الثلاثاء، 21 يناير 2014

مەدخەلیەکان: خەواریجی دیندار وئازادیخوازان ومورجیئەی دەسەڵاتداران

مەدخەلیەکان: خەواریجی دیندار وئازادیخوازان ومورجیئەی دەسەڵاتداران
28/9/2013محهمهد ههریری

ئەمڕۆ جیهانی ئیسلام دووچاری دەرهاوێشتەیەکی سەقەتی تری فیکری سەلەفی هاتووە، لە ژێر ناونیشانی مەدخەلیەکان یان جامیەکان. فیکری ناهەوسەنگ بەوە دەناسرێتەوە کە هەردەم پەرگیرە یان لەو پەڕی توندی دایە یانیش لەوپەڕی نەرمکێشی تا ڕادەی خۆ بەدەستەوەدان. ئەگەر لەو هاوکێشەیە قاعیدە وهاوشێوەکانی ئەوسەری توندرەوی بگرن بەکارە توندوتیژەکانیان، ئەوە مەدخەلیەکان لاکەی تری هاوکێشەکە دەگرن بە خۆ خستنە بەر خزمەتی دیکتاتۆر وفیرعەونەکان بە کەمالی ئاسودەیی ویژدانەوە.! 
سەرهەڵدانی ئەو فیکرەیە وەك ئاڕاستەیەك دەگەریتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩١ لە کاتی روداوەکانی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عێراق، کاتێ سعودیەش هەستی بە هەڕەشەی سوپای عێراق کرد، لە مەتبەخی موخابەراتی سعودی ئەو جەماعەتە دروستکرا لەسەر دەستی کابرایەکی ئەسیوبی [حەبشی] بە ناوی محمد امان الجامي کە بە دان پیهینانی لایەنگر وخودی مەدخەلیەکان هەر خەریکی ڕاپۆرت نوسین بوە لە دژی شێخەکانی تری هێڵی چاکسازی لەوانەی رەخنەیان هەبوو لە دەوڵەت وهەوڵی چاکسازیان دەدا، بۆیەش کاتێك پرسیار دەکەن لە عبدالعزیز العسکری مەدخەلی لە کاستێکی تۆمارکراودا دەربارەی حوکمی کارکردن لەگەڵ موخابەراتدا: لە وەڵامدا دەڵێت: جا زیانی چیە ئەگەر لە موخابەرات کارت کرد ودەوڵەتت پاراست لە تێکدەران وخاریجیەکان [مەبەستی ئەوانەی باوەریان بە خروج دەرکەوتن هەیە لە دژی دەوڵەت]!! خۆزگە موخابەرات ودەزگا جاسوسیەکانی خۆرهەڵات لە پیناو بەرژەوەندی خاك ونیشتیمان وهاوڵاتی دەبوون، ئەو کاتە دەکرا لەو حەماسەتە تێبگەین بۆ کارکردن وەك جاسوس وڕاپۆرت نووس، بەڵام کەس نیە نەزانێت بە مەدخەلیەکانیەوە کە ئەو دەزگایانە کاریان تەنها پاراستنی حاکم ودەسەڵاتدار وسەرکوتکردنی میللەتە، خەڵک دەناسم ئەوەی خراپە وهەولێری گۆتەنی خوا پێی ناخۆشە دەیکات بەڵام بای هێندە نەفسیەتی بەرزە کە بە گەورەترین ئیغراوەش نەبێتە جاسوس بەسەر ئازادیخوازان
ڕاستە هەندێك لە بیروباوەڕی مەدخەلیەکان سەرچاوەی تیۆری مێژوویی هەیە وەك مەسەلەی تەحریمکردنی دەرچون لە دژی سولتان هەتا ئەگەر زاڵم وفاسیقیش بێت، وهەتا ئەگەر هەموو مال وسامانیشی لێسەندی ودارکاری وقامچیکاری پشتیشی کردی، بەڵام مەدخەلیەکان ئەو بیرۆکانەیان هێندەی تر دزێو وناحەز کردوە کاتێك لە سیاقی مێژوویی خۆیانیان دەرخستوون ولەسەر حاڵەتێك یەکجار جیاواز جێبەجێی دەکەن، واتە بە کەرەستەی کۆن چارەسەری کێشەی نوێ دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر سەلەفیەکانی بەرایی تەحریمی خروجیان دەکرد لە دژی سوڵتانەکان بۆ پاراستنی یەکڕیزی ئۆمەتی ئیسلام، هەرنەبێ ئەو سوڵتان ودەسەڵاتدارانە سەرەڕای جەور وستەمیان، بەڵام شەریعەتیان بە یاسای خۆیان دەزانی و لەوش گرنگتر ئەو کاتە فەرمانڕەوایانی جیهانی ئیسلام سەربەخۆ بوون هیچ دەستێوەردانێکی دەرەوەیی وەك ئێستا کە لەبەر ئەو دەستێوەردانەی زلهێزەکان لە زۆربەی خاکی وڵاتانی جیهانی ئیسلامدا کەسانێك حوکم ناکەن بە ویستی خەڵک بن. ئەگەر دەرچوون حەرام بێت لە دژی فەرمانرەوا هەرچیشی کرد، کەوابوو دەبێت ئەو مەدخەلیانە یەکەم جار دەرچوونی ئیمام احمدی کوڕی حەنبەل لە دژی دەسەڵاتی خەلیفەی عەباسی ئیدانە بکەن کە سەرەڕای بوونی هۆکارێکی زۆر بۆ دەرچوون لە دژی جەوروستەمی عەباسیەکان، کەچی ابن حنبل لە پێناو کێشەیەکی لەفزی وتەرەفی وەك کیشەی [خلق القرآن] دەرچوو، هێندە خەڵکی هاندا لە دژی موعتەزیلەکان نەیان هیشت ئیسلام بە قۆناغی عەقڵانیەتی مێژوویی تێپەڕێت، هەرچەندە موعتەزیلەش بێ گوناه نەبوون، وگەورەترین گوناهیان لە جیاتی دەیەها وسەدەها بواری پیویست بە گۆڕان هاتن لەو کێشە بێ ئەرزشەوە دەستیان پیکرد، وخەلکیان لەسەر ئەزیەت دەدا وچەندەها قارەمانی ساختەیان لەو پیناوە دروست کرد
مەدخەلیکان ئەمڕۆ بە ساویلکەیەکی لە ڕادەبەدەر هاتونەتە ناو گۆڕەپانی ڕوداوەکان ناشیرینترین ڕۆڵ دەینن لەو کێشمەکێشەی لە نێوان گەلان ودیموکراتخوازان لەدژی گەندەڵکاران وستەمکاران دەبینن. وەك لە ناونیشانی ئەو وتارە ئاماژەمان پێکردوە، مەدخەلیەکان وەک خەواریجن لە دژی دیندار وئازادیخوازان وئەوانەی هەوڵی گۆڕینی سیستمی دیکتاتۆریەت وشمولیەت دەکەن، وبە توندترین شێوە هێرشیان دەکەنە سەر ودەسەڵات هاندەدەن لە دژیان، وهەتا ئەگەر دیندارەکان لە دەسەڵاتیش بوون ئەوان بە ئیعازی موخابەراتی سعودی لە دژیان دەوەستنەوە وەك چۆن لە دژی مورسی وەستانەوە لەناو ئەو هەموو وەلی ئەمرە فەرمەسۆنانە بەس مورسی یان بە وەلی ئەمر نەزانی، بە پێچەوانەی تەحریمکردنیان بۆ دەرچوون لە دژی وەلی ئەمر، ئەوان لە ریزی پێشەوەی کودەتاچیەکان بوون لە دژی وەلی ئەمریان، چونکە ئەوەی ئەوان دەجوڵێنێت دین وحەدیس وسونە نییە، بەڵکو فەرمانەکانی موخابەراتی سعودیە! ئێستا داویانەتە پاڵ کودەتاچیەکان وسیسی بە وەلی ئەمر دەناسێنن، وبەوپەڕی بێویژدانیەوە هانی دەدەن بۆ کوشتنی خەڵکی دژ بە کودەتا!
مورجیئەن بۆ دەسەڵاتداران لە نەرم ونیانی وهینانەوەی هەموو عوزرێك بۆیان، با هەر تاوانیکیش ئەنجام بدەن دژی مرۆڤایەتی ودینیش، کەچی لای ئەوان هەر وەلی ئەمر وتاعەتی واجیبە وحوکمی سەرکەوتوو بە هێز واجیبە ورەوایە. هەر بۆیەش ئەمڕۆ دیکتاتۆر وسەرۆك حزبەکان لە هەر شوێنێك بن ئەو مەدخەلیانەیان تەبەنا کردوە وپیسترین کاریان پێدەکەن لە ڕاپۆرت نوسین وبەگرتدانی خەڵكدا، تەنانەت بە کەمالی دەبەنگی وچڵکاوخۆریەوە وردترین ڕاپۆرت پێشکەشی کۆنفراسی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی عەرەب دەکەن کە تەنها دەزگای موخابەراتین
شوهرەتی خەدەماتی خۆفرۆشیان هێندە ناوبانگی داوەتەوە سەنتەری قەڵاچۆکردنی تیرۆریزمCombating Terrorism Center تەوسیە دەکات بۆ حکومەتی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی مەدخەلیەکان وبەکارهێنانیان لە شەڕی دژی تیرۆریزم!! 
http://www.ctc.usma.edu/ لە کورستانی عێراقیس ئەمرۆ ئەو پەتایە مەدخەلیانە دەرکەوتوون وەك مامۆستا سعودیەکانیان هەمان پۆخڵەواتی ئەوان وخۆفرۆشی ئەوان ودەبەنگی ئەوان دوبارە دەکەنەوە، وەك کۆیلەی بێ بەها وبێ ساحێب دابەش بوونە بەسەر دوو حزبی دەسەڵاتدار وبانگەشەیان بۆ دەکەن وخەڵك سارد دەکەنەوە لە هەوڵی گۆڕینی وەزعەکە ودەسەڵات زیاتر هان دەدەن بە قسە سوەکانیان کە پڕاوپرن لە زەلیلی وخۆبەدەستەوەدان وهەقی موتڵەق پێدانیان، ئەگەر بە دەست ئەوان بێت جەوێکی سوڵتانی دەخوڵقێنن کە تیایدا هەموو شتێك حەرامە: حزبایەتی وهەڵبژاردن وسنوردارکردنی سەرۆکایەتی ورەخنەگرتن بە ئاشکرا وهەتا دوایی. ئەگەر مەدخەلیەت لەناو عەرەبدا دژی هەقیقەتی دین بن، ئەوا لەناو کوردا دژی ئەخلاق وڕەوشتی کوردیشن کە دژە بە سەرشۆڕی وجاسوسیەت وماستاو کردن بۆ دەسەڵاتدارانن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق