الأحد، 29 يناير 2012


ئەردوگان و کەوتن لە دەرسی کوردی




محةمةد هةريري
hariri66@yahoo.com 






ناسینی من بۆ ئەردۆگان دەگەرێتەوە بۆ بەر لە بوونە سەرۆک وەزیران، لە ١٩٩٥ کە لە ئەستەمبۆل بووم، نزیکەی هەشت مانگێک لەوێ بووم، لەو ماوەیە خەڵکێکی زۆرم ناسی لە تورک وکوردی تورکیا، لەو ڕۆژانە ئەستێرەی ئەردوگان تازە دەرکەوتبوو بەڵام دەرکەوتنێکی زۆر بە هێز، ئەو کاتە ئەردۆگان نزیکەی دوو ساڵ بوو سەرۆک شارەوانی ئەستەمبۆل بو، بەڵام چۆن سەرۆک شارەوانیەک گەورە و بچوک ستایشی کارەکانی دەکرد، من هەر ئەو رۆژانە هەستم بە دواڕۆژی پڕشنگداری ئەو پیاوە دەکرد، هەستم دەکرد لە ئەربەکانی مامۆستای سیاسیترە، هێندەی نەبرد لە ساڵی ١٩٩٨ ئەردۆگان لە ئەربەکان جیابوەوە لەگەڵ گروپێک لە هەڵبژاردەی ناو حزبەکە بۆیە ئەربەکان تا مردیش ئەو زامە نێرگزیەی لەبیر نەچوو یان ئەو پێشکەوتنەوەی قوتابیەکەی بۆ هەرس نەکرا تا ئەو ڕادەیەی بەر لە کۆچی دوای بە ماوەیەکی کەم گوتی: "ئەردۆگان و عبدوڵڵا گول ئامرازی دەستی زایۆنیزمن" و "تەڵەی دوژمن مناڵەکانمان لێ دەڕفێنێ، تۆرگۆت ئۆزال لە سەرەتا لێمان جیابوەوە، ئینجا ئەردۆگان لێمان جیابوەوە، بەڵام کاتی ئەوە هاتوە هەموو کەس جیاوازی نێوان ڕەسەن و لاسایی کەر بزانن، جیاوازی زۆرە لە نێوان ڕەسەن وجیاوازی کەر." لەوەش زیاتر گوتی: " زایۆنیزم زۆربەی میدیای وڵاتەکەی قۆرخ کردوە وهەر هەموویان لە خزمەتی ئەردۆگان دان، ٣٠ رۆژنامە و ٣٠ کەناڵی ئاسمانی شەو و ڕۆژ لەڕاژەی ئەودان...." قسەی تریش بەڵام پێویست بە زیاتر ناکات.
جا ئەو لێدوانانە لە هەر هۆیەکەوە سەریان هەڵدا بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەردۆگان بەردەوام بوو لە سەرکەوتن و توانی بەسەر زۆر تەحەدای گەورە زاڵ بێت، ئەگەر بزانین ژیان هەمووی دەرس و وانەیە بۆ سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەی دنیادا بەلای کەمەوە لای ئەردۆگان وایە وەک کەسێکی دیندار لەسەر ئاستی تاکە کەسیدا و تا رادەیەکیش سیاسیدا، ئەوە گومانی تێدا نییە کە ئەردۆگان لە زۆربەی هەرە زۆری وانەکانی سەرکەوتوو بوە بەڵام بە ئیمتیاز لە دەرسی کوردی ساقیت وکەوتوو بوە.
لە دەرسی سیاسی دەست پێبکەین هێشتا لە حوکمی قەدەغەکردنی لە سیاسەت دەرنەچو بوو کاتێک زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بردەوە لە ٢٠٠٢، ئەو سەرکەوتنانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وتەنها حزبێکە بۆ ئەو ماوەیە درێژە بە تەنها بەبێ تەحالف حوکم دەکات.
لە دەرسی عەسکەری دا، ئەوەی ئەو پیاوە کردی بە دامەزراوەی عەسکەری نە بە خەیاڵی کەس دا دەهات نە بە کەس دەکرا، توانی زۆر زیرەکانە پەڕ وباڵی ئەو نوخبە عەسکەرییە بکات کە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە لەسەر سنگی گەلانی تورکیا دانیشتوون.
لە دەرسی دەستوریش تا رادەیەکی زۆر توانی هەموو خاڵە نێگەتیڤەکانی دەستوور لا بدات، هەرچەندە کوردەکانی تورکیا بە شێوەیەکی گشتی لێی ڕازی نەبوون.
لە دەرسی یۆنانی سەرکەوت لەگەڵ ئەو دوژمنایەتیە مێژووییەی نێوانیشیان، توانی پەیوەندیەکی چاک دروست کاتەوە.
لە دەرسی ئەرمەنی تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو، چەندین دەرگای داخراوی لەسەر کۆماری ئەرمنستان کردەوە.
لە دەرسی ئابووری لە سەردەمی سەرۆک شارەوانییەوە تا ئەمڕۆش سەرکەوتن بە دوای سەرکەوتن تۆمار دەکات.
لە دەرسی پەیوەندییە ئیسلامیەکانی توانی گەورەترین کاریزما بۆ خۆی مسۆگەر بکات، تا ئەو ڕادەیەی بۆتە خۆشەویسترین سەرکردەی جیهانی ئیسلامی، هەرچەندە من سەرنجێکی زۆرم هەیە لەو بارەوە لە وتارەکانی ترم لەسەر ئەردۆگان زۆر جار گوزارشم لێکردوە بە پێویستی نازانم دوبارەیان بکەمەوە.
لە دەرسی ئیسرائیل زۆر سەرکەوتوو بوە تا ئەو ڕادەیەی زۆربەی سەرکردە عەرەبەکانی خستۆتە قەیرانی بێ هەڵوێستی.
 لە وەڵامی ئەوانەی کە هەنگاوە سستەکانی ئەردۆگان دەگەرێننەوە بۆ ترسی ئەردۆگان لە سوپا یان بنکە جەماوەریەکەی دەڵێین، ئەگەر ئەو پیاوە توانای شکاندنی ئەو هەموو موحەرەماتە تەقلیدیانەی سیاسەتی تورکی هەبێت، بۆچی کە دێتە سەر دۆزی کورد وا چەق دەبەستێت؟! لە ڕاستیدا ئەردۆگان ویستی چارەسەرکردنی لا نییە، تەنها جاروبار لێدوانێکی لەناکاو دەدات لە گەرمەی گەمەی هەڵبژاردن وخەڵکێکی زۆریشی پێ هەڵدەخەڵەتێنێ، ئەو قەیرانەی ئەم دوایەش سەلماندی کە ئەردۆگان هێندەی سەرکەوتوە لە دەرسەکانی تری ناوەوەو دەرەوە، هێندەش ساقیتە لە دەرسی کوردی.
٢٧/١٠/٢٠١١
لەندەن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق