الأحد، 29 يناير 2012



شێخە ستایشکەرەکەی صدام: عائض القرني کتێب دزیش دەرچوو!!!

محەمەد هەریری
hariri66@yahoo.com





دەڵێن شاعیری گەورە فورەزدەق دەڵێت: "چاکترین دزی ئەوەیە کە دەستی تێدا نابڕێت" کە مەبەستی لە دزینی شیعر و وێنەی شیعری وئەندێشەی کەسانی تر بوە. بەڵام ئەگەر یەکێک بیرۆکەی شیعرێکیش بدزێت لە پاڵ دەیەها شیعری خۆی لەوانەیە خۆ ڕزگار کردن زەحمەت بێت، بە بیانووی لێکچوونی ئەندێشەیی یان ئەوەی عەرەب پێی دەڵێت [ توارد الخواطر] بەڵام بێیتو کتێبی خەڵک سەرتاسەر بدزێت وتەنها جەند دیکۆرێکی بۆ زیاد کەیت وەک گۆڕینی ناونیشانەکانی یان پاش وپێشخستنی بابەتەکانی یان زیاد کردنی چەند بابەتێکی لاوەکی کە هیچ شتێک نەخاتە سەر ناوەرۆکی دزراوی کتێبەکە، ئەوەیان دزییە بە رۆژی ڕوناک. بێگومان ئەو جۆرە دزیانە زۆر دەکرێت بەڵام لەبەر نەبوونی چاودێری وڕەخنەگرانی چالاک زۆربەی ئەو دزیانە پەردەپۆش دەکرێت وبەسەر خەڵک تێدەپەڕێت. ئینجا ئەو دزیانە کەسانێک دەیکەن کە لەڕووی ڕەوشتیەوە زۆر پەڕپوت بن وبیانەوێت بەسەر شانی خەڵک سەرکەون یان حەزیان لە زیادکردنی بەرهەمی جاپکراویان بێت بە خێرا تا لەناو مەجلیسدا بڵێن"من ئەوەندە کتێبی چاپکراوم هەیە!!!" من خۆم حالەتێکی وام دۆزیەوە بەڵام لەبەر چەند ئیعتبارێک بێدەنگیم لێکرد، ئەوەی سەیرە لەو حالەتەدا ئەوەیە کە ئەو کەسەی دزیە ئەدەبیەکەی کردوە لە هیچی کەم نییە لە شوهرەت وناوبانگی و ئەستێرەی کەناڵە ئاسمانییە خەلیجیەکانە ولە ڕووی مادیشەوە تەبلێی دەولەمەندە، کەوابوو بۆ دەبێت ئەو پیاوە لەو ئاستەوە ئەو کارە سوکە بکات وهەوڵ کۆشسی ئافرەتێک بدزێت کە مامۆستای سەرەتایی و دایکی مناڵێکی نەخۆشە بە نەخۆشی ئوتیزم [مەنگۆلی] ە؟؟!! بەڕاستی لە هەندێک حاڵەتە دزیەکانی بەناوبانگان بۆم دەردەکەوێت کە دزی کردن جاروبار وەک نەخۆشییە دەنا بۆ دەبێت کەسێکی میدیایی بەناوبانگی وەک [ئەلان شوگەر] خۆی ئیحراج کات ولە سوپەر مارکیتێک چەند میوە و سەوزەیەک بدزێت کە هەموویان نرخی ١٠ دەقیقەی کاری ئەوی نەدەکرد؟!
سلوی العضیدان خاوەنی کتێبی [هکذا هزموا الیأس] بەر لە دادگایی کردن دەڵێت کاتی خۆی کە ئەو کتێبەم نووسی بە هەزار دەردەسەری وبێ کاتی کە مناڵە نەخۆشەکەم زۆربەی کاتی داگیرکردووم، یەکەم دانەم بە دیاری نارد بۆ شێخ عائز قەرنی وکە ئەویش سوپاسنامەیەکی بۆ ناردم، لە دواییدا بۆم دەرکەوت کە ئەو کتێبەی منی کۆپی پەیس کردوە وناوی خۆی خستۆتە سەر لەگەڵ گۆڕینی چەند دیکۆرێکی لەفزی، ئەوە گەورەترین خەنجەر بوو کە پێم کەوتبێت لە ژیاندا، من تاوانباری شێخ عائز قەرنی ناکەم چونکە تاوانبار کردن بوارێکی تێدایە بۆ گومان وبەرگری لە خۆکردن، بەڵکو باسی هەقیقەتێکی ئاشکرا دەکەم وەک خۆر لە سەعات چواری ڕۆژدا، کتێبی [لا تیأس] ی شێخ عائز قەرنی  ٩٠% لە کتێبی مندا دزراوە بە هەمان داڕشتنی من بۆ بابەتەکان وبەهەمان کۆمێنتەکانی من وبە هەمان هەڵەی چاپکردن، ئەوەی مایەی پێکەنینی گریانهێنەرە ئەوەیە هەتا سەرەتاییەکەی کتێبەکەم کە بەخۆم نوسیبوم بیرۆکەی خودی خۆم بوو، کرابوە بابەتێك وخزاندراوەتە ناو بابەتەکان!! چۆن نەڵێم گەورەترین تانەم لێدراوە لە ژیانم، شێخ عائز قەرنی وەک نمونە وقدوەیەک بوو بۆ من لە هەوڵ وکۆشش وپشت بەخۆبەستندا کەچی دێت وئەو کۆششەی من لە ماوەی چوار ساڵدا بۆ نوسین وکۆکردنەوەی بابەتی کتێبەکەم [هکذا هزموا الیأس]  لە نێوان شەو وڕۆژێکدا دەدزێت!!
ئینجا لەو چاوپێکەوتنە دەڵێت کەوا خۆیی و مێردەکەی قسەیان کردوە لەگەڵ شێخ عائز کە تێیدا بە ئاشکرا دانی بەو دزییە ئەدەبییە ناوە کە بە قەولی الفرزدق [دەستی لەسەر نابڕێت] وداوای لێبوردنی کردوە بەڵام ئەو شێرە ژنە نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری شەرم و عفا الله عما سلف، بەڵکو سێ مەرجی بۆ شێخ داناوە کە:
١- داوای لێبوردنێکی بە نوسین دەست.
٢- پەیمان دان بە بڵاونەکردنەوەی کتێبەکە
٣- کێشانەوەی لە بازاڕەکاندا.
بەڵام شێخ ڕازی نەبوە، بۆیە ئەویش مەسەلەکەی هەموو داوەتە دادگایەکی تایبەت بە وەزارەتی ڕاگەیاندن، لیژنەی مافی دانەر لەو وەزارەتە لە پاش خوێندنەوە و بەراوردکردنی دوو کتێبەکە بڕیاری سزادانی شێخ عائز قەرنی دا بە بڕی ٣٣٠،٠٠٠ هەزار ریاڵی سعودی، کە ٣٠٠،٠٠٠ درایە سلوی العضیدان وەک قەرە بوو، هەروەها بڕیاری کێشانەوەی کتێبە دزراوەکەی شێخ عائز قەرنی درا لە بازاڕەکاندا وخرایە سەر لیستی قەدەغەکردنی هێنانی لەدەرەوەش!
ئینجا لەپاش ئەوەی بڕیاری دادگاش دەرچوو بەکاوەخۆ شێخ عائز قەرنی هاتە سەرخەت ونەسەری کتێبەکە دەلاوێنێتەوە بەقسەی شیرین وکچی شیرینم وبەڵام هێشتا بە ڕاشکاوی دانی پیا نانێت و دەڵێت وەرە ئەوە لەو ٩٠ کتێبەی من چاپم کردوە هەرچیەکەت بە دڵە بیبە!! بەڵام لە تەعویزی چیدا؟! دەبێ ئەو ٩٠ کتێبە چۆن تەئلیف کرابێت؟؟ اللە اعلم. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەو لینکانە:


کتێبێکی تریش
هێشتا لەو کێشەیە دەربازی نەبوە شێخە ستایشکەرەکەی صدام لە لایەن شاعیرێکی میسری بە ناوی سمیر فراج تۆمەت بار کرا بە دزینی کتێبێکی بە ناونیشانی: " شعراء قتلهم شعرهم" کە لە چاپی  مكتبة مدبولي قاهیرة یە لە ساڵی 1997 ، کتێبە دزیاریەکەی شێخ بە ناونیشانێکی نزیك لەوە بڵاوکرایەوە بەناوی: "قصائد قتلت أصحابها"، کە لەدوای شەش ساڵ لە چاپکردنی یەکەم کتێبدا چاپکراوە. من لەوە زیاتر ناتوانم قسە لەسەر کتێبی دوەم بکەم چونکە کێشەکە هێشتا لە سەرەتایە.
دەتوانیت بۆ زانیاری زیاتر ئەو لینکە بخوێنیتەوە:
لە ٢٨/١٢/٢٠١١ بەبەتێکم بڵاوکردەوە بەناوی [شێخ عائز قەرنی و قەسیدەکەی سەدام : بەدرۆخستنەوەیەکی درەنگ] تێیدا گومانم خستبوە سەر عەو بە درۆخستنەوە درەنگەی شێخ عائز قەرنی بۆ قەسیدەکەی سەدام وەک لەو نوسینە هاتبوو: " لە پاش لە سێدارەدانی سەدام وئەو هەرایەی نایەوە گوایە لە رۆژی جەژن ورۆژێکی پیرۆز لە سێدارە دراوە، هەر لەو کاتانەدا کە عەرەب کێرڤی عەرەبچیەتی وسونەچێتیان زۆر بەرز ببوەوە، هەر لەو ساتانەدا قەسیدەیەک بەناوی شێخێکی داعیەی بەناوبانگ شێخ عائز قەرەنی بڵاوبوەوە لەسەر سەدام کە سەرتاسەری ستایشی سەدامی [شەهیدی عروبە وئیسلام بوو] ڕاستییەکەی لەبەر هەلوێستی عەرەب بە گشتی وسعودیەکان بە تایبەتی ئەو قەسیدەیە زۆر لەگەڵ کەشی گشتی روداوەکە دەگونجا وکەس گومانی لە ڕاستی قەسیدەکە نەبوو" من گەیشتبومە ئەو باوەڕەی کە ئەو قەسیدەیە ئەگەر هی شێخ عائز قەرنی یش نەبێت بەڵام لەبەر حەزی شوهرەت کە شێخ ئامادەیە دزی بۆ بکات خۆی لێ گێل کردوە تازە لەبەردەم چەند کوردێکی سادە وبێ ئاگا قەسیدەکە بە درۆ دەخاتەوە : " وابزانم شێخ عائز قەرنی لەگەڵ ئەجوائەکە ئاوێتە ببوو لای خراپ نەبوو لە ڕێی ئەو قەسیدەیە ئەگەر هی ئەویش نەبوبێت کەمێک سەرسامی وحەزی شوهرەتی زیاتر بخاتە سەر ئەوەی هەیەتی!! بەتایبەتی خۆشەویستی سەدام لەو رۆژگارە وتا ئەمڕۆش لای زۆر لە عەرەب جێگای شانازی کردنە نەک شەرمەزاری، ئەگەر ئەو قەسیدەیە لە ستایشکردنی سولحی نێوان عەرەب وئیسرائیل یان لە ستایشی خومەینی با بۆ نموونە ئەو هەموو ساڵەی دەویست شێخ عائز قەرنی بێدەنگ بێت ولە موناسەبەیەکی بچوکی کوردان لەبەر دڵی ئەوان تازە ئەو قەسیدەیە بەدرۆ بخاتەوە؟؟"
پاش ئەو دزینە ئەدەبیە من یەك تۆزقاڵ گومانم نەماوە کە قەسیدەکەی سەدامیش هەر هی خۆیەتی، چونکە ئەوەی دزی ئەدەبی بکات لە پێناو شوهرەتدا کە خەریکە دەتەقێتەوە لەبەر پڕی شوهرەت زۆر ئاسانە درۆش بکات لەبەر ئیحراج بوونی بەردەم چەند گەنجێکی کورد بڵێت من شێخە ستایشکەرەکەی صدام نیم.
لەندەن
٢٤/١/٢٠١٢

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق