاوەڵانى دەکوژێت!!) چونکە ئەگەرچى مونافیق بوون بەڵام لەبەرچاوى خەڵک لایەنگیری پێغەمبەر بوون! ترسنۆکى ئەو ژنانەى کە لە ئوردن لەناو زەماوەندێک خۆیان تەقاندەوە لە کوآ و ئازایەتى ئەو ژنانەى گوندى بەیزا لە کوآ کە بەوپەڕی بوێرانە بەبآ پیاو کەوتنە سەر شەقامەکان لەدژى گرتنى کوڕ وباوک وبراکانیان.؟! بەڕاستى ئەوەى ڕودەدات هەر گۆڕانکارى لە سیاسەت ناکات بەڵکو گۆڕانکاریەکى گەورە لە سایکۆلۆژیەتى جەماوەر دەکات ولە نێگەتیڤى بەرەو کرانەوەیەکى پۆزەتیڤیان دەبات ولە کارلێکراو دەیان گوێزێتەوە بۆ بکەر، لە هەمووى گرنگتر ئەو شۆڕشە جەماوەرى ڕزگار کرد لە زیندانى گروپە تیرۆریستەکان وکردەوە قێزەونەکانیان وئەو خەباتە پیرۆزەى گەلانى گەڕاندەوە ئامێزى مەدەنیەت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق