الثلاثاء، 21 يناير 2014

فرەژنی مۆدەی گەندەڵ و ئیسلامیەکان!

فرەژنی مۆدەی گەندەڵ و ئیسلامیەکان!

محەمەد هەریری


بۆ ئەوانەی کەلکەلەی فرەژنیان هەیە، یان هەر ژنیان کەمێك کاریگەری زەمەنی کەوتە سەر روخساری بیر لە هێنانی ژنێکی تر دەکەنەوە وەك بڵێیت سیارە بگوڕن!! بە تایبەتی نێوەندی ئیسلامی ئەوەی دەگریت کەمێك خەڵک پیی سەرسام دەبن ودووسێ خوتبەی حەماسی ویەك دوو شەڕی دۆنکیشۆتی دەکەن، یەکسەر دەکەونە چاوگێڕان بۆ مثنی وثلاث ورباع! زۆر سەیرم پێهات کە ئەو بەیانیە لە کۆمێنتێکدا زۆر سەیرم پێهات بەڕێزێك لەسەر د. عبدالواحدی بانگخواز نوسیبووی: " دەستخۆش ....، کەس وەک من ئەم دکتۆرەو براکەی د.خالید کە ئەویش هەمان بانگخوازی ئیسلامیە نا ناسێت. ئەمانە هێندە جاهیلن، کێبركییانە لە گەڵ یەکتریدا کامیان زۆرترین ژن بهێنێت، ئەم دکتۆرە ئیسلامیە، ئێستا ٤ ژنی هەیەو براکەشی کردویەتی بە ٢ دوانو هەڕەشەی ئەوە دەکات کە پێش کاکی واتا عەبدول واحید بکەوێت.هههههه" بەڕاستی لەوە ئاسانتر نیە بۆ کەسێك کە کەمێك ناوبانگی دەرکرد لە ناو ئەو جەماوەرە دینیە سادەیە دوو و سسێ وچوار ژن بهێنێت، نەك ئەوە زۆرجاران پاش دەماغشۆری ژنەکانی تری خۆیان بۆی دەچنە داخوازی ژنی دوەم وسییەم وچوارەم!! لەوەش ئاسانتر نیە ژنێکی بەستەزمانی نیمچە خوێندەواری سەرسامبوو پێت دەماغشۆر کەیت، بەڵام ئەوە هونەر نیە، هونەر ئەوەیە ئەو ژنە هاندەیت لە ڕووی دەرونی وکەسایەتیەوە ئیرتیقا کات وبەرزبێتەوە نەك نزمی کەیتەوە بۆ ئاستی بوونە پاسەوانی ئارەزووەکانت بە زەبری هەڕەشەی ئایەت وحەدیسەکان!! هونەر ئەوەیە وەك چۆن ژنت بەتۆ ڕازیە وبیر لە کەسێکی جوانتر وگەنجتر ناکاتەوە، تۆش بە هەمان شێوە احترامی هەست ووەفای ئەو بگریت، بیر لە کچێکی جوانتر وبچوکتر نەکەیتەوە تا ئەو هیچ نەنگیەکی نەبێت وبێ کەم وکورتی بێت. کە دەڵێم کەموکورتی ئەوەیە بۆ نمونە منداڵی نەبێت، ئەگەر پێتکرا لەو حاڵەتەش بە شیوەیەکی پڕ وەفا وتقدیر رەفتاری لەگەڵ بکەیت، یان تووشی نەخۆشیەکی وا بوو هیچ ئەرکێکی مرۆیی پێ جێبەجێ نەکرا، ئەگەر نەخۆشیەکەی چاوەڕوانی مردنێکی نزیك خایەنی لێدەکرا، نابێت لە ژیانی ئەودا بەبەرچاوی ئەو ژنێکی تر بهێنیت وتانەیەکی کوشندەی لێدەیت بەرلە چونە ناو قەبرەوە. ئەگەر نەخۆشیەکەش درێژ خایەن بوو دەتوانی پاش تەمهیدێکی جوان وپڕ سۆز ئەو بابەتەی لا بوروژێنیت. من کە ژیانی فرەژنی پێغەمبران دەخوێنمەوە ولەنێو ئەوانەش پێغەمبەری ئیسلام [د.خ] دەبینم بەردەوام لە کێشەی هەوێیەکاندا خەریکی جارەسەرکردنی کێشەکانیان بوو، بەڕاستی سەیریشم بەوە دێت چۆن دەعوەی ئیسلامی ناجیح بوو سەرەڕای ئەو هەموو ژنەی پێغەمبەر!! چۆن ئەو کێشانەی غیرە ولەیەکتر خوێندن ومونافەسەیە سێ چارەگی کاتی نەکوشت، ئەوە حاڵی پێغەمبەر بوو بەو هەموو تایبەتمەندیە کەسایەتیەی کە هەیبوو وەك پێغەمبەر ومرۆڤ، ئەی دەبێت حاڵی ئەو بانگخواز وڕۆشنیرە ئیسلامیانە چۆن بێت بە دەستی کێشەکانی فرە ژنییەوە. ئینجا ئەگەر فرەژنی بۆ کات وژینگەی مێژوویی خۆی ئاسایی بوو، ئەوە بێگومان بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ئیقاعی ئەو سەردەمە ناگونجێت، زۆرجار ئەو حاڵەتەی فرەژنیە دەبێتە هۆی بچوککردنەوەی ئافرەتەکان ولەجیاتی خەریك کردنیان بە بایەخە بەرزەکان وئامانجە گەورەکان، هەرخەریکی داونانەوە دەبن بۆ یەکتر وپلان دانان دەبێتە کاری ڕۆژانەیان ودەیان دەسیسە وئاین وئۆنی تر. فرەژنی هەر نابێتە هۆی بچوك کردنەوەی ژنەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی بچوك کردنەوەی پیاوەکانیش، کە هێڕ وگێژ دەبێت بە دەست ئەو زنجیرە پیلان وداونانەوە وخوهتان هەڵبەستن بۆ یەکتر وتا کۆتایی ئاین وئۆینەکان!! پێشان هەر نیمچە خێڵەکی وفول عەشایەریەکان خەریکی ئەو بەزمەی فرەژنیە بوون، ولە هەشتاکان ببوە بەزمی سەرەك جاش وموستەشارەکان، ئەمڕۆ بە داخەوە فرەژنی بۆتە بەزمی مەسولە گەندەڵەکان وئیسلامیە نیمچە بوژاوەکان لە گەندەڵیدا، بەڵکو رۆشنبیرەکانش تێی ئاڵاون، کاتێ بە قسە بریقەدارەکانیان کچانی هەرزەار وبێ ئەزموون دەخەنە داویان.

محمەد هەریری

لەندەن

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق