الأحد، 29 يناير 2012


چاودێرە سیاسیەکان شەکریان خوارد

تا کورد نەڵێت ئەو ڕۆژە خوراین کە گای سپی خورا!!


محةمةد هةريري
hariri66@yahoo.com 

لە ماڵپەڕی ستاندارد کە بە شانازیەوە لە ڕۆژی دامەزراننیەوە تێیدا دەنوسم، هەواڵێک بڵاو کرایەوە لە رۆژی 18/1/2012 بە ناونیشانی (ئه‌وه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ده‌یكات له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ عه‌ره‌به‌ شۆفێنیه‌كاندایه‌ ) هەواڵەکە بەشێوەیەکی شیکاری دارێژراوە و هۆشداری دەدات کە: "چاودێرانی‌ سیاسیش پێانوایه‌ به‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ له‌ لیستی‌ العراقیه‌ زیاتر خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ عه‌ره‌به‌ شۆفینیه‌كان و به‌عسیه‌كان ده‌كرێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌‌ سه‌ركرده‌كانی‌ لیستی‌ العراقیه‌ پێشووتر په‌یوه‌ندی‌ تووندیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی‌ صه‌ددامدا هه‌بووه‌و شۆفینیانه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌"
ڕاستیەکەی ڕاستە زۆربەی سەرانی ئەو لیستە بەو شێوەیەن کە باسیان کراوە، بەڵام مرۆڤی سیاسی دەبێت بزانێت هیچ دۆخێک لە سیاسەت جێگیر نییە، ئەوەی هەڵوێستی هەردوو برایانی نوجەیفی بەراورد بکات لەگەڵ هەڵوێستی بەر لە ساڵێکیان هەست بە گۆڕان دەکات، هەمان قسەش دەکرێ بگوترێت دەربارەی ساڵح موتلەگ وعەلاوی وکەسانی تر.
بێدەنگی کورد لە ئاست کارەکانی لە دژی سەرانی سونە و لیستی العراقیە ولەو کاتەدا کە کێرڤی هەستی تاکڕەوانەی مالیکی کە لە ڕۆژنامەوانی خۆرئاوا ئێستا بە صدام ی شیعەکان ناوزەد دەکرێت، گەیشتۆتە چلەپۆپەی، ئەنجامی ترسناکتری دەبێت بۆ کورد.
مالیکی رەفتار دیکتاتۆر [ئەو تێرمە لە رەفتار فاشیەکەی مام جەلال وەرگیراوە] بەرلەوەی لە جەنگی لەناوبردنی پێگەی سەرانی عەرەبی سونە ببێتەوە زۆر دەمێکە جەنگی پەڕاوێز خستنی کوردی گرتۆتە بەر، سەرکردایەتی کوردیش بەوپەڕی سەرشۆڕیەوە قبوڵیانە و ئەگەر لە ترسی بودجە خەیاڵیەکەی بەغدا نەبایە دەبوایە دەمێک با ئەو هاوپەیمانیەتەی هەڵوەشاند بایەوە لەگەڵ ملهوڕێکی هیچ نەدیوی پەڕاگەندەی دوێنێی سوریا کە وەک تاوس پەڕوباڵی گیڤ کردۆتەوە لە عێراق.
سەدان ئەفسەری کورد لە سوپا لادران لە چەندین شوێندا، سەرۆک ئەرکانێکی غەریب وفەقیرمان هەبوو (بابەکر زێباری) کە مێشیش لە دەمی دا دەرناکات کەچی مالیکی سزای دەرنەکردنی مێشیشی دا وزیاتر پەڕاوێزی خست، نازانم کورد هیچ کەسێکی عەسکەری بە کەسایەتی تێدا نییە تا بتوانێت بەپێی یاسا هەموو سەلاحیەتەکانی پیادە بکات یان هەر دەبێت زێباری بێت تا بەکەڵکی ئەو پایەیە بێت؟!!
سەیرە دەسەڵاتی کوردی هەر لەبەردەم دەرکەی ماڵی خۆی ئازایە، ئەگەرنا بۆ هەر لە کوردستان دەردەچن هەمووی هێندە لاواز وسەرکز خۆیان نیشان دەدەن زگت پێیان دەسوتێت.
مالیکی وبەر لەویش جەعفەری کاتێ حوکم دەگرنە دەست بە تامەزرۆیی ١٢٠٠ ساڵ لە مەحرومیەت [بە قەولی خۆیاندا] دەسەڵات وەردەگرن بۆیە هەتا لەڕووی سایکۆلۆزیەوە وزمانی جەستەوەش body language دەگۆڕێن تەماشای ڕۆیشتنی مالیکی وجەعفەری بکەن بەر لە بونە سەرۆک وەزیران ولەپاش بوونیان، وەک کەسانی بوغرای هیچ نەدیو هەموو سوڕخواردنیان بەدەوری خودی ئاوساویانە، سەیر لەوەیە ئێستا کورد باسی ئەگەری جەعفەری کردنەوە بە سەرۆک وەزیران دەکەن وەک بلێی نەیان ناسیبێت.
چیرۆکی مالیکی وسونە وکورد وەک چیرۆکی ئەو پەندە بەناوبانگەیە کە دەڵێت (اکلت یوم اکل الثور الابیض) کە دەڵێن شێرێک لە نزیکی سێ گای سور وڕەش وسپی دەژیا کە لەبەرئەوەی یەک دەست بوون لێیان دەترسا هێرشیان بکاتە سەر، ڕٶژێکیان بیرۆکەیەکی دۆزەخی بۆ هات و چووە لای گای سور و ڕەش وپێیانی گوت: بوونی گای سپی لەناومان چاک نییە بۆ ئێمە چونکە رەنگی جوانە هەموو ئاژەلەکان خۆشیان دەوێت وهەروەها لەوانەیە تیرۆریستیش بێت، ڤیدیۆی ئیعترافی هەموو مەیمونەکانیشمان لایە وپاش تڕۆکردنی یان خواردنی نیشانی هەموو خەڵکی جەنگەڵستانەکەی دەدەین، گای سور و ڕەش پاش کەمێک وەستان ڕازیبوون شێرەکە بیخوا هەرنەبێ مونافسێك لە ئالیك خواردن کەم دەبێتەوە وکێ دەزانێ لەوانەشە شێر ڕاست بکات تیرۆریستیش بێت. گای سپی خورا وهێندە هاواری گای سور و ڕەشی کرد کەس وەڵامی نەدایەوە.
هێندەی نەبرد شێر برسیەتی وحەزی کەبابی جوڵا وبۆنەیەکی ئایینی گەورەی شێرانیش لە ڕێگادا بوو پێویستی بە قوربانی کردن بوو، شێر بە جورئەتتر چوە لای گای سور وپێی گووت: دەزانی گای ڕەش دیمەنی دزێو و ترسناکە هەموو ئاژەڵەکانی تر سەبارەت بە ئەو ڕقیان لە ئێمەش دەبێتەوە، هەروەها باپیرە گەورەی دەستی هەیە لە شەهید کردنی (شێرە مەزنەی) باپیرە گەورەمان ڕوحم بە قوربانی بێت کە چەند ڕۆژێکی تر یادی شەهید بوونی دەکەینەوە، چەندین شێر بەپێ لە جەنگەلەکانەوە دێن بۆ ئەو یادە، ڕات چییە بیخۆم؟! گای سور بە بێ بیر کردنەوە گووتی: بیخۆ وخەلاسمان کە!!!
پاش ماوەیەک چوە لای گای سور وگووتی هەرچەندە پێویستم بە هێنانەوەی ئەسباب نییە بۆ خواردنت، بەڵام تا نەڵێن پیاوێکی دیموکراسی نییە پێویستە تاوانەکانت بۆ بخەمە ڕوو، تۆ تا بڵێی ئینفیساڵی وبەتەمای پارچە پارچە کردنی ئەو جەنگەڵەی کە هەزاران ساڵە هەموومان وەک برا تێیدا دەژین بە یەکەوە! جگە لەوە لە پشتەوە وبەنهێنی ئاوی جەنگەلەکەمان دەفرۆشیتەوە بە کۆمپانیای نەرویژی وئەمریکی کە ئەوەش کاری سەرۆکی جەنگەڵە کە منم [خوا بمپارێزێت]
گای سور گووتی: پێویست بە خوێندنەوەی ئەسبابی تر ناکات چونکە منیش لە تۆ چاکتر نیم بەڵکو لە تۆش هیچ وپوچترم، بەڵام ئەو ڕۆژە خورام کە گای سپیت خوارد.
١٩/١/٢٠١٢

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق