الأحد، 29 يناير 2012


بەهار وزستانی کەس نییە:
بەهاری ئازادیخوازان وزستانی دژە ئازادییە

محەمەد هەریری


لە پاش ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە وڵاتانی عەرەبی ڕویاندا کە سەرقافڵەی دیکتاتۆریەت بوون لە جیهاندا، میدیای جیهانی چەندین ناو ونازناوی بەخشییە ئەو شۆڕش وڕاپەڕینانە لەنێویانیشدا بەهاری عەرەبی بوو، ئەو زنجیرە شۆڕشە بێوێنانەی کە لەماوەی ساڵێک توانی چەندین دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕاماڵێت وەک موبارەک وزەینولعابدین بین عەلی وقەزافی وهەروەها عەلی عبد الله ساڵح وبەشار ئەسەد وکەسانی تریش بەڕێوەیە...
ئەوانەی بەو شۆڕشانە هەڵسان هەمووی لاوی خوێن گەرم وبیرواڵا بوون لەبەر پاکی وبێ تەماعی نەهاتن وەک شۆڕشەکانی پێشوو [مجلس قیادة الثورة] دامەزرێنن، بەڵکو شۆڕەشەکەیان کردە مولکی خەڵک، تا ئەو ڕادەیەی لاوێکی وەک وائیل غونیم کە بە هەڵگیرسێنەری سەرەکی شۆڕشی ٢٥ یەنایەری میسری دادەنرێت، کاتێ شێخ قەرەزاوی هاتە مەیدانی تەحریر چوە سەر سەکۆکە بۆدی گاردەکانی قەرەزاوی نەیان هێشت هەتا بێتە سەر سەکۆیەکە وەک بڵێی شێخ قەرەزاوی هەڵگیرسێنەری بێت، کە نکولی لە ڕۆڵی قەرەزاوی ناکرێت و ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو لە هاندانی خەڵك – بەڵام ئەو ڕٶڵە هەرگیز نەدەگەیشتە ئاستی رۆڵی وائیل غونیم وهاوڕێکانی تر لە قورئانیش دەڵێت: (السابقون السابقون، أولئك المقربون) !!
ئەو گەنجانەی هاتنە ئەو مەیدانانە تەنها لە پێناو نەهێشتنی جەور وستەم و دیکتاتۆریەت و گەڕاندنەوەی کەرامەتی مرۆڤانەی خۆیان وخەڵك هاتن، نە بە مەبەستی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئیسلامی بوون نە شۆڕشی عەلمانی، ئەو تۆیەی چاندیان لەو مەیدانانە نە بۆ نەخشاندنی بەهاری ئیسلامیەکان بوو ونەبۆ هێنانی زستانی عەلمانیەکان بوو، ئەوانەشی ئەو جۆرە تەحلیلانە دەکەن لەڕاستیدا زۆر ڕواڵەتیانە بۆ بابەتەکان چوون...ئەگەر ئەو گەنجانە ئەو کارەیان کردبا هەرگیز نەدەبوو ئەو بەهارە بدەن بە دەمی ئیخوان کە هەتا ٢٣ یەنایەریش واتە ٢ رۆژ پێش ٢٥ یەنایەر خۆیان ساغ نەکردبوەوە ئامادە نەبوون ئیمزا بکەن لەسەر بەیانی لادانی موبارەک وەك نوسەری بوێری حەرەکەی کیفایە عبدالحلیم قندیل باس دەکات ودەڵێت: محمد البلتاجی سەرکردەیەکی ئیخوان پاش خوێندنەیەی بەیانەکە گووتی:"ئیخوان هەرگیز ڕازی نابن بەژداری بکەن لە ئیمزاکردنی بەیاننامەیەک ناوی موبارەک ولادانی تێدا بێت، ئێمە تەنها دەمانەوێت هەردوو ئەنجومەنی شورا وشەعب هەڵبوەشێنەوە!!" [القدس ٢٠/١١/٢٠١١]
ئەگەر ئەو بەهارە بدرایە کەسێک هەرگیز نەدەدرایە حزبی نور ی سەلەفی [ کە بەراورد ناکرێن لەگەڵ ئیخوان لە ئاستی میانرەوی خیتابی فیکری ومومارەسەدا] کە زۆربەی کاندیدەکانیان وێنەیان بڵاوناکەنەوە گوایە وێنە حەرامە، وکاندیدە ژنەکانیش بەوەکالەت یان وێنەی گوڵێکیان لەجێی داناوە یان وێنەی مێردەکانیان!! ئەوەی بەو عەقڵیەتە جڵەوی دەسەڵات بگرێت هەزار بەهاری وا لە خەڵک دەکاتە زستانی زەمهەریر.
ئەو بەهارە ئەگەر بدرایە کەسێك دەبا بدرایە ئەوانەی بەوپەڕی بوێری بەرەنگاری ئەو ڕژێمە دەبوونەوە وەک حەرەکەی کیفایە کە بە چەند سەد کەسێکەوە ڕوبەڕوی ئەمنی مەرکەزی دڕەندە دەبوونەوە یان لە جیاتی حزبی [نور] دەبوایە بدرایە ئەیمەن [نور] کە بەرامبەر موبارەک خۆی کاندید کرد بەوپەری تەحەداوە، کە دەردێکیان پێکرد خستیانە زیندان وچەندین نەخۆشی تووش هات وچەندین تۆمەتیان بۆ هەڵبەست هەتا گەیشتە ئاستی ڕەوشتی وکەسێتی یان بەرادیعی کە لە گەرمەی شۆڕشدا گەڕایەوە میسر هەر لە فڕۆکەخانەی قاهیرەوە تەحەدای ڕژێمی کرد وبڕیاری بەژداریکردنی کرد لە کاتێکدا ڕژێم وەك سەگی هار وزامداری لێهاتبوو.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مادام خەڵك دەنگیان بە ئیخوان و سەلەفیەکان دا پێویستە هەموومان ڕیز لەو هەڵبژاردنە بگرین چونکە خەڵك وجەماوەر سەلماندیان کە ساویلکە وسادە نین بەڵکو لە زۆربەی کار ودەستپێشخەریەکانیان دەیسەلمێنن کە لە سیاسەتمەدارە موحتەریفەکانیش موحتەریفترن، ئیتر سەردەمی هێزی دەرەکی نەما ببێتە وەسی بەسەر خەڵك ئەوەی خزمەتی خەڵك نەکات وشارستیانیانە هەڵسوکەوت نەکات ئەوە گۆڕەپانەکانیان لێدەگرن... من زۆرم پێخۆشە ئیخوان وسەلەفیەکان حکومەتی داهاتووی میسر پێک بێنن نەک لەبەر ئەوەی ئاواتەخوازی نوشست هێنانیان دەکەم خوانەخواستە، بەڵکو هیوادارم بیسەلمێنن کە ئەوان خزمەتکاری گەلەکەیانن لە هەموو ئەوانەی پێشوو چاکترن، هیوادارم سەلەفیەکان کەمێک بێنە سەر ئەرزی واقیعەوە وئەو وێنە دزێوەی کە لە کەڵکەڵەی خەڵکدا لەسەر خۆیان دروستیان کردوە زوو بە زوو بە کاری چاک بیڕەوێننەوە ، لێدوانەکانی سەرۆکی حزبی نور عماد عبد الغفور هیوایەکمان پێدەدات کە لەوانەیە سەلەفیەکان لە قۆناغی تیۆریەوە دەردەچن بەرەو قۆناغی گونجاندنی سلوکیان لەگەڵ واقیعدا، سەرۆکی نور ڕەتی دەکاتەوە کە ئازادییە گشتیەکان وەک ئازادی دەربڕین وجل پۆشین بخرێتە ژێر حوکمی بنەماکانی شەریعەت دەڵێت:" ئەو شتانە بە زۆرەملێ نین" هەروەها دژایەتی خۆی نیشاندا لە دژی لێدوانەکانی یەکێک لە سەرانی دەعوەی سەلەفی کە وتبووی نابێت نا موسڵمان ببێتە وەزیر وئەندامی پەرلەمان وچوونی ئافرەت بۆ ناو پەرلەمان مەفسەدەیە..هتد.
ئەوە گۆڕانێکی واقیعی چاکە ئەگەر تا ئێستا تەکفیر نەکرا بێت لەلایەن هاوەڵە سەلەفیەکانی...
ئەو ڕۆحە شۆڕشگێرییەی ئەو شۆڕشانە بەرپایان کردوە ودەرچوونی ڕۆژئاوا لە هاوکێشەی پاراستنی ڕژێمە دیکتاتۆریەکان هەمووی زەمانەتن بۆ گەلان کە کەسی تر نەتوانێت وەک ڕژێمی ئێران بێتو بەناوی دین لەسەر سنگی خەڵک بەدترین حوکم پیادە بکات یان وەک دیکتاتۆرە چل وپەنجا ساڵییەکان حوکم بکەن...
کەوابوو بردنەوە لەو هەڵبژاردنانە بەهار نییە، هێندەی سەرکەوتن لە پاراستنی متمانەی خەڵک وسەرکەوتن لەو ئەزموونە بەهاری هەقیقییە، بەهاری هەقیقی تەنها لە دەستەبەر کردنی ئازادییەکان وعەدالەتی کۆمەڵایەتی ویەکسانی مرۆڤەکان بە هەردوو ڕەگەزەوە وپاراستنی مولک وسامانی خەڵک ودابەشکردنی بە یەکسانی دێتە کایەوە، نەک بەکاری منداڵانە وڕوالەتیانە وخەڵک خەریك کردن بە شەڕی عەقائیدی وموژدە لێدان بە هاتنی شەڕی بونەوەری هێرماجیدۆن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق