الثلاثاء، 21 يناير 2014

نابۆ بە سعودی کردنی ئافرەتانمان


نابۆ بە سعودی کردنی ئافرەتانمان

محەمەد هەریری


یەکێك لە ماڵپەڕە سەلەفیەکان تەرخان کراوە بۆ بانگەشەکردن بۆ نیقاب بەستنی ئافرەتی کورد بەناوی: بهڵێ بۆ نیقاب لهكوردستان، دەیانەوێت وەك کۆمەڵگا سعودی وخەلیجیەکان ژنان وکچانی کورد دەیان هەنگاو وەك میزی حوشتر بۆ دواوە بگەڕێنەوە، ئەوەش لە نێو موفرەداتی ئەو پڕۆژە نەگریسەی سەلەفیەکانە بۆ بە سعودی کردنی کۆمەڵگای کوردی.
بەهێزترین خاڵی ئەو پرۆژەیە ئەو هەموو ماستاچیاتیە وخۆهەرزانفرۆشییەیە بۆ دەسەڵاتداران لە هەر شوێنێك بن. زۆر بە جیدی دیفاع لە دەسەڵتداران دەدەن ودەیان تۆقێنن بە چەندین دەق وفەهمی سەقەت کە نابێت هیچ رەخنەیەکت هەبێت لە دەسەڵاتداران، وحزبایەتی جائیز نیە، خۆپیشاندان جائیز نیە، وگردبوونەوە جائیز نیە واعتصام جائیز نیە. ئەی دەسەڵاتداری گەندەڵ چی دەوێت زیاتر لەو کۆمەڵگا ملکەچ و کەرەی وەك کۆمەڵگای سعو+دی تا سواری پشتی بێت. من گومانم نیە کە هەموو دەسەڵاتدارانی دنیا هەتا بە ناموسڵمانەکانیشەوە هیوای کۆمەڵگایەکی سەلەفی مەدخەلی مەشرەب دەخوازن، لە پێناو مانەوەیان وحوکمکردن بەوپەڕی ئاسودەیی.
لەو پەیجەی کە بۆ بانگەشەی نیقابکردنی ئافرەتی کورد کراوە، دەیانەوێت بە بیری چڵکاوخۆریان ئافرەتی کورد تەنازول بکات لەو کەمە مافەی کە وەریگرتوە وبگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەچە وعەبا ونیقاب، ووەک ئافرەتە ەستەزمانەکانی سعودیە بۆیان نەبێت بەبێ پیاو هەتا موراجەعەی فەرمانگ حکومیەکانیش بکەن، وبۆیان نەبێت ئۆتۆمبیل لێخوڕن، بۆیان نەبێت ئەگەر هەزار ستەمیانیش لێکرا دەنگیان هەڵبڕن چونکە دەنگی ئافرەت عەورەیە، بۆیان نەبێت بەبێ موافقەی مێرد وباوك وبرایان ئەگەر بچوکتریش بێت سەفەر بکەن یان هەرکارێکی تر. دەیانەوێت وەك ژنە سعودیە قەڵە وپڕ نەخۆشیەکانی سعودیە لەماڵەوە زیندانی بن وهەموو ئاوات وخەونیان بە گەڕانەوەی مێرد ومنداڵەکانیان بێت. دەیانەوێت بەناوی غیرەت وپاراستنی شەڕەف وچەندین قسەی قۆڕتر کۆتێکی زێڕینی لە دەست وپێی ئافرەتانمان کەن وپەچەیەکی ڕەش وعەبایەکی ڕەش ونیقابێکی قەترانی بخەنە سەر ڕوخساری ئافرەتانمان کە بە نوێژی نیوەڕۆ جیهانیان بۆ بەڕەش نیشاندا. سەیرم بەو عەقڵیەتە گاڵتەجاریە دێت، لەکاتێکدا لەنێو سەلەفیەکان وزانایانیشیان نیقاب جێگەی ئیختیلافە، هەتا الالباني وەك یەکێك لە زانایایە هەرە توندەکانیان کتێبێکی نوسیوە بە ناونیشانی: الرد المفحم، على من خالف العلماء و تشدد و تعصب، و ألزم المرأة بستر وجهها و كفيها وأوجب، و لم يقتنع بقولهم: إنه سنة و مستحب. واتە: [وەڵامی دەمکوتکەر بۆ ئەونەی پێچەوانەی زانایان دەکەن وتوندرەوی ودەمارگرژی دەکات وئافرەت پابەند دەکات بە داپۆشینی دەموچاوی وهەردوو دەستی وبە واجیبی دەزانێت، وقەناعەتی بە قسەی زانایان نیە کەوا سونەیە وموستەحەبە] ئەو کتێبە هەر ناونیشانەکەی ئینشایەکە بۆ خۆی، ولە لەبارترین حاڵەتدا ئەلبانی دەڵێت سونە وموستەحەبە وبە هیچ جۆرێك واجیب نیە، باوەڕبکەن ئەو کتێبەی ئەلبانی لە زۆر لە سایتە زۆرۆ وبۆرەکانی سەلەفیەت دەست ناکەوێت، چونکە من خۆم گوێم لە ڕەخنەی سەلەفیان بوە لەسەر ئەو کتێبەی ئەلبانی. ئەوە باسی بیروڕای زانانی دەرەوەی بازنەی سەلەفیەت هەر ناکەین کە زۆربەی هەر زۆریان پێیان سونەت وموستەحەبیش نیە، نەك واجیب. بۆیە پێویستە لەسەر خەمخۆرانی ئیسلامی میانڕەو وئەوانەی نایانەوێت مەملەکەتێکی سعودی بەدەوی دواکەوتوو وپیس وپەڵۆس لە ڕووی فیکری وڕوحیەوە ببینن لە کوردستان، گەنج وئافرەتانمان توشی داوی ئەو رەجعیەتە مەزهەبی نەکەن، پێویستە چالاکیەکی رۆشنفکری ووریاکردنەوەیەکی ئایینی میانڕەو هەبێت لە بەرامبەر ئەو هەوڵە نەبراوانەی بە سعودی کردنی کۆمەڵگای کوردی.
محەمەد هەریری


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق