الجمعة، 17 فبراير 2012


نێچیرڤان بارزانی: کابینەی بەهاری کوردی و لەشکری ماستاوچیان!
14/2/2012محه‌مه‌د هه‌ریری

hariri66@yahoo.com
بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی ئەگەر لەو چەند ساڵەی کە بەو گەنجیە کەوتیە ناو  دنیای جەنجالی سیاسەتدا نە توانی ئامۆژگاری چاک و خراپ، وڕەخنەی بنیاتنەر وروخێنەر، وئامۆژگاری ڕاستەقینە و پیاهەلدانی ماستاوچیان لێك جیاکەیتەوە، ئەوە بەڕاستی زۆر بە قورس لەسەر خۆت وکارەکانت دەکەوێت...
لە جموجۆلەکانت وسەردانەکانت بۆ زۆربەی زۆری حزب ولایەنەکان، هەست بە پەرۆشییەک دەکرێت لە تۆدا بۆ سەرخەستنی کابینە نوێیەکەی حەوتەم...
هیوادارین ئەو کابینەیەش تەنها ژمارەیەک نەبێت بخرێتە سەر شەش ژمارەکەی پێشوو، گواستنەوەیەکی جۆری بێت لە هەموو ڕوە نێگەتیڤەکانی پێشوو بەرەو کۆکردنەوەی کورد لەو قۆناغە ودامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی ویاسا ودانانی سنورێك بۆ گەندەڵیەکان لە بەرزترین ئاستەوە بۆ خوارەوە...
کاک نێچیرڤان، پێویستە زۆر وریا بیت بە ستایشی کەسانێك هەڵنەخەڵەتێی کە هێشتا هیچت نەکردوە کەچی ئەوان گەیشتونەتە ئەنجامیش گوایە کابینەکەی تۆ سەرکەوتوە ولەوەش زیاتر بەرجەستەی بەهاری کوردییە وەک نوسەرێکی نەناسراوی ماستاوچی عەرەب بەناوی[بەدر شەکوری] وای گوتبوو... بەڕاستی ئەوانەی وادەڵێن لەوانەیە ڕۆژانە چاوت پێیان بکەوێت لە دەوروبەری خۆشت، چونکە لە جیهانی ڕۆزهەڵاتی ئێمەدا ماستاو چیەتی پنجی لە ناو توراس وکەلتور و لاشعوری کەرتێکی گەورەی خەڵک داکوتاوە، تا چاوت بە ڕاستگۆیەک وهەقویستێك دەکەوێت، هەزاران ماستاوچی قۆڵ وشانت ماچ دەکەن، بەڵکو من گومانم نییە کە لەشکری ماستاوچیان ژمارەیان لەناو دەزگا وپۆستە باڵاکانی حکومەت وهەردوو حزبی دەسەڵاتداریش وتاڕادەیەکیش حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیش دە ئەوەندەی دڵسۆزانە...
بەرلەماوەیەک لەسەر فەیسبوک بووم چاوم بە ماڵپەڕی جەنابتان و هەروەها ماڵپەڕی سەرۆکی هەرێم کەوت، لە یەکەم ساتدا پێم شتێکی زۆر چاك بوو کە کەناڵێکی وا بکەنەوە لەگەڵ خەڵکدا لە پەیوەندی دابن،  گوێبگرن بۆ ڕەخنە وگلەیی و ناسۆریەکانیان، بەڵام لەبەر لەشکری ماستاوچیان وقسە سواو دوبارەکانیان کە تەنها بریتیە لە وتنەوەی دروشمێکی لەو جۆرانە: بژی کاک نێچیرڤان، بژی کاک مەسعود، بژی پارتی، وپێشرەوی کورد پارتییە، سەرۆکمان بارزانیە، بۆ پیشەوە پێشمان کەوە بارزانی....هتد.. ئەگەر یەکێك بیەوێت قسەیەکی چاکیشت بۆ بنوسێت یان ڕەخنەیەکی دڵسۆزانەشت بۆ بنوسێت ئەوە لەناو دەریای شیعاراتی لەشکری ماستاوچیاندا ون دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئێوە بە خۆتان نەچنە سەر پەیجەکەتان ویاریدەدەرێکت ئەو کارە بکات، لەوانەیە هەر ئەو یاریدەدەرەش لە لەشکری ناوبراو بێت حەز نەکات بێزارتان کات بە ڕەخنەیەکی هەقیقی ڕەزا قورس وقسەیەکی دڵسۆزانەی تاڵی لەو جۆرە...
دەبا بەڕاستی قسە بکەین کارەکەی تۆ لەو قۆناغەدا زۆر قورس وگران وهەستیارە، بەتایبەتی کە بەهاری عەرەبی کاری کردۆتە سەر هەموو جیهانی سێیەم وخۆرهەڵاتی ناوەڕاست وهەتا شەقامەکانی ئەسینا ونیۆرکیش.
لەوانەیە ئەوە دوا چانسی دەسەڵاتی کوردی بێت بۆ کردنی کارێک کە بتوانێت هەموو هێزەکانی کورد کۆکاتەوە وهیچی تر سیاسەتی کەنارکردن وپەڕاوێز خستن دەرهەق هێزەکانی تر بەکار نەهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕووبەڕوی پرسە چارەنوسازەکان ببنەوە لەسەر ئاستی عێراق کە دەوڵەتێکی فاشیلە بە هەموو پێودانگێك وستراتیژەیەتێک دابڕێژرێت لە پێناو هەرچی زوە جیابوونەوە وجاڕدانی سەربەخۆیی...
بەهاری کوردی ئەو کاتە دێت ئەگەر توانیت ئەو ئەرکانە ڕاپەڕێنیت کە خەڵک داوای دەکات ڕۆژانە، هەر وەک لە خۆپیشاندانەکانیشدا باسیان لێوە دەکران، ئەگەر ئەو خاڵانەت بۆ جێبەجێ دەکرێت، بێگومان سەرکەوتو دەبیت:
١- بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی لە بەرزترین ئاستدا تا نزمترین ئاست، ئەویش لە ڕێگای دامەزراندنی چەندین هەیئەی ڕەقابی لە کەسانی سەربەخۆ  وناسراو بە دەست پاکی وبی لایەنی...
٢- بێ ئومێد کردنی لەشکری ماستاوچیان، وەک چۆن کاتێ عومەری کوڕی عبدالعزیز بوە خەلیفە، ڕۆژانە شاعیرە ماستاوچیە مفتەخۆرەکان دەهاتن سیعریان بەسەر خەلیفەکانی تر هەڵدەدا وپارەیەکی زۆریان دەقۆچیەوە، کاتێ هاتن بۆ لای چەندین ڕۆژ لە بەر دەرگا بوون ، پرسیاری ناوەکانی کردن یەکە یەکە هۆکاری بۆ دەدۆزینەوە: ئەو شاعیرە درۆزنە، ئەوەیان داوێن پیسە، ئەوەیان تەنها بەدوای ئارەزوکانی خۆی کەوتوە تا مەرەخەسیان نەکات: تەنها ئیزنی [جەریر] ی دا، کە جەریریش بەسەری هەڵدا، زۆر بەساردی پێی گووت: جەریر لە خوا بترسە لە هەق زیاتر مەڵێ!!
ئینجا گوتی کە هاتمە سەر کار تەنها ٣٠ دینارم هەبوو ١٠ یان عبداللە ی کوڕم بردی و١٠ کەی تر دایکی عبداللە بردی با ئەو ١٠ یەش بۆ تۆ بێت!! ئەو شاعیرانە بە هەزاران دیناریان وەردەگرت کەچی ئێستا ١٠ دینار وەردەگرێت بەو دەردە، تا وای لێهات لەشکری ماستاوچیان و شاعیران بە تەواوی بی ئومێد بوون لێی.
٣- بەردانی هەموو زیندانیە سیاسیەکان، لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەوانەی کە بەبێ مەحکەمە کردن لە زیندانن کە بەڕاستی ئەوپەڕی جەوروستەمە کەسانێك بۆ چەند ساڵ لە زیندان بن بەبێ دادگایی کردن، بە تایبەتی کە ئێستا خودی ئەمریکا لە تەبایی دایە لەگەڵ ئەوانەی کە ئەو ناوی نابوون بە تیرۆریست، با هیچی تر شوێنەواری گوانتانامۆ لە کوردستان نەمێنێت. پێویستە ئەوەی تا ئێستا دادگایی نەکراوە بکرێت وئەو ماوەیەشی بۆ حسێب بکرێت کە لە زیندان بوە بەبێ دادگایی کردن وئەوەشی بێ تاوان دەرچو یان حوکمی کەمتر بوو لەوەی بەسەری بردوە، پێویستە قەرەبوەکی چاک بکرێتەوە. بەڕاستی چاك بزانە ئەوانەی باسی زیندانەکانی ئێوە دەکەن هەزاران نەفرەت ئاڕاستەی ئێوە و کورد وکوردستانیش دەکەن، خەڵک خەباتی نەکردوە تا وەک سەردەمی بەعس بەبێ دادگایی کردن لە زیندان بکرێت، وئەشکەنجە بکرێت وتا ڕادەی تەجاوزی سێکسیشی پێبکرێت...
٤- هەوڵت چڕتر بکەیتەوە بۆ ئاشتی سەرتاسەر، یەکەم لایەنیش کە پێویستە ئاشت بکرێنەوە کە جەوروستەمێکی زۆریان لێکرا بەدەستی حزبەکەی ئێوە [یەکگرتووی ئیسلامیە] بەڕاستی ئەگەر یەکگرتوو چەندین جاریش دەست درێژ نەکات بۆ تەوقە کردن لەگەڵ ئێوە ناهەق نییە چونکە غەدرێکی گەورەی لێکراوە، بەو لوتبەرزیە وبەرزەفڕینە کێشەکە چارەسەر ناکرێت...
٥- نەهێشتنی ئەو تەسەیوبەی هەیە، لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبێ ئەوەی پارەکەی بچێتە خەزینەی حوکمەتەوە، وهەڵلوشینی پارە وپولی خەڵك بە جۆرەها شێوەی وەک وەسلێ تەزویر وموجەی بندیوار وناردنی خەڵک بۆ دەرەوە بەس بۆ پیاسەکردن بە ناوی بەعسە، وپێویستی خستنە پارەی کوردستان بۆ ژێر جیهازێکی مالی بەهێز کە لە چەندین کەس پێك هاتبن وناسراوبن بە دەست پاکی وپاشینە پاکی نەک یەک دوو کەس ئەو کارە بکەن.
٦- نەهێشتنی دیاردەی دوو لەتی کوردستان، یان سەرۆک وەزیران بە لە هەولێر وسلێمانی یان ئەگەر بەس لە هەولێر و دهۆک دەبیت، باشترە نەبیت، تاکەی ئەو دوو لەتییە کە خەریکی دەروونمان لەگەڵ یەکتر دوو لەت دەکات خۆ ئێمە کۆریای باشوور و کۆریای باکوور نین.
٧- دوورکەوتنەوەی هەموو بەرپرسەکان لە کاری بازرگانی وقۆرخ نەکردنی بازاڕ بۆ دەسەڵاتداران ونەهێشتنی سەپاندنی ڕێژە لەلایەن هیچ کەسێك بەسەر ئەوانەی پرۆژە دەکەنەوە لە کوردستان، وتەنها وەرگرتنی باجی یاسایی کە ڕاستەوخۆ بچێتە خەزینەی دەوڵەت.
خاڵی تر زۆرن بە قەد زۆری پشێوی و پاشاگەردانی یاسایی وگەندەڵیەکان، بەڵام من تەنها ئەوەندە دەڵێم، دەزانم ئەرکەکەت زۆر قورسە ئەگەر بتەوێت ببیتە سەرۆک وەزیرێکی جیاواز ودەگمەن، ومێژویەکی پڕشنگدار بۆ خۆت تۆمار بکەیت، وکوردستان لە پشێوی ونائارامی بپارێزیت، چونکە ئەگەر وا بڕوات خۆپیشاندانی سەرتاسەر کوردستانی تەنیەوە، ئەوە ژیان لە ئێوە و خەڵکیش تێکدەچێت، کوردستان میسر ولیبیا و تونس نییە لەگەڵ قەوارە بێ ئیعترافەکەی وزۆری دوژمنی دەوروبەر وناوخۆیدا دەکەوێتە مەتسیەکی گەورە، لە شەڕی خۆکوژی وقات وقڕی وچەندین کێشەی تر...بەڵام ئەگەر دەتەوێ تەنها لەسەر شێوازی پێشوو بڕۆیت گوێ تەنها بگریتە لەشکری ماستاوچیان کە بەهاری کوردیان بۆت هێناوەتە چۆکان ئەوە لە ئێستاوە دەڵێم ئەو ئەرکە بە ئەستۆ نەگریت، چونکە زۆر بە دووری بزانە سەرکەویت، بە هیوای سەرفرازی کوردستان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق